ئایا ئافرەت بۆی هەیە بەبێ ئاگاداری مێردەكەی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە شت بكڕێ و بۆی بێننە بەردەگا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئافرەت بۆی هەیە بەبێ ئاگاداری مێردەكەی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە شت بكڕێ و بۆی بێننە بەردەگا؟
پرسیار:

ئایا حوكمی ئەو كارە چییە ئەگەر ئافرەت بە پارەی خۆی داوای شت بكات بە ئۆنلاین و دواتر وەری بگرێت كە بۆی دێت لەبەردەم دەرگای ماڵەكەی بەبێ ئاگاداری مێردەكەی و پێنەدانی هەواڵی ئەو كارەش پێی چونكە دەزانێت پێی ناخۆشە و سەردەكێشێت بۆ بەرتەسككردنەوەی كاروبار و هەڵسوكەوتەكانی لەو بارەیەوە؟

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد:
لەسەر ئافرەت پێویستە كە بەدوای بەدەستهێنانی خۆشەويستى خوا و دەستكەوتنی ڕەزامەندی ئەودا بێت، چونكە خوای پەروەردگار یەكێك لە هۆكارەكانی بەدەستهێنانی خۆشویستنی خۆی بەوە داناوە كە ئافرەت گوێڕایەڵی مێردەكەی بكات، وە پاداشتێكی گەورەشی داناوە لەسەری، وەكو دەفەرموێت: (‌الرِّجَالُ ‌قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنْفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِلْغَيْبِ بِمَا حَفِظَ اللَّهُ ) النساء: ٣٤ واتە: پیاوان سه‌رپه‌رشتیارو باڵاده‌ستن به‌سه‌ر ئافره‌تانه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌زڵی هه‌ندێكیانی داوه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێكیاندا فه‌زڵی پیاوی داوه‌ به‌سه‌ر ئافره‌تدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هێزتره‌ وه‌ توانای ئیشوكاری زیاتره‌ وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ماڵی خۆیان ئه‌به‌خشن، وه‌ ماره‌یى و نه‌فه‌قه‌ی ئافره‌ت له‌سه‌ر پیاوه‌ پیاوان نه‌فه‌قه‌ی ئافره‌تان ئه‌كه‌ن ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ چاكن وه‌ گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌ری خواو- - پاشان مێرده‌كانیشیان ئه‌كه‌ن وه‌ له‌ كاتی ئاماده‌ نه‌بوونی مێرده‌كانیاندا له‌ ماڵه‌وه‌ به‌پارێزگاری خوای گه‌وره‌ خۆیان و منداڵیان ئه‌پارێزن وه‌ ماڵی مێرده‌كانیان ئه‌پارێزن.
پێشەوا قورتوبی دەڵێت: بڕگەی (فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِلْغَيْبِ) ئەمە هەمووی خێر و چاكەیە و مەبەستی فەرمان كردنە بە گوێڕایەڵی مێرد و هەستان بە پێدانی مافەكانی لە ماڵی خۆیدا بەتایبەت كاتێك ئامادە نییە و لەوێ نییە. تفسير القرطبي" (٥/١٧٠).
لە عبدالرحمن ی كوڕی عەوفەوە ڕەزای خوای لێ بێ دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (إِذَا ‌صَلَّتِ ‌الْمَرْأَةُ ‌خَمْسَهَا، وَصَامَتْ شَهْرَهَا، وَحَفِظَتْ فَرْجَهَا، وَأَطَاعَتْ زَوْجَهَا قِيلَ لَهَا: ادْخُلِي الْجَنَّةَ مِنْ أَيِّ أَبْوَابِ الْجَنَّةِ شِئْتِ) رواه أحمد (١٦٦١) وحسنه شعيب الأرناؤوط.
 واتە: ئەگەر ئافرەت پێنج فەرزەی نوێژی كرد و مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بوو، وە دامێنی پاراست لە حەرام و گوێڕایەڵی مێردەكەی بوو، ئەوا لە قیامەتتدا پێی دەوترێت: بڕۆ بەهەشتەوە لەهەر دەرگایەكەوە كە خۆت دەتەوێت.
لە ئەبو هورەیرەوە ڕەزای خوای لێ بێ دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (لَا يَحِلُّ لِلْمَرْأَةِ أَنْ تَصُومَ وَزَوْجُهَا شَاهِدٌ إِلَّا ‌بِإِذْنِهِ، وَلَا تَأْذَنَ ‌فِي ‌بَيْتِهِ إِلَّا ‌بِإِذْنِهِ) البخاري (٤٨٩٩). واتە: حەڵاڵ نییە بۆ ئافرەت كە بەڕۆژوو بێت (ڕۆژووی سوننەت) و مێردەكەی ئامادەبێت مەگەر بەئیزنی ئەو بێت، وە ئیزنی هاتنەژوورەوەی كەس نادات بۆ ماڵی مێردەكەی بە ئیزنی مێردەكەی نەبێت. 
ابن بطال دەڵێـت: واتە: ئافرەت نابێت ئیزنی هاتنەژوورەوەی ئەو پیاوە یان ئافرەتێك بدات كە مێردەكەی حەزی پێی نییە و ڕقی لێیەتی، چونكە ئەوە سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی گومانی خراپ و جوڵاندنی غیرە كە هۆكاری سەرهەڵدانی لێكدابڕانە.   شرح صحيح البخاري لابن بطال" (7/ 317).
ابن هبیرة دەڵێت: بڕگەی:  (ولا تأذن لأحد، وهو شاهد إلا بإذنه)، چونكە ئەگەر ئافرەت ڕێگای دا بەهاتنەژوورەوەی پیاوی بێگانە و نامەحرەم كاتێك مێردەكەی ئامادە نییە، ئەوا ئەم كارە وەكو ناپاكی و خیانەت وەهایە. الإفصاح عن معاني الصحاح" (7/ 213).
جا ئەم دەقانە هەرچەندە باسی ئیزندانی ئافرەت دەكەن بە هاتنەژوورەوەی پیاوی بێگانە بۆ ناوماڵ، بەڵام ئەوەش دەگرێتەوە كە خۆی ئاگاداری پیاوی بێگانە بكاتەوە بۆ هاتنە دەرماڵ و لەدەرگادان بۆ وەرگرتنی شتومەك. بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو پیاوانەی كە شتەكە دەهێنن و لەبەردەرگا دایدەنێن و دەڕۆن و نابینرێن ئەوا ئاسانتر و سووكترە، هەرچەندە ئەم كارەش دوودڵی و گومان لای مێرد هەردروست دەكات و دەچێتە ژێر سەرپێچی كردنی مێرد ئەگەر بزانێت مێردەكەی ڕێگا بەو كارە نادات.  
ئەگەر مێردەكەشی بەم كارەی زانی و هەردەبێت بزانێتیش ئەوا بەدڵنیاییەوە گومانی خراپ لەدڵ و ناخیدا دروست دەبێت و دواتریش سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی كێشە و بەدگومانی لەنێوانیاندا، هەرچەندە ئافرەتەكەش داوێنپاكیش، بەڵام نابێت دەرگای ئەو فیتنەیە لەنێو ماڵ و ژیانی خۆیدا بكاتەوە لەگەڵ  مێردەكەیدا؟ وە دەبێـت بە گفتوگۆ و ڕاشكاوی ئەم گرفتە لەگەڵ مێردەكەیدا چارەسەربكات و چارەی گونجاو بدۆزێتەوە بۆی، وەكو ئەوەی هەركات داوای شتی كرد بە ئۆنلاین بەناوی مێردەكەیەوە بێت و ژمارەی ئەویان پێبدات و هەوڵ بدات خۆی نەیانبینێت كە هێنایان. ئەگەریش ئەوە نەگونجا و نەكرا ئەوا با بەناوی كوڕ یان پیاوێكەوە بێت لە كەسوكار و مەحرەمی خۆت و ناونیشانی ئەویان بدەرێ و ئەوان با بینهێنن بۆت. وە ئاگاداركردنەوەی مێرد لە هەموو ئەم كارانە وا دەكات كێشە دروست نەبێت و نێوانتان بە ئاشتی بمێنێتەوە.
والله أعلم.

سەردان: ١,٣٩٦ بەش: ئافرەتان