ئایا دروستە ڕێگری لە مێردی پێشوو بكرێت لە بینینی منداڵەكانی، چونكە لەكاتی دیدەنیاندا هانیان دەدات لە دژی دایكیان؟ 
من ئافرەتێكی تەڵاقدراوم و سەرەڕای ئەوەش (باوكیان) هیچ نەفەقە و بژێوێك خەرج ناكات بۆ منداڵەكانی، جگە لەوەش هەركاتێك پەیوەندی بە منداڵەكانەوە دەكات یان دەیانبینێت بەشێوەیەك هانیان دەدات لە دژی من و قسە و ئامۆژگاری وەهایان دەكات كە بەگێڕانەوەشی هەست بە شەرمەزاری دەكەیت، تەنانەت تۆمەتی داوێن پیسی داوەتە پاڵم، وە هەركە دەیانبینێت ئیتر دوای ئەوە هەڵسوكەوتی منداڵەكانم دەگۆڕێت بەرانبەرم و بەگومانن لێم، لەكاتێكدا گەورەكەیان لە خوێندنی ئامادەییدایە و نێوەندەكەیانیش لە ئاستی ناوەندیدایە و بچووكەكەشیان لە سەرەتاییە، جا ئایا دروستە بۆم ڕێگریان لێ بكەم لەوەی باوكیان ببینن یان پەیوەندیان پێوە بكات، لەكاتێكدا ئەو لەگەڵ منداڵەكاندا تەنها بۆ هەواڵپرسی من قسەیان لەگەڵ دەكات و هەڵیان دەگەڕێنێتەوە لێم و مامەڵەی خراپم لەگەڵ دەكەن؟
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد:
باوك مافی بینینی منداڵەكانی هەیە ئەگەر هاتوو لای دایكیان بوون، جا ڕێگری كردن لێی لە بینینی باوكیان پچڕانی سیلەی ڕەحمە و ڕاهێنان و فێركردنی منداڵەكانە لە چاك نەبوون بۆ باوكیان و ئەمەش دروست نییە. 
لە "الموسوعة الفقهية الكويتية" (17 / 317): هاتووە:
" هەر دایك و باوكێك كە منداڵەكانی كەوتە لای دوای جیاوبوونەوەیان مافی ئەوەیان هەیە منداڵەكان ببینن و سەردانیان بكات و ئەمەش بابەتێكە كە یەكدەنگی زانایانی لەسەرە و نابێت ڕێگری بكرێت لە هیچ كامیان بۆ بینین و سەردانی كردن و پەیوەندی پێوەكردنی منداڵەكان چونكە پچڕانی سیلەی ڕەحمە ... ".
بەڵام كە ئەم باوكە هانی منداڵەكانی بدات بۆ سەرپێچی دایكیان و خراپ هەڵسوكەوت كردن لەگەڵیدا و تۆمەتباركردنی، گومانی تێدا نییە كە ئەوە زیان گەیاندنە بەو دایكە و ڕێسایەكی فیقهیش هەیە كە دەڵێت: (الضرر یزال) واتە: زیان لادەبرێت و ناهێڵرێت.
لە ئەبو سەعیدی خودریەوە ڕەزای خوای لێ بێ كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی : ( لا ضَرَرَ ولا ضِرارَ ) . (١) واتە: نە زیان بگەیەنە و نە بە زیانیش وەڵامی زیان بدەرەوە.
جا لێرەدا دوو بەرژەوەندی ویستراو هەیە: 
ئەوانیش: بەدیهێنانی سیلەی ڕەحم و وەلانانی زەرەر و زیان. هەركات توانرا ئەو دوو بەرژەوەندیە بەدی بهێنرێت ئەوا واجب دەبێت و هیچ كامیان پشتگوێ ناخرێت.
پیشەوا ابن القیم بەڕەحمەت بێت دەڵێت: 
"شەریعەت بونیادنراوە لەسەر بەدەستخستنی سوود و بەرژەوەندیەكان بەپێی توانا و لەدەستنەدانی هیچ بەشێكی، ئەگەر توانرا هەمووی بەدی بهێنرێت ئەوا دەكرێت، ئەگەریش بەرەنگاری یەكتربوون و نەدەكرا هەموویان پێكەوە بەدی بهێنرێن مەگەر بە لەدەستدانی هەندێكی نەبێت ئەوا تەواوترینەكەیان پێشدەخرێت و گرنگەكەیان بەدەستدەخرێت، واتە ئەوەیان كە بەلای خواوە داواكراوە"  مفتاح دار السعادة" (2/905).
جا بینا لەسەر ئەمە ئەگەر توانرا هەردوو بەرژەوەندیەكە بەدی بهێنرێت ئەوا واجبە، بەوەی كە كارێك بكرێت ئەو پیاوە منداڵەكانی ببینێت و لەهەمان كاتیشدا نەتوانێت هیچ هاندان و خراپ تەمێكردنێكی بۆیان نەبێت، وەكو ئەوەی سەردانیان بكات لە ماڵەكەتدا و بەئامادەبوونی یەكێك لە مەحرەمەكانت. 
بەڵام دەزانین كە ئەم چارەسەرە واقعی نییە و زۆرجار ناتوانرێت، جا لەم حاڵەتەدا تۆ بۆت هەیە ڕێگری لە منداڵەكان بكەیت بەوەی كە باوكیان بیانبینێت و پەیوەندیان پێوە بكات، لەم كاتەشدا ئەو باوكە بەهۆی سنووربەزاندنی خۆیەوە و دەستدرێژی بۆ سەر كەسایەتی تۆ، خۆی هۆكاری لەدەستدانی ئەو مافەی خۆیەتی، وە ئەگەر قەزاوەتی شەرعیش هەبێت لەوێدا ئەوا قازی و دادوەر بەرگری لەستەملێكراو دەكات و تاوانباریش ملكەچ دەكات بەوەی دەست هەڵبگرێت لە ستەم و دەستدرێژیەكەی.
ئەگەریش دادگای شەرعی نەبوو، ئەوا چاك بزانە كە تۆی دایك ناتوانیت ڕێگری بكەیت لەوەی منداڵەكان پەیوەندی بەباوكیانەوە بكەن چونكە ئێستا هەر منداڵێك مۆبایلێكی بەدەستەوەیە و بەئاسانی خۆیان دەتوانن قسەی لەگەڵدا بكەن، تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆش بتوانیت ئەوا سبەی ناتوانیت و بەدڵنیاییەوە توڕەبوون و زیزبوونی تێدەكەوێت و دواتریش سەردەكێشێت بۆ تێكچوونی پەیوەندیەكان و سەرهەڵدانی كێشە و ئاژاوە لە نێو ماڵدا.
ئێمە دەزانین هەستت چۆنە و لە چ دۆخێكدایت، بەڵام لەوە دەترسین كە ڕێگری كردنت لە منداڵەكان لە بینینی باوكیان و پەیوەندی كردن پێیاوە سەربكێشێت بۆ توندتربوونی كێشە و گرفتەكان و گەورەتربوونی قەبارەی ئاڵۆزییەكە و بەوەش ئێمە بەم فەتوایەمان بەنزین بكەین بەسەر ئەو ئاگرەدا لەبری ئەوەی بیكوژێنینەوە.
جا ئامۆژگاری ئێمە بۆ تۆ لەم حاڵتەدا، ئەمانەی خوارەوەیە:
یەكەم: ئامۆژگاریت دەكەین بە صەبر و ئارامگری، چونكە ئەنجامی دان بەخۆداگرتن و خۆڕاگری هەمیشە باش و چاك بووە، وە خوای گەورە كەسی خۆڕاگر بەسەر ستەمكاردا سەردەخات لەكۆتاییدا، پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێـت : (واعلمْ أن النصرَ معَ الصبرِ، وأن الفرجَ مع الكربِ، وأن مع العسرِ يسرًا ) .(٢) واتە: بزانە كە سەركەوتن لەگەڵ ئارامگرتندایە و خۆشی و دەربازبوون لەكێشە لەگەڵ ناخۆشی و تەنگانەدایە ، به دڵنیایی لهگهڵ ههموو تهنگانهو سهختى و سهغڵهتى و قورسییهكدا سووكی و ئاسانی ههیهو خوای گهوره دهرووی خێر ئهكاتهوه..
دووەم: ئەگەریش توانیت كەسێكی ژیر بكەیتە ناوبژیوان لەو نێوەندەدا كە قسەی لەگەڵدا بكات ئەوا كارێكی چاك دەبێـت و سوودی هەیە.
سێیەم: گرنگی بدە بە پەروەردەی منداڵەكانت، بەدڵنیاییەوە دواتر خوای گەورە ئەو درۆ و تۆمەتانە بەتاڵ دەكاتەوە كە بۆ تۆ دروستكرابوون، چونكە پەتی درۆ كورتە.
چوارەم: لەشوێنی گوماناوی دووربكەوەرەوە، چونكە منداڵەكانت هێشتا بچووكن، وا دەكات خراپ بیربكەنەوە و ڕاستیەكان وەكو خۆیان نەبینن، بە ڕەوشت جوانیت وایان لێبكە ئەوەی وتراوە لەسەرت پوچەڵی بكەیتەوە و لەبەدگومانی دەریان بكەیت و ببیتە پێشەنگێكی جوان و چاك بۆیان. 
نسأل الله تعالى أن ييسر لكم أموالكم ، وأن يصلح أحوالكم .
والله أعلم.
(١) رواه الحاكم (2 / 57 - 58)، وقال: صحيح الإسناد على شرط مسلم، وصححه الألباني في "سلسلة الأحاديث الصحيحة" (1 / 498).
(٢) رواه الإمام أحمد (2804) وصححه أحمد شاكر ، كما صححه الألباني ، "سلسلة الأحاديث الصحيحة" (2382) . 

