ئایا دروستە پێش ئەوەی جەنازە لەماڵ دەربكرێ بۆ شۆردن ئافرەتانی كەسوكاری مردووەكە نوێژی لەسەر بكەن؟
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد:
دروست نییە نوێژ لەسەر مردوو بكرێـت پێش ئەوەی بشۆردرێت یان بەلانی كەمەوە ئەگەر نەتوانرا بشۆرددرێت تەیەمومی بۆ بكرێت ئەوجا نوێژی لەسەر بكرێت، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی تەواوێتی و دروستێتی نوێژی جەنازە ئەوەیە كە مردووەكە شۆردرابێت.
ئەم كارەش لە پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانەوە هاتووە و دوای ئەوانیش موسڵمانان لەسەری بەردەوام بوون، بەوەی كە نوێژیان نەكردووە لەسەر مردوو هەتا نەشۆردرابێت یان تەیەمومی لەسەر نەكرابێت كە نەتوانرابێت بشۆردرێت، مەگەر لە حاڵەتێكی دەگمەندا كە هەردوو كارەكە نەتوانرابێت ئەوا نوێژیان كردووە لەسەری. 
ئەگەر ئافرەتانی كەسوكاری مردووەكە حەزیان كرد نوێژی لەسەر بكەن ، ئەوا نابێ پێش ئەوەی بشۆرددرێ نوێژی لەسەر بكەن بەڵكو چاوەڕێ دەكەن هەتا شۆردنەكەی تەواو دەبێت یان لە مزگەوت ئامادە دەبن و لەگەڵ موسڵماناندا نوێژی لەسەر دەكەن. 

