ئایا ئەو كەسەی كە دێ بۆ مەككە بۆ عومرە دەتوانێت لە ئۆتێلدا پشوو بدات پێش ئەوەی عومرەكەی ئەنجام بدات؟
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد:
سوننەت وایە ئەو كەسەی دێت بۆ مەككە بەمەبەستی ئەنجامدانی حەج یان عومرە سەرەتا بە مزگەوتی حەرام دەست پێبكات و تەواف بكات پێش ئەوەی بڕوات بۆ هەرشوێنێكی تر، ئەوەش لەبەر ئەو فەرموودەیەی كە لە بوخاریدا بە ژمارە (1642) و موسلم ژمارە (1235)دا هاتووە لە عائیشەوە ڕەزای خوای لێبێت كە دەڵێت: (إن أَوَّلَ شَيْءٍ بَدَأَ بِهِ عليه الصلاة والسلام حِينَ قَدِمَ مَكَّةَ أَنَّهُ تَوَضَّأَ ثُمَّ طَافَ بِالْبَيْتِ) واتە: یەكەم شتێك كە پێغەمبەری خوا ﷺ ئەنجامی دەدا كاتێك دەهاتە مەككەوە ئەوەبوو كە دەستنوێژی دەگرت و پاشان تەوافی كەعبەی دەكرد.
پێشەوا نەوەوی بەڕەحمەت بێت دەڵێت: فەرموودەكەی عائیشە كە هەریەك لە بوخاری و موسلم گێڕاویانەتەوە، هاوەڵانمان لە مەزهەبی شافعی دەڵێن: كاری دروست و شەرعی بۆ ئەو كەسەی كە سەرەتا دێتە مەككەوە ئەوە نییە كە بڕوات بۆ بەكرێگرتنی خانوو یان قوماش و گۆڕینی جلوبەرگی یان هەرشتێكی تر بەڵكو ئەوەیە كە تەواف بكات، لەكاروانەكەدا دەوەستن هەتا تەواف دەكەن و پاشان دەگەڕێنەوە بۆ لای كاروان و شتومەكەكانیان و بەكرێگرتنی خانوو. انتهى من "المجموع" (8/15).
پێشەوا شافعی بەڕەحمەت بێت دەڵێت: " پێمان نەگەیشتووە كە پێغەمبەری خوا ﷺ كاتێك هاتۆتە نێو مەككەوە هیچ شتێكی ئەنجام دابێت یان بۆ شوێنێك چووبێت هەتا نەچووبێتە مزگەوت، وە لە مزگەوتیش هیچ شتێكی ئەنجام نەداوە سەرەتا تەواف نەبێت، ئەم كارەش لە حەج و عومرەكەیدا وەكو یەك بووە "انتهى من "الأم" (2/185).
لەوانەی پێشوو ئەوە ڕوون بوویەوە كە سوننەت وایە بۆ كەسی ئیحرام پۆش هەربەگەیشتنی بە حەرەم دەست بكات بە ئەنجامدانی بڕگەكانی حەج یان عومرەكەی، ئەوەش وەكو چاولێكەریەك بۆ پێغەمبەری خوا ﷺ، چونكە دابڕانی زۆر ئەگەری هەیە كەسەكە تووشی حەرامێك بكات.
ئایا دروستە پێش ئەنجامدانی عومرە كەمێك پشوو بدات؟
ئەگەر كەسەكە ماندوو و هیلاك بوو بەهۆی دووری گەشتەكەیەوە، دەتوانێت عومرەكەی دوابخات بۆ ئەوەی كەمێك پشوو بدات، ئەمەش كارێكی ئاساییە و هیچی تێدا نییە.
پرسیاركراوە لە شێخ ابن عثیمین بەڕەحمەت بێت: ئەگەر كەسێك گەیشتە مەككە بەڵام زۆر هیلاك بوو، وە نەیتوانی عومرە ئەنجام بدات مەگەر ڕۆژی دواتر نەبێت، ئایا ئەوە حوكمی چییە؟ وە ئایا مەرجە هەربەهاتنی بۆ مەككە عومرەكەی ئەنجام بدات؟
لە وەڵامدا فەرموویەتی: باشتر وایە ئەو كەسەی بۆ عومرە دێت پێش هەموو شتێك بەگەیشتنی بە مەككە عومرەكەی ئەنجام بدات، تەنانەت پێش ئەوەی بڕوات بۆ ماڵ یان ئوتێلەكەی، چونكە عومرەكەی مەبەستە و بۆ ئەوە هاتووە، بەڵام ئەگەریش دوای بخات بەهۆی ماندوێتیەوە هەتا پشوویەك وەربگرێت، ئەوا ئاساییە و عومرەكەشی تەواوە. مجموع فتاوى الشيخ" (22/285).