حوكمی تەواف و سەعی بە كورسی كارەبایی چییە بۆ گەنجێك كە دەتوانێت بە پێیەكانیشی ڕێ بكات و لەوپەڕی چالاكی و وزەشدایە و هیچ بیانوویەكی نییە كە نەتوانێت ڕێبكات، ئایا پاداشتی سەعی كردن بە پێ هەمان پاداشتی سەعی كردنی بەكورسی كارەباییەوە هەیە و وەكو یەكە؟ یان بەپێ و ڕێكردن پاداشتی زۆرترە؟
زانایان یەكڕان لەسەر ئەوەی كە تەواف و سەعی بەپێ و بە ڕێكردن باشترە و پاداشتی زۆرترە لەوەی بەسواری شتێكەوە بێت، وە كەسێك عوزریشی هەبێت دروست و ڕێگەپێدراوە بۆی كە تەواف یان سەعی بكات بەسواری شتێكەوە، ئیتر عوزرەكەی نەخۆشی بێت یان نەتوانێت یان پیری بێت.
بەڵام تەواف و سەعی بۆ كەسێك كە عوزری نەبێت ئەوا جێگەی ڕاجیاوازیە لەنێوان زانایاندا، ئەوەی كە دیارە ئەوەیە كە تەواف و سەعیەكەی دروست و تەواوە، بەڵام ئەوەی تێدایە كە مرۆڤ شیاو نییە بۆی پەنا بۆ ئەو كارە ببات مادام دەتوانێت بەپێیەكانی ئەو عیبادەتە بكات، وە بۆ ئەوەی لە ڕاجیاوازی زانایانیش دەربچێت.