حوكمی تەواف كردن بە منداڵێكەوە كە دایبی بۆ بەستراوە و پیسی تێ كردووە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی تەواف كردن بە منداڵێكەوە كە دایبی بۆ بەستراوە و پیسی تێ كردووە
پرسیار:

تكايە ڕوونكردنەوەم دەوێت لەسەر حوكمی تەوافكردن لەكاتێكدا منداڵێكی تەمەن دوو ساڵم پێیەو هەڵمگرتووە لەكاتی عومرەدا، ئایا دروست نییە منداڵی شیرەخۆرت پێ بێت لەوكاتەدا كە دایبی بۆ بەستراوە، چونكە دوور نییە پیسی بكاتە ناو دایبیەكەیەوە؟ 

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

 هەركەس تەواف بكات و منداڵێكی شیرەخۆر یان بچووكی پێ بوو، ئەوا دەبێت سەرەتا پێش دەستپێكردنی تەوافەكە دڵنیابێتەوە لەپاكێتی، بەڵام دوای ئەوەی كە چووە ناو تەوافەكەوە ئەوا ئاساییە كە پیسیشی كرد.
ئەگەریش پێش تەوافەكە زانی پیسی كردووە، بەڵام قورس و ناڕەحەت بوو كە لای بدات و پاكی بكاتەوە، ئەوا بۆی هەیە بەو حاڵەوە تەواف بكات، ئەمەش وەكو لاساییكردنەوەی فەتوای ئەو زانایانەی كە فەتوایان بۆ ئەم حاڵەتە داوەوە ڕێگەیان پێی داوە.

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد:
یەكەم: پاكێتی مەرجە بۆ دروستێتی و تەواوێتی تەواف لای زۆرینەی زانایان.
دووەم: هەڵگرتنی منداڵ لەكاتی تەوافدا، ئەم وردەكاریەی خوارەوەی تێدایە:

خاڵی یەكەم: ئەگەر منداڵەكەت هەڵگرتبوو وە زانیتیش كە پیسی كردۆتە ناو دایبیەكەیەوە، زۆرینەی زانایان لەسەر ئەوەن كە تەوافەكە دروست نییە، بەڵام حەنەفیەكان لایان وایە كە دروستە بەڵام تاوانبارە.
كۆمەڵێك لەزانایانی سەردەم ڕێگەیان داوە بە هەڵگرتنی منداڵ و شیرەخۆر، ئەگەریش پیسی پێوە بوو، بەو مەرجەی پیسی بەر جەستە و جلی ئیحرامی تەوافكار نەكەوتبێت، لیژنەی هەمیشەیی فەتواش بەم شێوەیە فەتوای داوە، هەروەها هەریەك لە شێخ ابن باز و ابن عثیمین یش ڕەحمەتی خوایان لێبێت.

لە لیژنەیی هەمیشەیی فەتوادا بەم شێوەیە هاتووە: زۆرجار كە دەچم بۆ ئەنجامدانی عومرە لە ماڵی خوا و لەكاتی تەوافدا كچە بچووكە شیرەخۆرەكەم پێیە كە تەمەنی دوو ساڵ و نیوە و دایبیم بۆ بەستووە، وە ئەوەشم بیستووە كە تەواف لەم حاڵەتەدا دروست نییە، بەو پێیەی كە دایبیەكە ئەگەری ئەوەی هەیە كە میزی پێوەبێت، كچەكەشم منداڵە و ناكرێت لە شوێنێكدا بەتەنها بەجێی بهێڵم، بۆیە دایك ناچارە زۆرجار منداڵە شیرەخۆرەكەی هەڵبگرێت لە تەواف و كاتی نوێژدا بەو دایبیەیەوە، بۆیە وەڵام و ڕوونكردنەوەمان لەبەڕێزتان دەوێت لەو بارەیەوە، خوا پاداشتی خێرتان بداتەوە.

وەڵام:

كەسی تەوافكار بۆی هەیە منداڵی هەڵبگرێت ئەگەریش دایبیشی پێوە بێت، بەو مەرجەی پیسی بەر جەستە و جلی تەوافكار نەكەوێت، بۆ نوێژیش بەهەمان شێوە.  
وبالله التوفيق، وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم.
بكر أبو زيد ... عبد العزيز آل الشيخ ... صالح الفوزان ... عبد العزيز بن عبد الله بن باز" انتهى من "فتاوى اللجنة الدائمة" (10/ 236) المجموعة الثانية.

پرسیاركرا لە شێخ ابن باز بەڕەحمەت بێت: حوكمی هەڵگرتنی منداڵ چییە لەكاتی نوێژ و تەوافدا كە دایبی بۆ بەسترابێت و پیسیشی تێكردبێت بەڵام بەر جلی دەرەوە نەكەوتبێت؟ 

وەڵام:

پێغەمبەری خوا نوێژی كرد لەكاتێكدا ئومامەی كچی زەینەبی هەڵگرتبوو، پێشنوێژیشی بۆ خەڵكی دەكرد، كەوابوو هەڵگرتنی منداڵ لەكاتی نوێژدا بۆ پێویستی یان لەكاتی تەوافدا ئاساییە و هیچی تێدا نییە، ئاشكرایە منداڵیش زۆرجار میز و پیسی لێوە دەردەچێت، بۆیە ئەگەر دەرنەچێتە دەرەوە و پارێزرراو بێت ئەوا ئاساییە.   "فتاوى نور على الدرب" (7/ 315).

پرسیار كرا لە شێخ ابن عثیمین بەڕەحمەت بێت: زۆرێك لە خەڵكی (ژنان یان پیاوان) منداڵەكانیان هەڵگرتووە لەكاتی تەوافدا و ئاشكرایشە منداڵیش زۆرجار پیسی دەكات، جا ئایا تەوافەكە دروستە و تەواوە؟

وەڵام:

بەڵێ، دروستە و تەواوە و هیچی تێدا نییە. "مجموع فتاوى ابن عثيمين" (22/ 367).

خاڵی دووەم: ئەوەیە منداڵەكە پاك بێت لەكاتی دەستكردن بە تەوافدا، لەگەڵ ئەگەری پیسی كردن لەناو تەوافەكەدا، لەم حاڵەتەدا دروستە ئەو منداڵە هەڵبگیرێت بۆ تەواف یان نوێژ، چونكە ئەو كارە لە بنەڕەتدا دروست و ڕێگەپێدراوە، وەكو كاركردنێك بە فەرموودەكەی ئومامە، وە ئەگەریش دوای تەواوبوونی تەوافەكە پیسی پێوە بینی ئەوا زۆرینەی زانایان لەسەر ئەوەن كە تەوافەكە دروست و تەواوە، لەبەر نەزانینی تەوافكار بە بوونی پیسی.  

سەردان: ١٠٩ بەش: حەج و عومرە