كەسێك لەپاش تەواوبوون و لێبونەوەى لە عومرە پیسیەكى بە جلى ئیحرامەكەیەوە بینی ئایا حوكمى ئەوە چییە؟
ئەگەر مرۆڤ تەواف وسەعى كرد، و پاشان دواى ئەوە پیسیەكى بە جلى ئیحرامەكەیەوە بینی ئەوا تەواف وسەعى و عومرەكەى صەحیح و تەواوە، ئەوەش لەبەر ئەوەى مرۆڤ ئەگەر پیسیەك بە جلوبەرگەكەیەوە بێت و پێى نەزانێت یان پێى بزانێت وبیرى بچێت بیشۆرێت و بەو جلەوە نوێژى كرد ئەوا نوێژەكەى تەواوە، بۆیە بە هەمان شێوەش ئەگەر بەو جلەوە تەوافی كرد ئەوا تەوافەكەى تەواوە و بەڵگەش ئایەتى: ( رَبَّنَا لا تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا) (البقرة:286) واتە: پەروەردگارا سزامان مەدە ئەگەر شتێكمان لەبیرچوەوە لەوەى فەرزت كردوە لەسەرمان ، یان هەڵەمان كرد و شتێكمان كرد كە یاساغیت لێكردوە. جا ئەم ئایەتە یاسا ورێسایەكى هەرە گەورەیە لە رێساكانى شەرع، وە جگە لەوەش بەڵگەى تایبەت هەیە لەسەر ئەم بابەتە ئەویش ئەوەیە كە رۆژێكیان پێغەمبەرى خوا ـ ﷺ ـ نوێژى بە هاوەڵەكانى كرد و سوننەتى وەها بووە كەبە نەعلەكانیەوە نوێژى كردووە بۆیە لەناكاو نەعلەكانى لەپێ داكەند و خەڵكیش لەدوایەوە هەموو نەعلەكانیان داكەند، جا كاتێك نوێژەكەى تەواو كرد فەرمووى: " ئەوە چیتانە" وتیان: تۆمان بینى نەعلەكانت لەپێ داكەن ئێمەش دامان كەند، ئەویش فەرمووى: (( إن جبريل أتاني فأخبرني أن فيهما خبثاً))(1) - واتە: جبریل هات بۆ لام و پێى راگەیاندم كە پیسیان پێوەیە. جا لێرەدا پێغەمبەرى خوا ـ ﷺ ـ نوێژەكەى دووبارە نەكردەوە سەرلەنوێ، لەكاتێكدا كەسەرەتاى نوێژەكەى بە پێڵاوى پیسەوە كرد، ئەمەش بەڵگەیە كە هەركەس نوێژى بەجلى پیسەوە كرد بەهۆى لەبیرچوون یان نەزانین ئەوا نوێژەكەى تەواوە.
لێرەدا پرسیارێك هەیە: ئەگەر كەسێك گۆشتى وشترى خوارد و هەستا نوێژى كرد بینا لەسەر ئەوەى كە گۆشتى كاوڕى خواردووە جا كاتێك كە زانى ئایا نوێژەكەى دووبارە بكاتەوە؟
لە وەڵامدا دەڵێین: دواى ئەوەى كە دەستنوێژى گرت نوێژەكەى دووبارە دەكاتەوە.
ئەگەر كەسێك بپرسێت: ئەى بۆچى وتتان كەسێك بە نەزانین بە جلی پیسەوە نوێژ ببكات دووبارەى ناكاتەوە بەڵام یەكێك گۆشتى وشتر بـخـوات بە نەزانین دووبارەى دەكاتەوە؟
دەڵێین: رێسایەكى گرنگ و بەسوودمان هەیە كە ئەمەیە: (( فەرمان پێكراوەكان بەنەزانین وبیرچوونەوە ناكەون بەڵام نەهیەكان بە نەزانین و بیرچوونەوە دەكەون)) و بەڵگەى ئەم رێسایەش فەرموودەیەكى پێغەمبەرە ـ ﷺ ـ كە دەفەرموێت: (( من نام عن صلاة أو نسيها فليصلها إذا ذكرها))(2). واتە: هەركەس خەوى لێكەوت یان بیرى چوو وە نوێژى نەكرد ئەوا هەركات بیرى كەوتەوە دەیكات. بۆیە كاتێك یەكێك لە دوو ركاتى نوێژى چوارركاتیدا سەلام دەداتەوە و باقی نوێژەكەى بیردەچێت ئەوا كەبیرى كەوتەوە دەیكات، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە فەرمان پێكراوەكان بەبیرچوونەوە ناكەون، چونكە پێغەمبەرى خوا ـ ﷺ ـ فەرمانى كردووە بەوەى نوێژى بیرچووە كە نوێژەكەى بكات هەركە بیرى كەوتەوە و بەبیرچوونەوە لەسەرى نەكەوت، وە هەروەها بەڵگە لەسەر ئەوەى كە نەزانین فەرمان پێكراوەكان لەسەر ناكەوێت ئەوەیە كە ئەو پیاوەى كە هات و نوێژى كرد و بەجوانى نەیكرد وپاشان هات بۆلاى پێغەمبەرى خوا ـ ﷺ ـ ئەویش پێى فەرموو: ((ارجع فإنك لم تصل))، وردده ثلاث مرات، وهو يصلي ويأتي فيقول : ((ارجع فصل فإنك لم تصلّ))(3) ، واتە: سێ جار گەڕاندیەوە و فەرمووى بگەڕێوە چونكە تۆ نوێژت نەكرد، هەتا پێغەمبەرى خوا ـ ﷺ ـ نوێژى فێركرد و ئەویش بەتەواوى كردى، جا ئەم پیاوە واجبێكى نەكردووە بە نەزانین چونكە پیاوەكە ووتى: ( سوێند بەو زاتەى كە تۆى ناردووە بە حەق لەوە باشتر نازانم فێرم بكە)، جا ئەگەر واجب بە نەزانین بكەوێت ئەوا پێغەمبەرى خوا ـ ﷺ ـ عوزرى دەدایە، جا بۆیە ئەم رێسایە بەسوودە بۆ فێرخوازى زانست.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
(1) أخرجه أبو داود : كتاب الصلاة/ باب الصلاة في النعال (650).
(2) تقدم تخريجه .
(3) أخرجه البخاري، كتاب الأذان، باب وجوب القراءة. ومسلم ، كتاب الصلاة، باب وجوب قراءة الفاتحة في كل ركعة.
