بۆ پاراستنى پارەکەم دروستە لە بانکێک دایبنێم کە مامەڵە بە ڕیباوە بکات؟وە پارە دانان لە نوسینگەى گۆڕینەوەى دراو دروستە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆ پاراستنى پارەکەم دروستە لە بانکێک دایبنێم کە مامەڵە بە ڕیباوە بکات؟وە پارە دانان لە نوسینگەى گۆڕینەوەى دراو دروستە ؟

دروست نی یە پارە بە ئامانەت لەو بانکانەدا دابنرێت کەمامەڵە بە ڕیباوە دەکەن هەر چەندە فائدە و زیادەش وەرنەگرێت ؛ چونکە یارمەتی دانی تێدا لەسەر کاری خراپە و تاوان کەئەویش مامەڵە کردنە بەڕیبا ، وبێگومان خوای پەروەردگار ڕێگری کردوو لەو کارە ، بەڵام گەر ناچار بوو و هیچ جێگەیەکی دەست نەکەوت پارەکەی تێدا بپارێزێت ئەوا لەبەر زەڕوڕەت دروستە إن شاء الله ؛ خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَقَدْ فَصَّلَ لَكُمْ مَا حَرَّمَ عَلَيْكُمْ إِلَّا مَا اضْطُرِرْتُمْ إِلَيْهِ ) .
واتە : خودا ئەو شتانەی بۆتان ڕوون کردۆتەوە کەحەرام کراوە لەسەرتان تەنها کاتێک نەبێت کەناچار بن و پێویستان پێی بێت .

وەهەر کاتێک بانکێکی ئیسلامی دەس کەوت ویاخود جێگەیەک کە یارمەتی دانی لەسەر خراپە تێدا نەبوو ، ئەوا ماڵەکەی لەوێدا دادەنێت و دروست نی یە ماڵەکەی لەبانکی ڕیبەویدا دابنێت " انتهى من "فتاوى الشيخ ابن باز"(19/414).

پرسیار : ئایا دروستە ماڵەکەم لەبانک دابێنم تەنها بۆ مامەڵە کردن و هیچ زیادەیەک وەرنەگرم لەبەرانبەریدا ، بەڵام حەتمەن بانکەکە ئەو زیادەیەیی ئەو مەبلەغە پارەیە بۆ خۆیان وەردەگرن ؟

دانانی ماڵ لەبانکێکدا کەمامەڵە بەڕیباوە دەکات دروست نی یە و موسوڵمان پەنای بۆ نابات مەگەر ناچار بێت ، ئەوەش بەسێ مەرج دروستە :
یەکەم :  پێویستییەک وا بکات و ناچار بێت ، ئەوەش بەشێوازێک کە هیچ جێگەیەکی دەس نەکەوێت ماڵەکەی تیادا دابنێت تەنها ئەو بانکە ڕیبەوییە نەبێت .
جا ئەگەر لەجێگەیەکی تر بانکێکی دەس کەوت کەمامەڵەی ڕیبای نەدەکرد ئەوا دروست نی یە بۆی لەو بانکەدا پارەکەی دابنێت کەمامەڵەی ڕیبا دەکات .

دووەم : نابێ مامەڵە کردنی ئەو بانکە بەڕیبا سەد لەسەد بێت ، واتە : دڵنیا بیت سەدا سەد مامەڵە بەڕیبا دەکەن و هیچ پارەیەک وەرناگرن ئیلا مامەڵەی ڕیبیای پێوە دەکەن ، جا گەر بەم شێوەیە بێت ئەوا بەهیچ شێوەیەک دروست نی یە پارە لەو بانکانەدا هەڵ بگیرێت ؛ چونکە گەر تۆ پارەکەت لەبانکێکدا دانا کەمامەڵە بەڕیبا دەکەن ، ئەوا تۆ دڵنیای کە یارمەتیانت داوە لەو کارەدا ، وبێگومان یارمەتی دان لەسەر ڕیبا خواردن دروست نی یە .

سێیەم : ئەو کەسەی پارەکەی دادەنێت قازانج وەر نەگرێت ، خۆ ئەگەر قازانجی وەرگرێت ئەوا ڕیبایە ، ومەعلومە کە ڕیباش حەرامە بەبەڵگەی قورئان و فەرموودە و کۆ دەنگی زانایان .

بەڵام قسەی پرسیار کار کەدەڵێت ئەو فائدە و زیادەی وەرنەگرتووە ، بەڵکوو بانکەکە فائدەکەیان وەرگرتووە ...

ئا ئەم شتە فائدە نی یە بەڵکو ڕیبایە و ئەسڵەن حەرامە لەسەر ئەو بانکە ئەو فائدە وەربگرێت ، وەهەروەها بۆ ئەو کەسەش نی یە کەماڵەکەی لەبانک دادەنێت فائدە وەربگرێت ، خوای گەورە فەرموویەتی : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَذَرُوا مَا بَقِيَ مِنْ الرِّبَا إِنْ كُنتُمْ مُؤْمِنِينَ) البقرة/278 .
واتە : ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن وه‌ ئه‌گه‌ر شتێك له‌ ڕیباتان له‌ ده‌ستدا ماوه‌ یان له‌سه‌ر خه‌ڵكى ماوه‌ ئه‌وه‌ وازی لێ بێنن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئیمانداری حه‌قیقی و ڕاسته‌قینه‌ن و فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ جێبه‌جێ بكه‌ن .

پاشان هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کەڕیبا وەردەگرن ، هەروەک دەفەرموێت : (فَإِنْ لَمْ تَفْعَلُوا فَأْذَنُوا بِحَرْبٍ مِنْ اللَّهِ وَرَسُولِهِ) البقرة/278-279 .
واتە : ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌مرتان پێ ئه‌كات جێبه‌جێتان نه‌كرد وه‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ڕیبا ئه‌وه‌ جه‌نگێك رابگه‌یه‌نن له‌گه‌ڵ خواى گه‌وره‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى .

وەپێویستە ئاگاداری ئەوەش بین کە دانانی ئەو ماڵانە لەو بانکانەدا دانانێکی شەرعی نی یە ؛ چونکە دانانی شەرعی ئەوەیە :
ماڵەکەتی لا دابنێیت و ئەو بانکەش دەسکاری نەکات و تەسەڕوفی پێوە نەکات ، جا کاتێ کە بانک مامەڵەی پێوە دەکات ئەوا دەچێتە بابی قەڕزەوە و ئامانەت نی یە ، وزانایان باسی ئەوەیان کردووە ، ئەویش ئەوەیە :
کاتێ کەسێک ماڵ لەلای کەسێک دادەنێت و ڕێگەی دەدات تەسەڕوفی پێوە بکات ، ئەوا بەقەڕز ئەژمار دەکرێت ( هەر بۆیە زیادە خستنە سەری دەبێتە ڕیبا )

والله أعلم ، وصلى الله وسلم على نبينا محمد .
يراجع فتاوى منار الإسلام 2/433-440 للشيخ ابن عثيمين .

جا بە کورتى دەبێت ئاگادارى ئەم خاڵانە بین : 
یەکەم : دانانى پارە لە بانک یان نوسینگەى گۆڕینەوەى دراو کە مامەڵە بەڕیبا بکات دروست نیە ، کە بەداخەوە زۆرێک لە خەڵکى پارەیان لە نوسینگەى گۆڕینەوەى دراو داناوە بە بێ ئەوەى بپرسن یان بزانن کە ئایا ئەو نوسینگەیە مامەڵە بە ڕیباوە دەکات یان نا؟

دووەم : کارئاسانیەکى چاکە کە تۆ پارەکەت لە نوسینگەیە دابنەی هەرکات ویستت لێى حەواڵە بکەى بەڵام ئەبێت سەرەتا بزانیت کە ئایا ئەو نوسینگەیە مامەڵە بەڕیباوە دەکات یان نا؟ ئەگەر مامەڵە بە ڕیباوە بکات ئەوە بێ گومان پارەکەى تۆش بەکاردێنن و تۆش بەشدارى لەو تاوانە ، و لەم کاتەدا ئەبێت پارەکەت لە ماڵى خۆت یان لە جێگایەکى تر دابنەى کەتوشی ڕیبا نەبیت و نابێت لەبەر کارئاسانى جۆرى حەواڵە کردن گوێ بەو ڕیبا و تاوانە نەدەى .

بۆیە واجبە لەسەر موسڵمان ترسناکی ڕیبا بزانێت و کەمتەرخەمى تێدا نەکات و شێوازى پارە دانانى لە نوسینگە و بانکەکان و  حەواڵە کردنى بەشێوەیەک بێت کە توشی ڕیبا نەبێت و پرسیار بکات و ورد ببێتەوە .

سەردان: ٢,٢٧١ بەش: ڕیبا و جۆرەکانى