پەرتەوازە بوونى ئوممەتى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم لە پاش خۆى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پەرتەوازە بوونى ئوممەتى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم لە پاش خۆى
پرسیار:

پێغەمبەرى خوا    هەواڵى پەرتەوازە بوونى ئوممەتەكەى داوە لە پاش خۆى، جا داوا لەبەڕێزتان دەكەین ئەوە ڕوون بكەنەوە؟

پێغەمبەرى خوا    هەواڵى داوە بە صحیحى(1) كەوا جولەكە دابەش دەبن بۆ حەفتاو یەك گروپ و تاقم وە نەصرانیەكانیش دابەش دەبن بۆ حەفتاو دوو دەستە وتاقم، وە ئەم ئوممەتەش دابەش دەبێت بۆ حەفتاو سێ دەستەو تاقم، وە ئەم هەموو تاقم و دەستانە لە ئاگردان تەنها یەكێكیان نەبێت، ئەوەش ئەو تاقمەیە كەلەسەر ئەو بەرنامەیە دەڕۆن كە پێغەمبەر و هاوەڵانى لەسەربوون، ئەم تاقمەش بریتیە لە كۆمەڵى ڕزگاربوو، كەلە دونیادا لە بیدعە رزگارى بووە ولە دوارۆژیشدا لە ئاگر رزگارى دەبێت، ئەویش كۆمەڵى سەركەوتووە هەتا رۆژى دوایی دەمێنێت و پەیوەستن بە شەرعى خواوە – عزوجل-.   
 وە ئەم حەفتاو سێ تاقمەى كە یەكێكیان لەسەر حەقە وئەوانى تر ناڕەوا و ناڕاستن، هەندێك لە زانایان هەوڵیان داوە كە بیانژمێرن و دیاریان بكەن، جا ئەهلى بیدەعیان كردووە بە پێنج هۆبەو بەشەوە هەربەشەشیان كردووە بەچەندین لقەوە بۆ ئەوەى بگات بەو ژمارەى كە پێغەمبەرى خوا    دەستنیشانى كردووە، وە هەندێ لەزانایان بۆچوونیان وەهایە كە باشتر وایە واز لە ژماردنیان بهێنین، چونكە تەنها ئەم گروپ و تاقمانە نین كە گومڕا بوون ولەرێ دەرچوون بەڵكو خەڵكانێكى تر گومڕا وسەرلێشێواو بوون خراپتر و گومڕاتر لەوانەى پێشوو، وە ڕوویداوە دواى ئەوەى ژمارەى ئەم تاقمانەش دیارى كران، وە دەڵێن ئەم ژمارەیە كۆتایی نایەت و ناتوانرێ كۆتاییەكەى بزانرێت مەگەر لە كۆتایی دونیادا نەبێت لەكاتى هەستانى قیامەتدا، جا بۆیە باشتر وایە ئێمەش بەگشتى باسی بكەین وەكو چۆن پێغەمبەرى خوا    بەگشتى باسى فەرمووە، وە دەڵێین ئەم ئوممەتە دابەش دەبێت وپارچە پارچە دەبێت بۆ حەفتاوسێ تاقم و دەستە و هەموویشیان لە ئاگردان تەنها یەكێكیان نەبێت، پاشان دەڵێین: هەموو ئەوانەى پێچەوانەى ئەو بەرنامەیەن كە پێغەمبەر و هاوەڵانى لەسەربووە ئەوا دەچێتەناو ئەو حەفتاو سێ تاقمەوە، پێدەچێت پێغەمبەرى خوا    ئاماژەى كردبێت بۆ چەند بنەمایەك كە ئێمە ئێستا نایانزانین تەنها ئەوە نەبێت كە گەیشتۆتە دە بنچینە، وە دووریش نیە ئاماژەى كردبێت بۆ چەند بنەمایەك كە لقەكانیش لە خۆبگرێت وەكو هەندێك لە زانایان واى بۆ دەچن، بۆیە لەڕاستیدا زانینى ئەوە لاى خواى پەروەردگارە – عزوجل-.   
 
 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(1)  أخرجه أبو داود، كتاب السنة، باب شرح السنة (4596)، والترمذي، كتاب الإيمان باب افتراق هذه الأمة (2642)، وابن ماجه، كتاب الفتن، باب افتراق الأمة (3991) .

سەردان: ٢,٠٦٥ بەش: فەرموودە