بەكارهێنانی هەموو قاپ و دەفرێك دروستە تەنها قاپ و دەفری زێڕ و زیو نەبێت ، چونكە بە تایبەتی خواردن و خواردنەوە تێیاندا حەرامە بێجگە لە هەموو بوارەكانی تری بەكارهێنان .
عَنْ حُذَيْفَةَ أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) قَالَ :
((لا تَشْرَبُوا فِي آنِيَةِ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ ، وَلاَ تَلْبَسُوا الْحَرِيرَ وَالدِّيبَاجَ ، فَإِنَّهَا لَهُمْ فِي الدُّنْيَا ، وَلَكُمْ فِي الآخِرَةِ)) متفق عليه
واتە : لە نێو قاپی زێڕ و زیو مەخۆنەوە ، وە ئاورێشم و دیباج لەبەر مەكەن ، چونكە ئەمانە بۆ بێباوەڕەكانە لە دونیادا و بۆ ئێوەی باوەڕدارە لە ڕۆژی دواییدا .
[دیباج : جۆرێكە لە ئاورێشم ، یان پۆشاكێكە لە ئاورێشم دروست كراوە و بەم ناوەوە تایبەت كراوە ]
وَعَنْ أُمِّ سَلَمَةَ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) قَالَ :
((الَّذِي يَشْرَبُ فِي إِنَاءِ الْفِضَّةِ إِنَّمَا يُجَرْجِرُ فِي بَطْنِهِ نَارَ جَهَنَّمَ)) متفق عليه
واتە : ئەو كەسەی كەوا لە نێو قاپی زیودا دەخواتەوە ئەوە بەڕاستی لە نێو سكیدا دەنگی ئاگری دۆزەخ هەیە .
وە لە ریوایەتێكی تری (مسلم)دا هاتووە: ((أَنَّ الَّذِي يَأْكُلُ أَوْ يَشْرَبُ فِي آنِيَةِ الْفِضَّةِ وَالذَّهَبِ ...)).
واتە : ئەو كەسەی كەوا لە نێو قاپی زیو و زێڕدا دەخوات و دەخواتەوە ...
ئیمامی (مسلم) فەرموویەتی: (وليس في حديث أحدٍ منهم ذِكرُ الأكل والذَّهب إلاَّ في حديث ابن مسهر) أ هـ .
واتە : لە فەرموودەی هیچ یەكێك لە پیاوانی ئەم فەرموودەیەدا باسی خواردن و زێڕ نەكراوە تەنها لە فەرموودەی (ابن مسهر)دا نەبێت .
ئیمامی (الألبانـی) فەرموویەتی : (فهذه الزيادة شاذة من جهة الرواية ، وإن كانت صحيحة في الـمعنـى من حيث الدِّراية ، لأنَّ الأكلَ والذَّهبَ أعظم وأخطر من الشُّربِ والفِّضَّة كما هو ظاهر) الإرواء : (1 / 69) .
واتە : ئەم زیادەیە [واتە : باس كردنی "خواردن و زێڕ" لە نێو فەرموودەكەدا ] ناوازە لە ڕووی گێڕانەوەوە ، ئەگەر چی لە واتایشدا ڕاستە لە ڕووی تێگەیشتنەوە ، چونكە خواردن و زێڕ گەورە و ترسناك ترن لە خواردنەوە و زیو وەكو ئاشكرایە .
وەرگیراوە لە کتێبی : (كورتەیەك لە فیقهی سوننەت و قورئانی ئازیز ) لە وەرگێڕانى بەڕێز : مامۆستا محمد عبدالرحمن