چۆنێتى ئەنجامدانى نوێژە بارانە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى ئەنجامدانى نوێژە بارانە

باسى یەکەم : پێناسەكەی
( الإستسقاء ) بریتیە لە داوای باران بارین لە خوای گەورە لە کاتێک کە بەندەکان پێویستیان پێیە، کە بە شێوازێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت لە کاتی کەم ئاویی و وشکە ساڵیدا ، چونکە بارینی باران و زیادبونی ئاو تەنها لە دەسەڵاتی خوای گەورەیە.

باسى دووەم : حوکمى ئەنجامدانى ئەم نوێژەیە :
نوێژە بارانە سوننەتێکی تەئکیدکراوە و چەندین جار خودی پێغەمبەری خوا () و هاوەڵانیش ئەنجامیان داوە، عبدالله ی کوڕی یزید دەگێڕێتەوە کەوا پێغەمبەری خوا () چووەتە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژە بارانە و ڕووی لە قیبلە کرد و لە خوای گەورە دەپاڕایەوە و پۆشاکەکەی بە خۆیەوە ئاڵاندبوو، دوو ركعات نوێژی کرد و بە دەنگی بەرز قورئانی تێدا خوێند. (1)

باسى سێیەم : هۆكاری ئەنجامدانی نوێژەبارانە:
هۆکاری ئەنجامدانی نوێژەبارانە بریتیە لە قات وقڕی وشکەساڵی واتا گیرانەوەی باران؛ چونکە پێغەمبەرى خوا لەبەر ئەو هۆکارە ئەنجامی دەدا.

باسى چوارەم : کات و چۆنێتى ئەنجامدانى نوێژە بارانە :
کات وچۆنێتی ئەنجامدانی نوێژە بارانە هەر وەک نوێژی جەژنە، بە پێی وتەی ابن عباس کە دەلێت: (صلى النبي - صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ - ركعتين كما يصلي في العيدين) (2).
واتا: پێغەمبەر دوو ڕکات نوێژی کرد بەهەمان شێوەی دوو ڕکاتی نوێژی جەژنی.
خوازراویشە (سوننەتە) لە نوێژینگە ئەنجام بدرێت، وبە دوو ڕکات دەکرێت، وخوێندنەوەی ئایەتەکانیش لە هەردوو ڕکاتەکەدا بەدەنگی بەرز (بە ئاشکرا) دەبێت وەک نوێژی جەژن وپێش خوێندەوەی وتارەکە ئەنجام دەدرێت وهەروەها لە ژمارەی (اللە أكبر) كاندا و ئەوەی لە هەردوو ڕکاتەکەدا دەخوێنرێت هەر هاوشێوەی نوێژی جەژنە.
رێگەپێدراویشە بەهەر شێوەیەک نزای باران بارین بکرێت، بۆیە مرۆڤ دەپاڕێتەوه وداوای باران بارین دەکات لە نوێژەکەیدا ولە کاتێکدا کوڕنوش دەبات، وپێشەوایش (إمام) نزای باران بارین لەسەر مینبەرەوە ولەنوێژی هەینیدا دەکات، چونکە بەڕاستی پێغەمبەرى خوا نزای بۆ باران بارین لەسەر مینبەرە ولەرۆژی هەینیدا کردوە۰(3)

باسى پێنجەم : چوونە دەرەوە بۆ نوێژە بارانە
ئەگەر پێشەوا و وتارخوێن ویستی نوێژە بارانە لە دەرەوە ئەنجام بدات، ئەوا دەبێت ئامۆژگاریان بکات و هانیان بدات بۆ تەوبەکردن و گەردن ئازادیی لە ستەمەکانی نێوانیان و وازهێنان لە رقەبەرایەتی و ئیرەیی و دژایەتیکردنی یەکتر، چونکە ئەو کارانە هۆکارن بۆ گرتنەوەی خێر و فەڕی خوای گەورە ، وە لەبەرئەوەی تاوانەکان هۆکارن بۆ نەداری و و شکەساڵی هەوەکو چۆن تەقوا و کاری چاکە هۆكاره بۆ خۆگوزەرانیی و بەرەکەت، خوای گورە دەفەرموێت: (وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَى آمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَرَكَاتٍ مِنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ وَلَكِنْ كَذَّبُوا فَأَخَذْنَاهُمْ بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ) [الأعراف: 96].
واتە : خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی شاره‌کان به‌ڕاستی باوه‌ڕیان بهێنایه‌و خۆیان بپاڕاستایه‌، ئه‌وا بێگومان ئێمه ده‌رگای فه‌ڕو به‌ره‌که‌تی ئاسمان و زه‌وییان له‌سه‌ر ده‌کردنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان که په‌یام و پێغه‌مبه‌رانی ئێمه‌یان به‌درۆزانی، جا ئێمه‌ش به‌هۆی ئه‌و کاروکرده‌وانه‌ی که ده‌یانکرد گرتمانن و له‌ناومان بردن.
وه گرنگە نوێژ خوێنان خاوێن بن بەڵام بۆن لە خۆیان بدەن و جلی شیک لە بەر بکەن، چونکە ساتەکە ساتی خشوع و هەژاریی دەربڕینە بۆ خوای گەورە کە دەبێت سەرجەم نوێژ خوێنان بە سەرکزی و خشوع و دڵ نەرمی و نەهامەتباریەوە دەربچن بۆ نوێژ ، هەوەکو ابن عباس دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا بە دڵ کزی و خەمباری و سادەیی و خشوعەوە دەچوە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژە بارانە .(4)

باسى شەشەم : وتار خوێندنەوە :
سوننەتە بۆ ئیمام کە وتارێکى گشتگیر بخوێنێتەوە لە دواى نوێژەکە ، تیایدا فەرمان بکات بە تەوبە کردن و گەڕانەوە بۆ لاى خواى گەورە ، و خێر و صەدەقە کردنى زۆر ، و وازهێنان لە تاوان و خراپە .
وە پێویستە ئیمام لە وتارەکەیدا زۆر داواى لێ خۆشبوون بکات لە خواى گەورە و زۆر دوعا بکات لە خواى گەورە کە بارانى ڕەحمەت ببارێنێت وەکو وتنى دوعاى : «اللَّهُمَّ أَغِثْنَا» وە دەستەکانى بەرز بکاتەوە ، چونکە پێغەمبەرى خوا دەستەكانی بەرز كردەوەو بەبەردەوامی ئەپاڕایەوە بەشێوەیەك سپێتی بن باڵی ئەبینرا ، وخەڵکیش دەستەکانیان بەرز دەکردەوە ، چونکە پێغەمبەرى خوا لە کاتى وتارى هەینى دا کە دوعاى باران بارینى دەکرد دەستەکانى بەرز دەکردەوە و خەڵکیش دەستەکانیان بەرز دەکردەوە .
وە هەروەها ئیمام زۆر صەڵاوات دەدات لەسەر پێغەمبەرى خوا چونکە یەکێکە لە هۆکارەکانى وەڵامدانەوەى دوعا .

باسی شەشەم : ئەو سوننەتانەی کە ئەنجام دەدرێت :
۱- پێویستە دوعا و پاڕانەوەی زۆر بکرێت کە لە پێغەمبەری خوداوە هاتووە () وە ڕوو دەکرێتە قیبلەو چاکەت و عاباو جوبەو ئەو شتانەی کە لەسەر شانن هەڵدەگەڕێندرێتەوە بەشێوازێک چەپ و ڕاستی پێ دەکرێ ، چونکە لەپێغەمبەری خوداوە هاتووە () کە پشتی لەخەڵکی کردووەو ڕووی کردۆتە قیبلەو کراس و سەرشانەکەی هەڵگێڕاوەتەوە. (5)
وتراوە : مەبەست و حیکمەت لەو کارە ئەوەیە تاوەکو پەروەردگار ئەو دۆخە بگۆڕێت .
۲- سوننەت وایە هەموو موسوڵمانان دەربچن بۆ نوێژە بارانە تەنانەت ئافرەتان و منداڵانیش.
۳- سوننەتە بەکزی و ملکەچی و خشوع و خۆبەکەمزانینەوە بڕۆی بۆ نوێژەبارانە.
٤- لەکاتی یەکەم باران باریندا سوننەتە خۆت بخەیتە بەردەم بارانەکەو بڵێی (اللَّهُمَّ صَيِّبًا نَافِعًا) واتە : خودایە داوای بارانێكی بەسودت لێ دەكەم ، وە پاش باران بارینەکەش دەوترێت (مُطِرْنَا بِفَضْلِ اللهِ وَرَحْمَتِهِ). واتە : خودای گه‌وره‌ بارانی بۆ باراندین به‌ فه‌زڵ و گه‌وره‌یی و ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یی خۆی
٥- ئەگەر بارانەکە زۆربوو ترسی لافاو زەرەرو زیان هەبوو لێی ، لەوکاتەدا دەڵێی (اللَّهُمَّ حَوَالَيْنَا وَلاَ عَلَيْنَا، اللَّهُمَّ عَلَى الآكَامِ وَالظِّرَابِ, وَبُطُونِ الأَوْدِيَةِ, وَمَنَابِتِ الشَّجَرِ) متفق علیه .
واته : خودایه‌ باران له‌ چوار ده‌ورمان ببارێنه‌ نه‌ك له‌سه‌رمان، خودایه‌ له‌سه‌ر گرد و ته‌پۆڵكه‌ و ناو دۆڵ و باخ و دره‌خته‌كان ببارێنه‌

باسى حەوتەم : له‌ نزاكانی باران بارین
یەکەم : «اللَّهُمَّ اسْقِنَا غَيْثًا مُغِيْثًا مَرِيْئًا مَرِيْعًا, نَافِعًا غَيْرَ ضَارّ, عَاجِلاً غَيْرَ آجِلٍ»
واته‌: (خودایه‌ بۆمان ببارێنه‌ بارانێكی زۆری له‌سه‌ر خۆی به‌ سوودی سه‌وزكه‌ری به‌ سوودی بێ زیان، به‌م زوانه‌ و دوا خستنی تێدا نه‌بێت) .
دووەم : «اللَّهُمَّ أَغِثْنَا, اللَّهُمَّ أَغِثْنَا، اللَّهُمَّ أَغِثْنَا»
واته‌: (خودایه‌ بارانمان بۆ ببارێنه‌، خودایه‌ بارانمان بۆ ببارێنه‌، خودایه‌ بارانمان بۆ ببارێنه‌) .
سێیەم : «اللَّهُمَّ اسْقِ عِبَادَكَ, وَبَهَائِمَكَ, وَانْشُرْ رَحْمَتَكَ, وَأَحْيِ بَلَدَكَ الْمَيِّتَ»
واته‌: (خودایه‌ به‌نده‌كان و گیان له‌ به‌ره‌كانت تێر ئاو بكه‌ و ڕه‌حم و به‌زه‌یی خۆت بڵاو بكه‌ره‌وه‌ و زه‌ویه‌ مردوه‌كه‌ی خۆشت زیندوو بكه‌ره‌وه‌) .

ستافى وەڵامەکان
سود وەگیراوە لە کتێبی (الفقه المیسر في ضوء الكتاب والسنة ، حصن المسلم)
================
(1) رواه البخاري برقم (1011)، ومسلم برقم (894).
(2) رواه النسائي برقم (1521)، والترمذي برقم (558)، وهو حسن، انظر إرواء الغليل (13/33).
(3) أخرجه البخاري برقم (933)، ومسلم برقم (897).
(4) رواه الترمذي برقم (458)، وابن ماجه برقم (1266)، وهو حسن، انظر: إرواء الغليل (2/133).
(5) متفق عليه: رواه البخاري برقم (1011)، ومسلم برقم (864)