بۆچی لە نوێژی خۆرگیران و مانگ گیران لە یەک ڕکات دوجار فاتیحە دەخوێنرێت و دوو جار ڕکوع دەبرێت حیکمەتى ئەمە چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆچی لە نوێژی خۆرگیران و مانگ گیران لە یەک ڕکات دوجار فاتیحە دەخوێنرێت و دوو جار ڕکوع دەبرێت حیکمەتى ئەمە چیە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین :
بێگومان هەموو ئەحکامەکانی شەریعەت حیکمەتی تێدایە ؛ چونکە سەرچاوەکەی زاتێکى بەرز وحەکیمە ، هەموو شتەکان لەجێگەی خۆیدا دادەنێت ، بەڵام ئێمە لەبەر کورت بینی وکەم عیلمی خۆمان ناتوانین هەست بەهەموو حیکمەتەکانی ئەو شەریعەتە بکەین کەخودا دایڕشتووە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿ وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الرُّوحِ قُلِ الرُّوحُ مِنْ أَمْرِ رَبِّي وَمَا أُوتِيتُمْ مِنَ الْعِلْمِ إِلَّا قَلِيلًا (85) ﴾
واته‌: ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - پرسیارت لێ ئه‌كه‌ن ده‌رباره‌ی روح و حه‌قیقه‌تی روح چیه‌؟ بڵێ: روح كاری خوای گه‌وره‌یه‌و خوای گه‌وره‌ خۆی نه‌بێ كه‌س نازانێ حه‌قیقه‌تی روح چیه‌و چۆنه‌، وه‌ ئێوه‌ له‌ زانیاری شتێكی كه‌م نه‌بێ هیچتان پێ نه‌دراوه‌و نایزانن.

جا کاتێ ئەو ڕوحەی کە لەلاشەی خۆماندایە ، وژیانمان لەسەر ئەو بەندە نەزانراو بێت بەنیسبەت ئێمەوە ، ئەوا ئێمە ئەولا ترە حیکمەتی هەموو ئەو شتانە نەزانین کەخودا دایناوە وشەرعاندوویەتی بۆمان .

گەر کەسێک بڵێت :
حیکمەتی ئەوە چی یە لەشەو وڕۆژێکدا پێنج نوێژ هەیە ؟
ئەی حیکمەتی ئەوە چی یە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر وعیشا چوار ڕکاتە ؟
ئەی بۆ هەشت یاخود شەش نی یە ؟ یاخود بۆ لەبری پێنج نوێژ دە نوێژ نەبوو ؟

هەموو ئەمانە ئێمە ناتوانین درکی بکەین ، وحیکمەتی هەموو باوەڕدارێک لەوەی کەخودا وپێغەمبەرەکەی صلى الله عليه وسلم شەرعاندویانە ئەوەیە حوکمی خودا وپێغەمبەرەکەیەتی صلى الله عليه وسلم ، هەر بۆیە کاتی پرسیار کرا له عائشة رضي الله عنها ( ما بال الحائض تقضي الصوم، ولا تقضي الصلاة، فقالت كان يصيبنا ذلك، وكنا نؤمر بقضاء الصوم، ولا نؤمر بقضاء الصلاة ).
واتە : ئەوە بۆ ئافرەت کاتێ لەحەیزدایە ڕۆژوو قەزا دەکاتەوە کەچی نوێژ قەزا ناکاتەوە ؟
ئەویش لەوڵامدا فەرمووی :
ئێمە لەزەمانی پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم توشی حەیز دەبووین ، وفەرمانمان پێ دەکرا بەقەزا کردنەوەی ڕۆژوو ، بەڵام فەرمانمان پێ نەدەکرا بەقەزا کردنەوەی نوێژ .

جا عائشە ڕوونی کردەوە کەحیکمەت ئەوەیە کەفەرمانی خودا وپێغەمبەرەکەیەتی صلى الله عليه وسلم ، وەئەمە بۆ هەموو باوەڕدارێکه ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿ وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ﴾،
واته : بۆ هیچ باوه‌ڕدارێكی پیاو و ئافره‌ت حه‌ڵاڵ نیه‌ كه‌ كاتێك خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - بڕیارێك بده‌ن ئه‌وان سه‌رپشك بن له‌وه‌ی كه‌ شتێكی تر هه‌ڵبژێرن، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌سه‌ریان پابه‌ندى گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بن صلى الله عليه وسلم .

جا سەبارەت بەم قاعیدە گرنگە ، وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەس دەکەوێت ، کەئەویش ئەوەیە :
حیکمەتی دوو بارە کردنەوەی فاتیحا وقورئان خوێندن وڕکوع چی یە لەنوێژی خۆر ومانگ گیراندا ؟
ئاماژە بەحیکمەتێک دەکەین گەر ڕاست بوو ئەوا لەفەزڵ وڕەحمەتی خواوەیە ، وگەر بەهەڵەدا چووین ئەوا لەخۆمانەوەیە ، ئەوەی بۆمن دەردەکەوێت - والله أعلم- لەبارەی حیکمەتی ئەوەی لەپرسیارەکەدا هاتووە ئەوەیە :
لەبەر ئەوەی ئەو نوێژە بەهۆکاری خۆر ومانگ گیران دەکرێت وئەو هۆکارە هۆکارێکی سادە وعادی نی یە ، عیبادەتێکی بۆ دانراوە سادە وعادی نەبێت وجودا بێت لەعیبادەتەکانی تر ، نوێژی خۆر ومانگ گیران جودایە لەنوێژەکانی تر ، هەروەک چۆن خۆر و مانگ گیران جودایە لەبەرنامەی تایبەتی خۆر ومانگ ، ئەمە حیکمەتێکیان .

وحیکمەێکی تریان ئەوەیە :
ڕوکوع و سجود وخوێندنی قورئان تیایدا دوو بارە دەکرێتەوە ، وەهەر بەدووڕکاتیش دەمێنێتەوە ، حەتمەن نوێژى شەو وڕۆژ دوو ڕکات دوو ڕکاتە ، ولەبەر ئەوەی زەمانی گیرانەکە زۆر دەخایەنێت ، ڕکوع وخوێندنی قورئانی دوو بارە کردۆتەوە بۆ ئەوەی کەس توشی مەلەل وبێزاری نەبێت بەخوێندنی قورئانێکی زۆر ، بۆیە لەنێوان هەردوو قورئان خوێندنەکەدا ڕکوعێکی داناوە کەبەندە بۆ خودای دەبات وتیایدا خودا بەگەورە ڕادەگرێت ، پاشان هەڵدەستێتەوە ، ودوو بارە قورئان دەخوێنێت .

ئا ئەم دوو حیکمەتە ، گەر موافقی مەبەستی خودا وپێغەمبەر بن صلى الله عليه وسلم ، ئەو لەفەزڵی خوداوەیە ،خۆ ئەگەر بەو شێوەیەش نەبن ئەوا بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە وداوای لێ بوردن ولێ خۆش بوون لەخودا دەکەین .

 فضيلة الشيخ العلامة : محمد بن صالح بن العثيمين رحمه الله تعالى