ئایا دروستە بۆ كەسێك وەسیەت بکات کە دواى مردنى یەكێك لە ئەندامەكانی لەشی ببەخشرێت؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە بۆ كەسێك وەسیەت بکات کە دواى مردنى یەكێك لە ئەندامەكانی لەشی ببەخشرێت؟

شێخ ئەلبانى ڕەحمەتى خواى گەورەى لێ بێ لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا دەڵێت :
" ئێمە باوەڕمان وایە ئەم بەخشینە درووست نییە , چوونكە ئەمە دەستدرێژیكردنی تییایە بۆ سەر مردووەكە , وە حورمەت و ڕێزی مردووی ئیماندار بەهەمیشەیی پارێزراوە هەروەك چۆن زیندوو بێت ، هەر بۆیە فەرموودە هاتوون ڕێگریی دەكەن لەوەی كە كەسێك پێ بنێتە سەر قەبری مردوویەكدا یان لەسەری دابنیشێت , بەڵكو هەڕەشەی تووندیش هاتووە لەو بارەوە ، پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ((كسر عظم الميت ككسره حيا )) واتە : " شكاندنی ئێسكی مردوو وەك شكاندنێتی بە زیندووی " واتە لە ڕووی بوونی سزاوە چوونكە وانەبێت , مردو كاتێك كەمرد هەست بە هیچ شتێك ناكات كە بەسەر جەستەیدا دێت ، بەڵام لە ڕووی حوكمی شەرعەوە ئەوا شكاندنی ئێسكی مردوو وەك شكاندنی ئێسكەكەیەتی بە زیندوویی .
زۆرجار پرسیارێك دەكرێت لە كاتی باسكردنی ئەم بابەتانەدا : كۆمەڵێك هەن كە نەشتەرگەریی توێكاریی ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی فێرببن لەسەر حیسابی جەنازەی مردووەكان ، بۆیە دەڵێین : ئەمە دروست نییە ، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ((كسر عظم الميت ككسره حيا )) .
زیاد لەوەش كۆمەڵیك فەرموودە هەن كە ڕێگریی دەكەن لەوەی شێواندن بە لاشەی مردوو بكرێت . تەنانەت نابێت شێواندن بە لاشەی بێباوەڕیش بكرێت ئەگەر كوشتبێتیشی ، بەڵام شێواندنی پێ بكات یان تێكی بدات وەك ئەوەی گوێی ببڕێت یان لووتی یان ئەندامەكانی ...هتد .
ئەمە نابێت و دروست نییە وەك ڕێزێك بۆ ئەو مردووە بێباوەڕە چجای موسوڵمانێك .
بۆیە دەڵێین :
ئەگەر هەر پێویست بوو بۆ پزیشكی موسوڵمان كە ڕاهێنان بكات لەسەر لاشەی مردوو ئەوا با دوور بكەوێتەوە لە لاشەی مردووی موسوڵمان ، لەبەر ئەوەی لە ڕیوایەتێكی صەحیحدا هاتووە كە : ((كسر عظم المؤمن الميت ككسره حيا )) تائێرە ئێمە دەڵێین : هەتا ئەو كاتەی بوار هەبێت لە ڕاهێناندا بۆ توێكاری ئەم ڕاهێنانە لەسەر لاشەی ئاژەڵان بكرێت ، - وەهەروەها – پێویستە كە لە لاشەی بێباوەڕان دووربكەونە چجای لاشەی موسوڵمانان ، بەهۆی ئەوەی كە ئێستا باسم كرد لەوەی كە پێغەمبەری خوا ڕێگریی لە شێواندن كردووە .

سەردان: ٣,٦٩٥ بەش: ئه‌حكامه‌كانى جه‌نازه‌