من لەگەڵ خۆشەویستەکەم قسە دەکەم ئایا حوکمى ئەمە چیە؟ وە ئایا ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من لەگەڵ خۆشەویستەکەم قسە دەکەم ئایا حوکمى ئەمە چیە؟ وە ئایا ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە؟

بێگومان كارێكى حەرامە، خواى گەورە دەفەرموێت: [وَلَا تَقْرَبُوا الزِّنَا] واتە لەزینا نزیك مەبنەوە، ئەوە نزیك بوونەوەیە لە زینا، ئەوە بێ شەرعیە موخالەفەكردنى ئەو ئایەتانەیە و دروست نییە، هەر ئافرەتێك بە تەنها لەگەڵ پیاوێك قسە بكات جا بە تەلەفۆن بێت یان بە ڕاستەوخۆ بێت ئەوا شەیتان سێیەمیان دەبێت، بۆیە دەبێت مرۆڤ وریابێت قسەى گوماناوى نەكات، مەگەر كەسێك پرسیارى شەرعى هەبێت و ئەو كەسەش كەسى ئەوەبێت كە وەڵامى شەرعى بداتەوە ئەمەیان دەبێت، بەڵام كەس لاى ژنەكە نەبێت و كەسیش لاى پیاوەكە نەبێت وە لە شەویشدابێت، قسەى دنیایى لەگەڵ یەكتر بكەن ئەوە كارێكى خراپە.
وە ئەم جۆرە پەیوەندیانە چەندین زیان و خراپەى هەیە لەوانە:
1- تووشبوون بەنەخۆشى (ئەوین) و لەدەستدانى عەزیمەت و زاڵكردنى ئارەزووەكان بەسەر ژیرى و شەرعدا، زانایان ئەوینیان بەنەخۆشى كوشندە داوەتە قەڵەم تەنانەت بەبەشێك لە شیركى داناوە.
2- ڕێگە خۆشكردن بۆ ئەنجامدانى داوێن پیسى لەبەر ئەوەى هۆكارە بۆ زیناكردن وكارى خراپ لە ئاینى ئیسلامدا بەیاساى (سد الذرائع)قەدەغە كراوە.
3- شكاندنى سنوورى ڕەوشتى ئیسلامى و كۆمەڵایەتى و پەرەپێدان بەناپاكى و دڵنیا نەبوون لەیەكتر.
وە سەبارەت بەوەى کە ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە یان نا؟
ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە بەڵام لە خێر و پاداشتى ڕۆژوەکەت دەڕوشێنێ ، و ئەبێ بزانى بۆچی خواى گەورە ڕۆژووى فەرز کردوە ؟ سەرنج بدە لەم ئایەتە کە دەفەرموێ :  
[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ] [البقرة : 183].
واتە : ڕۆژووتان لەسەر فەرز كراوە هەروەكو چۆن لەسەر ئوممەتانی پێش ئێوە فەرز كراوە بۆ ئەوەی لە خوا بترسن و خۆتان بپارێزن لە سزای خوا .
سەرنج بدە لە (لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) بۆ ئەوەی لە خوا بترسن و خۆتان بپارێزن لە سزای خوا ،  جا ئایا قسە کردن لەگەڵ ئافرەتى نامەحرەم و نامە گۆڕینەوە و پەیوەندی ناشەرعى چۆن لەگەڵ ئەمە یەک دەگرێتەوە؟
وە ئەبێ بزانى کە خەڵكانێكی زۆر هەن پێیان وایە ڕەمەزان واتا خۆ گرتنەوە لە خواردن خواردنەوە و خەوتن بۆ چەند سەعاتێك !!! گەر وا بێت لە ڕۆژوو گرتن ئاسان تر نیە، بەڵام ئەمە گەورەترین هەڵەیە كە پێویست ئەكات خۆمانی لێ‌ بپارێزین، و کەسی ڕۆژووان پێویستە خۆى لە بیستنی گۆرانی و قسە و پەیوەندی ناشەرعی و پڕوپوچ و هەموو جۆرە تاوانێك بپارێزێت نەک تەنها لە خواردن و خواردنەوە، بۆ ئەوەی لە كۆمەڵەی ئەو كەسانە نەبێت كە پێغەمبەری خوا دەربارەیان فەرمویەتی: " رب صائم حظه من صيامه الجوع والعطش ورب قائم حظه من قيامه السهر " (صححه الألباني في صحيح الترغيب و الترهيب / 1084).
واتە: زۆرێك ڕۆژووەوان هەیە تەنها برسێتی و تینوێتی بۆ ئەمێنێتەوە. وە زۆرێك هەیە لەوانەی شەو نوێژ ئەكەن تەنها بەشیان ماندو بون و شەونخونیەكی بێ‌ پاداشتە.
وە ئەوەش بزانە کە
خۆشەویستی خواو پێغەمبەر عیبادەتە و مرۆڤی لە خوا پێ نزیك دەبێتەوە
بەڵام لەبیركردنی ئەوان و ڕووكردنە دونیای خۆشەویستی و عاشق بوون تاوانە و مرۆڤی پێ لەخوا دووردەكەوێتەوە.
خۆشەویستی خوا دڵ و ناخ پاك دەكاتەوەو فراوانی دەكات
بەڵام عاشق بوون ناخ و دەروون بچووك دەكاتەوە و هەموو دونیا لە خۆشەویستەكەتدا دەبینیت.
خۆشەویستی خوا ئەنجامەكەی گەیشتنە بەخوا و دۆستانی خوا لە ئایندەدا.
بەڵام عاشق بوون ئەنجامەكەی لێكدابڕانە هەرچەندە پەیوەندیەكەتان درێژخایەن بێت.

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٤,٨٨٥ بەش: عیشق و خۆشەویستى