کاتێک دەڵێین "السلام عليكم ورحمة الله" لەکۆتای نوێژەکانماندا ، ئایا سەلام لەکێ دەکەین ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاتێک دەڵێین "السلام عليكم ورحمة الله" لەکۆتای نوێژەکانماندا ، ئایا سەلام لەکێ دەکەین ؟
پرسیار:

کاتێک دەڵێین "السلام عليكم ورحمة الله" لەکۆتای نوێژەکانماندا ، ئایا سەلام لەکێ دەکەین ؟
ئایا لەو فریشتانەی دەکەین کەلەلای ڕاست و چەپماندان ؟
یاخود بەو کەسانەی دەڵێین کەلەلای ڕاست و چەپمانن ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

کەسی نوێژ خوێن مەبەستی لەسەلام دانەوەکەی سێ شتە :
۱- دەرچوون لەنوێژ .
۲- سەلام کردن لەو فریشتانەی کردەوە تۆمار دەکەن .
۳- سەلام کردن لەوکەسانەی لەگەڵی نوێژ دەکەن .
خۆ ئەگەر بەتەنها نوێژی دەکرد ، ئەوا نیەتی : دەرچوون لەنوێژ و سەلام کردن لەو فریشتانەی کردەوە تۆمار دەکەن دێنێت .

سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە سەلامدانەوەی ناو نوێژ ڕوکنێکە لەڕوکنەکانی نوێژ .
وە نوێژ کۆتای نایەت جگە بەسەلامدانەوە نەبێت ، بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەیی کە (أبو داود والترمذي) لەعەلی کوڕی ئەبو تالیبەوە گێڕاویانەتەوە و عەلی دەڵێت : پێغەمبەری خوا فەرمووی : (مِفْتَاحُ الصَّلَاةِ الطُّهُورُ ، وَتَحْرِيمُهَا التَّكْبِيرُ ، وَتَحْلِيلُهَا التَّسْلِيمُ) . وصححه الألباني في "سنن أبي داود" .
واتە : واتە: كلیلی نوێژ دەست نوێژە، و تەحریمەكەی (دابەستنەكەی) ووتنی (الله أكبر)ە، وتەحلیلەكەی (كۆتایی هێنانەكەی) سەلام دانەوەیە.

وەجمهوری زانایان هەمان بۆچوونیان هەیە : مالك والشافعي وأحمد .

ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت :
مەزهەبی ئێمە ئەوەیە : سەلام دانەوە فەرزە ، وە ڕوکنێکە لەڕوکنەکانی ، و نوێژ بەبێ ئەو دروست نی یە ، وە ئەمە بۆچوونی جمهوری زانایانە لەهاوەڵان و تابعین و ئەوانەی دوای ئەوانیش ."المجموع" (3/462) .

جا نوێژ خوێن بەسەلام دانەوەکەی نیەتی دەرچوون لەنوێژ دێنێت ، وە هەروەها سەلام کردن لەئیمام و ئەوانەش کە لەلای ڕاست و چەپیدان ، و هەروەها ئەو فریشتانەش کەکردەوەی مرۆڤ تۆمار دەکەن .

ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت :
پێش نوێژ بەسلام دانەوەی یەکەمی نیەتی دەرچوون لەنوێژ دەێنێت و سەلام کردن لەوانەی کەلەلای ڕاستیدان ، و هەروەها ئەو فریشتانەش کەکردەوەی مرۆڤ تۆمار دەکەن ، وەبەسلام دانەوەی دووەمی نیەتی سەلام کردن لەوانەی کەلەلای چەپیدان ، و هەروەها ئەو فریشتانەش کەکردەوەی مرۆڤ تۆمار دەکەن ، وە کەسی مەئمووم بەسلام دانەوەی یەکەمی نیەتی دەرچوون لەنوێژ دێنێت وەهەروەها سەلام کردن لەپێش نوێژ و وەهەروەها لەو فریشتانەش کەکردەوەی مرۆڤ تۆمار دەکەن ، وەهەروەها ئەوانەی کەلە ڕیزەکەدان و لەلای پێشەوە و ڕاست و چەپیەوەن ، وەبەسلام دانەوەی دووەمی نیەتی سەلام کردن لەو فریشتانەی کەکردەوەی مرۆڤ تۆمار دەکەن و ئەوانەی کەلەلای چەپیدان ، خۆ ئەگەر پێش نوێژ لەلای پێشیەوە بوو ئەوا نیەتی سەلام کردن لەویش دێنێت بەهەر سەلام دانەوەیەکی بێت ، واتە : سەلامی لای ڕاست یاخود چەپ.

وەکەسێک بەتەنها نوێژ بکات بەسلام دانەوەی یەکەمی نیەتی دەرچوون لەنوێژ دێنێت وهەروەها لەو فریشتانەش کەکردەوەی مرۆڤ تۆمار دەکەن ، وەبەسلام دانەوەی دووەمی نیەتی سەلام کردن لەو فریشتانە دێنێت کەکردەوەی مرۆڤ تۆمار دەکەن ، وئەسڵی ئەمەش ئەو فەرموودەیەیە کە(سَمُرَة رضي الله عنه) گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : (أَمَرَنَا رَسُولُ اللَّهِ أَنْ نُسَلِّمَ عَلَى أَنْفُسِنَا وَأَنْ يُسَلِّمَ بَعْضُنَا عَلَى بَعْضٍ) ...
واتە : پێغەمبەری خوا فەرمانی پێکردین کەسەلام لەخۆمان بکەین ، وەهەروەها هەندێکمان سەلام لەوانی تر بکەین .
خۆ ئەگەر بەسەلام دانەوەکەی تەنها نیەتی دەرچوون لەنوێژ بێنێت دروستە ؛ چونکە سەلام کردن لەئامادەبوان سوننەتە .
"المجموع" (3/456) .

وەئیمامی مسلم ( 431) لە (جَابِرِ بْنِ سَمُرَةَ رضي الله عنه) گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : ئێمە کاتێ نوێژمان لەگەڵ پێغەمبەردا بکردایه دەمان گوت : السَّلَامُ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَةُ اللَّهِ ، السَّلَامُ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَةُ اللَّهِ -ئیشارەتمان دەکرد بۆلای ڕاست و چەپ - پێغەمبەری خودا فەرمووی : ( عَلَامَ تُومِئُونَ بِأَيْدِيكُمْ كَأَنَّهَا أَذْنَابُ خَيْلٍ شُمْسٍ ؟ (يعني مضطربة) إِنَّمَا يَكْفِي أَحَدَكُمْ أَنْ يَضَعَ يَدَهُ عَلَى فَخِذِهِ ثُمَّ يُسَلِّمُ عَلَى أَخِيهِ مَنْ عَلَى يَمِينِهِ وَشِمَالِهِ) .
واتە : ئەوە بەدەستان ئیشرات بۆ لای چ دەکەن دەڵێی ئەسپی چەموشن ؟ ئەوەندە بەسە دەستان لەسەر ڕانتان دابنێن پاشان سەلام لەبراکەی دەکات ئەوەی لەلای ڕاستی وچەپیەوەیە .

ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت :
مەبەست لە : "ثُمَّ يُسَلِّم عَلَى أَخِيهِ مِنْ عَلَى يَمِينه وَشِمَاله" : واتە : ئەو برایانەی لەلای ڕاست و چەپیەوە نوێژ دەکەن .

وە ابن قدامة رحمه الله دەڵێت :
بەسەلامدانەوەکەی نیەتی : دەرچوون لەنوێژ دێنێت ، خۆ ئەگەر لەگەڵ ئەوەشدا مەبەستی دوو فریشتەکەش بێت و ئەوانەش لەدواوەین گەر پێش نوێژی دەکرد ، یاخود گەر مەئمووم بوو و مەبەستی وەڵام دانەوەی سەلام کردنەکەی بێ لەپێش نوێژ و ئەوانەش لەگەڵین ، ئەوا دروستە .
ئەمە قسەی ئیمام ئەحمەدە و گوتویەتی : لەنوێژدا سەلام دەداتەوە ، وە مەبەستی وەڵام دانەوەی سەلام کردنەکەی پێش نوێژە .
"المغني" (1/326-327)

وە الشيخ ابن عثيمين رحمه الله دەڵێت :
گەر کەسێک بڵێت : سەلام لەکێ دەکرێت ؟
لەوڵامدا دەڵێین : گەر کۆمەڵێکی لەگەڵ بوو ، ئەوا سەلام لەوان دەکات ، خۆ ئەگەر کەسی لەگەڵ نەبوو ، ئەوا سەلام لەفریشتەکان دەکات کەلەلای ڕاست و چەپیەوەن ، وەدەڵێت : السَّلامُ عليكم ورحمة الله .
"الشرح الممتع" (3 / 208).

جا بەکورتی : کەسی نوێژ خوێن مەبەستی لەسەلام دانەوەکەی سێ شتە :
۱- دەرچوون لەنوێژ .
۲- سەلام کردن لەو فریشتانەی کردەوە تۆمار دەکەن .
۳- سەلام کردن لەوکەسانەی لەگەڵی نوێژ دەکەن .
خۆ ئەگەر بەتەنها نوێژی دەکرد ، ئەوا نیەتی :
دەرچوون لەنوێژ و سەلام کردن لەو فریشتانەی کردەوە تۆمار دەکەن دێنێت .

والله أعلم .

سەردان: ٥,١٨١ بەش: نوێژ