کاتێ لەڕکاتی سێیەم و چوارەمدا سوننەتە سورەتى تر بخوێنى لە دواى فاتیحا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاتێ لەڕکاتی سێیەم و چوارەمدا سوننەتە سورەتى تر بخوێنى لە دواى فاتیحا؟
پرسیار:

کاتێ لەڕکاتی سێیەم و چوارەمدا دەگەینە نوێژی جەماعەتدا ئایا واجبە لەکاتی هەستانەوە بۆ تەواو کردنی ئەو ڕکاتانەی لەدەسمان چووە دوای خوێندنی سوڕەتی فاتیحا سورەتێکی تر بخوێنین ؟

خوێندنی سوڕەتێک دوای سوڕەتی فاتیحا واجب نی یە نە لە نوێژی فەرز ،وە نەلە نوێژی سوننەتیشدا ، وەهەروەها نە لەکاتی کردنی ئەو نوێژانەی کەبەدەنگی بەرز دەکرێت و نە ئەو نوێژانەش کەبەدەنگی نزم دەکرێت ، وهەروەها نە بۆ ئەو کەسەش کە درەنگ دەگات بەنوێژی جەماعەتدا و چەند ڕکاتێکی لەدەس چووە ، وەجگە لەمەش .

(عطاء) دەڵێت : ئەبوهورەیرە گوتی : (في كلِّ صلاةٍ قراءةٌ، فما أَسْمَعَنَا النبيُّ أَسْمَعْناكم، وما أخفى منا أَخْفَيْناه منكم، ومَن قرَأَ بأمِّ الكتابِ فقد أَجْزَأَتْ عنه، ومَن زادَ فهو أفضلُ . ) .رواه البخاري ( 738 ) وعنده " وإن زدت فهو خير " ، ومسلم ( 396 ) .
واتە : لە هەموو نوێژێکدا قورئان خوێندن هەیە ، جا ئەو نوێژانەی کەگوێمان لەپێغەمبەر بوبێ بەدەنگی بەرز خوێندبێتی ئەوا ئێمەش بەدەنگی بەرز بۆ ئێوەمان خوێندووە ، وئەوەش پێغەمبەر بەدەنگی نزم خوێندبێتی ئێمەش بەدەنگی نزم بۆ ئێوەمان خوێندووە . جاهەر کەسێک سوڕەتی فاتیحا بخوێنێت ئەوا نوێژەکەی تەواوە ، وهەر کەسێک پاش فاتیحا سوڕەتی تر بخوێنێت ئەوا باشتره .

وە ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت :
ئەو قسەیەیی ئەبو هورەیرە ( " ومن قرأ بأم الكتاب أجزأت عنه ، ومن زاد فهو أفضل " ) : بەڵگەیە لەسەر ئەوەی : خوێندنی سوڕەتی فاتیحا واجبە و بەبێ ئەو نوێژ دروست نی یە ، وە هیچ سوڕەتێکی تر لەبری ئەو ناخوێندرێت .
وەهەروەها بەڵگەیە لەسەر ئەوەی :
سوننەتە دوای فاتیحا سوڕەتێکی تریش بخوێندرێت ، وەئەمە کۆدەنگی لەسەرە لەنوێژی بەیانی و هەینی و دوو ڕکاتی یەکەمی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب دا ، وە القاضي عياض رحمه الله تعالى لەهەندێ هاوەڵانی ئیمام مالکەوە گێڕاویەتیەوە کە واجبە دوای فاتحا سوڕەتێکی تر بخوێندرێت ، وەئەو بۆچوونە شازە و ڕەت دەکرێتەوە و وەرناگیرێت .

بەڵام بەنیسبەتی خوێندنی سوڕەتێک لەدوای فاتیحا لە دوو ڕکاتی کۆتای نیوەڕۆ و عەسەردا وەهەروەها ڕکاتی کۆتایی مەغریب ، زانایان جیاوازن لەم بابەتەدا کە ئایا سوننەتە یاخود نا ؟
ئیمامی مالیک پێی باش نەبووە ، بەڵام ئیمامی شافعی لەبۆچوونی تازەیدا پێی باش بووە ، جا لێرەدا بۆچوونە کۆنەکەی تەواو ترە .
" شرح مسلم " ( 4 / 105 ، 106 ) .

وە شێخ ابن عثيمين ـ رحمه الله ـ دەڵێت :
خوێندنی سوڕەتێک دوای (سوڕەتی فاتیحا) لەسەر بۆچوونی جمهوری زانایان سوننەتە و واجب نی یە ؛ چونکە تەنها سوڕەتی فاتیحا واجبە .
" الشرح الممتع " ( 3 / 103 ) .

جا گەر دوای سەلام دانەوەی ئیمام هەستایتەوە بۆ تەواو کردنی نوێژەکەت ، ئەوا بەنیسبەت تۆوە گەشتبێتی بەچەند ڕکاتدا لەوێوە بۆت حیسابە ، خۆ ئەگەر ڕەکاتی سێیەم یاخود چوارەمت لەسەر مابێ ئەوا تۆ تەنها سوڕەتی فاتحای تێدا دەخوێنیت ، بەڵام گەر ڕکاتی دووەمت لەسەر مابێت ئەوا سوڕەتی فاتحا و سوڕەتێکی تریش دەخوێنیت ، پاشان لەسێیەم و چوارەمدا (گەر مابوو) تەنها فاتیحا دەخوێنیت .
پێغەمبەر فەرموویەتی : (إِذَا سَمِعْتُمْ الإِقَامَةَ فَامْشُوا إِلَى الصَّلاةِ وَعَلَيْكُمْ بِالسَّكِينَةِ وَالْوَقَارِ وَلا تُسْرِعُوا فَمَا أَدْرَكْتُمْ فَصَلُّوا وَمَا فَاتَكُمْ فَأَتِمُّوا) البخاري ( 636 ) ومسلم ( 602 ) .
واتە :گەر گووێتان لەقامەت بوو لەسەر خۆتان بچن بۆ نوێژ و پەلە پەل مەکەن ، جا چەندێک پیا گەیشتن ئەوەندە بکەن و چەند ڕکاتتان لەدەس چوو بوو دواتر تەواوی بکەن .

جا مانای ( أتموا ): أكملوا . واتە : تەواوی بکەن ، هەروەک لە [(فتح الباري (2 /118)] دا ، هاتووە ، وەئەمە بەو مانایە دێت کە ئەو کەسەی درەنگ دەگات بەنوێژدا لەو جێگەیەوە بۆی حیسابە کەگەیشتووە پێیدا و ئەوە بەسەرەتای نوێژەکەی ئەژمار دەکرێت .
بۆ نموونە گەر کەسێک گەشتە ڕکاتی دوومدا لە نوێژی مەغریب دا ، ئەوا ئەو ڕکاتە بەنیسبەت ئیمامەوە ڕکاتی دوومە ، بەڵام بەنیسبەت ئەو کەسەوە ڕکاتی یەکەمە ، پاشان ڕکاتی سێیەمیش بەنیسبەت ئەو کەسەوە کە درەنگ هاتووە ڕکاتی دووەمە ، جا کاتێ ئیمام سەلامی دایەوە ، ئەوا ئەو کەسە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی نوێژەکەی تەواو بکات کە ڕکاتی سێیەمە بەنیسبەت ئەوەوە ، هەر بۆیە تەنها سوڕەتی فاتیحا بەدەنگی نزم دەخوێنێت . والله تعالى أعلم.

وە دروستە نوێژ خوێن لە ڕکاتی سێیەم و چوارەمیش دا دوای سوڕەتی فاتیحا سوڕەتێکی تریش بخوێنێت بەڵام ئەمە هەندێ جار دەکات ، چونکە لەپێغەمبەرەوە سابت بووە هەروەک ئیمامی مسلم گێڕایەتیەوە لەفەرموودەی ژمارە ( 452 )دا .
والله أعلم .

سەردان: ٥,٧٢٨ بەش: چۆنێتى نوێژ