ئافرەتێک مێردەکەی لەحاڵەتی توڕەییەکی زۆردا پێی گوتووە تەڵاقم لێت کەوتبێت،ئایا حوکمی چی یە لەکاتێکدا منداڵیان هەیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئافرەتێک مێردەکەی لەحاڵەتی توڕەییەکی زۆردا پێی گوتووە تەڵاقم لێت کەوتبێت،ئایا حوکمی چی یە لەکاتێکدا منداڵیان هەیە؟

پرسیار کراوە لە الشيخ ابن باز رحمه الله لەبارەی پیاوێکەوە کە خێزانەكەی ئەزیەتی داوە وجوێنی پێ داوە و ئەویش لەحاڵەتی توڕە بووندا تەڵاقی داوە ؟

لەوەڵامدا فەرمویەتى :
گەر تەڵاقەکە لەحاڵەتی زۆر توڕەییدا ڕووی دابێت کەپیاوەکە ئاگای لەخۆی نەبوبێت ، وئاگای لەعەسابی نەمابێت بەهۆی قسە ناشرینەکانەوە و لەو حاڵەتەدا تەڵاقی دابێ کەزۆر توڕە بووە ، یاخود کەسانێکی ڕاستگۆ هەن کەشایەتی بۆ دەدەن لەحاڵەتی توڕەییەکی زۆردا تەڵاقی داوە ، ئەوا تەڵاقی ناکەوێت ؛ چونکە بەڵگە شەرعیەکان وا دەخوازن و لەسەر ئەوەن کە توڕەیی زۆر گەر وا لەمرۆڤ بکات ئاگای لەخۆی نەمێنێت ئەوا تەڵاقی ناکەوێت لەو حاڵەتەدا .

یەکێک لەو بەڵگانە ئەوەیە کەئیمام أحمد وأبو داود وابن ماجه لە عائشة رضي الله عنها گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەرى خوا فەرموویەتی : ( لا طلاقَ ولا عِتاقَ في إغْلاقٍ ).
واتە : تەڵاق وبەندە ڕزگار کردن لەکاتی بێئاگایدا بەهۆی توڕەییەوە نایەتە جێ و حسابی بۆ ناکرێت .

کۆمەڵێک لەزانایان دەڵێن : (الإغلاق) زۆر لێکردن وتوڕە بوونە ، مەبەستیان توڕەییەکی زۆرە ، جا کەسی توڕە جاری وا هەیە وای لێ دێت ئاگای لەخۆی نامێنێت ، جالەم کاتەدا وەک : شێت وسەرخۆش حسابی لەگەڵ دەکرێت ، بۆیە تەڵاقی ناکەوێت .

جا کەسی توڕە سێ حاڵەتی هەیە :

حاڵەتی یەکەم : حاڵەتێکە کەمرۆڤ ئاگای لەخۆی نامێنێت ، ئا ئەم کەسە وەک شێت حسابی لەگەڵ دەکرێت ، وتەڵاقی ناکەوێت لەلای هەموو زانایان .

حاڵەتی دووەم : زۆر توڕە بووە بەڵام ئاگای لەخۆی ماوە ، وەهەست بەشت دەکات وعەقڵی لای خۆیەتی ، بەڵام توڕەیی زۆر وای لێ دەکات پەنا بەرێتە بەر تەڵاق ، ئائەم جۆرە کەسانەش بەهەمان شێوە تەڵاقیان ناکەوێت لەسەر بۆچوونی ڕاست و دروست و ڕاجحی زانایان .

حاڵەتی سێیەم : توڕەبونێکی ئاسایی بێت ، زۆر بەهێز نەبێت ، بەڵکو وەک هەر حاڵەتێکی ترە کەتوشی مرۆڤەکان دەبێت ، ئەم جۆرەیان تەڵاقیان دەکەوێت لەلای هەموو زانایان ، انتهى من فتاوى الطلاق ص 19- 21، جمع: د. عبد الله الطيار، ومحمد الموسى.

جا ئەوەی الشيخ رحمه الله باسی کردووە دەربارەی حاڵەتی دووەم شيخ الإسلام ابن تيمية وقوتابیەکەی کە ابن القيم رحمهما الله ئەو بۆچوونەیان هەڵبژاردووە ، ابن القيم کتێبێکى لەو بارەیەوە نوسیوە بەناونیشانی : (إغاثة اللهفان في حكم طلاق الغضبان) ،
جا یەکێک لەو شتانەی لەو کتابەدا هاتووە ئەوەیە :

توڕە بوون سێ حاڵەتی هەیە :

یەکەم : کەسێکە ئاگاداری خۆیەتی وعەقڵی لای خۆیەتی دەزانی چ دەڵێت ومەبەستێتی تەڵاقی بدات ،ئائەو جۆرە کەسە هیچ کێشەیە لەکەوتنی تەڵاقی دا نی یە وتەڵاقی دەکەوێت وهەر بەندەیەک ئازاد بکات حسابی بۆ دەکرێت ، وگەر عەقدێک ببەستێت دادەمەرزێت .

 دووەم : توڕەییەکەی بگاتە ئەو سەری بەشێوەیەک زۆر بشەڵەژێ وئاگای لەخۆی نەمێنێت نەزانێت چ دەڵێت ، وەئەوەی بەدەمی دا دێت بەمەست نایڵێت، ئائەمەیان هیچ خیلافێک هەڵناگرێت لەوەدا کەتەڵاقی ناکەوێت ، جا هەر کات زۆر توڕە بوو تا وای لێهات نەزانێت چ دەڵێت ئەوا بێگومان هیچ لەقسەکانی جێ بەجێ ناکرێت وحسابی بۆ ناکرێت ،چونکە قسەی مرۆڤ کاتێ حسابی بۆ دەکرێت کە بزانێت چ دەڵێت وبەمەستەوە شت بڵێت .

 سێیەم : کەسێک لەنێوان ئەو دوو حاڵەتەدا بێت واتە نەزۆر زۆر توڕەیە کەئاگای لەخۆی نەمێنێت وەک شێتی لێ بێت وەنە توڕەییەکەشی زۆر ئاساییە ، ئائەمەیان جێی مشت مڕی زانایانە ، بەڵام بەڵگە شەرعیەکان وا دەخوازن تەڵاقی ناکەوێت وحساب بۆ قسەکانی ناکرێت هەر لە تەڵاقەوە تا دەگاتە ڕزگار کردنی بەندە وگرێدانی عەقد کە تیایدا بەمەرج گیراوە مرۆڤ بەویستی خۆی ئەنجامی بدات وڕازی بێت پێی ، جا جۆری دووەمیش بەشێکە لە ( الإغلاق ) هەروەک پێشەوایان لێکدانەوەیان بۆ کردووە ، انتهى بتصرف يسير نقلا عن : مطالب أولي النهى 5/323 ، ونحوه في زاد المعاد مختصرا 5/215 ، وينظر: الموسوعة الفقهية الكويتية (29/ 18).

جا پێویسته لەسەر ئەو پیاوە تەقوای خودا بکات ودوور کەوێتەوە لەبەکار هێنانی کەلیمەی تەڵاق تاوەکو ئەوە نەبێتە هۆکاری ماڵ وێرانی وتێک چوونی خێزانەکەی .

هەروەک ئامۆژگاری هەریەک لەپیاو و ئافرەتەکە دەکەین کە لەخودا بترسن وسنورەکانی خودا بپارێزن ، هەر کات پیاو وشەى تەڵاق بەدەمی دا هات وەک خۆی بیگێڕنەوە بۆ ئەو کەسەی کەپرسیاری لێ دەکەن کەئایا لەحاڵەتی توڕەییەکی زۆردا بووە یاخود توڕەییەکی ئاسایی بووە کە تەڵاق تێیدا دەکەوێت بەکۆدەنگی زانایان و با ئیحتیتات بکەن لەبەر دینەکەیان ولەبەر خاتری منداڵ شتێک باس نەکەن بۆ ئەو موفتیەیی کەپرسیاری لێ دەکەن پێچەوانەی واقیع بێت .

جا پێویستە هەبوونی منداڵ لەنێوان پیاو وئافرەتدا وایان لێ بکات دوور کەونەوە لەکەلیمەی تەڵاق وئەوەش کەدەبێتە هۆکاری تەڵاق ، ونابێت هەبوونی منداڵ بکەنە پاڵ نەرێک بۆ حیلە شەرعی ودوا کەوتنی ڕوخسەتی زانایان لەم بابەتەدا .

نسأل الله أن يرزقنا جميعاً البصيرة في دينه وتعظيم شعائره وشرائعه .
والله أعلم .

 

سەردان: ٦,٠٨١ بەش: تەڵاق و جیابونەوە