ئەحکامەکانی تایبەت بە بەدەل حەج (وەڵامى 14 پرسیار سەبارەت بە حەج کردن بۆ مردوو و نەخۆش): ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەحکامەکانی تایبەت بە بەدەل حەج (وەڵامى 14 پرسیار سەبارەت بە حەج کردن بۆ مردوو و نەخۆش)
پرسیار:

سەبارەت بەو کەسانەى کە دەیانەوی حەج بۆ مردوو یان نەخۆشەکانیان بکەن ئەوا زۆر گرنگە ئاگادارى ئەم (14) خاڵە بن کە ڕوونکراوەتەوە : 
1- ئایا دروستە حەج بۆ کەسێک بکرێت کە خۆى تواناى هەبێت؟
2- بەدەل حەج بۆ چ کەسێک دروستە بکرێت؟
3- ئەگەر کەسێک فەقیر بێ بەدەل حەجی بۆ دەکرێت؟
4- ئەگەر کەسێک پێشتر بۆ خۆى حەجی نەکردبێ دەتوانێ حەج بۆ کەسی تر بکات؟
5- دروستە ئافرەت بەدەل حەج بکات بۆ پیاو یان بە پێچەوانەوە؟
6- دروستە لە یەک کاتدا حەج بۆ دوو کەس بکەى؟
7- دروستە پارە وەربگرى بۆ ئەوەى حەج بۆ کەسێکى تر بکەى؟ 
8- ئەگەر کەسێک بمرێت توانای حەجی هەبوبێت وحەجی نەکردبێت ئەوا واجبە حەجی بۆ بکرێت ئەگەر وەسێتى نەکردبێ؟
9- ئایا کاتێ کەسێک حەج بۆ کەسێک دەکات پاداشتی تەواو وەردەگرێت ولەتاوان پاک دەبێتەوە ؟
10- ئایا دەبێ بەس منداڵى خۆى حەجى بۆ بکات یان دروستە کەسی بێگانەش حەج بۆ مردووت بکات؟
11- ئایا مەرجە ئەو کەسەی حەجەکەی بۆ دەکات ناوی ئەو کەسە بزانێت کەحەجی بۆ دەکات؟
12- ئایا دروستە کاتێ کەسێک دەکرێت بەوەکیل بۆ ئەوەی حەج لەبری کەسێکی تر بکات ئەویش کەسێکی تر بکات بەوەکیل؟
13- ئایا دروستە کەسێک بنێردرێت بۆ حەج لەبری کەسێکی تر لەحەجی سوننەتدا ؟ 
14- پێویستە ئەو کەسەى حەجەکەمان بۆ دەکات چ مەرجێکى تێدابێ؟

خەڵکێکی زۆر پرسیاری بەدەل حەج دەکەن ، جا ئەوەندەی بۆمان بگونجێ دەیخەینە ڕوو ، بەڵکو سوود بەخش بێت :
یەکەم :
دروست نی یە بەدەل حەج بۆ کەسێک بکرێت کەخۆی توانای حەجی هەبێت .
ابن قدامة رحمه الله دەڵێت :
بەکۆدەنگی زانایان دروست نی یە بۆ هیچ کەسێک کە خۆی توانای هەبێت کەسێک لەجێگەی خۆی بنێرێت بۆ حەج .
وە ابن المنذر دەڵێت :
زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی دروست نی یە کەسێک کەخۆی توانای حەج کردنی هەیە کەسێکی تر لەبری خۆی بنێرێت بۆ حەج " انتهى .
" المغني " ( 3 / 185 ) .

دووەم :
بەدەل حەج بۆ کەسێکە کەنەخۆش بێت و نەخۆشیەکەی ئومێدی چاک بوونەوەی لێ نەکرێت ، یاخود کەسێک بێت توانای جەستەیی نەبێت ، یاخود کەسێک مردبێت ، نەک کەسی هەژار وئەو کەسەش کەبەهۆی زوڕفێکی سیاسی یاخود ئەمنییەوە نەتوانێت حەج بکات .
ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت :
جمهوری زانایان لەسەر ئەوەن کە بەدەل حەج دروستە بۆ کەسێک کە مردبێت یاخود توانای نەبێت وبێ ئومێد بوبێت چاک بێتەوە .

وە الحافظ ابن حجر رحمه الله دەڵێت :
"واتفق من أجاز النيابة في الحج على أنها لا تجزى في الفرض إلا عن موت أو عضَب – أي : شلل - ، فلا يدخل المريض ؛ لأنه يرجى برؤه ، ولا المجنون ؛ لأنه ترجى إفاقته ، ولا المحبوس ؛ لأنه يرجى خلاصه ، ولا الفقير ؛ لأنه يمكن استغناؤه" انتهى ." فتح الباري " ( 4 / 70 ) .
واتە : ئەوانەی کەبەدەل حەجیان پێ دروستە کۆدەنگن لەسەر ئەوەی حەجی فەرز بۆ هیچ کەسێک ناکرێت مەگەر مردبێت یاخود توشی شەلەل بوبێت وتوانای نەبێت ، ونەخۆش ناگرێتەوە ؛ چونکە ئومێدی چاک بوونەوەی لێ دەکرێت ، وەهەروەها شێتیش ناگرێتەوە ، چونکە ئومێدی چاک بوونەوەی لێ دەکرێت ، وەهەروەها کەسێکیش ناگرێتەوە کە بەند کرا بێت چونکە ئومێدی ئەوە دەکرێت ئازاد ببێت ولەسجن ڕزگاری ببێت ، وەهەروەها هەژار وفەقیریش ناگرێتەوە ؛ چونکە ئومێدی ئەوە دەکرێت دەوڵەمەند ببێت .

وەپرسیار کراوە لە ( علماء اللجنة الدائمة ) :
ئایا دروستە بۆ موسوڵمان گەر حەجی بۆ خۆی کردبێت حەج بۆ یەکێک لەخزمەکانی بکات کە لەوڵاتی سینە ، چونکە ئەو کەسە خۆی ناتوانێت بگاتە مەکە وحەج بکات ؟ .
لەوەڵامدا گوتویانە :
بەڵێ دروستە بۆ موسوڵمان گەر حەجی بۆ خۆی کردبێت حەج بۆ کەسێکی تر بکات ، بەمەرجێ ئەو کەسە نەتوانێت خۆی بۆ خۆی حەج بکات جا لەبەر پیر وتەمەن بێت یاخود توشی نەخۆشیەک بوبێت کە ئومێدی چاک بوونەوەی لێ نەکرێت ، یاخود مردبێت ؛ بەبەڵگەی ئەو فەرموودە سەحیحانەی کەلەو بارەیەوە هاتوون ، بەڵام گەر ئەو کەسە لەبەر ئەوە خۆی نەتوانێت حەج بکات وەک نەخۆشیەک کەئومێدی چاک بوونەوەی لێ بکرێت یاخود لەبەر بابەتی سیاسی ، یاخود لەبەر ترسی ڕێگا وهاوشێوەی ئەمانە ، ئەوا دروست نی یە حەجی لەبری بۆبکرێت" انتهى .
الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الرزاق عفيفي ، الشيخ عبد الله بن قعود
" فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 51 ) .

سێیەم :
بەدەل حەج بۆ کەسێک ناکرێت کە فەقیر بێت ؛ چونکە کەسی فەقیر حەجی لەسەر نی یە ، جا بەدەل حەج بۆ کەسێکە کەتوانای جەستەیی نەبێت نەک توانای ماڵی .

پرسیار کراوە لە ( علماء اللجنة الدائمة ) :
دروستە بۆ کەسێک عومرە یاخود حەج بۆ کەسێکی خزمی بکات کەئەو کەسە دوورە لەمەکەوە ، وئەوەندە پارەی نی یە بیگەیەنێتە حەج ، لەکاتێکدا ئەو توانای تەواف کردنی هەیە ؟
لەوەڵامدا گوتویانە :
ئەو خزمە نزیکەی تۆ مادام توانای مادی نی یە حەجی لەسەر فەرز نی یە ، و نابێت هیچ کەسێک لەبری ئەو حەج یاخود عومڕە بکات ؛ چونکە ئەو خۆی دەتوانێت بیانکات وکێشەی نی یە ، جا ئەوەی دروستە حەجی بۆ بکرێت ئەو کەسانەی کە مردون یاخود ناتوانن وتوانای جەستەییان نی یە " انتهى .
الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الرزاق عفيفي ، الشيخ عبد الله بن غديان
" فتاوى اللجنة الدائمة " (11/52) .

چوارەم :
دروست نی یە بۆ هیچ کەسێک حەج بۆ کەسێکی تر بکات پێش ئەوەی حەجی بۆ خۆی کردبێت لەوەوپێش ، خۆ ئەگەر حەجی کرد بۆ کەسێی تر ئەوا ئەو حەجە بۆ خۆی حساب دەکرێت نەک ئەو کەسەی کەویستویەتی حەجی بۆ بکات .

زانایانی ( اللجنة الدائمة )دەڵێن :
دروست نی یە مرۆڤ حەج بۆ کەسێکی تر بکات پێش ئەوەی حەج بۆ خۆی بکات ، بەڵگەشیان ئەو فەرموودەیەیە کە ابن عباس رضي الله عنهما گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : ( أن النبي سمع رجلاً يقول : لبيك عن شبرمة ، قال : حججت عن نفسك ؟ قال : لا ، قال : حج عن نفسك ، ثم عن شبرمة"
واتە : پێغەمبەر گوێی لەپیاوێک بوو دەیگوت : حەج لەبری شەبەرمە ، پێی فەرموو :
حەجت بۆ خۆت کردووە ؟
گوتی : نەخێر .
فەرمووی : حەج بۆخۆت بکە پاشان بۆ شەبەرمە .
الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الله بن غديان .
" فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 50 ) .

پێنجەم :
هەروەک چۆن دروستە پیاو لەبری ئافرەت حەج بکات بەهەمان شێوە دروستە ئافرەتیش حەج لەبری پیاو بکات .
زانایانی ( اللجنة الدائمة ) گوتویانە :
دروستە کەسێک لەجێگەی کەسێکی تر حەج بکات ، بەمەرجێک کەسەکە پێشتری حەجی بۆ خۆی کردبێت ، وەهەروەها دروستە بۆ ئافرەت حەج بۆ دایکی بکات ، وەدروستە ئافرەت لەجێگای ئافرەت یاخود پیاو حەج بکات ؛ لەبەر ئەو بەڵگانەی لەو بارەیەوە هاتوون لەپێغەمبەری خواوە " انتهى .
" فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 52 ) .

شەشەم :
دروست نی یە بۆ هیچ کەسێک لەیەک حاڵەتدا حەج بۆ دوو کەس بکات ، بەڵام دەتوانێت عەمرە بۆ خۆی یاخود هەرکەسێکی تر بکات ، وحەجیش بۆ کەسێکی تر بکات .
زانایانی ( اللجنة الدائمة ) گوتویانە :
"دروستە کەسێک لەجێگەی کەسێکی تر حەج بکات ، گەر توانای حەج کردنی نەبوو ، ودروست نی یە کەسێک لەیەک کاتدا حەجێک بکات ونیەتی دوو کەسی لێ بێنێت ؛ چونکە حەج تەنها بۆ یەک کەس دەکرێت ، وبەهەمان شێوە عومڕەش ، بەڵام گەر لەیەک ساڵدا حەج بۆ کەسێک بکات وعەمڕەش بۆ کەسێکی تر ئەوا دروستە بەمەرجێگ کەسەکە پێشتر حەج وعومڕەی بۆ خۆی کردبێت " انتهى .
الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الرزاق عفيفي ، الشيخ عبد الله بن غديان ، الشيخ عبد الله بن قعود .
" فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 58 ) .

حەوتەم :
دروست نی یە بۆ هیچ کەسێک کاتێ دەچێت بۆ حەج لەبری کەسێکی تر مەبەستی پارە بێت ، بەڵکو پێویستە نیەتی گەشتن بێت بەو شوێنە پیرۆزە، وچاکە کردن لەگەڵ ئەو کەسەدا کەحەجەکەی لەبری دەکات .
الشيخ محمد بن صالح العثيمين رحمه الله دەڵێت :
حەج کردن لەبری کەسانی تر لەسوننەتدا هاتووە ، ئافرەتێک پرسیاری لەپێغەمبەرى خوا کرد وگوتی : (إن فريضة الله على عباده في الحج أدركت أبي شيخاً كبيراً لا يثبت على الراحلة أفأحج عنه ؟ قال : نعم
واتە : حەج فەرز بووە لەسەر باوکم پیاوێکی پیرە و خۆی لەسەر وڵاخ بۆ ڕاگیر ناکرێت ئایا لەبری ئەو حەج بکەم ؟فەرمووی : بەڵێ .
جا حەج کردن لەبری کەسانی تر ، گەر مەبەست لێی پارە بێت :
ئەوا شيخ الإسلام رحمه الله دەڵێت :
من حج ليأكل فليس له في الآخرة من خلاق – أي : نصيبٌ - وأما من أخذ ليحج : فلا بأس به ، فينبغي لمن أخذ النيابة أن ينوي الاستعانة بهذا الذي أخذ على الحج ، وأن ينوي أيضاً قضاء حاجة صاحبه ؛ لأن الذي استنابه محتاج ، ويفرح إذا وجد أحداً يقوم مقامه ، فينوي بذلك أنه أحسن إليه في قضاء الحج ، وتكون نيته طيبة" انتهى .
واتە : هەرکەسێک لەبری کەسێکی تر حەج بکات تەنها مەبەستی پارەکە بێت ئەوا لەڕۆژی دوایدا هیچ پاداشتێکی نی یە ، بەڵام پارە وەرگرتن لەبری حەج کردن دروستە ، بەڵام پێویستە ئەو کەسەی حەج بۆکەسێکی تر دەکات مەبەستی یارمەتی دانی ئەو کەسە بێت کەحەجەکەی بۆ دەکات وجێ بەجێکردنی حەج بەو بڕە پارەیەی کەوەری گرتووە ، چونکە ئەو کەسەی ئەوی ناردووە بۆ حەج موحتاجە ، ودڵ خۆش دەبێت کاتێ دەبینێت کەسێکی لەبری ئەوحەج دەکات، هەربۆیە بانیەتی یارمەتی دانی ئەو کەسە بێت ، ئەو ننیەتەش نیەتێکی پاک وچاکە .
" لقاءات الباب المفتوح " ( 89 / السؤال 6 ) .

وەهەروەها الشيخ محمد بن صالح العثيمين رحمه الله دەڵێت :
بەداخەوە زۆربەی ئەو کەسانەی حەج بۆ کەسانی تر دەکەن تەنها مەبەستیان پارەکەیە، ئەوەش حەڕامە بۆ ئەوان ، چونکە عیبادەت نابێت مەبەست لێی دونیا بێت ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( مَنْ كَانَ يُرِيدُ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا نُوَفِّ إِلَيْهِمْ أَعْمَالَهُمْ فِيهَا وَهُمْ فِيهَا لَا يُبْخَسُونَ . أُولَئِكَ الَّذِينَ لَيْسَ لَهُمْ فِي الْآخِرَةِ إِلَّا النَّارُ وَحَبِطَ مَا صَنَعُوا فِيهَا وَبَاطِلٌ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ )
واته: هه‌ر که‌سێك ته‌نها ژیانی دنیاو ڕازاوه‌یی و (خۆشگوزه‌رانی) یه‌که‌ی بوێت ئه‌وا پاداشتی هه‌وڵ و کۆششی ئه‌و جۆره که‌سانه ده‌ده‌ینه‌وه له دونیادا، ئه‌وانیش تێیدا هیچیان لێکه‌م ناکرێته‌وه‌ ۰ ئا ئه‌وانه ئه‌وانه‌ن که له ڕۆژی دوایدا جگه له ئاگری دۆزه‌خ هیچی تریان بۆ نیه و ئه‌وه‌ی که کردیان له دنیادا پووچه‌ڵ بووه .

وەهەروەها فەرموویەتی : ( فَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَقُولُ رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا وَمَا لَهُ فِي الْآخِرَةِ مِنْ خَلَاقٍ )
واتە : خه‌ڵكی وا هه‌یه‌ ته‌نها داوای شتی دونیایی له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌كات به‌ڵام له‌ ڕۆژی دواییدا هیچ به‌ش و هیچ ئه‌جرو پاداشتێكی نیه‌ ته‌نها هه‌وڵی بۆ دونیا بووه‌.
خوای پەروەردگار هیچ عیبادەتێک وەرناگێت گەر تەنها مەبەست لێی خودا نەبێت ، وەپێغەمبەری خوا شوێنی پەرستنی لەوە پارستووە بکرێت بەجێگای کەسابەت وپارە پەیدا کردن ، هەروەک فەرموویەتی : ( إذا رأيتم من يبيع أو يبتاع في المسجد ، فقولوا : لا أربح الله تجارتك
واتە : گەر کەسێکتان بینی کڕین وفرشتن دەکات لەمزگەوتدا ، ئەوا پێیان بڵێن : خودا بەرەکەت وقازانج لەو بازرگانیەتاندا نەهێڵێت .

جا گەر کەسێک تەنها شوێنی عیبادەت بەکار بێنێت بۆ کەسابەت ئەو دوعایەیی لێ بکرێت ، ئەی چی دەڵێی دەربارەی کەسێک کەخودی عیبادەتەکە بۆ کەسابەتی دونیا بەکار بێنێت ، وەک ئەوەی حەج کاڵایەک بێت ، یاخود کرێکاری دروست کردنی خانو بێت ؟ کاتێ پارەکەی دەدەیتێ مل بادەدا ودەڵێت ئەو پارەیە کەمە وفڵانە کەس زیاتری پێداوم ، تا وای لێهاتووە حەج کردن وەک کرێکاری وحەق دەس تەماشای دەکرێت ، هەر بۆیە زانایانی حەنبەلی دەڵێن : بەکرێ گرتنی کەسێک بۆ ئەوەی حەج بۆکەسێکی تر بکات دروست نی یە ، وە شيخ الإسلام ابن تيمية دەڵێت : هەرکەسێک لەبری کەسێکی تر حەج بکات بۆ ئەوەی پارەیەکی دەس کەوێت ، ئەوا لەقیامەتدا هیچ پاداشتێک نادرێتەوە ، بەڵام گەر پارەیەک وەر بگرێت بەمەبەستی ئەوەی هاوکاری براکەی بکات یاخود عیبادەتێکی زیاتر بکات و لەشوێنە پیرۆزەکان زیکر وڕپاڕانەوە بکات ، ئەوا دروستە ، ونیەتێکی چاکە .

هەر بۆیە پێویستە لەسەر ئەو کەسانەی کەلەبری کەسانی تر حەج دەکەن نیەتیان پاک بکەنەوە، ونیەتیان عیبادەت بێت لەدەوری کەعبە بەزیکر وپاڕانەوە ، ولەگەڵ جێ بەجێ کردنی پێویستیەکی برایەکیان بەحەج کردن بۆیان، ودوور کەونەوە لەنیەتی خراپ کەتەنها مەبەستیان دەس کەوتنی ماڵ بێت ، ئەگەر ئەو نیەتەیان هەبێت ، واتە : تەنها مەبەستیان پارە بێت ئەوا دروستە نی یە ئەو پارەیە وەربگرن، جا هەرکات پارەکەی بەنیەتێکی چاک وەرگرد ئەوا هەموو پارەکە بۆ خۆی دەبێت مەگەر مەرجیان کردبێت باقی یەکەی بۆ بگێڕێتەوە .
" الضياء اللامع من الخطب الجوامع " ( 2 / 477 ، 478 ) .

هەشتەم :
گەر کەسێک بمرێت توانای حەجی هەبوبێت وحەجی نەکردبێت ئەوا واجبە حەجی بۆ بکرێت لەو ماڵەی کەبەجێ ماوە لەدوای جا وەسیەتی کردبێت یاخود نا .
زانایانی ( اللجنة الدائمة ) گوتویانە :
گەر کەسێک بمرێت توانای حەجی هەبوبێت وحەجی نەکردبێت ئەوا واجبە حەجی بۆ بکرێت لەو ماڵەی کەبەجێ ماوە لەدوای جا وەسیەتی کردبێت یاخود نا ، خۆ ئەگەر کەسێک حەجی بۆ بکات بەمەرجێک کەسەکە پێشتر حەجی بۆ خۆی کردبێت ئەوا دروستە ، وحەجەکەی لەسەر لادەچێت .
الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الرزاق عفيفي ، الشيخ عبد الله بن غديان ، الشيخ عبد الله بن منيع .
" فتاوى اللجنة الدائمة " (11/100) .

نۆیەم :
ئایا کاتێ کەسێک حەج بۆ کەسێک دەکات پاداشتی تەواو وەردەگرێت ولەتاوان پاک دەبێتەوە و وەک ئەوەی لێ دێت کە تازە لەدایک بوبێت ؟

زانایانی ( اللجنة الدائمة ) گوتویانە :
بەنیسبەت هەڵسەنگاندنی حەج کردنی مرۆڤ بۆ غەیری خۆی ئایا وەک حج کردن وایە بۆ خۆی یاخود زیاتر ویاخود کەمتر ، ئەوا لەلای خودایە وخودا خۆی دەزانێت .
الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الرزاق عفيفي ، الشيخ عبد الله بن غديان ، الشيخ عبد الله بن منيع .
" فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 100 ) .
وەهەروەها گوتویانە :
هەرکەسێک حەج یاخود عومڕە بۆ کەسێکی تر بکات جا بەپارە بێت یاخود بەخۆڕایی ئەوا پاداشتەکەی بۆ ئە کەسەیە کەحەجەکەی بۆ کردووە، وئومێد وایە ئەو کەسەش پاداشتێکی گەورەی دەس کەوێت بەگوێرەی نیەتەکەی ، حەتمەن هەرکەسێک بچێت بۆ کەعبە وسوننەت وعیبادەتێکی زۆر بکات ، ئەوا خێرێکی زۆری هەیە گەر نیەتی بۆ خودا یەکلایی کاتەوە .
" فتاوى اللجنة الدائمة " ( 11 / 77 ، 78 ) .

وە الإمام ابن حزم رحمه الله دەڵێت :
داود دەڵێت : بەسەعیدی کوڕی موسەیبم گوت : ئەی باوکی محمەد، ئایا پاداشتەکە بۆ کێیە بۆ ئەو کەسەیە کەحەجە دەکات یاخود بۆ ئەو کەسەیە کەحەجەکەی بۆ کراوە؟ گوتی : خوا پاداشتی بۆ هەموان داناوە .
ابن حزم دەڵێت : سەعید ڕاست دەکات .
" المحلى " ( 7 / 61 ) .

جا ئەو کەسە کەحەجەکە بۆ کەسێکی تردا دەکات کاتێ کە نوێژ لەکەعبەی پیرۆزدا دەکات و قورئان دەخوێنێت وجگە لەمانەش ئەوا پاداشتەکەی بۆ خۆیەتی نەک ئەو کەسەی کەحەجەکەی بۆ دەکات .

وە الشيخ محمد بن صالح العثيمين رحمه الله دەڵێت :
هەموو ئەو پاداشتانەی کەتایبەتە بەحەجەوە ئەوا بۆ ئەو کەسەیە کەحجەکەی بۆ دەکرێت ، بەڵام پاداشتەکانی تر وەک نوێژ و تەوافی سوننەت وخوێندنی قورئان ئەوا بۆ ئەو کەسەیە کەحەجەکە دەکات نەک ئەو کەسەی حەجەکەی بۆ دەکرێت .
" الضياء اللامع من الخطب الجوامع " ( 2 / 478 ) .

دەیەم :
باشتر وایە منداڵ حەج لەبری باوکی بکات وەهەروەها خزم بۆ خزمی بکات ، خۆ ئەگەر کەسێکی بێگانەش حەج لەبری کەسێکی تر بکات هەر دروستە .

پرسیار کراوە لە الشيخ عبد العزيز بن باز رحمه الله :
کاتێ دایکم وەفاتی کردوە من منداڵ بووم ، وکەسێکی ڕاسپاردووە حەجی بۆ بکات ، وباوکیشم مردووە ولەهەندێ لەخزمەکانەوە گوێم لێ بووە حەجی کردووە.
جا ئایا دروستە کەسێک بەکرێ بگرم حەج بۆ دایکم بکات یاخود پێویستە خۆم حەجی بۆ بکەم ، وەهەروەها ئایا حەج بۆ باوکم بکەم لەکاتێکدا من بیستوومە خۆی حەجی بۆ خۆی کردووە ؟
لەوڵامدا گوتویەتی :
گەر خۆت حەجیان بۆ بکەیت وهەوڵ بدەیت بەجوانترین شێوە حەجەکە جێ بەجێ بکەیت ئەوا باشترە ، خۆ ئەگەر کەسێک بگریت بە کرێ وحەجیان بۆ بکات بەمەرجێ کەسەکە دیندار و ئەمین بێت ئەوا دروستە .
" فتاوى الشيخ ابن باز " ( 16 / 408 ) .

یانزەیەم :
مەرج نی یە ئەو کەسەی حەجەکەی بۆ دەکات ناوی ئەو کەسە بزانێت کەحەجی بۆ دەکات ، تەنها ئەوەندە بەسە بزانێت کەلەبری ئەو کەسە حەج دەکات .
پرسیار کراوە لە ( علماء اللجنة الدائمة ) :
چوار کەسی نزیکم هەیە مردوون لەپیاوان ئافرەتان وەک مام وباپیر... وناوی هەندێکیان نازانم ، ودەمەوێت لەسەر حسابی خۆم بۆ هەریەکێکیان کەسێک بنێرم حەجیان بۆ بکات ؟ .
لەوڵامدا گوتویانە :
گەر بەو شێوەیەیە کەئاماژەت پێ داوە : ئەوەی ناویان دەزانی ئەوا هیچ کێشەیەکی تێ دا نی یە ، وەبەنیسبەت ئەوانەشەوە کەناویان نازانیت ئەوا ئەوەندە بەسە نیەتی حەج کردنیان بۆ بێنیت .
" فتاوى اللجنة الدائمة " (11/172) .

دوانزەیەم :
دروست نی یە کاتێ کەسێک دەکرێت بەوەکیل بۆ ئەوەی حەج لەبری کەسێکی تر بکات ئەویش کەسێکی تر بکات بەوەکیل بۆ ئەوەی حەجی بۆ بکات مەگەر ئەو کەسە ڕێگەی بدات کەحەجەکەی بۆ دەکرێت .
الشيخ محمد بن صالح العثيمين رحمه الله دەڵێت :
دروست نییە کاتێ کەسێک ڕادەسپێردرێت حەج بۆ کەسێک بکات ئەویش کەسێکی تر ڕابسپێرێت جا بەنرخێکی کەم تر بێت یاخود زیاتر تەنها بەڕەزامەندی ئەو کەسە نەبێت کە ئەمی کردووە بەوەکیل .
" الضياء اللامع من الخطب الجوامع " ( 2 / 478 ) .

سیانزەیەم :
ئایا دروستە کەسێک بنێردرێت بۆ حەج لەبری کەسێکی تر لەحەجی سوننەتدا ؟ .
زانایان جیاوازن لەم بابەتەدا و الشيخ ابن عثيمين رحمه الله ئەو بۆچوونەی لاپەسەند بووە کە تەنها لەحەجی فەرزدا دروستە کەسێک لەبری کەسێکی تر حەج بکات .
وەهەروەها الشيخ ابن عثيمين رحمه الله دەفەرموێ :
گەر کەسێک حەجی فەرزی کردبێت ، وبیەوێت کەسێک لەبری خۆی بنرێت بۆ حەج ، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایاندا لەم بارەیەوە ، هەندێکیان بەدروستی دەزانن ، وهەندێکی تریان ڕێگریان لێ کردووە ، ئەوەی پەسەندترە لەلای منەوە ئەو بۆچوونەوەیە کە ڕێگریان لێ کردووە ، ودروست نی یە بۆ هیچ کەسێک کەسێک لەجێگەی خۆی بنێرێت حەجی سوننەت یاخود عومڕەی سوننەتی بۆ بکات ؛ چونکە ئەسڵ لەعیبادەتدا ئەوەیە کەسەکە خۆی ئەنجامی بدات ، هەروەک چۆن دروست نی یە هیچ کەسێک لەبری کەسێکی تر ڕۆژو بگرێت بەهەمان شێوەش حەج دروست نی یە، حەتمەن حەجیش عیبادەتێکە کەمرۆڤ بەلاشەی خۆی ئەنجامی دەدات ، وعیبادەتێکی ماڵی نی یە تاوەکو کەسێکی تر بۆی جێ بەجێ بکات ، هەربۆیە دروست نی یە کەسێکی تر پێی هەستێت مەگەر ئەوە نەبێت کەلەسوننەتدا هاتووە ، مەعلومیشە کەلەسوننەتدا نەهاتووە کەسێک لەبری کەسێکی تر حەجی سوننەت بکات ، وەئەمەش یەکێکە لەڕیوایەتەکان لەئیمام ئەحمەدەوە: واتە : دروست نی یە لەحەج وعومڕەی سوننەتدا کەسێکی تر بنێردرێت جا ئەو کەسەی کەکەسەکە دەنێرێت خۆی توانای هەبێت یاخود نا .
جا ئێمە کاتێک ئەو بۆچوونەمان هەڵبپژارد ئەوا دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کەسانی دەوڵەمەند بۆ خۆیان حەج بکەن ؛ چونکە زۆر کەس ساڵانێکی زۆری بەسەردا تێپەڕ دەبێت وناچێت بۆ حەج وئیعتمادی خستۆتە سەر ئەو کەسانەی کەحەجی بۆ دەکەن ، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەس چونی حەج بەبیانوی ئەوەی کەسێکی تری لەبری خۆی ناردووە" .
" فتاوى إسلامية " ( 2 / 192 ، 193 ) .

چواردەیەم:
پێویستە بۆ جێبەجێ کردنی بەدەل حەج کەسانی چاک و ڕاستگۆ و ئەمین و زانا هەڵ ببژێردرێن .

زانایانى ( اللجنة الدائمة ) دەڵێن :
پێویستە کاتێ کەسێک دەیەوێ کەسێکی تر لەبری خۆی بنێرێت بۆ حەج هەوڵ بدات کەسێکی خاوەن دین وئەمین هەڵبژێرێت تاوەکو دڵنیا بێت کە ئەو کەسە وەک خۆی حەجەکەی بۆ کردووە .
" فتاوى اللجنة الدائمة " (11/53) .
والله أعلم

سەردان: ٦,٠٧٤ بەش: حوکم و ئادابەکانى بەدەل حەج