دروستەئافرەت حەب بخوات بۆ ئەوەى لە ڕەمەزان نەکەوێتە عادەوە بۆ ئەوەى ڕۆژووەکەى هەمووى بگرێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروستەئافرەت حەب بخوات بۆ ئەوەى لە ڕەمەزان نەکەوێتە عادەوە بۆ ئەوەى ڕۆژووەکەى هەمووى بگرێت؟
پرسیار:

هەندێك لە ئافرەتان جۆرە حەبێك بەكاردەهێنن لە ڕەمەزان بۆ ئەوەی سوڕی مانگانەیان دوا بخات تاوەكو بتوانن لە ڕەمەزاندا هەموو مانگەكە بەڕۆژووبن ئایە حوكمی بەكارهێنانی ئەو جۆرە حەبانە چییە؟

مەسەلەی ئافرەت شتێكە خوای گەورە لەسەری داناوە (كتب الله علی بنات آدم) خوای گەورە لەسەری داناون زۆربەی مانگەكان ئافرەتان تووشی سوڕی مانگانە دەبن، تووشی بێ‌ نوێژی دەبن وە ئەگەر لە مانگی ڕەمەزاندا تووش ببێت شەش رۆژ بێت یان زیاتر یان كەمتر لەو ڕۆژانەدا ناتوانێت تێیدا بەڕۆژوو بێت وە ناتوانێت نوێژیشی تێدا بكات، جا هەندێ لە خوشكان‌و لە دایكان دەیانەوێت ئەو خێرەیان بە تەواوی دەست كەوێت بتوانن هەموو مانگەكە بەڕۆژووبن وە هەموو شەوەكانی شەو نوێژیشی تێدا بكەن بۆیە ئەو حەبە بەكار دەهێنن بۆ ئەوەی مەنعی سوڕی مانگانە بكەن مانگەكە تێیدا بەڕۆژووبن تووشی بێ‌ نوێژی نەبن،

لە وەڵامدا دەڵێین: ئەگەر ئەو كارە نەكرێت باشترە، چونكە خوای پەروەردگار ئافرەتی وا دروست كردووە وە ئافرەتێك كە بە درێژایی مانگەكە بەڕۆژوو بوو جگە لەو ڕۆژانەی تێیدا توشی ئەوە دەبێت بێگومان ئەجری ئەوەشی بۆ دەنوسرێ نەك لەڕێ لابچێت، هەر كەسێك كە عادەتی هەبێت لەسەر خێرێك دوایی كە عوزرێكی شەرعی بۆ هات خوای پەروەردگار خێرەكەی بە تەواوی بۆ دەنوسێت، وە بارێكە خوای گەورە لەسەری داناوە وە پێویست ناكات ئەو ئەركە بخاتە سەر خۆی، بەڵام ئەگەر كردی دەڵێین بەمەرجێك زەرەری بۆ لەشی نەبێت‌و كێشەی بۆ دروست نەكات دروستە، وە پاك بۆ‌وەو سوڕی مانگانەی نەما با ڕۆژووەكەی بگرێت و دروستە وە نوێژەكانیشی دروستە.

ئەم پرسیارە لە لایەن (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٤,٠٨٣ بەش: ڕۆژوو