ئافرەتێک منداڵ لەمنداڵدانیدا خۆی ناگرێت دروستە هێلکەى ئافرەتەکە وتۆوی مێردەکەى لەڕەحمى ئافرەتێکى تردا دابنرێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئافرەتێک منداڵ لەمنداڵدانیدا خۆی ناگرێت دروستە هێلکەى ئافرەتەکە وتۆوی مێردەکەى لەڕەحمى ئافرەتێکى تردا دابنرێت؟
پرسیار:

ئافرەتێک منداڵ لەمنداڵدانیدا خۆی ناگرێت ، جا حوکمی ئەوە چی یە گەر هێلکەی ئەو ئافرەتە بهێندرێت لەگەڵ تۆوی مێردەکەی پاشان لەڕەحمی ئافرەتێکی تردا بچێندرێت جا بەکرێ بێت یاخود بەبەلاش ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

 ئەم شتە داهێنراوە وکارێکی خراپە و لەم دوایانە سەری هەڵداوە وبەشێوەیەک هەندێ پێیان وایە دەکرێ ڕەحمی ئافرەتێکی تر بەکرێ بگیردرێت و...هتد ، جا بێگومان ئەو کارە حەڕامە و هیچ یەکێک لەگواستنەوەی هێلکە وتۆو دروست نی یە ، و حەتمەن گەر ئەم دەرگایە واڵا بکرێت چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی ویاسایی ڕوو دەدەن کەئەندازەی کەچارەسەر کردنی ئەستەمە .

الشيخ عبد الله بن عبد الرحمن الجبرين لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت :
" ئەم شتە داهێنراوە وکارێکی خراپە وزانایانی پێشو قسەیان لەسەری نەکردووە ، وهیچ یەکێک لەزانایان وپێشەوایانمان بەدروستیان نەزانیوە تەنانەت شتی وا بەمێشکیاندا نەهاتووە ویاخود پرسیارێکی ئاوهایان لێ کرابێت ، بەڵکو ئەو شتە لەم دوایانە سەری هەڵداوە وبەشێوەیەک هەندێ پێیان وایە دەکرێ ڕەحمی ئافرەتێکی تر بەکرێ بگیردرێت و...هتد ، جا بێگومان ئەو کارە حەڕامە چونکە :

یەکەم : چونکە خوای گەورە فەرمانی بەپاراستنی داوێن کردووە و فەرموویەتی : ( والذين هم لفروجهم حافظون إلا على أزواجهم أو ما ملكت أيمانهم فإنهم غير ملومين ) المؤمنون/5-6 .
واتە : ئەوانەی داوێنیان دەپارێزن تەنها لەخێزانەکان وکەنیزەکانیان نەبێت لەو کارەیان هیچ لۆمەیەکیان لەسەر نی یە .
دەبینی خودا فەرمانی کردووە بەوەی داوێنی ئافرەتان وکەنیزەکەکان بپارێزرێت تەنها بۆ مێردەکانیان نەبێت .

دووەم : خوای پەروەردگار هەواڵی پێ داوین بەوەی مرۆڤ فەرمانی پێ کراوە وەچە ومنداڵەکانی بپارێزێت لەتێکەڵ بوون ، بێگومان ئەو جۆرە کارانەش (واتە : گرتنە کرێی ڕەحمی ئافرەتان) هۆکارن بۆ تێکەڵ بوونی نەسەب بەشێوەک هەریەک لەو ئافرەتەی کە هێلکەکەی لێ گریدراوە لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا کەهێلکەکە لەڕەحمیدا چێندراوە توشی کێشە دەبن ونازانن ئەو منداڵە هی کامیانە خۆ گەر بدرێ بەلایەکیان ئەوا تەنها گومانە ودڵنیا نین ، هەر بۆیە ئامۆژگاری ئەو ئافرەتە دەکەین دوور کەوێتەوە لەو جۆرە کارانە .

دواتر ئەو کارە دەبێتە هۆکاری تەماشا کردنی داوێن وعەوڕەتێک کەدروست نی یە تەماشا بکرێت ، وەهەروەها وا دەکات هێلکەی ئافرەتێک دەر بهێندرێت وبچێندرێت لەڕەحمی ئافرەتی تردا هەموو ئەمانە شەرع ڕێگای پێ نەداوە ، بەڵکو بەر ئایەتە دەکەوێت : ( قل للمؤمنين يغضوا من أبصارهم ويحفظوا فروجهم ) النور/30 ،
واتە : بەپیاوانی باوەڕدار بڵێ با چاویان بپارێزن لەحەڕام وەهەروەها داوێنیان بپارێزن .

جا لێرەدا مەبەست لێی پاراستنیەتی لەوەی تەماشای عەوڕەتی یەکتر نەکەن ، ئائەوا ئەوەیە کەئێمە باوەڕمان پێیەتی ، بۆیە هیچ حسابێک بۆ بۆچوونی ئەوانە ناکرێت کە بۆچوونی شازیان هەیە وئەو جۆرە کارە بەدروست دەزانن .

پاشان بەکرێ گرتنی ڕەحم داهێنراوێکە لەداهێنراوەکانی وڵاتی ڕۆژ ئاوا وغەڕب کەمەعلومە شاراستانیەتی ئەوان شارسانیەتیەکی سڕف مادیە وهیچ حسابێک بۆ بەها بەرز وڕەوشتە جوانەکان ناکات وتێکەڵ بوونی وەچەی بەلاوە ئاساییە ، جا لێرەدا حوکمی شەرعی لەم بارەیەوە ( گەر واش دا بنرێت کە نەسەب و وەچە تێکەڵ نابن) ئەوەیە ڕەحم تایبەتە وبەندە بە داوێنی ئافرەتەوە حەتمەن داوێنیش دروست نی یە تەنها بەعەقدێکی شەرعی نەبێت کەهەموو مەرجەکانی تێدا هاتبێتە دی ، کەواتە ڕەحمی ئافرەت وەقف کراوەتە سەر مێرد وبۆ هیچ کەسێکی تر دروست نی یە منداڵی تێدا بچێنێت .

پاشان گەر ئەو ئافرەتەی کە ڕەحمی بەکرێ گیراوە مێردی نەبێت ئەوا داوێنی خۆی بۆ پیاوێک حەڵاڵ کردووە کەدروست نی یە بۆی ، بێگومان ئەمە گەر زیناش نەبێت حەتمەن حەڕامە وناکرێ تۆوی پیاوێکی بێگانە لەڕەحمیدا بچێنێت .

پاشان منداڵ خوێن لەو ئافرەتە وەردەگرێت وکاریگەر دەبێت بەدەور وبەری ڕەحم وڕەنگە هەندێ شت لەڕەحم وتەبیعەتی ئافرەتەدا هەبن لەگەڵ ئەو هێلکەیەدا نەگونجێن وببنە هۆی ناتەواوی منداڵەکە ، پاشان گەر وا دەرکەوت ئەو منداڵە هەندێ ناتەواوی هەیە ودکتۆر بیەوێت بەنەشتەر گەری دەری بێنێت ، ئایا لەم حاڵەتەدا ئەو ئافرەتەی منداڵەکە لەڕەحمیدا چێندراوە ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە بۆ منداڵێک کەهی ئەو نی یە ولێی دەستێندرێت؟!

دواتر زۆر جار ئافرەتان بەهۆی دووگیانیەوە توشی هەندێ نەخۆشی دەبن وەک بەرز بوونەوەی شەکرە وزەخت ، ئەوکات پێویست بەدکتۆر دەکات تەداوخول دەکەن وڕەنگە بۆ پاراستنی ژیانی ئافرەتەکە بڕیار بدەن ئەو منداڵە لەنێو بەرن ، جا لەو کاتەدا چۆن ئەو دوو ئافرەتە ڕێک دەکەون ، وچۆن ئەو کێشە ئەخلاقی ودەورنی وکۆمەڵاتیانە چارە سەر دەکەن کە بەو هۆیەوە ڕوو دەدەن ؟!

هەر بۆیە دەبێت ئەو دایکە دایکی ئەسڵی منداڵ بێت کەلەڕەحمیدا هەڵی گرتووە ومنداڵ بدرێتە پاڵ ئەو مێردەی کەلەگەڵی بووە نەک پیاوانی تر ، هەر بۆیە بۆچوونی ئەوانە ئەسڵی نی یە کەپێیان وایە بەکرێ گرتنی ڕەحمی ئافرەتان وەک بەکرێ گرتنی ئافرەت وایە بۆ شیر دان ؛ چونکە ئافرەت شیر دەدات بەمنداڵێک کەمەعلومە منداڵی کێیە ودەشکرێ هەرکات هەستی بەزیانێک کرد واز لەشیردان بەو منداڵە بێنێت ، پاشان پەیوەندی مێرد بەخێزانەکەیەوە ڕێگە نادات کەسی سێیەم بێتە نێوانیانەوە ، بۆیە هیچ یەکێک لەگواستنەوەی هێلکە وتۆو دروست نی یە ، و حەتمەن گەر ئەم دەرگایە واڵا بکرێت چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی ویاسایی ڕوو دەدەن کەئەندازەی کەچارەسەر کردنی ئەستەمە .

سەردان: ٣,٧٣٩ بەش: هەمەجۆر