ئێمە دەزانین کەخودا بەزۆر کەس ناکات بەبێباوەڕ بەڵام بۆ لە قورئاندا دەفەرموێ پەردەمان داوە بەسەر دڵى بێباوەڕاندا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئێمە دەزانین کەخودا بەزۆر کەس ناکات بەبێباوەڕ بەڵام بۆ لە قورئاندا دەفەرموێ پەردەمان داوە بەسەر دڵى بێباوەڕاندا؟
پرسیار:

ئێمە زۆر جار قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە وخوای پەروەردگار هەواڵمان پێ دەدات کەپەردەی داوە بەسەردڵ وچاوی بێباوەڕاندا وخەتمی داوە لەدڵیان و وایان لێ دەکات گوێیان لەحەق نەبێت ، لەکاتێکدا ئێمە دەزانین کەخودا بەزۆر کەس ناکات بەبێباوەڕ ، لێکدانەوەی بەڕێزتان چی یە بۆ ئەم ئایەتانە ؟

الشيخ الشنقيطي رحمة الله دەڵێت :
خوای پەروەردگار کاتێ لەزۆر ئایەتی قورئانی پیرۆزدا باس لەوە دەکات خەتم وپەردە دەدات بەسەر دڵی بێباوەڕاندا ئەوا لەسزای ئەو کوفر وبەدرۆ خستنەوەیەیی پێغەمبەرانە کەبەویستی خۆیان هەڵیان بژاردووە ، بۆیە خوای پەروەردارگاریش دڵیانی وەرگێڕاوە وای لێ کردوون حەق نەبیستن ونەیبینن ، هەروەک فەرموویەتی : [بَلْ طَبَعَ اللَّهُ عَلَيْهَا بِكُفْرِهِمْ] النساء/155 ، واتە : به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ به‌هۆی كوفری خۆیانه‌وه‌ مۆری له‌سه‌ر دڵیان داوه‌ .

جا دەبینی بەنەسی قورئان ئەوە ڕوون کراوەتەوە کەپێش ئەوەی خەتم بدرێت بەسەر دڵیاندا کافر بوونە وهەر ئەو کوفرەش هۆکاری ئەو خەتمەیە .

وەهەروەها فەرموویەتی : [فَلَمَّا زَاغُوا أَزَاغَ اللَّهُ قُلُوبَهُمْ] الصف/5 .
واتە : كاتێك له‌ شوێنكه‌وتنى حه‌ق لایاندا خوای گه‌وره‌ زیاتر دڵیانی له‌سه‌ر حه‌ق و هیدایه‌ت لادا

ئائەم ئایەتە پیرۆزە ڕوونی کردۆتەوە کەهۆکاری وەرگێڕانی دڵیان لادانیانە لەڕێگای خودا .

وەهەروەها فەرموویەتی : ( ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ آمَنُوا ثُمَّ كَفَرُوا فَطُبِعَ عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ ) المنافقون/3 ،
واتە : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مان ته‌نها به‌سه‌ر زاره‌كی ئیمانیان هێنا پاشان له‌ دڵه‌وه‌ كوفریان كرد، [فَطُبِعَ عَلَى قُلُوبِهِمْ] خوای گه‌وره‌یش مۆری له‌سه‌ر دڵیان دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئیمان نه‌چێته‌ دڵیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیمان و هیدایه‌ت و رێگاى راستیان ناسی پاشان لێی پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ .

وەهەروەها فەرموویەتی : ( فِي قُلُوبِهِم مَّرَضٌ فَزَادَهُمُ اللَّهُ مَرَضًا …) البقرة/10 ،
واتە : ئه‌مانه‌ نه‌خۆشی شه‌ك و گومان و نیفاق له‌ دڵیاندایه‌ [فَزَادَهُمُ اللَّهُ مَرَضًا] خوای گه‌وره‌ش ئه‌و نه‌خۆشییه‌یانی زیاتر كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌قیان ناسی و لایاندا لێی و ئیمانیان به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا نه‌هێنا .

وەهەروەها فەرموویەتی : ( وَنُقَلِّبُ أَفْئِدَتَهُمْ وَأَبْصَارَهُمْ كَمَا لَمْ يُؤْمِنُوا بِهِ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَنَذَرُهُمْ فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ ) الأنعام/110 ،
واتە : وه‌ دڵ و چاویان وه‌رده‌گێڕین و جێگیریان ناكه‌ین له‌سه‌ر ئیمان هێنان، یان دڵ و چاویان له‌ناو گڕو بڵێسه‌ی ئاگری دۆزه‌خدا وه‌رده‌گێڕین [كَمَا لَمْ يُؤْمِنُوا بِهِ أَوَّلَ مَرَّةٍ] چۆن له‌ دونیادا یه‌كه‌مجار ئیمانیان پێ نه‌هێنا [وَنَذَرُهُمْ فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ (110)] وه‌ له‌ دونیادا وازیان لێ دێنین با له‌ناو كوفرو توغیان و سه‌ركه‌شی و له‌ڕێ ده‌رچوونی خۆیاندا بگه‌وزێن و یارى بكه‌ن و به‌رده‌وام بن.

وەهەروەها فەرموویەتی : ( كَلَّا ۖ بَلْ ۜ رَانَ عَلَىٰ قُلُوبِهِم مَّا كَانُوا يَكْسِبُونَ ) المطففين/14 ،
واتە : نەخێر خودا پەردەی داوە بەسەر دڵەکانیاندا وەک سزایەک لەبەرانبەر ئەو کارە خراپانەی ئەنجامیان دەدا .

وجگە لەم ئایەتانەش کەبەڵگەن لەسەر ئەوەی کەخەتمی خودا بۆ سەر دڵی ئەو بێباوەڕانە وڕێگری کردن لەوەی گوێ بیستی حەق ببن لەسزای ئەو کوفر وبێباوڕیانەیە کەپێشتر لەسەری بوون .

سەردان: ٣,٠٣٤ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان