چەند پرسیارێک سەبارەت بە کەسی مورتەد و هەڵگەڕاوە لە ئیسلام: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند پرسیارێک سەبارەت بە کەسی مورتەد و هەڵگەڕاوە لە ئیسلام
پرسیار:

ئەگەر کەسێک لە ئیسلام هەڵبگەڕێتەوە و دژایەتى ئیسلام نەکات حوکمى چیە؟
چونکە لە چەند شوێنێک خوێندومەتەوە و بۆچونێک هەیە کە دەڵێت کاتێک دەکوژرێ کە دژایەتى ئیسلام بکات وە من ئەم بۆچونەم بەلاوە پەسەندە .
ئايا (مرتد) ببون و هەڵگەڕانەوە لە دین هەر بە دڵ دەبێ یان بەزمان وکردەوەش؟
ئایا هەر موسڵمانێ کەوتە کوفرەوە یەکسەر کافر دەبێت؟
ئایا ئەگەر کەسێک مرتد بویەوە و لە دین هەڵگەڕایەوە یەکسەر دەکوژرێت؟
کەسێک بە هیچ شێوەیەک نوێژ نەکات حسابی هەڵگەرانەوەى بۆ دەکرێت؟

یەکەم :
پێویستە موسوڵمان بەلای هیچ بۆچوونێکدا نەڕوات وپێی باش نەبێت تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ عەقڵ وحەزی ئەودا گونجاوە ، بەڵکو پێویستە حوکم بەبەڵگەی قورئان وسوننەت هەڵبژێرێت ، ونەسە شەرعیەکان وئەحکامەکانی پێش هەموو شتێکی تر بخات .

دووەم :
هەڵگەڕانەوە لەئیسلام وکافر بوون هەندێ جار بەدڵ دەبێت وهەندێ جار بەزمان وهەندێ جار بەکردار .
نموونەی هەڵگەڕانەوە بەدڵ وەک بەدرۆ خستنەوەی خودا ، یاخود باوەڕی وابێت دروست کارێکی تر هەیە جگە لەخودا ،یاخود ڕقی لەخودا ویاخود پێغەمبەرەکەی صلى الله عليه وسلم بێت .
وەهەروەها نموونەی هەڵگەڕانەوە بەزمان وەک جوێن دان بەخودا وپێغەمبەرەکەی صلى الله عليه وسلم .

وەهەروەها نموونەی هەڵگەڕانەوە بەکردار وەک سەژدە بردن بۆ بت ، یاخود بێڕێزی کردن بەقورئان ، یاخود واز هێنان لەنوێژ بەیەکجارى و بڕوا نەبوون پێى .

وە کەسی هەڵگەڕاوە (مرتد) لەکافری ئەسڵی خراپترە .

شيخ الإسلام ابن تيمية – لە وڵامی( الاتحادية الباطنية )دا ، دەڵێت - :
"ومعلوم أن التتار الكفار خير من هؤلاء فإن هؤلاء مرتدون عن الإسلام من أقبح أهل الردة ، والمرتد شرٌّ من الكافر الأصلي من وجوه كثيرة" اهـ .
مجموع الفتاوى " ( 2 / 193 ) .
واتە : مەعلومە کەتەتارە کافرەکان باشترن لەو هەڵگەڕاوانە لەئیسلام بەڕاستی ئەو کەسانە بەناشرین ترین شێوە هەڵگەڕاونەتەوە ، جا لەچەندین ڕووەوە کەسی هەڵگەڕاوە لەئیسلام خراپترە لەکافری ئەسڵی .

سێیەم :
مەرج نی یە هەر موسوڵمانێک کەوتە کوفرەوە یەکسەر کافر ببێت ، چەندین عوزر هەن کەدەبنە ڕێگر لەبەرانبەر کافر بوونی موسوڵماندا ، لەوانە :
1- نەزانین .
2-تەئویل ولێکدانەوەی هەڵە .
3- زۆر لێکردن .
4- بەهەڵە کەوتنە کوفرەوە .

بەنیسبەت یەکەمەوە :
بەوە دەبێت گەر کەسەکە نەزان بێت بەحوکمی خودا ، بەهۆی دووری لەوڵاتی موسوڵمانان وەک ئەو کەسەی کە لەدەشت گەورە بووە ویاخود لەوڵاتی بێباوەڕان ژیاوە ، ویاخود تازە موسوڵمان بووە ، وەڕەنگە زۆر لەموسوڵمانانیش هەمان حوکمی ئەمانەیان هەبێت ئەوانەی کە لەوڵاتێکدا دەژین کەنەزانین بەر بڵاوە ، وزانست وزانیاری کەمە تیایدا ، ئائەمەشە کەسی پرسیار کار کێشەی بۆ درووست بووە لەبارەی کافر کردنیان وکوشتیان بەهەڵەدا چووە .

وەبەنیسبەت دووەمیانەوە :
کەسێک حوکمێکی خودا بەشێوەیەک تەفسر ولێکدانەوەی بۆ بکات کەشەرع مەبەستی نەبێت ، وەک ئەوەی کەسێک تەقلیدی بیدعە چی یەکان بکاتەوە لەوەی کەتەئویلیان کردووە ولێک دانەوەی هەڵەیان بۆ دەقە شەرعیەکان کردووە وەک موعتەزیلە وموڕجیئە وخەوارج وهاوشێوەکانیان .

وەبەنیسبەت سێیەمیانەوە :
وەک ئەوەی کەسێکی ستەم کار زاڵ ببێت بەسەر موسوڵماناندا وبەزۆر کوفریان پێ بکات ئەوانیش بۆ ڕزگار بوون کوفر بکەن لەکاتێکدا دڵیان پڕ بێت لەباوەڕ و ئیمان وتەنها بەزمان ئەو شتە بڵێین .

وەبەنیسبەت چوارەمەوە :
بەهەڵە کوفر هاتنە دەمدا بێ ئەوەی مەبەستی لێی بێت .

بەڵام دەبێ ئەوەش بزانرێت هەموو کەسێک کاتێ نەزانە بەدەس نوێژ وڕۆژو عوزرەکەی قەبوڵ کراو نی یە لەکاتێدا ئەو موسوڵمانان دەبینێت نوێژ دەکەن ، وە ئایا چ شتێک بۆتە ڕێگر لێی لەوەی نوێژ بکات وپرسیار لەبارەی چۆنیەتی نوێژ کردن وشەڕت مەرجەکانیەوە بکات ؟ .

چوارەم :
کەسی هەڵگەڕاوە لەئیسلام کەدەکەوێتە کوفرەوە وهەڵدەگەڕێتەوە یەکسەر ناکوژرێت ، بەتایبەت گەر هەڵگەڕانەوەکەی بەهۆی گومانێکەوە بێت کەبۆی دروست بووە ، بەڵکو گومانەکانی دەڕەوێندرێتەوە وداوای تەوبە کردن وگەڕانەوەی بۆ ئیسلام لێ دەکرێت خۆ ئەگەر هەر سوور بوو لەسەر هەڵگەڕانەوەکەی ئەوکات لە لایەن پێشەواى موسڵمانانەوە دەکوژرێت نەک تاک تاکى موسڵمان هەستن بە کوشتنى .

ابن قدامة رحمه الله لە "المغني" (9/18)دا ، دەڵێت :
کەسی هەڵگەڕاوە ناکوژرێت تاوەکو سێ جار داوای تەوبە کردنی لێ نەکرێت ، ئائەمە بۆچوونی زۆربەی زانایانە ،لەوانە ( عُمَرُ , وَعَلِيٌّ , وَعَطَاءٌ , وَالنَّخَعِيُّ , وَمَالِكٌ , وَالثَّوْرِيُّ , وَالأَوْزَاعِيُّ , وَإِسْحَاقُ , وَأَصْحَابُ الرَّأْيِ) ؛ چونکە هەڵگەڕانەوە بەهۆی گومانەوە ڕوو دەدات ، ویەکسەریش ئەو گوومانە ناڕەوێتەوە ، بۆیە پێویستە ماوەیەک چاوەڕێ بکرێت ، وباشتر وایە سێ ڕۆژ موڵەتی بدرێت .

بێگومان لەفەرموودەی سەحیح دا کوشتی کەسی موڕتەد وهەڵگەڕەوە هاتووە .

هەروەک ئیمامی بوخاری (6922)لەعەبدوڵڵای کوڕی عەباسەوە گێڕاویەتەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی : (مَنْ بَدَّلَ دِينَهُ فَاقْتُلُوهُ) .
واتە : هەرکەسێک لەئیسلام هەڵگەڕایەوە ئەوا بیکوژن .

وەهەروەها ئیمامی بوخاری ( 6484 ) ومسلم ( 1676 ) لەعەبدوڵڵای کوڕی مەسعودەوە گێڕاویانەتەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی : ( لا يحل دم امرئ مسلم يشهد أن لا إله إلا الله ، وأني رسول الله إلا بإحدى ثلاث : النفس بالنفس ، والثيب الزاني ، والتارك لدينه المفارق للجماعة ) .
واتە : خوێنی هیچ موسوڵمان حەڵاڵ نی یە کەشایەتی بدات هیچ پەرستراوێک بەحەق نی یە جگە لەخودا ومن نێردراوی خودام تەنها بەیەکێک لەم سێ شتە نەبێت :
کەسێک کەسێکی کوشتبێت ، وپیاو ژنی هێنابێت و یاخود ئافرەتێک شوی کردبێت وزینا بکات ، وەکەسێک لەدینەکەی هەڵگەڕێتەوە ووازی لێ بێنێت ولەکۆمەڵی موسوڵمانان جودا ببێتەوە .
جا ئەم فەرموودانە گشتگیرن وهەموو هەڵگەڕاوەکەیەک دەگرێتەوە جا کەسانێک بن کەلەدوای هەڵگەڕانەوەیان دژایەتی ئیسلام بکەن ویاخود نا .

بۆیە ئەو بۆچوونەی کەپێی وایە ئەو هەڵگەڕاوانە دەکوژرێن کەدژایەتی ئیسلام دەکەن پێچەوانەی ئەم فەرموودانەیە ، ئەمە لەکاتێکیشدایە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم هۆکاری کوشتنی هەڵگەڕاوەی گرێ داوە بە هەڵگەڕانەوەوە نەک دژایەتی کردنی ئیسلام .

دواتر مەعلومە کەهەندێ هەڵگەڕانەوە لەهەندێکی تر خراپترن ، بۆیە هەندێ لە زانایان جیاوازیان لەنێوانیاندا کردووە ، وبەپێویستیان نەزانیوە داوای تەوبە لەهەڵگەڕاوەیەک بکرێت کەدژی ئیسلام دەجەنگێت ، بەڵکو تەوبەشی لێ قەبوڵ ناکرێت ودەکوژرێت ، بەڵام گەر کەسێک هەڵگەڕێتەوە ودژی موسوڵمانان نەجەنگێت ئەوا تەوبەی لێ قەبوڵ دەکرێت وناکوژرێت .
ئائەمەی ئاماژەمان پێ دا هەڵبژاردەی شيخ الإسلام ابن تيميةیە رحمه الله .

وە یەکێک لەو کەسە مەشهورانەی کوژران بەبێ ئەوەی داوای تەوبە کردنی لێ بکرێت حەلاجە.
القاضي عياض دەڵێت :
وأجمع فقهاء بغداد أيام المقتدر من المالكية على قتل الحلاج وصلبه لدعواه الإلهيــة والقول بالحلول ، وقوله : " أنا الحق " مع تمسكه في الظاهر بالشريعة ، ولم يقبلوا توبته .
" الشفا بتعريف حقوق المصطفى " ( 2 / 1091 ) .
واتە : زانایانی بەغدا لەسەردەمی موقتەدیری مالیکیەکان یەک دەنگ بوون لەسەر کوشەنی حەلاج وتەوبەیان لێ قەبوڵ نەکرد لەبەر ئەوەی بانگەشەی خودایی وتێکەڵ بوونی خودای بەمادە دەکرد ، ولەبەر ئەو قسەیەیی کەدەیگوت : من حەقم ، واتە : من خودام ، لەکاتێکدا لەڕواڵەتدا دەسگرتوو بوو بەشەریعەتەوە .

جا لێرەوە ناتەواوی وهەڵەی بۆچوونی ئەو برایەمان بۆدەر دەکەوێت کەپرسیاری کردووە وپێی وایە کاتێ هەڵگەڕاوە دەکوژرێت کەدژایەتی ئیسلام بکات ، ئەو جیاکاریەیی کە شيخ الإسلام ابن تيمية کردبووی وئاماژەمان پێ دا ڕەنگە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات ومەبەستەکە ڕوون بکاتەوە .

پاشان دژایەتی کردنی ئیسلام تەنها بەچەک ناکرێت بەڵکو بەزمانیش دەکرێت وەک جوێن دان بەئیسلام یاخود پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ یاخود تەعن دان لەقورئان وهاوشێوەکانی .
بەڵکو هەندێ جار دژایەتی کرد بەزمان خراپترە لەدژایەتی کردن بەچەک ودەست .

شيخ الإسلام ابن تيمية دەڵێت :
المحاربة نوعان : محاربة باليد ، ومحاربة باللسان ، والمحاربة باللسان في باب الدين قد تكون أنكى من المحاربة باليد - كما تقدم تقريره في المسألة الاولى - ، ولذلك كان النبي صلى الله عليه وسلم يَقتل من كان يحاربه باللسان مع استبقائه بعض من حاربه باليد ، خصوصاً محاربة الرسول صلى الله عليه وسلم بعد موته؛ فإنها إنما تمكن باللسان ، وكذلك الإفساد قد يكون باليد ، وقد يكون باللسان ، وما يفسده اللسان من الأديان أضعاف ما تفسده اليد ، كما أن ما يصلحه اللسان من الأديان أضعاف ما تصلحه اليد ، فثبت أن محاربة الله ورسوله صلى الله عليه وسلم باللسان أشد ، والسعي في الأرض لفساد الدين باللسان أوكد .
" الصارم المسلول " ( 3 / 735 ) .
واتە : موحاڕەبە ودژایەتی کردن دوو جۆرە :
دژایەتی کردن بەدەست ، ودژایەتی کرد بەزمان لەبواری دیندا ڕەنگە خراپتر بێت لەدژایەتی کردن بەدەست ، هەر بۆیە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەوکەسانەی دەکوشت کە دژایەتی ئیسلامیان دەکرد بەزمان وهەندێ کەسی نەدەکوشت کەبەدەست دژایەتی ئیسلامی دەکرد ، بەتایبەت دژایەتیکردنی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەدوای مردنی کەئەوەش بەزمان دەبێت ، وەهەروەها تێکدان وفەسادیش هەندێ جار بەدەست دەبێت وەهەندێ جاریش بەزمان دەبێت ، وئەوەی کەزمان تێکی دەدات لەبواری دیندا چەند بەرانبەری ئەوەیە کەبەدەست تێک دەدرێت ، هەربۆیە ڕوون بۆتەوە کەدژایەتی کردنی خودا وپێغەمبەرەکەی صلى الله عليه وسلم بەزمان خراپتره لەدەست ، وەهەوڵدانی بۆ بڵاو کردنەوەی فەساد بەزمان خراپترە .

پێنجەم :
وەبەنیسبەت واز هێنان لە نوێژ بەیەکجارى وە هەروەها بڕوا نەبوون پێى :
بۆچوونی ڕاست ئەوەیە کافرەو موڕتەدە .

والله أعلم .