25 خاڵی گرنگ سەبارەت بە ڕۆژووی شەشەڵان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
25 خاڵی گرنگ سەبارەت بە ڕۆژووی شەشەڵان
پرسیار:

وەک دەزانن لە دواى مانگی ڕەمەزان سوننەتە شەش ڕۆژ لە مانگی (شەووال) بەڕۆژوو بین کە پێی دەوترێ (شەشەڵان) جا دەمەوێ زۆرترین زانیاریم دەست بکەوێ سەبارەت بەم ڕۆژوو گرتنى ئەم شەشەڵانە ، هیوادارم هاوکاریم بکەن.

بسم الله، والحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن اهتدى بهداه ، أما بعد: 
ئەمەى خوارەوە بریتی یە لە (25) خاڵ سەبارەت بە ئاداب و ئەحکام و پلە و سوودى ڕۆژووی شەش ڕۆژی مانگی شەوال کەناسراوە بە (شەشەڵان) ، کە زۆرترین زانیارى تێدا باس کراوە بە کورتى و پوختى داواکارین لەخوای پەروەردگار سوود بەخش بێت بۆ هەموو موسڵمانان و وەڵامی تەواو وەربگری .

1- مانگی شەوال مانگێکی پیرۆزە ، و مانگی خوا پەرستی و عیبادەتە ؛ و سەرەتای مانگی حەججە ، و شەش ڕۆژ ڕۆژووی تێدایە  .

2- دروستە لەم مانگەدا موسوڵمان شەش ڕۆژ بەڕۆژوو بێت ،و ئەمە سوننەتێکی گەورەیە و واجب نی یە ، وپاداشتێکی گەورەی هەیە .

3- هەرکەسێک دوای گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان شەش ڕۆژ لەم مانگە بەڕۆژوو بێت ، ئەوا پاداشتی ڕۆژووی یەک ساڵی تەواوی هەیە ، هەروەک لەفەرموودەی سەحیح دا هاتووە ، و پێغەمبەر فەرموویەتی: ( مَنْ صَامَ رَمَضَانَ ثُمَّ أَتْبَعَهُ سِتًّا مِنْ شَوَّالٍ كَانَ كَصِيَامِ الدَّهْرِ) رواه مسلم (1984).
واتە : هەرکەسێک ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت وپاشان شەش ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت ئەوا وەک ئەوە وایە هەموو ساڵەکە بەڕۆژوو بوبێت . 

4- پێغەمبەرى خوا لەفەرموودەیەکی تردا ئەمەی ڕوون کردووەتەووە وفەرموویەتی: ( مَن صام رمضانَ فشهرُ بعشرةِ أشهرٍ، وصيامُ ستةِ أيامٍ بعدَ الفطر بشهرينِ، فذلكَ تمامُ صيامِ السنةِ : ﴿مَن جَاءَ بِالْحَسَنَةِ فَلَهُ عَشْرُ أَمْثَالِهَا ﴾) رواه ٲحمد (۲۲٤۱۲) ، وابن ماجە ( ۱۷۱٥ ) ، وابن خزیمة (۲۱۱٥) وصححه الٲلباني .
واتە: هەرکەسێک ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت ئەوا هەرمانگێک خێری دە مانگی هەیە ، وشەش ڕۆژی دوای جەژنیش خێری دوو مانگی هەیە ، ئائەوەش دەکاتە ڕۆژووی ساڵەکە بەتەواوی : هه‌ر كه‌سێك چاكه‌یه‌ك بكات خوای گه‌وره‌یه‌ك به‌ده‌تا یه‌ك به‌حه‌وت سه‌د تا زیاتر ئه‌جرو پاداشتی ئه‌داته‌وه‌5- جا ئەگەر کەسێک بڵێت : ڕۆژووی شەشەڵان خێری یەک بەدە دەنوسرێت هەر وەک باقی کارە خێرەکانی تر ، دەی کەواتە تایبەت مەندی ڕۆژووی ئەم مانگە لە چیدایە ؟
وەڵام : زانایانی هەریەک لەمەزهەبی شافعی وحەنبەلی تەئکیدیان لەوە کردووەتەوە کەڕۆژووی شەشەڵان لەدوای مانگی ڕەمەزان خێری ڕۆژووی فەرزی یەک ساڵی هەیە .

6- یەکێک لەسوودەکانی ڕۆژووی شەشەڵان : پڕکردنەوەی ئەو کەم وکورتیانەیە کەلەڕۆژووی مانگی ڕەمەزاندا دروست بووە ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە : ( إنَّ أول ما يُحاسب به العبد يوم القيامة من عمله صلاته، فإنْ صلحت فقد أفلح وأنجح، وإنْ فسدت فقد خاب وخسر، فإنْ إنتقص من فرضته شيء، قال الرب عزّوجل: أنظروا هل لعبدي من تطوع ؟ فيكمل بها ما انتقص من الفريضة، ثم يكون سائر عمله على ذلك) رواه ٲبو داود ( ۸٦٤) ، والترمذي  (٤۱۳)وصححه الٲلباني .
واتە: یەكەم شت كەوا لێپرسینەوەی عەبدی لە سەر بكرێت لە قیامەتدا لە كردەوەكانیدا بریتى یە لە نوێژەكانی، جا ئەگەر بەچاكی و ڕێكی ئەنجامیانی دابێت ئەوا سەرفراز و سەركەتوو دەبێت، وە ئەگەر خراپ بێت و كەموكوڕی تێدا بێت ئەوا بێ ئومێد و خەسارەومەند دەبێت، وە ئەگەر هەندێك کەم وکورتی لە فەرزەكانیدا هەبێت (واتە: بە كامڵی هەمووی ئەنجام نەدابێت) ئەوا خوای گەورە دەفەرمێت: بڕوانن بزانن ئایا عەبدەكەم نوێژی سوننەتی هەیە؟       
بەو سوننەتانە کەم وکورتیەکانی نوێژە فەرزەكانی بۆ تەواو و كامڵ دەكرێت ، پاشان باقی کردەوەکانی تر بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ، (واتە : گەر کەم وکورتی لەفەرزەکاندا هەبێت بەسوننەت بۆی پڕ دەکرێتەوە گەر هەبێت) .

7- لەهەندێ لەزانایانەوە گێڕدراوەتەوە بەڕۆژوو بوونی شەشەڵایان پێ باش نەبووە ، ئەوەش لەترسی ئەوەی نەک وا گومان ببرێت واجبە ، بەڵام شوێن کەوتنی فەرموودە سەحیحەکان لەپێشترە لەو بۆ چوونانە ، و نابێ موسوڵمان واز لەکار کردن بەفەرموودەی سەحیح بێنێت بۆ قسەی هیچ کەسێک جا هەرکەسێک بێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بیانوانەی کەئەوان هێناویانەتەوە نابنە بەڵگە وبەهێز نین ، ومەعلومە ئەو کەسەی کەبەڵگەی  پێ بێت قسەی وەردەگیردرێت وکار بەو بەڵگەیە دەکرێت . اللجنة الدائمة (۱۰ٖ / ۳۹۰) .

8- سەرەتا گێڕانەوەی ڕۆژووی فەرز لەپێشترە لەگرتنی ڕۆژووی سوننەت ، بۆیە هەرکەس ڕۆژووی فەرزی نەگرتووە با پەلە بکات لەگرتنەوەی وپێش شەشەڵان بیگرێت ؛ چونکە بەشێوەیەکی گشتی فەرز لەپێشترە لەسوننەت .

9- هەرکەس دەیەوێت ئەو پاداشتەی دەستکەوێت کەلەفەرموودەکەدا هاتووە با ئەو ڕۆژانە بگرێتەوە کەلەڕەمەزاندا نەیگرتوون وپاشان شەشەڵان بگرێت ، چونکە زاهیری فەرموودەکە وا دەخوازێت هەروەک هاتووە: ( ثم ٲتبعه ستا من شوال) وحەتمەن کەسێک ڕۆژووی فەرزی ڕەمەزان قەرزدار بێت پێی ناگوترێت هەموو ڕەمەزانی گرتووە. اللجنة الدائمة (۱۰ٖ / ۳۹۰) .

10- نابێ نیەتی قەرزی ڕەمەزان وشەشەڵان پێکەوە بهێندرێت ، بۆیە گەر کەسێک قەرزی ڕەمەزانی لەسەر بێت نابێت کاتێ قەرزەکە دەگرێتەوە نیەتی شەشەڵانیشی لێ بێنێت ، بەڵکو دەبێت تەنها نیەتی فەرزی لێ بێنێت ودواتر گەر ویستی شەشەڵان بگرێت .

11- دروستە گرتنی ڕۆژووی شەشەڵان بەسەر یەکەوە وهەروەک دروستە بەتاک تاک جوت وجوت وبەو شێوەیەی کەسەکە بۆی دەگونجێت بیگرێت ، وگەر دوای خات بۆی دوای چەند ڕۆژێکی جەژن لەبەر میوان وسەردانی دروستە وهیچ گرفتێکی نی یە .

12- دروستە نیەتی شەشەڵان وسێ ڕۆژە سپیەکە (۱۳ ، و۱٤ ٫ و۱٥) مانگ پێکەوە بهێندرێت ، وئومێد وایە هەردوو پاداشتەکەی بۆ بنوسرێت .
ئەمەش بۆچوون وهەڵبژاردەی شێخ عبدالعزیز بن بازە ، هەروەک گوتوویەتی:
ئومێد وایە ئەو پاداشتەی دەست کەوێت ، چونکە ئەو کەسە ڕۆژووی شەشەڵانی گرتووە ، هەروەک ڕۆژووی سێ ڕۆژە سپیەکەی گرتووە ، وفەزڵ وڕەحمی خودا بەرفراوانە .

13- وە ئەگەر وا ڕێک کەوت ڕۆژووی شەشەڵان لەشەمەدا بگرێت ، ئەوا دروستە؛ چونکە لەبەر ئەوە بەڕۆژوو نەبووە کەشەممەیە بەڵکو لەبەر ئەوە بەڕۆژوو دەبێت شەشەڵانە .

14- گرتنی ڕوۆژووی سوننەت لەمانگی شەعبان و مانگی شەوال وەکو نوێژی سوننەت وایە لەپێش وپاش نوێژە فەرزەکان ، بەوپێیە کەم وکوڕی و ناتەواوی لەڕۆژووی فەرز تەواوو کامل دەکات ، چونکە لەڕۆژی قیامەتدا کەموکورتى فەرزەکان بەسوننەت تەواو و کامل دەکرێن .

15- هەرکەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر بوو ، وگرتنەوەی هەموو مانگەکەی پێ چوو وەک ئافرەتێک کەمنداڵی بووە ولەزەیستانیدا بووە لەڕەمەزاندا ، ئەوا لەمانگی (ذي القعدة) شەشەڵان دەگرێت ، وهەمان پاداشتی کەسێکی دەکەوێت کەلەمانگی شەوالدا گردوویەتی ، چونکە دواخستنەکەی لەبەر عوزر بووە ، ئەمەش بۆچوونی (شێخ ابن عثيمين ، و شێخ السعدي ) یە  ڕەحمەتى خوایان لێ بێ.  الفتاوی السعدیة ( ۲۳۰ ) ومجموع فتاوی ابن عثيمين( ۲۰ / ۱۹) .

16- وە هەرکەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر بوو ، ولەمانگی شەوالدا نەیگرتەوە وهیچ عوزرێکیشی نەبوو ، ئەوا دروست نی یە بۆی لەمانگی (ذي القعدة) شەشەڵان بگرێت ، وئەو پاداشتەی دەست ناکەوێت ، چونکە ئەوە سوننەتێکە وکاتەی تێپەڕ بووە بەبێ بوونی عوزر .

17- ابن عثيمين ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت: گەر وا ڕێک کەوت ڕۆژووی شەشەڵان کەوتە دوو شەمە یاخود پێنج شەممەوە ئەوا پاداشتی ڕۆژووی شەشەڵان و دوو شەمە یاخود پێنج شەممە بەدەست دێت گەر هەردوو نیەتەکەی لێ بهێندرێت . (فتاوى نور على الدرب).

18- گەر کەسێک سێ ڕۆژ یاخود پێنج ڕۆژ لە ڕۆژووی شەشەڵان بەڕۆژوو بووبێت ئایا پاداشتى دەست دەکەوێ؟
 ابن عثيمين ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت: بەڵێ بێگومان بەڵام ئەو پاداشتەی دەست ناکەوێت کەپێغەمبەر عليه الصلاة والسلام ئاماژەی پێداوه (من صام رمضان ثم أتبعه ستّاً من شوال فكأنما صام الدهر).واتە : هەرکەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت پاشان بەدوایدا شەش ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت ئەوا وەک ئەوە وایە هەموو ساڵەکە ڕۆژووی گرتبێت . (فتاوى نور على الدرب)

19- ئایا پێویسته بۆ  ڕۆژووی شەشەڵان نیەتت هەبێت  ؟
 ابن عثيمين ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت :  ڕۆژووی شەشەڵان بەستراوەتەوە بەڕۆژووی ڕەمەزانەوە ، بۆیە گەر کەسێک نیەت نەهێنت تەنها لەکاتی نیوەڕۆدا نەبێت ئەوا پاداشتی تەواوی بۆ نانوسرێت ، بۆ نموونە گەر کەسێک لەیەکەم  ڕۆژی گرتنی ڕۆژووی شەشەڵاندا لەکاتی نیوەڕۆدا نیەتی ڕۆژووی شەشەڵانی هێنا پاشان پێنج ڕۆژەکەی تری گرت ئەوا بەتەواوی  ڕۆژووی شەشەڵانی نەگرتووە ؛ چونکە پێنج ڕۆژوو نیوی گرتووە ؛ چونکە پاداشت نانوسرێت گەر نیەتی لەگەڵ نەبێت ، هەروەک پێغەمبەر صلى الله عليه وعلى آله وسلم فەرموویەتی : (إنما الأعمال بالنيات وإنما لكل امرئ ما نوى) 
واتە : بەتەئکید هەموو کردەوەیەک بەستراوەتەوە بەنیەتەوە .
جا ئەم کەسە سەرەتای ڕۆژ نیەتی نەهێناوە بۆیە پاداشتی کامڵی بۆ نانوسرێت.  (فتاوى نور على الدرب).

20- یەکێک لەو بیر وبۆچوونە هەڵانەی کە لەلای هەندێ کەسی عەوام دروست بووە گوایە هەرکەسێک ساڵێک شەشەڵانی گرت ئیتر دەبێت بەردەوام هەموو ساڵێک بیگرێت ، بێگومان ئەمەش بۆچوونێکی هەڵەیە وهیچ بنەمایەکی نی یە ، بەڵکو موسوڵمان دەتوانێت ئەمساڵ شەشەڵان بگرێت وساڵانی تر نەیگرێت وئەو ڕۆژووە تەنها سوننەتە وهیچ کات واجب نابێت .

21- بۆچونێکی تر هەیە لەلای هەندێ کەس گوایە هەرکەس دەستی کرد بەگرتنی ڕۆژووی شەشەڵان ئەوا پێویستە هەر شەش ڕۆژەکە بەسەر یەکەوە بگرێت ومەجالی تێدا نی یە بەجودا وشێوازی موتەفەریقە بیگرێت  ، ئەمەشیان هیچ ئەسڵ وبنەمایەکی نی یە ، ولەفەرموودەیەکدا پێچەوانەی ئەم بۆ چوونە هەیە هەروەک هاتووە : " الصائم المتطوع أمير نفسه إن شاء صام وإن شاء أفطر " رواە الترمذي ( ۷۳۲ )وصححه الألباني.
واتە: ئەو کەسەی ڕۆژووی سوننەتی گرتووە بەدەستی خۆیەتی گەر ویستی بەڕۆژوو دەبێت وبەردەوام دەبێت لەسەری وگەر حەزی لێ بوو دەیشکێنێت ونایگرێت .
جا ئەو کەسەی ڕۆژووی سوننەتی گرتووە دەتوانێت بەعوزر وبەبێ عوزریش ڕۆژووەکەی بشکێنێت ولەسەر بۆچوونی دروست قەزاکردنەوەی لەسەر نی یە ، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کەپاداشتی ڕۆژووی ساڵ بەدەست نایەت تەنها بەتەواوکردنی شەشەڵان نەبێت .

22- یەکێکی تر لەبیدعە وداهێنراوەکان ئاهەنگێڕانە لەڕۆژی هەشتەمی شەوالدا بەبۆنەی تەواو کردنی شەشەڵانەوە ، وناوی لێ دەنێن (عید الٲبرار) ! ، حەتمەن ئەمەش هیچ ئەسڵ وبنەمایەکی شەرعی نی یە .
شيخ الإسلام ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت : ( وأما ثامن شوال : فليس عيداً لا للأبرار ولا للفجار , ولا يجوز لأحد أن يعتقده عيداً, ولا يحدث فيه شيئاً من شعائر الأعياد ) الاختيارات الفقهية (۱۹۹) .
واتە: بەنیسبەت هەشتی شەوالەوە : نەجەژنی کەسانی چاکە ونەجەژنی خراپەکارانە ، ودروست نی یە بۆ هیچ کەسێک پێی وابێت جەژنە ، وناشبێت هیچ جۆرە بۆنەیەکی تێدا دابهێندرێت وئەنجام بدرێت .

23- یەکێکی تر لەبیدعە وشتە داهێنراوەکان: 
بەشوم زانینی مانگی شەوالە وزەواج نەکردنه تیایدا ، عەرەبەکان لەپێش ئیسلام پێیان وابوو گەر ئافرەت لەو مانەگەدا شوو بکات ناهێڵێت مێردەکەی بچێتەلای ، بۆیە پێغەمبەر ئەم بۆ چوونەی بەکردار پوچەڵ کردەوە ولەمانگی شەوالدا مارەی عائیشەی بڕی وهەر لەمانگی شەوالدا گواستیەوە . رواه مسلم ( ۱٤۲۳) .
24- سوننەتە ژن مارە بڕین وگواستنەوەی لەمانگی شەوالدا ئەمەش وەک چاو کردن لە پێغەمبەری خوا  و بەر پەرچ دانەوەی کەسانی نەزان وجاهیل بەتایبەت گەر ئەو بۆچوونە بڵاو بوو گوایە زەواج کردن لەمانگی شەوالدا باش نی یە ، وعائیشە خوای لێ ڕازی بێت پێی خۆش بوو لەمانگی شەوالدا ژن بگوێزرێتەوە .

25- یەکێکی تر لەبیر وبۆچوونە بەتاڵەکان ئەوەیه :
هەندێ پێیان وایە گەر لەنێوان دوو جەژندا زەواج بکرێت ئەوا ژنەکە یاخود مێردەکەی یەکێکیان دەمرن ویاخود لێک جودا دەبنەوە !
ئەمەشیان هیچ بنەمایەکی نی یه وجۆرێکە لەو بەشوم دانانەی کە پێغەمبەر ڕێگری لێ کردووە ، وقسە کردنە لەشتێکی نادیار وغەیبی کە کەس نایزانێت وپێچەوانەی باوەڕ بوونە بەقەزاو وقەدەر وئیمانی باوەڕدار ، و گواستنەوەی عائیشە لەلایەن پێغەمبەرەوە لەم مانگەدا خۆی لەخۆیدا ڕەتدانەوەی ئەم بۆ چوونەیه وبەتاڵ کردنەوەیەتی .
وصلَّى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم .

سەردان: ٢,٠٧٤ بەش: ڕۆژووى سوننەت