فەزڵ و گەورەیی مانگى موحەڕەم و ڕۆژووى عاشورا و حوکم و ئادابەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و گەورەیی مانگى موحەڕەم و ڕۆژووى عاشورا و حوکم و ئادابەکانى
پرسیار:

یەکەم : فەزڵی مانگى موحەڕەم
دووەم : فەزڵی ڕۆژووى ڕۆژى عاشورا
سێیەم : حیکمەت لە بە ڕۆژوو بونى ڕۆژى عاشورا
چوارەم : چۆنیەتى بەڕۆژووبوون لەم ڕۆژەدا:
پێنجەم : پیاو چاکان و گرنگى دان بە ڕۆژووى عاشورا
شەشەم :لەو بیدعانەش كە لەم مانگەدا داهێنراوون
حەوتەم : حوکمی گرتنی ڕۆژووی ڕۆژی عاشوڕا بەتەنها چی یە ؟
هەشتەم : حوکمی بەڕۆژووبوون لە ڕۆژی جومعە و شەممەدا بەمەبەستی تاسوعا و عاشورا

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم : فەزڵی مانگى موحەڕەم
لەو فەرموودانەى كە سەبارەت بە فەزڵ و چاكەى مانگى موحەڕەم هاتوون :
1 ـ لە (أبو هريرة) (رضي الله عنه) دەگێڕنەوە كە فەرموویەتى: پێغەمبەرى خوا () فەرموویەتى: " أفضل الصيام بعد رمضان، شهر الله المحرم... "
واتە: باشترینى ڕۆژووەكان دواى ڕۆژووى ڕەمەزان ڕۆژووى مانگى موحەڕەمە.
2- هەروەها لە (ابن عباس) (رضي الله عنه) دەگێڕنەوە كە فەرموویەتى : " مَا رَأَيْتُ النَّبِىَّ () يَتَحَرَّى صِيَامَ يَوْمٍ فَضَّلَهُ عَلَى غَيْڕهِ، إِلاَّ هَذَا الْيَوْمَ يَوْمَ عَاشُورَاءَ وَهَذَا الشَّهْرَ. يَعْنِى شَهْرَ رَمَضَانَ "  .
واتە: نەمبینیوە پێغەمبەرى خوا () بەدواى ڕۆژێكدا گەڕابێت بۆ ڕۆژوو گرتنى ـ كە بە پێشترى دانابێت لە ڕۆژەكانى تر ـ ئەم ڕۆژە نەبێت ـ كە ڕۆژى عاشورایە ـ و ئەم مانگە، كە مانگى ڕەمەزانە.

دووەم : فەزڵی ڕۆژووى ڕۆژى عاشورا
دەربارەى گەورەیى ڕۆژووى ئەم ڕۆژە لە (أبو قتادە)ەوە، (ڕەزاى خواى لێبێت) پرسیار كرا لە پێغەمبەر () دەربارەى پاداشتى ڕۆژوو لەم ڕۆژەدا (عاشورا) ئەویش فەرمووى: دەبێتە هۆى لێخۆشبوونى یەك ساڵى پێشوو لەتاوان)
لەریوایەتێكى تردا هاتووه (داوام وایە ڕۆژووى ڕۆژى عاشورا ببێتە هۆكارى سڕینەوەى یەك ساڵى تاوانى ڕابردوو) 
ئیمامى بەیهەقیش فەرموویەتى: (ئەگەر هەركەسێك لەساڵى ڕابردوودا تاوانى هەبێت ئەوا ڕۆژووى ئەم ڕۆژە دەبێتە مایەى لێخۆشبوونى وەئەگەر تاوانیشى كەم بوو ئەوا پلەى بەرز دەبێتەوە لاى پەروەردگار) 

سێیەم : حیکمەت لە بە ڕۆژوو بونى ڕۆژى عاشورا
لەم ڕۆژەدابوو ڕەمزى ستەم(فیرعەون) ڕووخاوو رەمزى دادپەروەرى (موسى) سەركەوت وەكو ابن عباس (ڕەزاى خواى لى بێت) فەرموویەتى:كاتێك پێغەمبەرى خوا () كۆچى كرد بۆمەدینە بینى جوولەكەكان بەڕۆژوون لەڕۆژى (عاشورا) دا، پێغەمبەریش () پرسیارى كرد هۆى چیە ئەمانە بەڕۆژوون لەم ڕۆژەدا ئەوانیش ووتیان ئەم ڕۆژە ڕۆژێكى مەزنە چونكە پەروەردگار پێغەمبەر (موساى) تێدا ڕزگار كرد لەچنگى فیرعەون،بۆیە موساش بڕیارى دا كەلەم ڕۆژەدا بەڕۆژووبێت وەكو سوپاسێك بەرامبەر بەپەروەردگار،پێغەمبەریش () فەرمووى: (ئێمە نزیكترین لە موسى تاوەكو ئێوە)بۆیە بەرۆژووبوو وەفەرمانى كرد كە خەڵكیش بەڕۆژووبن . 

چوارەم : چۆنیەتى بەڕۆژووبوون لەم ڕۆژەدا:
پێغەمبەرى خوا () فەرموویەتى: (ئەگەر ساڵى داهاتوو هاتەوە -إن شاء اللە - ڕۆژى نۆیەمیش بەڕۆژوودەبین) ئەوە بوو ساڵى داهاتوو پێغەمبەر () كۆچى دوایى كرد
كەواتە پێغەمبەر (صلى اللە عليە وسلم) جەختى كردۆتەوە لەسەر ئەوەى ڕۆژى نۆیەمیش بەڕۆژووبین،وەكو (ابن عباس) (ڕەزاى خواى لێ بێت) بۆمان دەگێڕێتەوەوفەرموویەتى: (پێغەمبەر () فەرمانى كردووە بەڕۆژووبوون لەڕۆژى عاشورادا) 
وەفەرموویەتى: (خۆتان مەچوێنن (مەشوبهێنن) بەجوولەكە ڕۆژى نۆیەم ودەیەمیش بەڕۆژووبن) 

پێنجەم : پیاو چاکان و گرنگى دان بە ڕۆژووى عاشورا
پیاو چاكانی پێشین (السلف الصالح) زۆر بایەخیان بەڕۆژووى ئەم ڕۆژە داوە تەنانەت هەندێكیان لەكاتى سەفەردا بەڕۆژووبوون بۆئەوەى ئەو پاداشتەیان لە دەست نەڕوات،وەكو(ابن رجب) بۆمان دەگێڕێتەوە لە (ابن عباس وابواسحاق السبیعى والزهرى) فەرموویەتى: (لە حاڵەتى سەفەردا لەمانگى ڕەمەزان دا دەتوانیت بەڕۆژوونەبیت چونكە ڕۆژەكانى تر كات بەدەستەوەیە بۆ ڕۆژوو بەڵام لەڕۆژى عاشورادا ڕۆژ نیە جێگەى بگرێتەوە بۆیە باشتر وایە لەسەفەریشدا بووى بەڕۆژووبیت لەم ڕۆژەدا) وەئیمامى ئەحمەدیش بەهەمان شێوە ئاماژەى پێداوە كەدەتوانى لەسەفەردا بەڕۆژووبیت لەم ڕۆژەدا.

شەشەم :لەو بیدعانەش كە لەم مانگەدا داهێنراوون
كردنى ئەم مانگە ـ بە تایبەت ڕۆژى عاشورا ـ بە مانگ و ڕۆژى خەمبارى لە لایەن شیعەكانەوە :
* لەو بیدعە و تازەگەریانەى كە داهێنراون لەم مانگەدا: ڕێگرتن لە خۆ ڕازاندنەوە شەرعیەكان لەم مانگەدا، بۆیە دەبینین ئافرەتان واز لە خۆڕازاندنەوەكانیان دێنن وەكو چاو ڕەشتن، و خەنەدان، و جل و پۆشاكى جوان... هتد، و ئافرەتان بگرە پیاوانیش جلى ڕەش لە بەر دەكەن !!!
* هەندێك لە خەڵك واز لە خواردنى گۆشت ئەهێنن لەم مانگەدا !!!!
* گرێبەندى ژنخوازى (عقد الزواج) و نان دانى شایش (الوليمة‌) لەم مانگەدا بەحەرام دا دەنرێت !!! و تازە بووكیش لە مێردەكەى قەدەغە دەكرێت با كاتێكى كەمیش بە سەر گواستنەوەكەیدا ڕۆشتبێت !!!
* كۆڕى ماتەمینى و تەعزیە و لە ڕوومەت دان، و لە سینە دان، و یەخە دادڕین شیوەن كردن زۆر زۆر دەبێت !!!
* بەیداخ و پەرچەمى ڕەنگاو نووسراوى شركى تێیدا زۆر دەبێت.
* ئەو منداڵەش كە لەم مانگەدا لە دایك ببێت بە شووم و نەنگ بەخت خراپ دادەنرێت !!

حەوتەم : حوکمی گرتنی ڕۆژووی ڕۆژی عاشوڕا بەتەنها چی یە ؟ واتە تەنها ڕۆژی (10) ى موحەڕەم بگرین و نۆیەمى لەگەڵ نەگرین؟
زانایانى (اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء ) دەفەرموون :
دروستە گرتنی ڕۆژووی ڕۆژی عاشوڕا بەتەنها ، بەڵام باشتر وایە ڕۆژێک پێشی یاخود دوای بگیردرێت ، کەئەمەش سوننەتێکە ولەپێغەمبەرەوە  هاتووە ، هەروەک فەرموویەتی : ( "لئن بقيت إلى قابل لأصومن التاسع" ، قال ابن عباس رضي الله عنهما: (يعني مع العاشر) .
واتە : گەر ساڵی دابێ مامەوە ئەوا ڕۆژی نۆیەمی عاشوڕاش دەگرم .
جا عبداللەی کوڕی عەباس دەڵێت : مەبەستی ئەوەیە لەگەڵ دەی مانگدا دەیگرێت .

هەشتەم : حوکمی بەڕۆژووبوون لە ڕۆژی جومعە و شەممەدا بەمەبەستی تاسوعا و عاشورا
سەبارەت بە حوکمی بەرۆژووبوون لە ڕۆژی جومعە و شەممەدا بەمەبەستی تاسوعا و عاشورا ..
لەلای زۆرێک لەزانایان دروستە چونکە تۆ بەمەبەستی جومعە یان شەممە بەڕۆژوو نابی بەڵکو لەبەر فەزڵی تاسوعا و عاشورا بەڕۆژوو دەبیت ؛ والله أعلم .
وە سەبارە بەتەنها بەرۆژوو بوون لە رۆژی عاشورادا شێخ ابن عوسەیمین فەرمویەتی دروستە بەڵام باشترە رۆژێک لەپێشی یان لەدوای لەگەڵدا بەڕۆژووو ببیت .

لە كۆتاییدا ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە:
1- گرتنى ڕۆژوو لەم مانگەدا بە گشتى سوننەتە .
2- و بە باشترین ڕۆژووش دادەنرێت لە نێو مانگەكانى ترى ساڵ جگە لە مانگى ڕەمەزان نەبێت.
3- بە تایبەت ڕۆژى دەیەمى كە پێی دەووترێت عاشورا .
4- پێغەمبەرى خواش لە ڕۆژانى تر زیاتر بەدوایدا گەڕاوە.
5- و خێرەكەشى سڕینەوەى تاوانى ساڵێكى پێش خۆیەتى .
6- نۆیەمیشى لە گەڵدا دەگیرێت بۆ پێچەوانە بوونەوەى گاور و خاچ پەرستان .
7- حیكمەت و بۆنەى بە ڕۆژوو بوون تێدا بریتیە لە ڕزگار كردنى خواى پەروەردگار بۆ بەنى ئیسرائیل لە دەستى دووژمنەكەیان كە فیرعەونى سەكەش و دارو دەستەكەی بوون.
8- گەر تاسوعا و عاشورا کەوتە جمعە و شەممەوە دروستە بەڕۆژوو بیت .

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٧,٨٤٤ بەش: ڕۆژووى سوننەت