ئایا لە دیندا بیدعەى حەسەنە هەیە؟ چونکە کەسانێک بیدعەیان كردووە بە دوو بەشەوە بیدعەی باش (حسنة) و بیدعەی خراپ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا لە دیندا بیدعەى حەسەنە هەیە؟ چونکە کەسانێک بیدعەیان كردووە بە دوو بەشەوە بیدعەی باش (حسنة) و بیدعەی خراپ

هەر كەسێك بیدعەی كرد بە دوو بەشەوە بیدعەی باش (حسنة) و بیدعەی خراپ ! ئەوا بە هەڵەدا چووە و پێچەوانەی فەرموودەكەی پێغەمبەری كردووە كە فەرمویەتی: ((فَإِنَّ كُلَّ بِدْعَةٍ ضَلالَةٌ)) چونكە پێغەمبەر بە گشتی بڕیاریداوە بەسەر هەموو بیدعەیەكدا كەوا گومڕاییە بە بێ جیاوازی، كەچی ئەو كەسە دەڵێت نەخێر هەموو بیدعەیەك خراپ نییە بەڵكو هەندێك بیدعە هەن باشن !
زانای پایەبەرز ئیبن ڕەجەبی حەنبەلی بەغدادی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) لە شەرحی (چل فەرمودەكەی نەوەوی)دا دەربارەی ئەم فەرموودەیە دەڵێت: (ئەم فەرموودەیە ((فَإِنَّ كُلَّ بِدْعَةٍ ضَلالَةٌ)) لە فەرمایشتە گشتیەكانە كە هیچ شتێكی لێ بەدەر نەكردووە، ئەمەش بنەمایەكی گەورەیە لە بنەماكانی ئایین ، ئەم فەرموودەیە هاوشێوەی فەرموودەكەی تری پێغەمبەرە كە فەرمویەتی: ((مَنْ أَحدَثَ في أَمرِنا هذا ما لَيسَ مِنهُ فَهوَ رَدٌ))، كەواتە هەر كەسێك شتێكی نوێ دابهێنێت و بیداتە پاڵ دین كە خۆی لە بنەڕەتدا لە دیندا نەبێت و بگەڕێتەوە بۆی ئەوا گومڕاییە، وە دین لێی بێ بەرییە ، ئیتر ئەگەر ئەو داهێنراوە لە بابەتی بیروباوەڕ یان كردار و گوفتاریشدا بێت، ئاشكرا و لە بەرچاودا بێت یان شاراوە و نادیار بێت)(جامع العلوم والـحكم ص : (223)).
ئەو كەسانەش كە دەڵێن بیدعەی باش و خراپیش هەیە هیچ بەڵگەیەكیان پێ نییە جگە لە فەرمایشتەكەی عومەری كوڕی خەتتاب (خوا لێی ڕازیبێت)، كە كاتێك صەحابەكان نوێژی تەراویحیان دەكرد بە جەماعەت لە پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر ، كە ئەمەی بینی فەرموی: (نِعْمَتِ البَدْعَةُ هذِهِ) واتە: ئەمە باشترین بیدعەیە.
وە یان دەڵێن لە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەرەوە چەند بیدعەیەك داهێنراوە بەڵام پێشینەكان هیچ ناڕەزاییان دەرنەبڕیوە، وەكو كۆكردنەوەی قورئانی پیرۆز لە دوتوێی كتێبێكدا، وە یان نوسینەوەی فەرمودەكانی پێغەمبەر .
وەڵامیش بۆ ئەم وتانە ئەوەیە كە: ئەم شتانە لە شەرعدا بنەمایەكیان هەبووە و بە داهێنراو ناژمێردرێن, وە دەربارەی فەرمایشتەكەی (عومەری كوڕی خەتتاب)یش لە بارەی نوێژی تەراویحەوە كە فەرموویەتی: (نِعْمَتِ البَدْعَةُ هذِهِ)، مەبەستی لە بیدعە بووە لە زمانەوانیدا نەك لە ڕوانگەی شەرعەوە، چونكە هەر كارێك لە شەرعدا هەبێت ئەگەر گوترا ئەوە بیدعەیە، مەبەست پێی بیدعەی زمانەوانیە نەك بیدعەی شەرعی، چونكە بیدعە لە شەرعدا بە كارێك دەگوترێت كە لە بنەڕەتدا لە شەرعدا هەرنەبێت.
بۆ نموونە: كۆكردنەوەی قورئان لە دوتوێی كتێبێكدا ئەمە لە شەرعدا بنەمایەكی هەبووە، چونكە پێغەمبەر فەرمانی كردووە بە نوسینەوەی قورئانی پیرۆز، بەڵام لە سەرەتاوە بەش بەش بووە، پاشان صەحابەكان لە كتێبێكدا كۆیان كردۆتەوە تا پارێزراوبێ، وە دەربارەی نوێژی تەراویح كردن بە جەماعەت، لە سەرەتادا پێغەمبەر بە جەماعەت بۆیانی دەكرد، پاشان لە ترسی ئەوەی كە لە سەر ئۆمەتەكەی فەرز نەكرێت پێغەمبەر بڕیاریدا كە بە جودا جودا لە ماڵەوە تەراویحەكەیان بكەن، وە صەحابەكان تاوەكو پێغەمبەر لە ژیاندا مابوو هەر لە ماڵەكانی خۆیاندا نوێژی تەراویحیان دەكرد، پاشان لە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر ، (عومەری كوڕی خەتتاب ڕەزاى خواى لێ بێ) هەمویانی كۆكردەوە بۆ ئەوەی نوێژی تەراویح لە دوای یەك ئیمامەوە بكەن هەر وەكو چۆن لە سەرەتادا هەمویان لە دوای پێغەمبەرەوە نوێژی تەراویحەكەیان دەكرد، كەواتە ئەم كارە داهێنانی شتێكی تازە نییە بۆ دین.
هەروەها نوسینەوەی فەرموودەكانی پێغەمبەر لە پاش كۆچی دوایی خۆی، بە یەكێك لە داهێنراوەكان دانانرێت چونكە لە شەرعدا بنەڕەتێكیان هەیە، بۆ نمونە پێغەمبەرمان جاری وا هەبووە فەرمانی كردووە بە نوسینەوەی هەندێك لە فەرمودەكانی، هەركاتێك كە صەحابەكان داوایان كردبێت، بەڵام بۆیە سەرجەم فەرموودەكانی لە سەردەمی خۆیدا نە نوسراونەتەوە تەنها بۆ ئەوە بووە كە لەگەڵا قورئانی پیرۆزدا تێكەڵ نەبن.
بەڵام لە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر كە زانرا سەرجەم قورئانی پیرۆز نوسراوەتەوە، پاشان دەست كرا بە نوسینەوەی فەرمودەكانی پێغەمبەر تاكو پارێزراوبن لە فەوتان و تیاچون و لەناوچون.
خوای گەورە پاداشتی خێری ئەسحابەكان و تابیعیەكان بداتەوە لەسەر ئەوچاكە مەزنەی كە بۆ ئیسلام و موسوڵمانانیان ئەنحام داوە، كە بەڕاستی ئەوان بون بە مایەی پاراستنی كتێبـی خوا و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان لە فەوتان و تیاچوون و لەناوچون.

* سەرچاوە : کتێبی : بیدعە : پێناسەكەی و جۆرەكانی و ئەحكامەكانی
* نووسینی : زانای پایەبەرز شێخ (صالـح بن فوزان بن عبدالله الفوزان) ئەندامی دەستەی گەورە زانایان
* وەرگێڕانی : زریان عزیز حەمە
* پێداچوونەوەی : مامۆستا محمد عبدالرحمن لطیف

 

 

سەردان: ٣,٦١٩ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان