ڕۆڵى تاکى موسڵمان چیە لە پاراستنى ژینگە؟ وە چۆن ژینگە بپارێزین لە پیس بوون؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕۆڵى تاکى موسڵمان چیە لە پاراستنى ژینگە؟ وە چۆن ژینگە بپارێزین لە پیس بوون؟

ژینگە بەوە دەوترێت كە لەدەوروبەری مرۆڤدایە و چواردەوری گرتووە، لەو شتانەی كەهەن، لە هەواو ئاوو بوونەوەرە زیندووەكان و نازیندە بێگیانەكانیش، یان ئەو بوارەیە كە مرۆڤ ژیانی تێیدا بەسەردەبات ، چالاكیە جۆربەجۆرەكانی پێڕەو دەكات.
ژینگەش سیستەمێكی ووردكارو پتەو و هاوسەنگی هەیە كە دروستكارێكی گەورەو كاردروست وكاربەجێ‌ خولقاندوویەتی, وە دەفەرموێت [ صُنْعَ اللهِ الَّذِيْ أتْـقَنَ كُلَّ شَيءٍ ] {النمل: 88} واتە: ئەوەش كاری ئەو خوایەیە كە هەموو شتێكی زۆر بە ڕێكوپێكی دروستكردووە. بەڵام دواتر بەهۆی دەستێوەردانی مرۆڤەوە پاكی وبێخەوشی خۆی تاڕادەیەك لەدەسداوە, كە مەترسی وهەڕەشەیە بۆسەر تەڕو ووشك, و بووە بەدیاردەیەكی ترسێنەر بۆ سەر ژینگە و بووە بە خێوێكی وێرانكەر كەئەویش بریتیە لە ( پیسبوون) كە تووشی زۆربەی ڕەگەزەكانی ژینگە بووە.
ڕۆڵی موسڵمان 
ڕۆڵی تاكی موسڵمان لەم دۆزەدا بریتیە لە :
یەکەم : سووربوون لەسەر پاكڕاگرتنی ئەو شوێنەی كە تێیدا دەژی یان كاری تێدادەكات, جا ئەگەر ماڵ بوو یان قوتابخانەبوو یان فەرمانگە بوو وەیاخود شارەكەبوو بەگشتی, چونكە پاكوخاوێنی بنچینەی هەموو پێشكەوتن وسەلامەتیەكە و ناونیشانی شارستانیەتە و ڕووكارودیمەنێكیشە لە دیمەنەكانی ئیمان.
دووەم : دووركەوتنەوە لەنانەوەی ژاوەژاوەو هات وهاوار, وە سووربێت لە پێگەیاندنی نەوەكانی لەسەر ئارامی ولەسەرخۆیی, چونكە لە ڕاستیدا ئەوە دەستكەوتێكی گرانبەهایەو دیمەن وڕووكەشی شارستانیەتی ئیسلامیە, وە ئاكارێكی بەرزو بەپێزی ئایینی ئیسلامە كە بانگەشەی بۆ دەكات و شوێنكەوتووانی لەسەری ڕادەهێنێت, وەكو خوای لێزان وكاردوست دەفەرموێت [وَاقْصِدْ فِى مَشِيكَ وَاغْضُضْ مِنْ صَوتِكَ إِنَّ أَنْكَرَ الأَصْوَاتِ لَصَوْتُ الْحَمِيرِ] {لقمان: 19} واتە: لە ڕۆیشتندا، نە شێنەیی و نە توند بڕۆ، بەڵكو بارێكی مامناوەند بگرەبەر وە دەنگیشت نزم بكەرەوە لەكاتی قسەو گفتوگۆدا، چونكە دەنگی هەرە ناخۆش, ئەوەیە زیادلەپێویست بەرزبكرێتەوە، سەڕەودەنگی كەرانە.
سێیەم : سووربوون لەچاندنی دەورووبەر بە گوڵ وگیاوسەوزایی, و ڕازاندنەوەوجوانكردنەوەی ماڵ ودەوروپشتە بە دارودرەخت و ڕووەك چاندن, و فێركردنی منداڵ و نەوەكان لەسەر پارێزگاریكردن لە دارودرەخت وگوڵ و ڕووەك وسەوزایی لەشوێنە گشتی وتایبەتیەكاندا, لەگەڵ فێركردنیان و ئامۆژگاریكردنیان لەسەر گرنگی و بەسوودی چاندن و دارودرەخت وسەوزایی لە باخچەی ماڵەوە, بۆئەوەی جوانخوازبن و ئەم كەلتورو فەرهەنگە لە مێشكیاندا بڕوێت.
چوارەم : فڕێدان وخۆڕزگاركردن لە زبڵ وپاشەڕۆ بەشێوەیەكی سەلامەت وبێ‌ زیان، بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ونەگوێزانەوەی دەردو پەتا, بۆیە پێویستە زبڵ وپاشەڕۆ لەبەردەم یان پشتەوەی ماڵاندا فڕێ‌ نەدرێت, بۆئەوەی نەبێتە هۆكارو دروست بوونی نەخۆشی و كۆبوونەوەی مارومێرو لەسەری بەشێوەیەكی زیانبەخش، و ناشرین كردنی دیمەنی ماڵان و زیان گەیاندن بە خەڵكی كۆڵان وگەڕەك, وە هەرروەها فڕێ‌ نەدانی لە بەلەكۆن وپەنجەرەكانەوە.
پێنجەم : خۆڕزگاركردن لەپاشەڕۆ بەكارنەهاتووەكانی وەك: كاغەزو سندوق وپارچەپەڕۆی كۆن و شووشەی بەتاڵ و قوتووی بێ كەڵك وپاشەڕۆی خۆراك كەسەرەكیترین هۆكاروسەرچاوەی پیسبوونە, چونكە كەڵەكە بوونی وزۆربوونی لەشوێنێكداو كۆبوونەوەی ئاو لەدەوری دەبێتە لەوەڕگەیەك بۆ مێروو میكرۆبی زیانبەخش وسەرچاوەیەكی بەهێزی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش. بۆیە پێویستە لەسەر موسڵمان لەحاڵەتی هەبوونی وەها شوێنێكدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بكات بە بنكەی تەندروستیەوە بەمەبەستی لابردن ونەهێشتنی.
شەشەم : سووربون وبەپەرۆشی لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاودا و بەفیڕۆنەدانی و زیادەڕۆیی نەكردن لەبەكارهێنانیدا، و هەروەها پیس نەكردنی بەهۆی فڕێدانی پاشەڕۆی پیس وزیانبەخش تێیدا.
حەوتەم : سووربوون وهەوڵدان بۆ ئەوەی تیشكی خۆر بڕواتە هەموو ژوورەكانی ماڵ, بۆ ئەوەی میكرۆب ومێروی زیان گەیەنەر لەناوبدات, وڕێگری بكات لە كەڵەكەبوونی وزۆربوونی و ڕێگەگرتن لە دروست بوونی پەتاونەخۆشی.
هەشتەم : بەئاگایی وهۆشیاری لەكاتی بەكارهێنانی مادەی كیمیایی پاككەرەوە, ومادەی ژەهراوی, و كەم بەكارهێنانی هەتا ئەتوانرێت، چونكە كاریگەری دەكاتە سەر چینی ئۆزۆن كە گۆی زەوی دەپارێزێت لە تیشكی سووتێنەری خۆر و تیشكی تری زیانبەخش.
نۆیەم : بەكارهێنانی پاڵاوتەو هەواكێش(ساحبە) كە دەبێتە هۆی پاكژكردنەوەی هەوا و باری تەندروستی ژوورو ئەوشوێنەی كە تێیدا بەكاردەهێنرێت، كە ڕێگەدەگرێت لە كەڵەكە بوونی دووكەڵ وچەوری لە چێشتگەو چێشتخانەكاندا.
دەیەم : بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و ڕۆشنبیری ژینگەیی لەنێوان ڕۆڵەو نەوەكانماندا, بۆئەوەی ئاسۆی بیرو فكریان فراوان بێتەوە سەبارەت بە سروشت و ژینگەی دەوروبەرو خۆشەویستی جیهان و ئەم گەردوونەی تێدا دەژین , وە هەروەها بڵاوكردنەوەی ئەم هۆشیارییە لە نێوان دراوسێ‌ و خزمانداو پێدانی ئامۆژگاری و ئاڕاستەكردنی رێنمایی بۆیان , و هاوكاری كردنیان بۆ چۆنێتی ڕووبەروبونەوەی ئەم مەترسییە, كە بەرژەوەندی تاك و كۆمەڵگای تێدایە بەڵكو هەمو جیهان بە گشتی خوای بە دیهێنەر هەموو ئەم گەردوونەی دوورست كردووە بۆمان و سروشتیشی بە دیهێناوە لە دەوروبەرماندا, وە گێڕاویەتی بەهۆی خزمەتكاری ئەو, ئەمانەتێكیشە لای ئێمە, كەواتە بەكارهێنان وسوودلێوەرگرتنی دەبێت بەگوێرەی پێویستی تاك بێت ولەگەڵ ئەوەشدا پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.

ڕێگاكانی پاراستنی ژینگە
ڕۆڵی تاك لە پاراستنی ژینگەدا بە گرنگترین ڕۆڵ دادەنرێت، چونكە هەروەكو ئاشكرایە كە زۆربەی پیسبوونەكانی سروشت وژینگە ئاكامی كاروكردەوەی مرۆڤە كە سەردەكێشێت بۆ پیسبوونی هەوا و خاك وئاو و جگەلەوانیش, كە ئەمەش گرنگی وپێویستی ڕۆڵی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری دەردەخات كەبە دڵنیاییەوە كاریگەریەكی بەرچاوی دەبێت لەمەڕ پاكڕاگرتنی ژینگەی دەوروبەرمان.
یەك لەو رێگایانەی كە پێویستە پەیڕەوی بكەین بریتیە لە چڕكردنەوەی هەڵمەتی دارونەمام چاندن.
دووەم: بریتیە لە زیادەڕۆیی نەكردن لە بەكارهێنانی مادەی لەناوبەرو پەیینی كیمیایی.
سێیەم: بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لەناو خەڵكدا, سەبارەت بە مەترسیەكانی پیسبوون وگرنگی ژینگە بۆمان, كەئەمەش پێویست دەكات لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە جۆربەجۆرەكانی بینراو بیستراوەوە پەخش بكرێت وبگات بەهەموو شوێن وكەسێك, چونكە هۆكاری سەرەكی ئەم كێشەیە بریتیە لە كەمتەرخەمی تاك.
چوارەم: پەیوەست بوون ودەستگرتن بە ڕێسا ژینگەییەكانەوە, لێرەوە ئەركی سەرەكی ڕاپەڕاندنی ئەم كارە بەپلەی یەكەم لەئەستۆی وەزارەتی ژینگەوئاوەدانكردنەوەیە كە دەبێت هەوڵی لێبڕاوانە بدات بۆ ئەوەی ڕێساوڕێنماییەكانی پەیوەست بە ژینگە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێبكات وبەرجەستەیان بكات، و دامەزراندنی یەكەودەزگای تایبەت بە پاراستنی سروشت وژینگە و هەروەها دانانی تەنەكەی خۆڵ وپاشەڕۆ لە شوێنە گشتی وسەیرانگاكاندا.
پێنجەم: دابەشكردنی بڵاوكراوە چاپكراوەكانی سەبارەت بە ڕێگاكانی پاراستنی ژینگە, ئەمەش لەشوێنەگشتی وفەرمیەكان و مزگەوت و قوتابخانەو هەڵواسینی لەناوبازاڕ وشوێنەبەرچاوەكانی تردا دەبێت، چونكە كەسانی زۆر هەن كە هێشتا مەترسی پیسبوونی ژینگە نازانن و بۆیان ڕوون نەكراوەتەوە بەگوێرەی پێویست.
شەشەم: گەڕاندنەوەو دووبارە بەكارهێنانەوەی پاشەڕۆ و كەرەستە فڕێدراوەكان.
حەوتەم: دامەزراندنی وێستگەی پاكژكردنەوەی ئاوی بەكارهاتوو.
لێرەوە پێویستە پەیامێك ئاراستەی خەڵك وگەنجان بكەین بەتایبەتی, ئەویش ئەوەیە كە وەكو مادەیەكی ووشك مەڕواننە خاك وژینگە, بەڵكو وەكو واقعێك لێی بڕوانن كە پێویست دەكات دەستی هەرەوەزی هەموومانی بۆدرێژبكەین, چونكە هەموومانی تێدادەژین, ئەوەش بەبڵاوكردنەوەی هۆشیاری و لابردنی هەرهۆكارێكی پیسبوون, وە دەست تێكەڵاوكردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، كە پێویستە ڕۆحی خزمەتكردن لەناخی خۆیاندا سەوز بكەن, بۆئەوەی پێكەوە ئەم ژینگەوسروشتە بگەیەنینە ئاستێكی باڵاتر لە ڕووی پاكژی وسەوزی وجوانی ودڵڕفێنیەوە.

سەردان: ٧٥٦ بەش: هەمەجۆر