پێناسەی زانستی تەجوید چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پێناسەی زانستی تەجوید چیە؟

پێناسەی زانستی تەجوید :
لە فەرهەنگی زمانی عەرەبیدا: واتە جوان كردن و چاككردن.
لەفەرهەنگی زانایانی تەجویددا: ئەم زانستە كۆمەڵێك پێناسەی نزیك لەیەكی بۆ كراوە:
1 ـ زانستێكە بۆ زانینی چۆنێتی ووتن و گۆ كردنی ووشە قورئانیەكان.
2 ـ زانستێكە ئەو ئەحكام و یاسایانە ڕوون دەكاتەوە كە پێویستە پابەند بی پێیەوە لە كاتی قورئان خوێندندا بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بیخوێنینەوە كە موسڵمانان لە پێغەمبەرەوە وەریان گرتووە.
3 ـ زانستێكە بە هۆیەوە هەموو پیتێك حەق و موستەحەقی خۆی وەردەگرێت لە شوێنی دەرچوونی پیتەكە و سیفەتەكانی و وەستان لەسەری و دەستپێكرد پێی و جگەلەمانەش بەبێ‌ هیچ زیادەڕەویەك یان كەمتەرخەمیەك(1).
ئیمامی (ابن الجزري)یش دەفەرموێت:
وَهُوَ إِعْطَاءُ الْحُرُوفِ حَقَّهَا ................. مِنْ صِفَةٍ لَهَا وَمُستَحَقَّهَا
وَرَدُّ كُلِّ وَاحِدٍ لأَصْلِهِ .......................... وَاللَّفْظُ فِي نَظِيْرِهِ كَمِثْلهِ
مُكَمِّلاً مِنْ غَيْرِ مَا تَكَلُّفِ ............ بِاللُّطْفِ فِي النُّطْقِ بِلاَ تَعَسُّفِ
وَلَيْسَ بَيْنَهُ وَبَيْنَ تَرْكِهِ .......................... إِلاَّ رِيَاضَةُ امْرِئٍ بِفَكِّهِ

* مافی پیت (حق الحرف):
واتە دەركردنی پیت بەشێوازیك كە هەموو سیفەتە پێوەلكاوەكانی بدریتێ‌ كە بەهیچ شێوەیەك لێی جیا نابێتەوە وەك: ئاشكراكردن (الجهر) و توندی (الشدَّة) و بەرزكردنەوەی زمان (الاستعلاء) و مینگە (الغنَّة) ... هتد. بۆنموونە پیتی (ن) سیفەتی مینگەی هەیە و پیتی (ص) سیفەتی بەرزبوونەوەی زمانی هەیە... هتد.

* دەرە مافی پیت (مستحق الحرف):
واتە پێدانی ئەو سیفەتانە بە پیتەكان كە تووشیان دەبێت لە بنچینەدا نیانە وەك: سوك یان نەرم (الترقیق) ووتن كەلە نزمكردنەوەی زمانەوە دروست دەبێت هەروەها قورس یان قەڵەو (التفخیم) ووتن كەلە بەرزكردنەوەی زمانەوە دروست دەبێت. بۆ نموونە پیتی (ل) یان (ر) هەندێ‌ جار بە نەرم و هەندێ‌ جاری تر بە قەڵەو دەخوێنرێتەوە...

==========
(1) هاوشێوەی ئەم پێناسانە لەم سەرچاوانەدا باسكراوە:
(الميسر في علم التجويد ص 11) و (التحديد في الإتقان والتجويد ص70) و (التمهيد في معرفة التجويد ص62) و (جهد المقل ص83) و (غاية المريد في علم التجويد ص40) و (النبع الريان ص25) و (الفوائد التجويدية ص44).

وەرگیراوە لە کتێبی : هەگبەی پڕ سوود لە زانستی تەجوید
كۆكردنەوە و نووسینی : خزمەتكاری قورئان (رزگار محمد كریم) كەلاری
مۆڵەت پێدراو بە (القراءات العشر الصغرى والكبرى)

سەردان: ٣,٧٨١ بەش: زانستى تەجوید