ماناى غوسلى لەشگرانى و پایەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ماناى غوسلى لەشگرانى و پایەکانى
پرسیار:

غوسلى لەشگرانى چیە ؟ وە ڕوکن و پایەکانى چین؟ چ کاتێک غوسلی لەشگرانى بە ناتەواو حسابی بۆ دەکرێ و لەسەرمان لاناچێ؟

خۆشۆردن «الغسل»: بریتیە لە ئاو پێداكردنی سەرتاپای ئەندامە ڕواڵەتیەكانی جەستە، بەمەبەستی لابردنی لەشگرانی، جا ئەو لەشگرانیەش چ بەهۆی جەنابەتەوە بێ یان بە هۆی بێ نوێژیەوە بێ .
كەوابوو: بۆ ئەوەی خۆشۆردنەكەی لەسەر لابچێ‌و جێی خۆی بگرێ، ئەوا پێویستە دوو پایەی تێدابێ، جا هەركات یەكێك لەو دوو پایەی تێدانەبوو، ئەوا خۆشۆردنەكەی جێی هیچی بۆ نەگرتووە.
پایەكانی غوسل دوو دانەن کە بریتین لە :
یەکەم : نیازو مەبەستی هەبێ لە دڵی دا كە بۆ چ مەبەستێك خۆی دەشوات، تا خۆشۆردنی عیبادەتی لە خۆشۆردنی عادەتی جیابكرێتەوە.
بەڵگەش بۆ ئەوە:
پێغەمبەر   دەفەرمووێ: « إِنَّمَا الْأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ وَإِنَّمَا لِكُلِّ امْرِئٍ مَا نَوَى». واتە « هەموو كردارێ بە نیەتە‌و هەموو كەسێكیش بەپێی نیەتەكەی پاداشتی دەست دەكەوێ ». صحيح البخاري
دووەم : ئاو پێداكردنی سەرتاپای ئەندامە ڕواڵەتیەكانی جەستە، واتە هەموو ئەندامە ڕواڵەتەكانی جەستەی دەبێ تەڕبكرێ بە ئاو، ئیتر بە شێوەی ئاو پێدا كردن بێ یان بە خۆ نقوم كردن بێ لە ئاودا.
بەڵگەش بۆ ئەوە:
پێغەمبەر   بە « أُمِّ سلمة » دەفەرمووێ:
« لَا إِنَّمَا يَكْفِيكِ أَنْ تَحْثِيَ عَلَى رَأْسِكِ ثَلَاثَ حَثَيَاتٍ ثُمَّ تُفِيضِينَ عَلَيْكِ الْمَاءَ فَتَطْهُرِينَ» صحيح مسلم
واتە: «ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی خۆ شۆردنەكەت جێی خۆی بگرێ‌و لە لەشگرانی پاك ببیتەوە كە سێ گوێل ئاو بكەیت بەسەرتدا، پاشان ئاو بكەیت بەسەرتاپای جەستەتدا».

 

سەردان: ٤,٤٠٣ بەش: خۆشۆردن (غوسل)