جیاوازى نێوان شەو نوێژ و نوێژى ویتر: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جیاوازى نێوان شەو نوێژ و نوێژى ویتر
پرسیار:

ئایا هیچ جیاوازیەک هەیە لە نێوان شەو نوێژ و نوێژى ویتردا؟

نوێژی ویتر بەشێکە لەشەو نوێژ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی هەیە لەنێوانیاندا .

 شيخ ابن باز رحمه الله دەڵێت :

نوێژی ویتر سوننەتە و بەشێکە لەشەو نوێژ ، و کۆتا نوێژە کەبەشەو ئەنجام دەدرێت ، و یەک ڕکاتە لە کۆتایی یاخود لەنیوەی شەودا دەکرێت ، و یاخود لەدوای عیشا ئەنجام دەدرێت ، ئەوەندەی کە بۆی دەکرێت نوێژ دەکات .

"فتاوى ابن باز" (11/309) .

وە شيخ ابن عثيمين رحمه الله دەڵێت :

سوننەتی قەولی وفعلیش جیاوازی کردووە لەنێوان شەو نوێژ و نوێژی ویتردا ، وەهەروەها زانایانیش جیاوازيان کردووە لەنێوانیان دا ، وچۆنیەتیەکەی بەم شێوەیەیە :

جیاوازیان لەڕووی گوفتارەوە :

عبداللەی کوڕی عومەر دەڵێت : پیاوێک پرسیاری لە پێغەمبەر كرد لەبارەی چۆنیەتی نوێژی ویترەوە و گوتی چۆن شەو نوێژ دەکرێت ؟ فەرمووی : ( مثنى مثنى ، فإذا خفت الصبح فأوتر بواحدة ) رواه البخاري . وانظر "الفتح" (3/20) .
واتە : دوو ڕکات دوو ڕکاتە ، گەر ترسای بەیانی بێتەوە ئەوا یەک ڕکاتی ویتر بکە .

وە جیاوازیان لەڕووی کردارەوە :

عائیشە رضي الله عنها دەڵێت : پێغەمبەر نوێژی دەکرد لەکاتێکدا کە لەسەر جێگاکەی ڕاکشابووم ، گەر بیویستایە نوێژی ویتر  بکات هەڵی دەستاندم ونوێژی ویترم دەکرد .
رواه البخاري . وانظر : "الفتح" (2/487) ، 

وە ئیمامی مسلم (1/51) بەم لەفزە هێناویەتی : ( كان يصلي صلاته بالليل وأنا معترضة بين يديه فإذا بقي الوتر أيقظها فأوترت ) . 
واتە : پێغەمبەر شەو نوێژی دەکرد ، و من لە پێشیەوە ڕاکشابووم گەر کاتی ویتر بمایە هەڵی دەستاندم و نوێژی ویترم دەکرد .

وە هەروەها ئیمامی مسلم  (1/508) هەر عائیشەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : ( كان رسول الله يصلي من الليل ثلاث عشرة ركعة يوتر من ذلك بخمس لا يجلس في شيء إلا في آخرها ) .
واتە : «په‌یامبه‌ر  سیانزه‌ ڕكات شه‌و نوێژی ده‌كرد، پێنجیان ده‌كرده‌ ویتر، دا نه‌ده‌نیشت ته‌نها له‌ كۆتاییه‌كه‌ى نه‌بێت» .

 وە هەروەها ئیمامی مسلم (1/513) هەر عائیشەوە گێڕاویەتیەوە کاتێ سەعدی کوڕی هیشامی کوڕی عامر پێی گوت : لەبارەی ویتری پێغەمبەری خواوە هەواڵم پێ بدە ؟  عائیشە گوتی  : ( ويصلي تسع ركعات لا يجلس فيها إلا في الثامنة فيذكر الله ويحمده ، ويدعوه ، ثم ينهض ولا يسلم ، ثم يقوم فيصلي التاسعة ، ثم يقعد فيذكر الله ، ويحمده ، ويدعوه ، ثم يسلم تسليماً يسمعنا ) .
واتە : نۆ ڕکات نوێژی دەکرد وتیایدا دا نەدەنیشت تەنها لەهەشتەم ڕکاتدا نەبێت ویاد وسوپاسی خودای دەکرد ، ولێی دەپاڕایەوە ، پاشان هەڵدەستایەوە وسەلامی نەدەدایەوە، پاشان هەڵدەستا ونۆیەم ڕکاتی دەکرد ، پاشان دادەنیشت ،ویاد وسوپاسی خودای دەکرد ، ولێی دەپاڕایەوە ، پاشان سەلامی دەدایەوە بەشێوازێک کە گوێمان لەدەنگی دەبوو .

وە بەنیسبەت جیاوازی زانایان کە لەحوکمی ئەم دوو نوێژەدا کردوویانە : 
زانایان جیاوازن لەبارەی واجبێتی نوێژی ویترەوە ، ئیمام ئەبو حەنیفە پێی وایە واجبە ، و ئیمام ئەحمەدیش لەڕیوایەتێکدا بەواجبی داناوە هەروەک لە "الإنصاف" و "الفروع" دا هاتووە ، ئیمام ئەحمەد دەڵێت : من ترك الوتر عمداً فهو رجل سوء ولا ينبغي أن تقبل له شهادة .
واتە : هەر کەسێک بەئەنقەست واز لەنوێژی ویتر بێنێت ئەوا پیاوێکی خراپە ، و باش نی یە شایەتی قەبوڵ بکرێت 
، وە مەشهورە لەمەزهەبی ئەحمەدا نوێژی ویتر سوننەتە ، ئەوەش مەزهەبی مالیک وشافعیە  .

بەڵام بەنیسبەت شەو نوێژەوە هیچ خیلافێکی تێدا نی یە ، لە "فتح الباري" (3/27)دا هاتووە : بۆ چوونێکمان نەبینیوە نەقڵ کرابێت لەبارەی واجبیەتیەوە تەنها لەهەندێ لەتابعیەکانەوە نەبێت .

وە بەنیسبەت جیاوازی زانایان لەڕووی چۆنیەتیەوە  : 
زانایانی حەنبەلی جیاوازیان لەنێوانیاندا کردووە وگوتویانە : شەو نوێژ دوو ڕکات دوو ڕکاتە ، وە لەبارەی ویترەوە گوتوویانە : گەر پێنج ڕکات ویتر ، یاخود حەوت ڕکاتت کرد ئەوا تەنها لەکۆتاییەوە تەحیات دەخوێندرێت ، وە ئەگەر نۆ ڕکات ویتری کرد ئەوا لەڕکاتی هەشتەمدا تەحیات دەخوێنێت بەڵام سەلام ناداتەوە بەڵکو هەڵدەستێتەوە وڕکاتی نۆیەمیش دەکات پاشان سەلام دەداتەوە  "زاد المستقنع" " انتهى .

"مجموع فتاوى ابن عثيمين" (13/262-264) .

بەم شێوەیە جیاوازی نێوان نوێژی ویتر وشەو نوێژ ڕوون بوویەوە .

والله أعلم .

سەردان: ٨,٥٢٧ بەش: نوێژە سوننەتەکان