حوکم و ئادابەکانى نوێژى وتر: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکم و ئادابەکانى نوێژى وتر
پرسیار:

دەمەوێ زۆرترین زانیاریم هەبێ سەبارەت بە فەزڵی نوێژى وتر و حوکم و ئادابەکانى

چەند ئەحکامێکی کورت تایبەت بەنوێژی ویتر : 

1-فەزڵی نوێژی ویتر 
پێغەمبەر فەرموویەتی : « إن الله أمدكم بصلاة هي خير لكم من حمر النعم ، قلنا : يا رسول الله ، ما هي ؟ قال : الوتر ما بين صلاة العشاء إلى طلوع الفجر » (رواه الإمام أحمد وأبو داود والترمذي) .
واتە : خوای پەروەردگار نوێژێکی پێبەخشیون لە وشتری سوور بۆ ئێوە باشترە ، گوتمان : ئەی پێغەمبەری خوا ، ئەوە چی یە ؟ 
فەرمووی : نوێژی ویترە لەنێوان نوێژی عیشا بۆ نوێژی بەیانی ودەرکەوتنی فەجردایە .
2-حوكمی نوێژی ویتر 
 ابن عثيمين دەڵێت :
نوێژی ویتر سوننەتێکی موئەکەدەیە لەڕەمەزان وغەیری ڕەمەزانیشدا تەنانەت ئیمام ئەحمەد وغەیری ئەویش دەڵێن  : "من ترك الوتر فهو رجل سوء لا ينبغي أن تقبل شهادته. مجموع الفتاوى (14/ 114)
واتە : هەرکەسێک واز لەنوێژی ویتر بێنێت ئەوا پیاوێکی خراپە ونابێ شایەتی لێ وەربگیردرێت .
نوێژی ویتر سوننەتێکی موئەکەدەیە ، پێویسته موسوڵمان پارێزگاری لێ بکات ، جا گەر کەسێک جار جار بیکات ئەوا هیچی لەسەر نی یە وتاوان بار نی یە . اللجنة الدائمة (7/ 172).
نوێژی ویتر سوننەتێکی موئەکەدەیە کەسێک وازی لێ بێنێت تاوان بار نابێت بەڵام باش نی یە واز لێ هێنانی ومەکڕوهە .
اللجنة الدائمة (6/54-55)

3-کاتی نوێژی ویتر چ کاتێکە ؟
لەدوای نوێژی عیشاوە تا دەرکەوتنی فەجر

اللجنة الدائمة (6/53)
4- ئایا کاتی  نوێژی ویتر کۆتای پێ دێت لەکاتی سەرەتای دەسپێکی بانگی بەیانیەوە  ؟
 ابن باز دەڵێت :
کاتی نوێژی ویتر کۆتای پێ دێت لەکاتی بانگی بەیانیەوە گەر بانگ بێژ بە وردی ڕەچاوی کاتی بانگ بکات ، بەڵام گەر بانگ بێژ بانگی دا وکەسی موسوڵمان لەڕکاتی کۆتاییدا بوو ئەوا نوێژەکەی تەواو دەکات لەبەر نەبوونی یەقین لەدەرکەوتنی فەجردا بەتەنها بانگ دان ، وهیچی تێدا نی یە. مجموع الفتاوى (11/ 307)
5- کۆتا کات چ کاتێکە کە دەکرێت بە نوێژی ویتردا ڕا بگەیت؟
 ابن باز دەڵێت:
کۆتا کاتی شەوە پێش دەرکەوتنی فەجر . مجموع الفتاوى (11/ 308).
6- پیاوێک نوێژی ویتر دەکات ولەکاتی نوێژەکەیدا بانگ بێژ بانگ بۆ نوێژی بەیانی دەدات ، ئایا نوێژەکەی تەواو بکات ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
بەڵێ ، گەر بانگی دا وئەو لەکاتی ئەنجام دانی نوێژی ویتردا بوو نوێژەکەی تەواو دەکات وهیچی لەسەر نی یە  .
مجموع الفتاوى (14/ 115)
7- ئایا دروسته بۆم نوێژی ( الشفع والوتر ) پێش نوێژی عیشا بکەم یاخود نا ؟
کاتی نوێژی ویتر لەدوای نوێژی عیشاوەیە بۆ دەرکەوتنی فەجر .
اللجنة الدائمة (6/56)

8- چ کاتێ باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی نوێژی ویتر سەرەتای شەو یاخود کۆتاییەکەی ؟
 ابن باز دەڵێت :
أ- مرۆڤی موسوڵمان ئازادە دەتوانێت لەسەرەتای شەوەوە یاخود لەکۆتای شەودا نوێژی ویترەکەی ئەنجام بدات .
ب- بەڵام گەر گونجا کۆتای شەو باشترە .
ج- خۆ ئەگەر ترسا لەکۆتای شەودا بەخەبەر نەیەت ، ئەوا سوننەتە لەسەرەتای شەودا نوێژی ویترەکەی بکات دوو ڕکات یاخود چوار ڕکات یاخود شەش ڕکات یاخود هەشت ڕکات یاخود زیاتر دەکات لەهەر دوو ڕکاتێک سەلام دەداتەوە پاشان پێش ئەوەی بنوێت ڕکاتێک ویتر دەکات. مجموع الفتاوى (11/ 315)

وە زانایانى (اللجنة الدائمة) دەفەرموون :
أ- گەر کەسێک ترسا خەو زاڵ ببێ بەسەریدا ئەوا نوێژی ویترەکەی دوا ناخا بۆ کۆتای شەو ، بەڵکو باشتر وایە لەسەرەتای شەودا ئەنجامی بدات  .
ب-وەهەرکەسێک ئومێدی هەبوو هەڵسێت بۆ شەو نوێژ لەکۆتای شەودا ئەوا نوێژی ویترەکەی دوا دەخات بۆ ئەوەی لەکۆتای شەو نوێژەکەیەوە ئەنجامی بدات .

اللجنة الدائمة (7/ 180)
9-ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژی ویتر چەندە ؟
کەمترین ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژی ویتر یەک ڕکاتە و لایەنی زۆریەکەی دەست نیشان نەکراوە ، جا گەر یەک ڕکات نوێژی ویتر یاخود سێ ڕکات یاخود پێنج ڕکات یاخود حەوت ڕکات یاخود نۆ ڕکات یاخود یازدە یاخود سیازدە ڕکات یاخود زیاترت ئەنجامدا هەمووی دروسته .
اللجنة الدائمة (7/ 173)

10-شێوازی ئەنجامدانی نوێژی ویتر لەسوننەتدا چۆنە ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
ئەگەر سێ ڕکات ویترت ئەنجام دا ئەوا :
1- یان هەر سێ ڕکاتەکە بەیەکەوە دەکەیت بەیەک تەحیات ویەک سەلام .
2-وەیاخود دوو ڕکات دەکەیت وتەحیات دەخوێنیت وسەلام دەدەیتەوە ، وپاشان ڕکاتی سێیەم دەکەیت .
- بەڵام گەر پێنج ڕکات ویترت ئەنجام دا ئەوا باشتر وایە هەمووی بەیەکەوە بکات و لەکۆتاییەوە یەک تەحیات و یەک سەلامی بۆ بداتەوە 
- خۆ ئەگەر حەوت ڕکات ویترت ئەنجام دا بەهەمان شێوە هەمووی بەیەکەوە بکات و لەکۆتاییەوە یەک تەحیات و یەک سەلامی بۆ بداتەوە .
- بەڵام ئەگەر نۆ ڕکات ویترت ئەنجام دا ئەوا هەمووی بەیەکەوە دەکات بەڵام لەهەشتەم ڕکاتدا تەحیات دەخوێنێت وسەلام ناداتەوە ، پاشان هەڵدەستێتەوە ونۆیەم ڕکات دەکات سەلام دەداتەوە .
- خۆ ئەگەر یازدە ڕکات ویتری ئەنجام دا ئەوا لەهەموو دوو ڕکاتێک سەلام دەداتەوە  .
 مجموع الفتاوى (14/ 117)
11- ئایا دروسته نوێژی ویتر هاوشێوەی نوێژی مەغریب ئەنجام بدرێت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
ویتر کردن هاوشێوەی نوێژی مەغریب ڕێگری لێ کراوە ؛ چونکە سوننەت نابێت بشوبهێت بەفەرز .
مجموع الفتاوى (14/ 118)
ویتر کردن هاوشێوەی نوێژی مەغریب هیچ ئەسڵێکی لەبارەوە نازانین هەبێت ، بەڵکو ڕێگری لێ کراوە چونکە دەشوبهێت بەنوێژی مەغریب .

اللجنة الدائمة (7/ 175)
12- چۆنیەتی ویتر کردن لەکاتی کردنی سێ ڕکات ویتردا ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
گەر سێ ڕکات ویترت ئەنجام دا ئەوا
أ- دروسته دوو ڕکات بکەیت وپاشان سەلام بدەیتەوە وپاشان ڕکاتی سێیەم بکەیت وسەلام بدەیتەوە .
ب-وە دەشتوانیت هەرسێ ڕکاتەکە بەیەکەوە بکەیت بەیەک تەحیات ویەک سەلام دانەوە .
مجموع الفتاوى (14/ 120)
13-  ئایا دەتوانیت دوای نوێژی عیشا تەنها یەک ڕکاتی نوێژی ویتر ئەنجام بدەیت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
بەڵێ دروستە ودەتوانیت دوای نوێژی عیشا تەنها یەک ڕکاتی نوێژی ویتر ئەنجام بدەیت. مجموع الفتاوى (14/ 123)
14- حوکمی شەو نوێژ کردن بەجەماعەت لەغەیری ڕەمەزاندا ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
نوێژی شەفع و ویتر و شەو نوێژ هەموو کات دروسته بەجەماعەت ئەنجام بدرێن .
مجموع الفتاوى (14/ 160).
15- حوکمی کردنی نوێژی ویتر  بەجەماعەت چی یە  ؟
أ- ویتر لەڕەمەزاندا و لەدوای نوێژی تەڕاویح بەجەماعەت ئەنجام دەدرێت .
ب-بەڵام لەغەیری ڕەمەزاندا هیچ بەڵگەیەک پێ نازانین کەبەشێوەیەکی بەردەوام بەجەماعەت ئەنجام بدرێت .
ج- بەڵام گەر جار جار بەجەماعەت ئەنجام بدرێت دروسته.
اللجنة الدائمة (7/ 188)
16- حوکمی کردنی نوێژی ویتر لەمزگەوتدا بەجەماعەت چییە ؟
أ- دروست نی یە بەردەوام نوێژی ویتر نە لەمزگەوت و نە لە غەیری مزگەوتیش جگە لەڕەمەزان بەجەماعەت بکرێت .
ب- جگە لەڕەمەزان هەرکەسە وبەتەنها بۆخۆی ئەنجامی دەدات .
اللجنة الدائمة (6/64)

17- کەسێک چ بکات کاتێ بانگی بەیانی دەدات پێش ئەوەی نوێژی ویتری کردبێت ؟
 ابن باز دەڵێت:
کاتێ بانگی بەیانی دا ومرۆڤ هێشتا نوێژی ویتری نەکردبوو ئەوا دوای دەخات بۆ چێشتەنگا دوای ئەوەی کەخۆر بەرز دەبێتەوە وئەوەندەی بۆی کرا نوێژ دەکات دوو ڕکات یاخود چوار ڕکات یاخود زیاتر دەکات جا گەر عادەتی وابوو سێ ڕکات بکات و شەو نەیکردبوو ئەوا لەچێشتەنگادا چوار ڕکات دەکات بەدوو سەلام دانەوە ، خۆ ئەگەر عادەتی وابوو پێنج ڕکات بکات وشەو نەیتوانبێت لەبەر نەخۆشی یاخود نوستن بیکات ئەوا شەش ڕکات دەکات بەسێ سەلام دانەوە ، بەم شێوەیە ؛ چونکە پێغەمبەر عليه الصلاة والسلام ئەم کارەی دەکرد کاتێ کە شتێک شەو سەرقاڵی بکردبایە لەنوێژی ویتر خەو بوایە یاخود نەخۆشی ، یازدە ڕکات ویتری دەکرد جا گەر نەخۆشی یاخود خەو، سەرقاڵی بکردبایە ئەوا لەڕۆژدا دوازدە ڕکاتی دەکرد . مجموع الفتاوى (300-301).
18- ئایا دروسته نوێژی ویتر ئەنجام بدرێت دوای ئەوەی فەجر دەردەکەوێت  ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
گەر فەجر دەرکەوت لەکاتێکدا تۆ ویترت نەکردووە ئەوا ویتر ناکەیت ، بەڵام لەڕۆژدا چوار ڕکات بکە جا گەر عادەت وا بوو سێ ڕکات ویتر بکەیت ئەوا چوار ڕکات بکە ، و شەش ڕکات بکە گەر عادەت وابوو پێنج ڕکات بکەیت ؛ چونکە پێغەمبەر  گەر شەو نوێژی لەدەست بچوایە لەڕۆژدا دوازدە ڕکات نوێژی دەکرد .
مجموع الفتاوى (14/ 114).
19- حوکمی ئەو کەسە چی یە کە شەو نوێژ دەکات لەکاتی دەرکەوتنی خۆردا ؟
گەر خەوی لێ کەوت ونوێژی نەکردبوو ئەوا لەکاتی چێشتەنگادا بەشەفع واتە : جووت قەزای دەکاتەوە .
اللجنة الدائمة (6/62).
20- گەرکەسێ نوست ونوێژی ویتری نەکرد چ کاتێک قەزای دەکاتەوە ؟
 گەر کەسێ نوست ونوێژی ویتری نەکرد وبەخەبەر نەهات لەکاتی دەرکەوتنی فەجردا نەبێت ئەوا ویترەکەی قەزا دەکاتەوە دوای بەرز بوونەوەی خۆر بەقەد ڕمحێک  و بەجووت دەیگڕێتەوە ، هەروەک پێغەمبەر ئەم کارەی دەکرد .
اللجنة الدائمة (6/63)

21- ئایا دروستە ئەنجامدانی دوو ویتر لەیەک شەودا ؟
 ابن باز دەڵێت:
نابێ بۆ هیچ کەسێک لەیەک شەودا دوو جار نوێژی ویتر ئەنجام بدات ؛ چونکە پێغەمبەر - - فەرموویەتی : ( لا وتران في ليلة )
دوو ویتر لەشەوێکدا ناکرێت .
جا گەر گونجا بۆ موسوڵمان شەو نوێژ بکات لەکۆتای شەودا ئەوا با کۆتا نوێژی ڕکاتێک ویتر بێت ، و گەر شەو دوو بارە هەستایەوە بۆ نوێژ نابێ نوێژی ویتر دوو بارە بکاتەوە و نوێژە ویترەکەی پێشوو کافیە . مجموع الفتاوى (11/310- 311)
22- چ بکات گەر کەسێک لەسەرەتای شەودا ویتری کرد ولەکۆتای شەودا هەستایەوە بۆ نوێژ ؟
 ابن باز دەڵێت:
گەر  لەسەرەتای شەودا ویترت کرد پاشان خودا بۆتی ئاسان کرد لەکۆتای شەودا هەستایت ئەوا ئەوەندەی دەتوانی نوێژ بکە بەبێ دوو بارە کردنەوەی نوێژی ویتر . مجموع الفتاوى (11/ 311)
سوننەت وایە بۆ کەسێک کەلەسەرەتای شەودا ویتری کردووە پاشان لەکۆتای شەودا هەڵدەستێت ئەوەندەی دەتوانێت نوێژ بکات بەبێ دوو بارە کردنەوەی نوێژی ویتر . اللجنة الدائمة (7/ 179)

23- ئایا دەتوانم دوای نوێژی ویتر دوو ڕکات نوێژ بکەم ؟
سوننەت وایە نوێژی ویتر کۆتا نوێژی شەو بێت بەڵام گەر دوو ڕکات دوای نوێژی وتر بکرێت دروسته .
اللجنة الدائمة (6/57).
24- چ سوڕەتێک بخوێندێت لەنوێژی ویتردا ؟
ئایا حوکمی بەردەوام بوون لەسەر خوێندنی ( سبح اسم ربك الأعلى ) و ( قل يا أيها الكافرون ) و ( قل هو الله أحد ) لەسێ ڕکاتی کۆتای شەو نوێژدا چی یە  ؟
 ابن باز دەڵێت:
ئا ئەوە سوننەتە وکارێکی چاکە بەڵام گەر هەندێ جار وازی لێ بێنیت بۆ ئەوەی خەڵک وانەزانن واجبە ئەوا کارێکی چاکە ، گەرنا باشتر وایە چاو لەپێغەمبەر بکرێت . مجموع الفتاوى (11/ 353-354)
25- چ سوڕەتێک بخوێندرێت گەر سێ ڕکات ویتر کرا ؟
سوننەتە سوڕەتەکانی( سبح اسم ربك الأعلى ) و(سورة الكافرون والإخلاص) بخوێنێت .
اللجنة الدائمة (6/60).

26- چ کاتێک نوێژی ویتر دەکەیت کاتێ کە نوێژی مەغریب وعیشات بەجەمع تەقدیم کرد ، واتە : لەکاتی مەغریب دا نوێژی مەغریب وعیشات کرد ئایا چاوەڕێ دەکات تاوەکو کاتی عیشا دێت  ؟

وەڵام : 
دروستە دوای ئەوەی نوێژەکەت جەمع کرد نوێژی ویتر بکەیت گەر هۆکارێکی شەرعی هەبوو بۆ جەمع کردن ، جا نەخۆشی بێت یاخود سەفەر ویاخود باران .
اللجنة الدائمة (7/ 179)
گەر نوێژی عیشاو مەغریبت جەمع کرد بەجەمع تەقدیم لەبەر عوزرێک ئەوا دروسته لەدوایەوە نوێژی ویتر بکەیت بەڵام دوا خستنی بۆ کۆتای شەو باشترە گەر گونجا .
اللجنة الدائمة (6/65)

27- ئایا کەسی موسافیر‌ نوێژی ویتر دەکات ؟
ج : بەڵێ پارێزگاری لێ دەکات ؛ چونکە پێغەمبەر پارێزگاری لەشەو نوێژ دەکرد لەماڵ ولەسەفەریشدا . اللجنة الدائمة (7/ 181)

28- حوکمی دوعای قنوت چی یە لەنوێژ ویتردا ؟
ج :  دوعای قنوت لەنوێژی ویتردا سوننەتە ، جا گەر موسوڵمان هەندێ جار وازی لێ بێنێت لەڕەمەزان وغەیری ڕەمەزانیشدا دروسته  . اللجنة الدائمة (6/70-71)
29- لەچ کاتێکدا سوننەتە دوعای قنوت لەنوێژی بەیانیدا یاخود نوێژ ویتر ؟
ج : دوعای قنوت سوننەتە لەنوێژی ویتردا ، بەڵام نوێژی بەیانی دروست نی یە قنوت تیایدا مەگەر لەحاڵەتی تایبەت و لە ناکاودا نەبێت . اللجنة الدائمة (6/71)
30- حوکمی زیاد کردنی هەندێ دوعا لەسەر دوعای قنوتی ویتر  ؟
 گەر هەندێ دوعا زیاد بکرێت بەتایبەت ئەو دوعا گشت گیرانەی کە لەپێغەمبەرەوە هاتووە دروسته ؛ چونکە لە جنسی دوعای قنوتە ، ئەمەش بۆ چوونی کۆمەڵێکە لەزانایان  . اللجنة الدائمة (6/72)
31- ئایا دەست بەرز دەکرێتەوە لەکاتی دوعای قنوتی ویتردا ؟
بەرز کردنەوەی دەست لەکاتی دوعای قنوت و غەیری دوعای قنوتدا سوننەتە ولەپێغەمبەرەوە هاتووە . اللجنة الدائمة (6/73)
32- حوکمی واز هێنان لەدوعای قنوت لەنوێژی ویتردا ؟
دوعای قنوت سوننەتە ودروسته وازی لێ بهێندرێت ، وکردنی باشترە ، وە هەرکەسێک وازی لێ بێنێت نوێژەکەی دروسته . اللجنة الدائمة (6/73)
33- چ کاتێک دوعای قنوت دەخوێندرێت دوای ڕکوع یاخود پێش ڕکوع ؟
خۆی جێگای دوعای قنوت دوای ڕکوعە لەڕکاتی کۆتای نوێژی ویتردا . اللجنة الدائمة (6/74)
34- ئایا دوعای قنوتی ویتر دوای ڕکوعە یاخود پێش ڕکوع ؟ 
بۆچوونی صەحیح ئەوەیە دوعای قنوت دوای ڕکوعە نەک پێش ڕکوع ؛ لەبەر چەند فەرموودەیەکی صەحیح کەلەو بارەیەوە هاتووە .
اللجنة الدائمة (7/ 185)
35- ئایا دروسته دوعا زیاد بکرێت لەسەر دوعای قنوت ؟
نوێژ خوێن ئەو دوعایانە دەکات کەلەسوننەتدا هاتووە وجگە لەوانەش ئەوەندەی کەلەدونیادا پێویستیەتی . اللجنة الدائمة (7/ 185)
 ابن عثيمين دەڵێت:
زیاد کردنی دوعای قنوت دروستە ؛ چونکە گەر سابت بوو ئەوە جێگای دوعایە وەئەو دوعایە تایبەت نەکراوە بۆیە ئەسڵ وایە مرۆڤ بەو دوعایە دەپاڕێتەوە کەخۆی بیەوێ ، بەڵام پاڕانەوە بەو دوعایانەی لەسوننەتدا هاتووە باشترە . مجموع الفتاوى (14/ 137).
سەرچاوەکان
مجموع فتاوى العلامة ابن باز
مجموع فتاوى اللجنة الدائمة
مجموع فتاوى العلامة ابن عثيمين  

سەردان: ٢١,٤٦٥ بەش: نوێژە سوننەتەکان