وەڵامدانەوەى شوبهەیەک سەبارەت بە قورئان تێگەیشتنە جودا جوداکانی مرۆڤ بۆ دەقی قورئان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
وەڵامدانەوەى شوبهەیەک سەبارەت بە قورئان تێگەیشتنە جودا جوداکانی مرۆڤ بۆ دەقی قورئان
پرسیار:

کەسانێک دەڵێن: دەقی قورئان؛ پیرۆزە، بەڵام تێگەیشتنە جودا جوداکانی مرۆڤ بۆ دەقی قورئان؛ پیرۆز نییە، چونکە بەرهەمی عەقڵی ئینسانن؟

ئەمە شێوازی پەخشکردنی شوبهەکەیە، ناوەڕۆکەکەی شتێکی دیکەیە دەڵێت: دەقی پیرۆز لە ژێر عەقڵی مرۆڤدایە و زۆر مانا هەڵدەگرێت، هەرکەسێکیش وەکو خۆی لێی تێدەگات، کەواتە دەقە پیرۆزەکەی مردووە لە کاریگەری! و عەقڵە لێکدەرەوەکانیش دژ بەیەکن، ئیتر باسی قورئان و ئیسلام مەکەن!!

زۆربەی زۆری شوبهەکانی ئاخر زەمان؛ بۆ ئەم شوبهەیە دەگەڕێنەوە، لێرەشدا پێویست ناکات باسی ڕۆڵی پێغەمبەرى خول لە بەیانکردنی قورئاندا بکەین؛ بۆ موهاجرین و ئەنصار... چونکە زۆرجار باسکرایە
بەڵکو ڕاستەوخۆ دێینە مەیدانێکی دیکەی وەڵامدانەوە بە پێی کەسایەتی خاوەن شوبهەکە بە چەندین خاڵ لە سێ ڕوویەوە:

یەکەمیان: ئەگەر خاوەن شوبهەکە موسڵمان بێت

ئەوا قورئان خۆی وەڵامی شوبهەکە دەدات، کاتێک وەسفی خۆی دەکات بە:
(نور) و (فرقان) و (بيان) و (هدى)...هتد.

ئایا دەبێ (نور) بێت و ڕوناک نەبێت!؟
ئایا دەبێ (فرقان) بێت حەق و باطل لە ناویدا تێکەڵ بێت، و لە یەکجودا نەکرێن!؟....هتد.
ئەم وەڵامە بۆ موسڵمان کیفایەتە.

دووەمیان: ئەگەر خاوەن شوبهەکە بڕوای بە خودا هەبێت بەڵام موسڵمان نەبێت، لە هەمانکاتدا ئارەزۆمەندی فێربوون بێت، حەزبکات حەق بزانێت و شوێنی بکەوێت .

لەم ڕوویەوە عەقڵ وەڵامی شوبهەکە دەدات، بە چەند خاڵێک:

1- ئەگەر بە کەسێک بڵێن، ناتوانین مەبەستی قسەکانت بزانین، چونکە زۆر مانا هەڵدەگرن بۆیە فەرمانەکانت، بە جێناگەێنرێن!
ئایا لێمان قەبووڵ دەکات؟ بێگومان نەخێر.

ئیتر حاڵی هەڵگری شوبهەکە وەکو هی کافرانی مەککەیە کە دەیان گۆت مەلائیکەت کچی خودانە، بەخۆشیان کچیان زیندە بە چاڵ دەکرد!

مەبەست ئەوەی بەم شوبهەیە دەدرێتە پاڵ خالق، مەخلوق لەسەرە خۆی قەبوول ناکات....

2- بە مەزندەی خاوەن شوبهەکە دەیان فیکری ئابوری و سەربازی و کۆمەلایەتی و ڕامیاری ....هتد. کە بەرهەمی عەقلی مرۆڤن، مانایان ڕۆن و ئاشکرایە، تەنها مانای پەیامی ئیسلام نەبێت، کە لە قورئاندا تێکەڵ و پێکەڵە!

کورد بەمە دەڵێن بانێک و دوو هەوا.

ئەمەش وەکو تەنەزول بۆ تێگەیشتن؛ ئەم قسەیە دەکەین، ئەگەر نا ڕەوانی قورئان بەیەکڕای ڕەوانبێژانی عەرەب (أهل اللغة) لە جوانی و ڕوون و ئاشکرایی و ئاسانی تێگەیشتن، لەو پەڕدایە و سەرووی ئاستی ڕەوانبێژانە.

3- کتێبێک کە وشەکانی مانای زۆر هەڵدەگرن، و بە مەزندەی خاوەن شوبهە هەرکەسەو بە ئارەزۆی خۆی لێی تێدەگات! سێ ئیحتیمالی دەبێت:

أ - یان هەموو تێگەیشتنەکان ڕاستن.
ب - یان هەموو تێگەیشتنەکان هەڵەن.

ئەم دوو ئیحتمالە قەبووڵ نییە، چونکە عەقڵەکان لە یەکتر جودان.

ج - یان هەندێک لە تێگەیشتنەکان ڕاستن و هەندێک هەڵەن، بەبێ هەبوونی پێوەرێک بۆ دیارخستنی تێگەیشتنە ڕاستەکە!

ئەگەر کیتابێک ئەمە حاڵی بێت - بە مەزندەی خاوەن شوبهەکە -، چۆن نزیکەی دوو ملیار کەس پێی هەڵدەخەڵەتێ؟

4- ئەمڕۆ نزیکەی دوو ملیار موسڵمان:
• وەکو یەک (نوێژ دەکەن، زەکات دەدەن، ڕۆژوو دەگرن ، حەج دەکەن)
• وەکو یەک دەڵێن: (کوشتن و ڕیبا و دزی و قومار و عەرەق و زینا و ....هتد) حەرامە.
• وەکو یەک دەڵێن: (حیجاب و باڵاپوشی ئافرەتان و ڕێزلێنان لە جیران و میوان و ڕێزگرتن لە دایک و باوک و گەیاندنی صیلەی رەحیم ...هتد.) واجبە...

چۆن دەبێ ئەم هەموو یەکڕاییە لە کتێبێک وەرگیرابێ کە هەریەکەو بۆ خۆی لێکبداتەوە؟!
بەڵکو سەرەڕای ئەم هەموو ڕاگەیاندنانەی کە دژی ئەم کتێبە کاردەکەن، تاوەکو ئەمڕوش خاوێنترین ئافرەت ئەهلی ئەم کتێبەیە، دوورترین گەنج لە ماددەی بێهوشکەر ئەهلی ئەم کتێبەیە، کە بە مەزندەی خاوەن شوبهەکە کتێبێکی نا موحکەمە هەرکەسەو بە ئارەزوی خۆی لێکدەداتەوە....!!

دووبارە بیر لەم چوار خاڵەی سەرەوە بکەرەوە، لە بۆ مرۆڤی عاقڵ کیفایەتن، و ئەگەر کەسێک عاقڵ نەبێت و مولحید بێت، باسەکەی لە ئیحتیمالی سێیەمدایە:

سێیەمیان: ئەگەر خاوەن شوبهەکە بڕوای بە خودا نەبێت!

ئەوا با لە درەنگە شەوێک دور کەوێتەوە لە لوتبەرزی و هەواو هەوەس، و نێوچاوانی لەسەر خاک دابنێت دوعای هیدایەت بکات و بڵێت:
ئەی ئەو خودایەی کە ئیمانداران دەڵێن گەردوونت دروستکردووە، پێغەمبەرانت ناردووە، داوای هیدایەت دەکەم، دەمەوێ حەق بزانن....
با لەدڵەوە ئەم دوعایە دووبارە بکاتەوە .......
خودا هدایەتی دەدات، هیچ شوبهەیەکی لا نامینێت، بۆ هۆش خۆی دەگەرێتەوە بە دوو چاوی بە فرمێسکەوە ....

(يا عبادي كلكم ضال الا من هديته، فاستهدوني اهدكم)رواه مسلم

مامۆستا سامی مصطفی حسن


سەرچاوە:
* ئایەتی(٦٢)ی سورەتی(النمل). و ئایەتی (٨٢)ی سورەتی(النساء).
 

سەردان: ٢,٠٢٤ بەش: قورئانی پیرۆز