وەڵامى (20) پرسیار بە کورتى سەبارەت بە ڕۆژووى شەشەڵان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
وەڵامى (20) پرسیار بە کورتى سەبارەت بە ڕۆژووى شەشەڵان
پرسیار:

ئایا مانگی شەوال هیچ ئەحکامێکی تایبەتی هەیە؟ فەزڵی ڕۆژووی شەشەڵان چییە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

1- فەزڵی گرتنی ڕۆژووی شەشەڵان چی یە ؟
ئەبو ئەیوب رضي الله عنه گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا فەرمووی :«من صام رمضان ثم أتبعه ستا من شوال فذاك صيام الدهر» رواه أحمد ومسلم وأبو داود والترمذي.
واتە : هەرکەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت پاشان بەدوایدا شەش ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت ئەوا وەک ئەوە وایە هەموو ساڵەکە ڕۆژووی گرتبێت .

2- ئایا ڕۆژوو گرتنی شەشەڵان گشت گیرە بۆ پیاوان وئافرەتان ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
بەڵێ گشت گیرە وپیاوان وئافرەتان یەکسانن تیایدا . مجموع الفتاوى (20/ 17).

3- ئایا گەر کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزان قەرزار بێت پاداشتی شەشەڵانی بۆ دەنوسرێت گەر بەڕۆژوو بێت تیایدا ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
پاداشتی ڕۆژووی شەشەڵان بەدەست نایەت کاتێ نەبێت کەمرۆڤ مانگی ڕەمەزان بەتەواوی بەڕۆژوو بێت وپاشان ڕۆژووی شەشەڵان بگرێت . مجموع الفتاوى (20/ 18)
وە ابن باز دەڵێت:
ئەوەی مەشروع بێت ئەوەیە سەرەتا دەست بکرێت بەگرتنەوە وقەزا کردنەوەی ڕۆژووە فەرزەکان ، هەر چەند شەشەڵانیش لەدەست بچێت ؛ چونکە فەرز لەپێشترە لەسوننەت . مجموع الفتاوى (15/ 393)

(تێبینى : زانای پایەبەرز شێخ موقبل یەمەنى دەفەرموێ : دروستە شەشەڵان پێش قەرز دانەوەى ڕەمەزان بخەى)

4- چۆنیەتی گرتنی ڕۆژووی شەشەڵان  ؟
 ابن باز دەڵێت:
موسوڵمان لەو مانگەدا بەڕۆژوو دەبێت ، جا گەر ویستی لێبوو ئەوا لەسەرەتاوە بەڕۆژوو دەبێت ، وەئەگەر حەزی کرد لەنێوەڕاستەوە ، ولەکۆتاییەوە وبەدڵی خۆی و چۆنی بیەوێت و بگونجێت بۆی . مجموع الفتاوى (15/ 390)

5- چ جۆرە گرتنێکی ڕۆژووی شەشەڵان باشترە  ؟
قال ابن باز دەڵێت:
گەر پەلە بکات وبەدوای یەکدا ولەسەرەتای مانگی شەوالەوە بیگرێت ئەوا باشترە .
مجموع الفتاوى (15/ 390)

 ابن عثيمين دەڵێت :
باشتر وایە ڕۆژووی شەشەڵان لەسەرەتای مانگەوە ودوای جەژن ڕاستەخۆ بگیردرێت ، وبەدوای یەکدا بێت .مجموع الفتاوى (20/ 20)

6- ئایا مەرجە ڕۆژووی شەشەڵان بەدوای یەکدا بگیردرێت ؟
 ابن باز دەڵێت:
نەخێر دروستە بەدوای یەکدا بێت هەروەک دروسته بەجودا جودا وبەش بەش بگیردرێت . مجموع الفتاوى (15/ 391)

7- گەر کەسێک ڕۆژووی شەشەڵان بەڕۆژوو بوو ئایا هەموو ساڵێک واجب دەبێت لەسەری  ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
نەخێر گەر هەندێ ساڵ  ڕۆژووی شەشەڵانی گرت وهەندێک ساڵیش تیایدا بەڕۆژوو نەبوو دروسته وهیچی تێدا نی یە ؛ چونکە ئەم ڕۆژووە سوننەتە نەک فەرز  . مجموع الفتاوى (20/ 21)

8- ئایا مەرجە لە ڕۆژووی شەشەڵاندا هەر لەئێوارەوە نیەتت هەبێت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
بەڵێ  ڕۆژووی شەشەڵان پێویسته پێش دەرکەوتنی فەجر وبانگی بەیانی نیەتت هەبێت ، بۆ ئەوەی پاداشتی تەواوت دەست کەوێت . مجموع الفتاوى (19/ 184)

9- حوکمی ئەو قسەیە چی یە کەدەڵێت : ڕۆژووی شەشەڵان بیدعەیە؟
 ابن باز دەڵێت:
ئەو قسەیە باتڵە وهیچ بنەمایەکی نی یە . مجموع الفتاوى (15/ 389).

10- ئایا دروستە ڕۆژووی شەشەڵان قەزا بکرێتەوە بۆ کەسێک کە لەبەر عوزرێک نەیگرتبێت ؟
 ابن باز دەڵێت:
نەخێر دروست نی یە قەزا بکرێتەوە دوای تەواو بوونی مانگی شەوال چونکە سوننەتێکە و کاتەی لەدەست چووە جا بەعوزر وازی لێ هێنابێت یاخود بەئەنقەست هیچ جیاوازیەکی نی یە .  مجموع الفتاوى (15/ 389)

11- ئایا دروسته گرتنی ڕۆژووی شەشەڵان پێش ڕۆژووی کەفاڕەت بخرێت  ؟

 ابن باز دەڵێت:
نەخێر واجبە سەرەتا ڕۆژووی کەفاڕەت بگیردرێت ونابێ ڕۆژووی شەشەڵانی پێش بخرێت ؛ چونکە ڕۆژووی شەشەڵان سوننەتە وکەفارەت فەڕزە ، وپێویسته پەلە بکرێت لەقەزا کردنەوەیدا . مجموع الفتاوى (15/ 394)

12- حوکمی ئەو کەسە چی یە کە نەیتوانیوە ڕۆژووی شەشەڵان بەتەواوی بگرێت لەبەر عوزرێک  ؟
 ابن باز دەڵێت:
ئەوەندەی کەگردووتە پاداشتەکەی وەردەگریت وئومێد هەیە پاداشتی تەواو وەربگریت گەر ئەوەی بۆتە ڕێگر لێت عوزرێکی شەرعی بێت ، وقەزا کردنەوەی ئەو ڕۆژانەت لەسەر نییە کەنەتگرتوە . مجموع الفتاوى (15/ 395)

13- حوکمی گرێدان وبەیەکەوە بەستن وبەدوای یەکدا گرتنی ڕۆژووی قەزا و ڕۆژووی شەشەڵان چی یە ؟
 ابن باز دەڵێت:
بۆ چوونی ڕاست ئەوەیە دروستە وهیچی تێدا نییە .
مجموع الفتاوى (15/ 396).

14- ئایا ڕۆژووی شەشەڵان لەمانگی( ذي القعدة) ـەدا قەزا دەکرێتەوە ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
أ- گەر وا دابنێین کەسێک مانگی ڕەمەزان هەموو قەرزار بێت جا بەهۆی سەفەرەوە بێت یاخود نەخۆشی ویاخود منداڵ بوونەوە بێت ، پاشان مانگی شەوال کامل بەڕۆژوو بێت بەنیەتی قەزا کردنەوەی ڕەمەزان ئەوا لەم حاڵەتەدا دەتوانێت ڕۆژووی شەشەڵان لەمانگی (ذي القعدة) ـەدا بگرێتەوە .
ب- بەڵام گەر کەم تەرخەمی بکات لەگێڕانەوەی ڕۆژووە فەرزەکەدا وچەند ڕۆژێکی بەسەردا بڕوات وپاشان لەکۆتای مانگی شەوالدا ڕۆژووی ڕەمەزان قەزا بکاتەوە وپاشان بیەوێت ڕۆژووی شەشەڵان بگرێت لەمانگی (ذي القعدة) ـەدا لەم حاڵەتەدا بۆی ئەژمار ناکرێت (لقاء الباب المفتوح).

15- کامیان پێش دەخرێن ڕۆژووی نەزر یاخود ڕۆژووی شەشەڵان ؟
 ابن باز دەڵێت:
پێویسته لەسەرت سەرەتا ڕۆژووی نەزرەکەت بگریت پاشان  ڕۆژووی شەشەڵان گەر بۆت گونجا ؛ چونکە ڕۆژووی شەشەڵان سوننەتە بەڵام ڕۆژووی نەرز واجبە  .
فتاوى نور على الدرب (3- 1261).

16- ئایا پێویسته بۆ  ڕۆژووی شەشەڵان نیەتت هەبێت  ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
 ڕۆژووی شەشەڵان بەستراوەتەوە بەڕۆژووی ڕەمەزانەوە ، بۆیە گەر کەسێک نیەت نەهێنت تەنها لەکاتی نیوەڕۆدا نەبێت ئەوا پاداشتی تەواوی بۆ نانوسرێت ، بۆ نموونە گەر کەسێک لەیەکەم  ڕۆژی گرتنی ڕۆژووی شەشەڵاندا لەکاتی نیوەڕۆدا نیەتی ڕۆژووی شەشەڵانی هێنا پاشان پێنج ڕۆژەکەی تری گرت ئەوا بەتەواوی  ڕۆژووی شەشەڵانی نەگرتووە ؛ چونکە پێنج ڕۆژوو نیوی گرتووە ؛ چونکە پاداشت نانوسرێت گەر نیەتی لەگەڵ نەبێت ، هەروەک پێغەمبەر صلى الله عليه وعلى آله وسلم فەرموویەتی : (إنما الأعمال بالنيات وإنما لكل امرئ ما نوى) 
واتە : بەتەئکید هەموو کردەوەیەک بەستراوەتەوە بەنیەتەوە .
جا ئەم کەسە سەرەتای ڕۆژ نیەتی نەهێناوە بۆیە پاداشتی کامڵی بۆ نانوسرێت . (فتاوى نور على الدرب).

17- حیکمەت لە بەڕۆژوو بوونی ڕۆژووی شەشەڵاندا چی یە ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
بۆ ئەوەی فەرزەکانی پێ کامڵ بکرێت ، ڕۆژووی شەشەڵان هاوشێوەی سوننەتە ڕاتیبەکانی نوێژە کەئەنجام دەدرێت بۆ پڕ کردنەوەی ئەو کەم وکورتیانەی کەدروست دەبن لەنوێژە فەرزەکاندا .
(فتاوى نور على الدرب).

18- ئایا کەسێک پاداشت دەدرێتەوە کە سێ ڕۆژ یاخود پێنج ڕۆژ لە ڕۆژووی شەشەڵان بەڕۆژوو بووبێت  ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
بەڵێ بێگومان بەڵام ئەو پاداشتەی دەست ناکەوێت کەپێغەمبەر عليه الصلاة والسلام ئاماژەی پێداوه (من صام رمضان ثم أتبعه ستّاً من شوال فكأنما صام الدهر).
واتە : هەرکەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت پاشان بەدوایدا شەش ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت ئەوا وەک ئەوە وایە هەموو ساڵەکە ڕۆژووی گرتبێت .
(فتاوى نور على الدرب).

19- ئایا دروستە جەمع بکرێت لەنێوان ڕۆژووی شەشەڵان ودوو شەمان وپێنج شەماندا ، واتە : لەیەک کاتدا نیەتی هەردووکیان بهێندرێت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
گەر وا ڕێک کەوت ڕۆژووی شەشەڵان کەوتە دوو شەمە یاخود پێنج شەممەوە ئەوا پاداشتی ڕۆژووی شەشەڵان و دوو شەمە یاخود پێنج شەممە بەدەست دێت گەر هەردوو نیەتەکەی لێ بهێندرێت . (فتاوى نور على الدرب).

20- ئایا دروستە ڕۆژووی شەشەڵان لەبری قەزا ڕەمەزان بگیردرێت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت:
نەخێر نابێت ڕۆژووی شەشەڵان لەبری ڕۆژووی ڕەمەزان  بگیردرێت ؛ چونکە ڕۆژووی شەشەڵان بەستراوەتەوە بەڕۆژووی ڕەمەزانەوە هاوشێوەی سوننەتە ڕاتیبەکانی نوێژە فەرزەکان ، واتە : هەروەک چۆن سوننەتە ڕاتیبەکانی نوێژە فەرزەکان لەگەڵ  نوێژە فەرزەکاندا ئەنجام دەدرێن بەهەمان شێوەش  ڕۆژووی شەشەڵان لەگەڵ ڕۆژووی ڕەمەزان دا دەگیردرێت . (فتاوى نور على الدرب).

سەردان: ٥,٢٥٥ بەش: ڕۆژووى سوننەت