ئایا پارەى ئەو كەسانەى كە سەنتەرى ئینتەرنێتیان هەیە حەرامە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا پارەى ئەو كەسانەى كە سەنتەرى ئینتەرنێتیان هەیە حەرامە؟
پرسیار:

ئایا پارەى ئەو كەسانەى كە سەنتەرى ئینتەرنێتیان هەیە حەرامە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئینتەرنێت هۆكارێكە باش و خراپیشى تێدایە بە گوێرەى بەكارهێنانى ئەو كەسەیە كە بەكاریدەهێنێت، بەڵام بە شێوەیەكى گشتى ناتوانین بڵێین حەرامە، ئەگەر كەسێك بە باشى بەكاریبهێنێت سوودى زۆرى لێدەبینێت، هەروەكو كۆمپیوتەر، مۆبایل... هتد. بۆ نمونە كەسانێك چەك لە پێناوى خوادا بەكاردەهێنن وە كەسانێكى تریش بۆ كوشتنى موسڵمانان بەشێوەیەكى ناحەق بەكاریدەهێنن، كەواتە خودى ئینتەرنێتەكە هۆكارێكەو هیچ كەسێكى ئەهلى علمیشم نەبیستووە كە حوكمى حەرامى بەسەر ئینتەرنێتدا بدات، بەڵام حوكمەكەى دراوە بەسەر بەكارهێنانەكەیدا. ئەگەر پرسیارى تاكە كەسێك بكرێت، ئەوە دەڵێین تاكە كەس ئەگەر لە خواى گەورە نەترسێت و تەقواى خواى نەبێت، بەكارهێنانى توشى هەڵەى دەكات و توشى تاوانى دەكات بۆیە پێویستە بەكارى نەهێنێت. ئەگەر ئیمانەكەى ڕێگر نەبێت، بە تەنها ئینتەرنێتێكى لە ماڵەوە هەبێت ئەوە مەترسى زۆرى لێدەكرێت كە توشى گوناه و تاوان ببێت وە هەر ئەوەندەشى ئاسانە كە مرۆڤ پێى خلیسكا، كە خلیسكا دوایى زۆر دوردەكەوێـتەوەو خۆشى نازانێت وە ڕۆژ بە دواى ڕۆژ لە ڕێگاى ڕاست زیاتر دووردەكەوێـتەوە، هەروەكو خواى گەورە دەفەرموێت: [فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا بَعِيدًا] گومڕاییەكەى زۆر دوورى دەخاتەوە لە ڕێگاى ڕاست و خواپەرستى. بە نیسبەت ئەو كەسانەى كە سەنتەرى ئینتەرنێتیان هەیە، واتە ئەوان هێڵى ئینتەرنێت دابەش دەكەن بەسەر خەڵكیدا، ئەوا لێرەدا دەڵێین قاعیدەیەكى فیقهیمان هەیە (الحكم للأعم الأغلب) حوكمى شتێك (حەڵاڵ و حەرامەتییەكەى) بەگوێرەى گشت و زۆرینەیە، ئەگەر زۆرینەى ئەو خەڵكانەى كە هێڵى ئینتەرنێت ڕادەكێشن كەسانێكى لە خوا نەترس و هەرزەكارو شەهوەتبازن، بێگومان ئەو كەسە تاوانبار دەبێت كە ئەو هێڵە ئینتەرنێتییانە دابەش دەكات بەسەر خەڵكیدا و دەیفرۆشێت، وە ئەگەر زۆرینەش بۆ چاكەو بۆ كارى موباح (شتێكى حەڵاڵ) بەكاریبهێنن ئەوە (إن شاءالله) هیچى لەسەر نییە. كەواتە حوكمەكە بۆ زۆرینەیە، ئایا زۆرینە كەسانێكى خاوەن مەصاڵحى گەورەن و بۆ بازرگانى و كارى باش بەكاریدەهێنن یان كەسانێكن بۆ شەهوەتبازى و كارى خراپەو پەیوەندى خراپ بەكاریدەهێنن.
لە لایەن بەڕێز مامۆستا [عبداللطيف] ه وه وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٢٦٥ بەش: کار و بازرگانی