كچێكم خۆش ویست ئێستا وازى لێ بێنم خۆى دەسوتێنێ چى بكەم باشە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كچێكم خۆش ویست ئێستا وازى لێ بێنم خۆى دەسوتێنێ چى بكەم باشە؟
پرسیار:

كوڕو كچێك نزیكەى ساڵێكە یەكتریان خۆشدەوێت، كوڕەكە دەیەوێت وازبهێنێت لە كچەكە، بەڵام كچەكە دەڵێت ئەگەر وازم لێبهێنیت خۆم دەسوتێنم، لە كاتێكدا كوڕەكە تواناى ژنهێنانى نییە، ئامۆژگاریمان بكەن، خواى گەورە پاداشتتان بداتەوە.

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەرەتا دەڵێم ئەو پەیوەندییەى كە دروستبووە لە نێوانیان، ئەو یەكتر خۆشویستنە كارێكى بێ شەرعییە چونكە بەرەو بێ شەرعییان دەبات، وە ئەوەتا بەرەو ئەو ئاكامەى بردوون كە ئێستا یەكێك هەڕەشەى خۆ سوتاندن دەكات و ئەوى تریش تواناى ژنهێنانى نییە، بۆیە (عیشق) لە نێوانى كوڕان و كچان كارێكى خراپە.
ئامۆژگاریم بۆ هەر برایەك و هەر خوشكێك ئەوەیە كە هەریەكێكیان كەسێكى پێ باشبوو و بەدڵى بوو (لە دینى لە ئەخلاقى لە ڕەوشتى لە جوانى لە نەسەبى) با هەوڵبدات بە شێوەیەكى شەرعى داخوازى بكات، وە هیچ ڕێگرییەك نییە هەوڵبدات كە ڕازى بكات، وە ئەوەش لەبەرچاوبگرێت كە دین و ئەخلاق لە پێش جوانییە (ناڵێین با جوان نەبێت، با جوان بێت بەڵام دین و ئەخلاقەكە ئەساسە)، بە شێوەیەكى حەكیمانەو عاقڵانە، كە وەڵامیان دایتەوەو پێیان بەخشیت ئەوە مارەى بكە بۆ ئەوەى توشى حەرام نەبیت، كە نەیاندایتێ، بۆ ئەوەى توشى عاشقایەتى نەبیت و توشى گوناه نەبیت وازى لێبهێنە وە داوا لە خواى گەورە بكە كەسێكى ترت بە نسیب بكات كە باشترو گونجاوتربێت.
دروستكردنى پەیوەندى (عیشق) لە نێوان گەنجاندا بە ڕاستى كارێكى خراپەو بێ شەرعییە، ئەو قسانەى كە بە شەهوەو غەزەلەوە لەگەڵ یەكترى دەكەن وە ئەو مەوعیدانەى لەگەڵ یەكتر دایدەنێن وە ئەو نامەو نامەكارییەى كە لەگەڵ یەكتر دەیگۆڕنەوە، ئەوانە هەمووى بێ شەرعییەو خواى پەروەردگار پێى ڕازى نییە، وە سەرەڕاى ئەوەش ئەو دەرئەنجامەى كە دەیبێت كە لەوانەیە توشى (فاحشە)بن، دواى ئەوەش كە توشى كارى شەیتانى بوون، ئەو كاتە یەكتریشیان لەبەرچاو دەكەوێت، زۆرجارى وا هەبووە كە كوڕ یان كچە وازدەهێنێت، ئەو كاتە تەنها ماڵوێرانى و گوناه و ڕووڕەشییان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە (عاشقایەتى) هۆكارێكى سەركەوتوو و بەختەوەرییانە نییە، بەڵكو هۆكارى سەركەتوو و بەختەوەر ئەوەیە كە كەسێكت بەدڵ بوو بە شێوەیەكى شەرعى و جوان داخوازى بكەیت.
سەبارەت بەو دوو كەسە، بەو كوڕە دەڵێم لەبەرئەوەى تۆ خۆت توشى ئەو هەڵەیە كردووە كە تۆ ماوەیە ئەو كچەت خۆشویستووە وە ئەو كچەش پەیوەست و گیرۆدەى تۆ بووە، ئەوا با مرۆڤ ئینصاف و ویژدانى هەبێت نەچێت دواى ماوەیەك كە پەیوەندى لەگەڵ هەبووە ئێستا بەرەڵاى بكات و وازى لێبهێنێت چونكە ئەوە ستەمە، بەڵكو هەوڵبدەیت بە گوێرەى توانا خۆت كۆبكەیتەوەو داخوازى بكەیت و بیهێنیت كە دین و ئەخلاقى گونجاوبێت، بەڵام كە دەڵێیت ئامادەیى ژنهێنانت ئێستا نییە، (ئامادەیى) ئەگەر هەژارى بێت ئەوا دیارە كە ئەو كچە مەبەستى تۆیەو حەز ناكات وازى لێبهێنیت ئەوە دەبێت بە هەژارى تۆش ڕازى بێت، وە هەركەسێكیش كە داوا لە خوا بكات خواى گەورە كارى بۆ ئاسان دەكات بە تایبەتى كارى ژنهێنان، هەوڵدەیت بیگوازیتەوە و بیهێنیت (إن شاء الله) ئەوە خێرى تێدایە وە ئەگەر هەر نەشگونجا، ئەوە با بە شێوەیەكى جوان و بەویژدانانەوە دوا پەیام و نامە بداتە ئەو كچەو پێى بڵێت كە بۆم ناگونجێت یان ڕێگرییەكى وا هەیە كە لە تواناى خۆمدا نییە وە بێ ئومێدى بكات بەوەى كە دڵى بەوەوە نەمێنێت وە ئامۆژگاریشى بكات كە پەلامارى كارى خراپە نەدات و خۆى نەسوتێنێت چونكە ئێستا كە وابزانێت ئەو نەیهێنێت دنیاى دەچێت، ئەو كاتە قیامەتەكەشى لەگەڵى دەچێت، بەشێوەیەكى جوان و شەرعییانە ئامۆژگارى بكات و كۆتایى پێ بهێنێت.
لە لایەن بەڕێز مامۆستا [عبداللطيف] ه وه وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٨٦١ بەش: عیشق و خۆشەویستى