نوێژی جەژن چۆن دەكرێ ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نوێژی جەژن چۆن دەكرێ ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەكەم : نوێژی جەژنی ڕەمەزان و قوربانیش هەر دوو ڕكاتە ، " ئیمامی عومەر (خوای لێ‌ ڕازی بێت) دەفەرموێت : نوێژی سەفەر دوو ڕكاتە ، نوێژی جەژنی قوربان دوو ڕكاتە ، نوێژی جەژنی ڕەمەزان دوو ڕكاتە ، تەواون بە بێ‌ كورتكردنەوە لە سەر زمانی محمد " ( أحمد : 1 / 37 و سنده صحیح ) .
دووەم : "عەمری كوڕی شوعەیب لە باوكیەوە لە باپیریەوە بۆمان دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی : پێغەمبەر لە نوێژی جەژندا حەوت ( الله أكبر ) ی كرد لە ڕكاتی یەكەمدا ، پاشان فاتیحەی خوێند ، پاشان (الله أكبر ) ی كرد و پاشان چووە ڕكوع ، پاشان چووە سوژدە و پاشان هەستایەوە ، وە پێنج ( الله أكبر ) ی كرد و پاشان فاتیحەی خوێند ، وە پاشان ( الله أكبر ) ی كرد و چووە ڕكوع و چووە سوژدە ". ( بڕوانە : إروا‌و الغلیل : 3 / 108 ، 112 )
سێیەم : بە ( صحیح ) ی لە پێغەمبەرەوە نەهاتووە كە لە كاتی تەكبیرەكانی ناو نوێژی جەژندا دەستی بەرز كردبێتەوە ، بەڵام (ابن القیم) دەفەرموێت : (( ابن عمر لەگەڵ زۆر بە دواگەڕانی بۆ سوننەت دەستی بەرز دەكردەوە لەگەڵ هەموو تەكبیرەیەكدا )) ( زاد المعاد : 1 / 441 ) .
بەڵام باشترین ڕێنمایی ، ڕێنمایی پێغەمبەری خوایە .
شێخ ئەلبانی ( ڕەحمەتی خوای لێ‌ بێت ) دەفەرموێت : (( لەگەڵ ئەوەشدا كە لە عومەر و كوڕەكەیەوە گێڕدراوەتەوە ( واتە : دەستیان بەرز كردووەتەوە ) بەڵام ئەمە نابێت بە سوننەت بە تایبەتی كە ڕیوایەتی هەردووكیان لێرەدا ( صحیح ) نیە ، ڕیوایەتی عومەر بەیهەقی دەیگێڕێتەوە بە سەنەدێكی ( ضعيف ) ، ڕیوایەتی كوڕەكەی هێشتا نەم دۆزیوەتەوە و لە سەری ڕانەوەستاوم )) ( تمام المنە : 348 ) .
چوارەم : بە ( صحیح ) ی نەهاتووە لە پێغەمبەری خواوە –– كە زیكرێكی دیاریكراوی خوێندبێت لە نێوان تەكبیرەكاندا ، بەڵام بە سەنەدێكی ( جید ) لە ڕیوایەتی بەیهەقیدا ( 3 /291 ) هاتووە كە ( عبدالله ی كوڕی مسعود ) فەرموویەتی : " لە نێوان هەر دوو تەكبیرەیەكدا حەمد و سوپاس و ستایشی خوای تێدایە ".
پێنجەم : پێغەمبەری خوا لە پاش سورەتی فاتیحە لە ڕكاتێكدا سورەتی ( ق و القران المجید ) ی خوێندووە ، وە لە ڕكاتەكەی تریشدا سورەتی ( اقتربت الساعة و انشق القمر ) ی خوێندووە . ( مسلم : 891 ) .
یان هەندێك جار سورەتی ( سبح اسم ربك الأعلى ) (هل أتاك حديث الغاشية) ی خوێندووە . ( مسلم : 878 ) .
( ابن القیم ) دەفەرموێت : (( ئەو دوو فەرموودەیە بە صەحیحی هاتوون جگە لەوانە هیچی تر بە صەحیحی نە هاتووە )). ( زاد المعاد : 1 / 443 )
شەشەم : ئیتر بەشەكانی تری وەكو نوێژەكانی تر وایە .
حەوتەم : هەركەسێك نوێژی جەژنی فەوتا دوو ڕكات دەكات ، ( عطاء ) دەفەرموێت : " ئەگەر كەسێك نوێژی جەژنی فەوتا دوو ڕكات دەكات " ( البخاری : 1 / 134 ، 135 )
هەشتەم : تەكبیرەكان سوننەتن و وازلێهێنانیان بە ئەنقەست یان بە هەڵە نوێژ بەتاڵ ناكاتەوە ، بەڵام بێگومان پێچەوانەی سوننەتە.
لە كتێبی (حوكمەكانی هەردوو جەژن ) وەرگیراوە لە وەرگێڕانی: صلاح الدین عبد الكریم

سەردان: ٢٠,٥٢٠ بەش: نوێژى جەژن