لەم ڕۆژگارە پڕ فیتنەیەدا چۆن ئیمان و باوەڕمان بپارێزین لە لاڕێبون ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لەم ڕۆژگارە پڕ فیتنەیەدا چۆن ئیمان و باوەڕمان بپارێزین لە لاڕێبون ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله وحده، والصلاة والسلام علی من لا نبي بعده، وبعد:
گەورەترین نیعمەت باوەڕە، لەدەستدانی ئەو باوەڕەش گەورەترین زیانە، كەسێك كاڵایەكی بە نرخی هەبێت زۆر بە جوانی هەڵی دەگرێت و پارێزگاری لێدەكات و خەمی ئەوەی لە دڵدایە كەسێك هێرشی نەكاتە سەر و ئەو كاڵایەی لێ‌ ببات، ئەمە خەمی شتێكی دونیاییە كە ئەگەر لەدەستیشت بچێت لەوانەیە دوای ماوەیەك دەستت بكەوێتەوە خۆ ئەگەر هەر دەستیشت نەكەوێتەوە تاوانبار نابیت و زیان بە دواڕۆژت ناگەیەنێت.
ئێمەی موسڵمان لە باوەڕەكەمان بەنرخترمان نیە بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێكمان تاوەكو مردن بۆ پاراستن و زیاد كردن و پتەوكردنی ئەو باوەڕە بێت، وە بۆ لابردنی ئەو كۆسپ و ڕێگرانە بێت كە ڕێگە لە پتەوبوونی باوەڕەكەمان دەگرن.
موسڵمان دەبێت هەمیشە مەترسی لەوە هەبێت كە ڕۆژێك دابێت باوەڕەكەی لەدەست بدات بەتایبەتیش لەم سەردەمەدا كە شەڕ و ئاشوب و بەرەڵڵایی تێیدا بڵاوە، شەڕخواز بە ئاشتیخواز و ئاشتیخوازیش بە تیرۆریست بەرەڵڵا بە پیاوچاك و پیاو چاكیش بە دواكەوتوو لە قەڵەم دەدرێت.
بەڕاستی ئەگەر كەسێك مەترسی لەدەستدانی باوەڕی نەبێت ئەوە كەسێكی باوەڕ لاواز، و نەزانە، و لە مەترسیەكی گەورەدایە.... لێرەوە دوو نموونەتان بۆ باس دەكەم دەربارەی ترسی لەدەستدانی باوەڕ لای پێغەمبەران:
1. پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ زۆر جار ئەم دوعایەی دەكرد: " يَاْ مُقَلِّبَ الْقُلُوْبِ ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِيْنِكَ " واتە: ئەی هەڵگێڕەوەی دڵەكان دڵم جێگیر و چەسپاو بكە لەسەر ئاینەكەت.
عائیشە كە گوێی لەم دوعایە بوو پێی فەرموو: " تَخَاْفُ عَلی نَفْسِكَ ؟ " واتە: لە خۆت دەترسیت ؟
پێغەمبەری خوایش ـ صلى الله عليه و سلم ـ فەرمووی: " يَاْ عَاْئِشَة، وَمَاْ يُؤْمِنُنِي وَقُلُوبُ الْعِبَاْدِ بَيْنَ أُصْبُعَيْنِ مِنْ أَصَاْبِعِ الرَّحْمَن " (السنة لابن أبي عاصم رقم 240 وصححه الألباني)، واتە: ئەی عائیشە، چ شتێك دڵنیام دەكات لە كاتێكدا كە دڵی بەندەكان لە نێوان دوو پەنجەیە لە پەنجەكانی خوای میهرەبان (چۆنی بوێت وای لێدەكات).
كە پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ لە خۆی ترسا بێت بەو باوەڕە تۆكمەیەوە كە هەیبووە ئەی من و تۆی باوەڕ لاواز چین كە نەترسین و بێخەم بین !
2. پێغەمبەر ئیبراهیم ـ عليه السلام ـ لە یەكێك لە دوعاكانیدا ـ كە خوای گەورە لە قورئاندا باسی كردووە ـ فەرموویەتی: [ وَاجْنُبْنِي وَبَنِيَّ أَنْ نَعْبُدَ الْأَصْنَامَ ] (إبراهيم: 35)، واتە: وە پەروەردگارم خۆم و نەوەكانم بەدوور بگرە لە پەرستنی بتەكان.
سبحان الله ! پێغەمبەر ئیبراهیم ـ علیه السلام ـ كە پێشەوای یەكخواپەرستان و شكێنەری بتەكان بووە و وازی لە باوك و گەلەكەی هێناوە لەبەر ئەوەی بتپەرست بوون، هێشتا دەترسێت لەوەی ڕۆژێك دابێت خۆی و نەوەكانی تووشی بتپەرستی ببن !
بۆیە زانایان فەرموویانە: ((فَمَنْ يَأْمَنُ الْبَلاَءَ بَعْدَ إِبْرَاْهِيْم ؟!)) واتە: كێ‌ هەیە بێترس بێت لە تووش بوون بە بەڵا لە دوای ئیبراهیم ؟!
هۆكارەكانی لەدەستدانی باوەڕ و لاڕێبوون
1. خوێندنەوەی هەموو بابەتێك  
هەموو نوسراوێك دەخوێنمەوە ئەگەر چاك بوو ڕەفتاری پێدەكەم ئەگەر خراپیش بوو بە قسەی ناكەم و جێبەجێ‌ی ناكەم، بە ڕاستی ئەمە فێڵێكی زۆر گەورەی شەیتانە لەم ڕێگەیەوە زۆرێك لە خەڵكی موسڵمانی سەرلێشێواو كردووە، چونكە زۆربەی خوێنەران ئەوەندە شارەزانین هەموو چاك و خراپێك لێك جیابكەنەوە بەمەش زۆرێك لە خراپەكان بە چاك تێدەگەن و لە ناخیاندا دەچەسپێت.
جا داوا لە خوێنەری بەڕێز دەكەم كاتە كەم و بەنرخەكانی بە خوێندنەوەی بابەتە چاكەكانەوە بەسەرببات كە سوپاس بۆ خوا سبحانە زۆر زۆرن و ئەگەر پێوەی خەریك بیت كاتەكانت تەنها بەشی ئەوە دەكات.
2. گوێگرتن لە هەموو كەسێك
ئەوەی ڕوونە لای هەموو كەسێك قسەكەران دابەش دەبن بۆ دووبەش: چاك و خراپ، جا پێویستە پێش ئەوەی گوێ‌ لە كەسێك بگریت بزانیت یان ئەگەر نەتزانی پرسیار بكەیت ئایا ئەو كەسەی دەتەوێت گوێ‌ لە قسەكانی بگریت كەسێكی بیروباوەڕ چاك و بەڕەوشت و ڕێباز دروستە یان كەسێكی لاڕێ‌ و بەدڕەوشتە، كە بۆت ڕوون بوویەوە ئەوسا گوێ‌ لە چاكەكەیان بگرە و خراپەكەیان وەلابنێ‌، ئەگەر وانەكەیت ئەوسا باوەڕەكەت پووك دەكەیت.
3. سەیركردنی هەموو شتێك 
چاو بەرەڵڵاكردن بۆ سەیركردنی هەموو شتێك خۆكوشتنە، چونكە زۆربەی ئەو شتانەی پیشان دەدرێت خراپن و مرۆڤ بۆ بەدڕەوشتی بانگ دەكەن، جا تۆ كە حەزت لە ڕەوشت بەرزیە تەنها كاتەكانت كە ژیانی تۆیە بۆ سەیركردنی شتی باش تەرخان بكە كە زۆرن بۆ كەسێك حەزی لێبكات.
كۆتایی
جا با هەریەك لە ئێمە خەمی گەورەی پاراستنی باوەڕەكەی بێت، خەمێك هاندەربێت بۆ كردەوەی چاكە نەك بۆ نائومێدی و ڕەشبینی.
خەمێك فرمێسك لە چاوەكانمان دابارینێ‌، و قورئان خوێندن و یادی خوامان بیر بخاتەوە.
كۆتایی باسەكەم بە دوعایەكی پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ دەهێنم كە فەرموویەتی: " يَاْ وَلِيَّ الإِسْلاَمِ وَأَهْلِهِ مَسِّكْنِي بِالإِسْلاَمِ حَتَّى أَلْقَاْكَ عَلَيْهِ " (الصحيحة: 1833)، واتە: ئەی دۆست و پشتیوانی ئیسلام و موسڵمانان پەیوەستم بكە بە ئیسلامەوە تاكو دەگەم بە دیدارت لەسەری.
والحمد لله رب العالمین، والصلاة والسلام علی رسول الله الأمین

سەردان: ٥,٦٢٦ بەش: بیروباوه‌ڕ