ئایا پێغەمبەریش صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نابێت فەتوا بدات ؟!!!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا پێغەمبەریش صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نابێت فەتوا بدات ؟!!!

یەكێك لە نیشانەكانی نزیك بونەوەی هاتنی ڕۆژی دوایی ئەوەیە كە كار و كردەوەكان بدرێت بەدەستی كەسانی ناشیاو وناشایستە لەبوارەكانی ژیاندا ، هەروەك لە فەرموودەدا هاتووە : ((إِذَاْ وُسِّدَ الأَمْرُ إِلَى غَيْرِ أَهْلِهِ فَانْتَظِرِ السَّاْعَةَ)) (1) .
وە لە نیشانەكانی تری ئەوەیە كە كەسانی مایە پوچ لە زانینی شەرعی و بێ‌ نرخ لە بازاری زانست و زانیاریەكانی دێنەگۆ و قسە لە كاروباری گەورەی موسڵمانان دەكەن ، و دەبنە قوێخا و دەم سپی موسڵمانان ، هەروەك لە فەرموودەدا هاتووە : عَن أبي هريرة : (( وَيَنْطِقُ فِيهَا الرُّوَيْبَضَةُ قِيلَ : وَمَا الرُّوَيْبَضَةُ ؟ قَالَ : الرَّجُلُ التَّافِهُ يَتَكَلَّمُ فِي أَمْرِ العَامَّةِ )) (2) .
بێگومان ئەمڕۆی خۆمان ئەو ڕۆژگارەیە كە ئەو فەرموودانەدا باسیان لێوەكردووە ، چونكە دەبینیت كەسانێكی گورگ ئاسا لە پێستی مەڕ ، و نەخوێندەوار بە شەریعەت ، و چەواشەكار ، ئاوەژووكاری ڕاستیەكان كراوون بە لێكۆڵەر !!! و پسپۆڕ !!! و شاڕەزا !!! ، و چەندەها نازناوی تری ڕووكەشی ناوبۆشیان پێبەخشراوە ، و لە ناوەندەكانی ڕاگەیاندا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پڕوپاگەندەیان بۆ دەكرێت !!! و ڕەواج بە بۆچوون عەنتیكە و سەرسوڕهێنەرەكانیان دەدرێت !!! كە لە ڕاستیدا هەموو ئەو بۆچوونانە مایە پوچیانە ، و نەخوێندەوارێتیانە لە شەریعەتدا ، و دەبێت ئەو جۆرە كەسانە بهێنرێن فیری ئەلف و بێی شەریعەت بكرێنەوە ، یان حجریان بخرێتە سەر لە بەر هۆكارە هزری و دەروونیەكان .
یەكێك لەو ووتە نامۆیانەی كە لە میژووی 1400 ساڵەی ئیسلامدا نەبیستراوە ، بەڵكو بگرە لەسەردەمانی پێش ئەوەش لە هیچ دین و دیانەتێكەوە نەبیستراوە كە ووتەی عەنتیكەی وا بووترێت ئەوەیە : كە بابایەكی بەناو پسپۆڕ لە بواری كاروباری ئایینی دەڵێت : فەتوا و فەتوادان تایبەتە بەخوای پەروەردگار ، و كەس بۆی نیە فەتوا بدات ، ئەگەر ئەو فەتوادەرەش پێغەمبەری خوا بێت صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، یان زانایەك بێت لە زانایانی ئاین !!!! لەوەش سەیر تر ئەوەیە كە بەڵگە بە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز دەهێنێـەوە !!!!
بەڵام بەڵگە هێنانەوەكەی وەكو ئەو كابرایەیە كە پاش دەمەدەم و مشتومڕێكی زۆر و بەڵگە هێنانەوە لەسەر ئەوەی كە تەڵاقی سێ‌ بەسێ‌ ناكەوێت ؟ دەڵێت : ئەی باشە بەڵگەی [قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ] چی لێدەكەی ؟! پێی ووترا : ئەمە هیچ پەیوەندی بە تەڵاقەوە نیە !!! ئەم جارەیان دەڵێت : ئەی بەڵگەی : [قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ الْفَلَقِ] چی لێدەكەیت ؟ یان بەڵگەی : [قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ] چی لێدەكەیت ؟
بێگومانم ئەم جۆرە ووتەیە بێ‌ بنەوایە لە كەسانێكی نەخوێندەوار بە شەریعەت و بێ‌ ئاگاوە لە سەرچاوەكانیەوە دەكەوێتەوە ، چونكە ئەگەر تەنانەت بڕوانینە ئەو ئایەتانەش كە ـ بە گومانی خۆی ـ بە بەڵگەیان دەیانهێنێتەوە دەبینن نەبەڵگەی ئەوەیان تێدایە ، و نەش نكوڵی لەوە دەكەن كە تەنانەت پێغەمبەریش صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بۆی نیە فەتوا بدات .
ئەم كوڵكە نەخوێندەوارە بەڵگە بە ئایەتی [ وَيَسْتَفْتُونَكَ فِي النِّسَاءِ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِيهِنَّ ... ] ( النساء : 127 ) !!! ، و ئایەتی : [ يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ ... ] ( النساء : 176 ) دەهێنێتەوە .
بەڵام ئەگەر ووردبینەوە لە ئایەتەكان دەبینین : ئایەتەكان نكوڵی لەوە ناكەن كە موسڵمانان داوای فەتوا لە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بكەن ، یان نابێت پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەتوا بۆ موسڵمانان بدات ، بەڵكو لە ئایەتەكاندا ئیقراری هەردوكیان كراوە ، چونكە ئەگەر ئەو دوو كارە قەدەغەكراو و نادروست بوونایە دەبوایە هەر خودی ئایەتەكان نكوڵیان لێیان بكردایە ... ئەمە لە لایەكەوە .
لە لایەكی ترەوە : هیچ ووشەیەك یان بڕگەیەكی ئایەتەكان واتای ئەوە نادادات كە تەنها خودا دەبێت فەتوا بدات ، و نابێت تەنانەت پێغەمبەرەكەشی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەكاری فەتوادان هەستێت و فەتوا بدات !!! چونكە ئایەتەكان تەنها باس لەوە دەكەن كە موسڵمانان پرسیاریان لە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كردووە و داوای فەتوایان لێكردووە سەبارەت بە ئافرەتان و كەلالە ، و خوای پەروەردگار پێی فەرمووە لە وەڵامیان بڵێ‌ : ... هتد . جا نازانم لە كوێی ئایەتەكە ئاماژە بەو زانستە دەكات كە بەدرێژایی چواردە سەدە موسڵمانان پەیان پینەبردووە ، و نەیانزانیوە ؟!! و ئێستا خەڵكانێكی كۆڵكە خوێندەوار پەی پێدەبەن ، و دەیدۆزنەوە !!!!
پێشینان ڕاستیان فەرمووە : ((مَنْ دَخَلَ فِي غَيْرِ فَنِّهِ أَتَى بِالْعَجَاْئِبِ)) ، واتە : هەر كەسێك دەستوەرداتە پسپۆریەك جگە لە پسپۆریەكەی خۆی شتی سەرسۆڕهێنەری لێدەكەوێتەوە !!!
لەلای سێ‌یەمیشەوە ئەگەر ئەم بابا بەناو خوێندەوارانە ـ كە پسپۆڕ و شارەزا و لێكۆڵەرن ، بەلاف و گەزافی خۆیان !!! ـ ، دەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەكانی شەریعەت ، ئەو كاتە بۆیان دەردەكەوت كە فەتوادان پیشە و كاری پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و زانایانی میراتگرێتی ، نەك بە هەموو ڕاشكاویەكەوە بڵێن : كەس بۆی نیە فەتوا بدات !!!
بۆ نموونە ئەگەر بگەڕایەنەوە بۆ پەرتوكی ( صحیح ) ـی هەریەك لە پێشەوایان بوخاری موسلیمدا ئەوا دەیانبینی لەو سەرچاوانەدا هاتووە كە پێشەوا عومەر داوای فەتوای لە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كردووە ، ئەوەش بەم شێویە : عَنِ عَبْدِاللَّهِ بنِ عُمَرَ أَنَّ عُمَرَ اسْتَفْتَى النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ : هَلْ يَنَامُ أَحَدُنَا وَهُوَ جُنُبٌ ؟ قَالَ : « نَعَمْ ؛ لِيَتَوَضَّأْ ، ثُمَّ لْيَنَمْ ، حَتَّى يَغْتَسِلَ إِذَا شَاءَ » (3) .

كەواتە پێشەوا عومەر داوای فەتوای لە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كردووە و ئەویش بە بێ‌ نكوڵی وەڵامی داوەتەوە و نەیفەرمووە فەتوا كاری من نیە ، چاوەڕوانی ئەوەبە خودا فەتوات بداتێ‌ !!!
وە هەر لەم دوو سەرچاوەدا هاتووە : عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا أَنَّهُ قَالَ : اسْتَفْتَى سَعْدُ بْنُ عُبَادَةَ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي نَذْرٍ كَانَ عَلَى أُمِّهِ ، تُوُفِّيَتْ قَبْلَ أَنْ تَقْضِيَهُ ؟ قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : « فَاقْضِهِ عَنْهَا » (4) .
لەم فەرموودەیەشدا نە هاوەڵەكە ئەوەی بەناشیاو و نادروست زانیوە كە داوای فەتوا لە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بكات ، و نەش پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نكوڵی ئەو داواكردنەی فەتوای كردووە ، و نەشی فەرمووە : چاوەڕوان بە ئەوە كاری من نیە دەبێت تەنها خوای پەروەردگار فەتوات بۆ بدات !!!
وە یان هەر لەم دوو سەرچاوەیە هاتووە : عَنْ عُقْبَةَ بْنِ عَامِرٍ : أَنَّهُ قَالَ : نَذَرَتْ أُخْتِي أَنْ تَمْشِيَ إِلَى بَيْتِ اللَّهِ حَافِيَةً ، فَأَمَرَتْنِي : أَنْ أَسْتَفْتِيَ لَهَا رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، فَاسْتَفْتَيْتُهُ ، فَقَالَ : « لِتَمْشِ وَلْتَرْكَبْ » (5).
لەگەڵا هەموو ئەوانەی كە داوای فەتوا لە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كراوە و هاوەڵانی بەڕێزی داوای فەتوایان لێكردووە ، و فەتوای بۆ داوون ، بە ئوممەتەكەشی ڕاگەیاندووە كە هەر یەك لە ئوممەتەكەی فەتوای بۆ درا ، و فەتواكە هەڵە بوو ، ئەوا فەتوا بۆ دراوەكە تاوانی نیە ، و تاوانی هەڵەكردنەوكە دەكەوێتە سەر فەتوادەرەكە ، هەروەكو لە فەرموودەیەكدا هاتووە :
عَنْ أَبِي هُرَيْرَة رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَاْلَ : قَاْلَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : " مَنْ أُفْتِىَ بِفَتْيا غَيْرَ ثَبْتٍ فَإِنَّمَاْ إِثْمُهُ عَلَى مَنْ أَفْتَاْهُ " (6) .
ئەمەش ئەوەی لێدەفامرێت : كە فەتوا جگە لە پێغەمبەریش صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خەڵكانێكی تر دەتوانن بیدەن ، وە تاوانی فەتوای هەڵەش لەسەر فەتوادەرەكەیە نەك فەتوا وەرگرەكە ... .
وە ئەوەشی لێدەفامرێت : كە نابێت بووترێت : فەتوا تایبەتە بە خوای پەروەردگارەوە ، چونكە فەرموودەكە باس لە هەڵەكردن دەكات لە فەتواداندا ، ئەو تایبەت كردنەش خوازیاری ئەوەیە كە ـ نَعُوذُ بِاللَّهِ ـ خوای پەروەردگار فەتوای نادروست و هەڵە دەدات !!!
وە هەروەها پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئوممەتەكەشی لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە لەسەردەمانی كەم بوونەوە و نەمانی زانایان و هاتنە مەیدانی نەزانەكان فەتوای بێ‌ زانستی دەدرێت و دەبێتە هۆی گومڕاكردنی خودی فەتوادەر و خەڵكەكەش ، هەروەكو لێی دەگێڕنەوە :
عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرِو بْنِ الْعَاصِ قَالَ : سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ : « إِنَّ اللَّهَ لاَ يَقْبِضُ الْعِلْمَ انْتِزَاعاً يَنْتَزِعُهُ مِنْ الْعِبَادِ ، وَلَكِنْ يَقْبِضُ الْعِلْمَ بِقَبْضِ الْعُلَمَاءِ ، حَتَّى إِذَا لَمْ يُبْقِ عَالِماً اتَّخَذَ النَّاسُ رُؤُوساً جُهَّالاً ، فَسُئِلُوا ، فَأَفْتَوْا بِغَيْرِ عِلْمٍ ؛ فَضَلُّوا ، وَأَضَلُّوا » (7).
ئەم فەرموودەیەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە : هەر فەتوایەك لەسەر زانست بێت هۆكاری هیدایەتی فەتوادەر و پرسیاركارەكەیەتی .

ۆآخِرُ دَعْۆانَاْ أَنِ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَاڵمِینَ

مامۆستا عدنان بارام 

پەراوێزەكان :

(1) ( رواه البخاري ، برقم : 59 ) .
(2) ( رواه أحمد في مسنده ، وصححه الألباني في صحيح الجامع ، برقم : 3650 ) .
(3) ( رواه البخاري في صحيحه ، برقم : 289 ، ومسلم في صحيحه ، برقم : 729 ) .
(4) ( رواه البخاري في صحيحه ، برقم : 2761 ، ومسلم في صحيحه ، برقم : 4323 ) .
(5) ( رواه البخاري في صحيحه ، برقم : 1866 ، ومسلم في صحيحه ، برقم : 4339 ) .
(6) ( حسنه الألباني في صحيح الجامع ، برقم : 6069 ) .
(7) ( رواه البخاري في صحيحه ، بَاب كَيْفَ يُقْبَضُ الْعِلْمُ ، برقم : 100 ، ومسلم في صحيحه ، برقم : 6971 ) .

 

سەردان: ٢,٣١٠ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان