ئادابەكانی پۆشینی جل و بەرگ کامانەن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئادابەكانی پۆشینی جل و بەرگ کامانەن؟

 پێشەكی

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وآله وصحبه أجمعين , وبه نستعين .
((ئادابەكانی پۆشینی جل و بەرگ ))
1.سوننەتە لەكاتی پۆشینی جل و بەرگدا بڵێیت: (الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي كَسَانِي هَذَا وَرَزَقَنِيهِ مِنْ غَيْرِ حَوْلٍ مِنِّي وَلَا قُوَّةٍ)(1) ، واتە: سوپاس و ستایش بۆ ئەو خودایەی كە ئەم جلەی پێبەخشیم و پێی پۆشیم بەبێ‌ هیچ هەوڵ و كۆشش و توانایەكی خۆم . پێغەمبەری خودا دەفەرموێت هەركەسێك لە كاتی پۆشینی جل وبەرگدا ئەم زیكرە بڵێت خوای گەورە لەگشت تاوانە بچووكەكانی رابردوو و داهاتووی خۆش دەبێت( 2) .
2.وە سوننەتە لەكاتی پۆشینی جلێكی تازە و نوێدا بڵێیت: (اللَّهُمَّ لَكَ الْحَمْدُ كَمَا كَسَوْتَنِيهِ أَسْأَلُكَ خَيْرَهُ وَخَيْرَ مَا صُنِعَ لَهُ وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ شَرِّهِ وَشَرِّ ما صنع له)(3 ) .
واتە:خودایە سوپاس و ستایش بۆ تۆ كە ئەم جلە نوێیەت پێبەخشیم (سوننەت وایە ناوی خودی جلەكە بڵێی) ,داوای خێرو چاكەی ئەم جلەت لێدەكەم , وە داوای خێرو چاكەی ئەوەی بۆی دروست كراوە ,وە پەنات پێدەگرم لەشەڕ و خراپەی ئەم جلە , وە ئەوەی بۆی دوروستكراوە( 4 ) .
3. وە سوننەتە ئەگەر موسڵمانێكت بینی جلێكی نوێ و تازەی پۆشی بوو پێی بڵێیت: (إلبَسْ جديداً وعِشْ حميداً ومُتْ شهيداً)(5 ) ، واتە:خوای گەورە جلی نوێت پێببەخەشێت ,وە ژیانێكی باش و پر خێر بەسەر ببەیت ,وە بەشەهیدی وەفات بكەیت(6).
عەبدوللای كوڕی ئیمامی عومەر (خوای گەورە لە خۆی و باوكی ڕازی بێت) دەڵێت جارێكیان پێغەمبەری خوا ئیمامی عومەری بینی جلێكی سپی پۆشی بوو,پێی فەرموو ئەی عومەر ئەم جلەت تازە ونوێیە یان شوشتراوە؟ ئمامی عومەر ووتی ئەی پێغەمبەر خوا تازە و نوێیە , ئینجا پێغەمبەری خوا ئەم دوعایەی بۆ كرد:(البَس جديداً وعش حميداً ومت شهيداً)( 7). وەهەروەها أبو نچرە دەڵێت:ئەگەر یەكێك لە هاوەڵانی پێغەمبەری خوا جلێكی تازە ونوێی پۆشیبوایە پێی دەوترا:(تُبلي ويُخلفُ الله تعالى)( 8 ) ، واتە:ئەم جلە ماوەیەكی زۆر بپۆشیت وبیڕزێنیت ,پاشان خوای گەورە جلێكی ترت بۆ بخاتە شوێنی(9 ) .
4.وە سوننەتە لەكاتی پۆشینی جل وبەرگدا لای راست پێش لای چەپ بخەیت : أبو هریرە دەڵێت:( كَانَ رَسُولُ اللَّهِ إِذَا لَبِسَ قَمِيصًا بَدَأَ بميامنه)( 10). واتە:پێغەمبەری خوا ئەگەر جلێكی قەمیسی بپۆشیبوایە بەلای راست دەستی پێدەكرد.
5.گرینگی دان بە پاك و خاوێنی جل و بەرگ: جابری كوڕی عبدلله دەڵێت:پێغەمبەری خوا هاتە لامان پیاوێكی بینی سەرو پرچی ئاڵۆز و ناڕێك بوو , فەرمووی ئایە ئەو كەسە شتێكی دەست ناكەوێت سەر و پرچی پێ ڕێك و داهێنراو بكات ؟ وە پیاوێكی تری بینی جلێكی پیسی لەبەر بوو , فەرمووی:وە ئەم كەسەش ئایە ئاوی دەست ناكەوێت جلەكەی پێ بشوات ؟( 11).
6.نابێت پیاوان جلی خوارەوەیان درێژ بێت بۆ خوارەوەی قولەپێیان (العکبین) : پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:( مَا أَسْفَلَ مِنَ الْكَعْبَيْنِ فَفِي النَّارِ)( 12).
واتە:هەر پیاوێك شەرواڵەكەی لە خوار گوێزینگی یەوە(قولەپێ‌ ی) بێت ئەوا ئەو شوێنەی لەئاگری دۆزەخدایە. (13 ) .
بەڵام جلی ئافرەتان دەبێت درێژبێت بۆ ژێر پێیان بۆ ئەوەی پێیەكانیان دەرنەكەوێت , جارێكیان (أم سلمە) بە پێغەمبەری خوای فەرموو ئەی ئافرەتان چی لە جلی خۆیان بكەن ؟ فەرمووی با بستێك لە ژێر پێیان درێژ بێت ,أم سلمە ووتی:ئەگەر تەنها بستێك لەژێر پێیان درێژ بێت پێیە كانیان دەردەكەوێت(بەهۆی بەركەوتنی دارێك یان بەردێك لە كاتی ڕۆیشتنیان)پاشان پێغەمبەری خوا فەرمووی (فَيُرْخِينَه ذِرَاعًا لَا يزدن عَلَيْهِ)( 14). واتە: با بە ئەندازەی قۆڵێك درێژی بكەنەوە و زیاتر بەسەری درێژ نەكەنەوە .
7.نە پۆشینی جلی تەنك و تەسك: پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:( صِنْفَانِ مِنْ أَهْلِ النَّارِ لَمْ أَرَهُمَا: قَوْمٌ مَعَهُمْ سِيَاطٌ كَأَذْنَابِ الْبَقَرِ يَضْرِبُونَ بِهَا النَّاسَ وَنِسَاءٌ كَاسِيَاتٌ عَارِيَاتٌ مُمِيلَاتٌ مَائِلَاتٌ رؤوسهم كَأَسْنِمَةِ الْبُخْتِ الْمَائِلَةِ لَا يَدْخُلْنَ الْجَنَّةَ وَلَا يَجِدْنَ رِيحَهَا وَإِنَّ رِيحَهَا لَتُوجَدُ مِنْ مَسِيرَةِ كَذَا وَكَذَا)(15 ).
واتە: دوو جۆر هەن لەخەڵكی ئەهلی ئاگرن من نەمبینیون,جۆرێكیان قامچیان پێیە وەكو كلكی مانگا وان پێی لەخەڵكی دەدەن,وەجۆری تریان ئافرەتانێكن بە حیساب جلیان لەبەرە بەڵام لە ڕاستیدا ڕووتن(بەهۆی تەنكی و تەسكیان),وە لە كاتی ڕۆیشتندا خۆیان بادەدەن و سەرنجی پیاوان بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن,پرچیان كۆدەكەنەوە لەسەر سەریان وەكو پشتی وشتر,ئەم جۆرە ئافرەتانە ناچنە بەهەشت وە بۆنیشی ناكەن كەچی بۆنی بەهەشت دەكرێت لە مەودایەكی زۆر زۆر دوور .
وە پیاوانیش بۆیان دروست نیە جلی تەنك و تەسك بپۆشن .
8.نابێ پیاوان جل وبەرگی تایبەت بە ئافرەتان بپۆشن,وە نابێت ئافرەتانیش جل و بەرگی تایبەت بە پیاوان بپۆشن : پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (لَعَنَ اللَّهُ الْمُتَشَبِّهِينَ مِنَ الرِّجَالِ بِالنِّسَاءِ والمتشبِّهات من النِّسَاء بِالرِّجَالِ)( 16).
واتە:خوای گەورە نەفرەتی كردووە لەو پیاوانەی خۆیان دەشوبهێنن بە ئافرەتان ، وە ئەو ئافرەتانەی خۆیان دەشوبهێنن بە پیاوان .
وە أبو هریرە دەڵێت:( لَعَنَ رَسُولُ اللَّهِ الرَّجُلَ يَلْبَسُ لِبْسَةَ الْمَرْأَةِ وَالْمَرْأَةَ تَلْبَسُ لِبْسَةَ الرَّجُلِ)( 17).
واتە:پێغەمبەری خوا نەفرەتی كردووە لەوپیاوەی جلەكەی وە كو ئافرەت دە پۆشێت,وە ئەو ئافرەتەی جلەكەی وەكو پیاو دەپۆشێت(18 ).
وەهەروەها نابێت پیاوان و ئافرەتان خۆیان بە كافران بشویهێنن لە جل وبەرگ و غەیری جل وبەرگیش,پێغەمبەری خوا دەفەروێت: ( مَنْ تَشَبَّهَ بِقَوْمٍ فَهُوَ مِنْهُمْ)(19 ).
واتە:هەركەسێك خۆی بشوبهێنێت بەهەر گەلێك (لە كافران) ئەوە لەوانە لەم سیفەتەدا.
9.نابێت پیاوان جلی حەریر بپۆشن ,بەڵام بۆ ئافرەتان دروستە: پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:(حُرّمَ لباسُ الحريرِ والذهبِ على ذكورِ أمتي وأُحِلَّ لإناثِهم)(20 ).
واتە:حەڕام كراوە پۆشاكی حەریر، وە هەروەهالەبەركردن و بە خۆوە كردنی زێڕ لەسەر پیاوانی ئوممەتەكەم ,وە حەڵاڵ كراوە بۆ ئافرەتانی ئوممەتەكەم .
10.نابێت پیاوان و ئافرەتان جلی شوهرە بپۆشن: واتە ئەو جلەی كە خاوەنەكەی پێی لەناو خەڵك مەشهور دەبێت و بەچاوێكی سەیر تەماشای دەكەن, پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (مَنْ لَبِسَ ثَوْبَ شهرةٍ منَ الدُّنْيَا أَلْبَسَهُ اللَّهُ ثَوْبَ مَذَلَّةٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ)( 21).
واتە:هەركەسێك جلی شوهرە لە دونیادا بپۆشێت خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا جلی زەلیلی و شەرمەزاری پێدەپۆشێت .
11.ئافرەتان لەكاتی نوێژكردنیاندا دەبێت گشت لاشەیان بە جلێكی فراوان و ئەستوور دابپۆشن: تەنها دەست و دەم و چاویان نەبێت(22 ) ، ئەگەر هاتوو جگە لە دەست و دەم وچاو یان شوێنێكیان لە نوێژدا دەركەوت ئەوە نوێژەكەیان دروست نیە،چونكە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:( لَا يَقْبَلُ اللهُ صَلَاةَ حَائِضٍ إِلَّا بِخِمَارٍ)(23 ).
واتە:خوای گەورە نوێژی هیچ ئافرەتێكی بالغ قەبول ناكات تەنها بە داپۆشینی پرچی سەری نەبێت .
وە لە فەرمودەیەكی تردا دەفەرموێت:(المرأةُ عورةٌ)( 24) ، واتە: ئافرەت عەورەتە .
12.وە پیاوانیش نابێت لە كاتی نوێژكردنیاندا جلێكی وا بپۆشن ببێتە مایەی دەركەوتنی عەورەتیان,وەنابێت سەرشانیان ڕووت بێت لە كاتی نوێژكردنیان:چونكە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (لَايُصلينَّ أحدكُم فِي الثَّوْب الْوَاحِد لَيْسَ على عَاتِقيهِ مِنْهُ شَيْء )( 25).
واتە: با هیچ یەكێك لە ئێوە نوێژ نەكات لە جلێكدا كە هیچ شتێكی لەم جلە لەسەر هەردوو شانەكانی نەبێت .
13.وە دروست نیە بۆ هیچ كەسێك لە پیاوان و ئافرەتان و منداڵان كڕین و پۆشینی ئەم جۆرە جل و بەرگانەی وێنەی مرۆڤیان وگیانلەبەرانیان لەسەرە(26 ) ، وە زانایان دەڵێن دروست نیە نوێژ بەم جۆرە جل و بەرگانە ئەنجام بدرێت ,بەڵام ئەگەر كەسێك نوێژی بەم جۆرە جل و بەرگانە كرد ئەوە نوێژەكەی دروستە بەڵام تاوان باردەبێت ئەگەر بزانێت پۆشینی ئەم جۆرە جلانە دروست نیە(27 ) ، وەهەروەها دروست نیە پۆشینی ئەو جلە وێنەی سەلیبی لەسەرە , یان نوێژكردن پێی .
14.وەهەروەها دروست نیە پۆشین و كرینی ئەم جۆرە جلانەی نوسراوی ناشەرعی لەسەرە: جا بەهەر جۆرە زمانێك بێت,بۆیە پێویستە موسڵمان بزانێت پێش ئەوەی جلێك بكڕێت با باش سەیری بكات,ئەگەر نوسراو یان وێنەی لەسەر بوو با نەیكڕێت ،چونكە زانایان دەڵێن كڕین و فرۆشتنی ئەم جۆرە جلانە حەڕامە و دروست نیە( 28).
15.وە نابێت زیاد لە پێویست جل و بەرگ بكڕدرێت: چونكە دەبێتە ئیسراف,وە حوكمی ئیسرافیش لە ئیسلامدا دروست نیە و حەڕامە,پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:(كُلُوا واشربوا وتصدقوا والبسوا في غير إسراف ولا مَخِيلة)( 29).
واتە :بخۆن و بخۆنەوە و خێر بكەن وجل بپۆشن بەبێ‌ زیادە پێویست و لەسنوور دەرچوون ، وە بەبێ‌ خۆ بەگەورە دانان و سەرسام بوون .
16.نابێت ئافرەتان بۆنی خۆش لە جلەكانیان بدەن لەو كاتەی دەچنە دەرەوە وە لەماڵیان بۆ ئەو شوێنانەی گومانی بوونی پیاوی بێگانەی لێدەكرێت,بۆ ئەوەی هەست بە بۆنی جل و بەرگەكەی نەكەن: پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: ( إذا استعطرت المرأة فمرت على القوم ليجدوا ريحها فهي زانية)(30 ).
واتە:ئەگەر ئافرەت بۆنی خۆشی بەكارهێنا,ئینجا تێپەری بەلای پیاوانی نامەحرەم بۆ ئەوەی بۆنی خۆشی لێبكەن ئەوە ئەو ئافرەتە وەكو ئافرەتی زینا كار وایە،(چونكە بەهۆی ئەم بۆنە خۆشەی پیاوان والێدەكات سەیری بكەن,وە هەر پیاوێكیش سەیری بكات ئەوە بەچاو زینای لەگەڵ كردووە و ئافرەتەكە بووەتە هۆكاری زینای چاوی پیاوەكە(31 ).
بەڵام ئەگەر ئافرەت خۆی لە پیاوی نامەحرەم بە دوور بگرێت بۆی هەیە بۆنی خۆش لە خۆی بدات.
17.وە سەبارەت بە جل و بەرگی سوور بۆ پیاوان خیلاف هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە دروستی ونادروستی: زانایانی مەزهەبی مالكی و شافعی بە دروستیان داناوە ، وە زانایانی مەزهەبی حەنەفی و حەنبەلی بە مەكروە و خراپیان داناوە ، وە هەریەك لەم مەزهەبانە بەڵگەی خۆیان پێیە( 32) ، بەڵام شێخ ئەلبانی رەحمەتی خوای گەورەی لێبێت لە كتابی(أصل صفة الصلاة النبی ) دەڵێت: مەزهەبی شافیعی و مالیكی تەواو ترە,چونكە ئەو فەرمودانەی باسی نەهی كردن دەكات لە پۆشینی جلی سوور هیچیان صحیح نین (33 ) .
18.لە كاتی داكەندنی جل و بەرگدا بڵێ‌ (بسم الله): چونكە پێغەمبەری خوا لە فەرمودەیەكی صەحیحدا دەفەرموێت پەردە لە نێوان چاوی جنۆكەكان و بەنی ئادەم كاتێك دەچن بۆحەمام و سەرئاو ووتنی (بسم الله) یە ، كەواتە وتنی (بسم الله) دەبێتە مایەی پەردە لە نێوان چاوەكانی جنۆكەو لاشەی تۆ كاتێك جلەكانت دادەنێت .
وآخر دعواناأن الحمد لله رب العالمين
اللهم تقبل منا إنك أنت السميع العليم
وتب علينا إنك أنت التواب الرحيم
وصلى الله على نبينا وآله وصحبه وسلم
مامۆستا هەڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی
====================
( 1) صحيح الجامع:6086.
( 2) صحيح الجامع:6086.
( 3) الجامع الصغير وزيادته:8793.
( 4) مرقاة المفاتيح شرح مشكاة المصابيح:7/2780.
(5 ) الصحيحة:352.
(6 ) شرح حصن المسلم:62.
(7 ) الصحيحة:352.
( 8) صحيح الترمذي:1838.
( 9) عون المعبود:11/44.
(10 ) صحيح الجامع:4779.
( 11) الصحيحة:493.
(12 ) صحيح الجامع:5529.
( 13) حاشية السوطي على سنن النسائي:8/198.
( 14) رواه النسائي والترمذي وصححه.
( 15) رواه مسلم:2128.
(16 ) صحيح ، مشكاة المصابيح :4429 .
(17 ) صحيح مشكاة المصابيح:4469.
( 18) شرح سنن ابي داود للعباد:5/460.
( 19) حسن,مشكاة المصابيح:4347.
( 20) إرواء الغليل:277.
(21 ) حسن,مشكاة المصابيح:4346.
( 22) مجموع فتوى ابن باز:10/409.
( 23) صحيح أبي داود:648.
( 24) صحيح مشكاة المصابيح:3109.
( 25) متفق عليه ، مشكاة المصابيح:755.
(26 ) مجموع فتاوى ورسائل العثيمين: 2/274.
(27 ) فتاوى اللجنة الدائمة:6/181.
(28 ) مجموع فتاوى ورسائل العثيمين:12/284.
( 29) صحيح الجامع:4505.
( 30) الجامع الصغير:323 .
( 31) التيسير بشرح جامع الصغير:2/216.
( 32) فتاوى موقع الألوكة:1.
(33 ) أصل صفة الصلاة النبي ,1/145 .

 

سەردان: ٥,٠٨٣ بەش: ئادابەکان