تەماشا کردنی نەخۆش لەکاتی چارەسەر کردنیدا لە لایەن دکتۆرەوە (کۆمەڵە خاڵێکى گرنگ کە پێویستە نەخۆش و دکتۆر ئاگادارى بن): ماڵپەڕی وەڵامەکان
تەماشا کردنی نەخۆش لەکاتی چارەسەر کردنیدا لە لایەن دکتۆرەوە (کۆمەڵە خاڵێکى گرنگ کە پێویستە نەخۆش و دکتۆر ئاگادارى بن)
پرسیار:

ئایا سنورى عەورەت و پیاو و ئافرەت کامەیە؟
حوکمى بەئەنقەس تەماشا کردنی عەوڕەتى نەخۆش چیە؟
چ کاتێک دروستە دکتۆرى پیاو یان ئافرەت سەیرى عەورەتى نەخۆش بکات چ پیاو بێ یان ئافرەت؟
ئەو خاڵانە چین کە دەبێ دکتۆر و کەسی نەخۆش ئاگاداری بن بۆ ئەوەى تاوانبار نەبن؟
ئایا دروستە ئافرەت بەتەنها و بە بێ مەحرەم بچێتە ژوورەوە بۆ لاى دکتۆر؟
هەندێ لەهاوڕێ ئافرەتەکانم پێیان باشترە بچن بۆ لای دکتۆری پیاو لەکاتی دوو گیانیدا وەهەروەها لەکاتی منداڵ بووندا ئەمە لەکاتێکدا چەندین دکتۆری ئافرەتی موسوڵمان وغەیری موسوڵمانیش هەن .

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على المبعوث رحمة للعالمين : نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين وبعد :

ئەمەى خوارەوە چەند قاعیدە وبابەتێکی گرنگە بەنیسبەت تەماشا کردنی نەخۆش لەکاتی چارەسەر کردنیدا :

یەکەم : عەوڕەتی پیاو لەنێوان ناوک وئەژنۆیدایە لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : ( ما بين السُّرَّة والركبة عورة ) حديث حسن رواه أحمد وأبو داود والدار قطني .
واتە : ئەوەی لەنێوان ناوک وئەژنۆیدایە عەوڕەتە .
وەئەمە بۆچوونی جمهوری زانایانە .

دووەم : ئافرەت هەموو گیانی عەوڕەتە بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : { وإذا سألتموهنّ متاعا فاسألوهن من وراء حجاب }
واتە : کاتێ داوای شتان لەئافرەتان کرد لەپشتی پەردەوە داوایان لێ بکەن .
وە لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : ( المرأة عورة ) رواه الترمذي بسند صحيح .
واتە : ئافرەت عەوڕەتە .
وەئەم بۆچوونە بۆچوونی ڕاستی مەزهەبی حەنبەلیەکانە وەهەروها یەکێکە لەڕیوایەتەکان لەلای مالکیەکان وەیەکێکە لەبۆچوونەکانی شافعییەکان .

سێیەم : بەئەنقەس تەماشا کردنی عەوڕەت یەکێکە لەشتەکان کەزۆر حەڕامە وپێویستە چاو بپارێزرێت ؛ بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : { قل للمؤمنين يغضوا من أبصارهم ويحفظوا فروجهم ذلك أزكى لهم إن الله خبير بما يصنعون . وقل للمؤمنات يغضضن من أبصارهن ويحفظن فروجهن .. الآية }
واتە : بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ با چاویان بپارێزن وداوێنیان بپارێزن ئائەوا پاکترە بۆ ئەوان وخودا ئاگاداری ئەو کارانەیه کەدەیکەن ، وەبە ئافرەتانی باوەڕدار بڵێ با چاویان بپارێزن وداوێنیان بپارێزن ...
وەپێغەمبەر فەرموویەتی : ( لا ينظر الرجل إلى عورة الرجل ، ولا المرأة إلى عورة المرأة .. ) رواه مسلم .
واتە : با پیاو تەماشای عەوڕەتی پیاو نەکات وە با ئافرەت تەماشای عەوڕەتی ئافرەت نەکات .

وەبە عەلی رضي الله عنه فەرموو : ( لا تنظر إلى فخذ حيّ ولا ميّت ) رواه أبو داود وهو حديث صحيح
واتە : تەماشای ڕانی کەسی زیندوو وکەسی مردووش مەکە .

چوارەم : هەموو ئەو جێگایانە کەدرووست نی یە تەماشای بکرێت بەهەمان شێوە درووست نی یە دەستی لێ بدرێت هەرچەند لەپشتی پەردەشەوە بێت ، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلّم فەرموویەتی : ( إني لا أصافح النساء ) رواه مالك وأحمد وهو حديث صحيح ،
واتە : من لەگەڵ ئافرەتاندا تەوقە ناکەم .

وەهەروەها فەرموویەتی : ( لأن يُطعن في رأس أحدكم بمِخْيَط من حديد خير له من أن يمسّ امرأة لا تحلّ له ) رواه الطبراني وهو حديث صحيح .
واتە : گەر ئاسنێک بچەقێندرێت بەسەری یەکێک لەئێوەدا باشترە لەوەی لاشەی بەر ئافرەتێک بکەوێت کەحەڵاڵ نی یە بۆی .

ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت : (وحيث حَرُم النظر حَرُم المسّ بطريق الأَوْلى ، لأنه أبلغ لذّة ).
واتە : کاتێ تەماشا کردن حەڕام کراوە ئەوا دەست لێ دان ئەولا ترە حەڕام بێت ؛ چونکە بەدەس لێدان زیاتر چێژ وەردەگرێت .

پێنجەم : عەوڕەت چەند جۆرێکە ، هەیە زۆر عەوڕەتە ، وەک ( پێش وپاش ) وهەیە عەوڕەتە بەڵام لەوەی پێشوو کەم ترە ، وەک : ڕانی پیاو لەبەرانبەر پیاواندا .

وەگیانی منداڵ کەتەمەنی لەحەوت ساڵ کەم تر بێت عەوڕەت نی یە ، وعەوڕەتی منداڵی حەوت ساڵ بۆ دە ساڵ پاش وپێشە ، وعەوڕەتی کچی حەوت ساڵ بۆ دە ساڵ نێوان ئەژنۆ وناوکە ، (هەموو ئەمانە کاتێ ترسی فیتنە نەبوو ) وەعەوڕەتی مردوو وەک عەوڕەتی زیندوو وایە ، وباشتر وایە عەوڕەتی نێرە موک وەک ئافرەت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لەبەر ئەوەی ڕەنگە ئافرەت بێت .

شەشەم : قاعدەیەکی شەرعی هەیە دەڵێت ( الضرورات تبيح المحظورات) واتە : لەکاتی پێویستیدا شتی حەڕام حەڵاڵ دەبێت ، وەهیچ جیاوازیەک لەنێوان زانایاندا نی یە لەسەر ئەوەی دروستە دکتۆری پیاو تەماشای جێگای نەخۆشی ئافرەت بکات لەکاتی پێویستی دا حەتمەن ئەمەش دەبێ بەگوێرەی زەوابیتە شەرعیەکان بێت ، وەهەروەها بەهەمان شێوەش دروستە دکتۆری ئافرەت لەکاتی پێویستی دا تەماشای عەوڕەتی پیاو بکات ، وەدروستە بۆی تەماشای جێگەی نەخۆشیەکە بکرێت بەپێی پێویست ، ودکتۆری ئافرەت هەمان حوکمی هەیە .
جا ئەم حوکمە پێش خستنی پاراستنی نەفسە بەسەر پاراستنی عەوڕەتدا کاتێ کە تێک بگرن .

حەوتەم : قاعدەیەکی شەرعی ترمان هەیە دەڵێت (" الضرورة تُقدَّر بقدرها ") واتە : زەڕوڕات بەپێی پێویست دەستی بۆ دەبرێت وزیادەڕەوی ناکرێت تیایدا ، جا کە دروست بێت تەماشای عەوڕەت بکرێت ودەستی لێ بدرێت بەمەبەستی چارەسەر کردن ، ئەوا بەهیچ شێوەیەک دروست نی یە زیادە ڕەوی تێدا بکرێت وتەماشای جێگەیەک بکرێت کەپێویست نی یە .

وە پێویستە ئەم خاڵانە جێ بەجێ بکرێت وڕەچاو بکرێت :

یەکەم : دکتۆری پیاو پێش دەخرێت بۆ چارەسەر کردنی پیاو ، وە دکتۆری ئافرەت پێش دەخرێت بۆ چارەسەر کردنی ئافرەت ، وەلەکاتی تەماشا کردنی عەوڕەتدا دکتۆری ئافرەتی موسوڵمانی بەتوانا پێش دەخرێت بەسەر دکتۆری بێ باوەڕدا ، وبەهەمان شێوەش دکتۆری پیاوی باوەڕدار لەکاتی چارەسەر کردنی پیاودا بەسەر دکتۆری کافردا ، وەهەروەها گەر دکتۆرێکی گشتی ئافرەت بەس بوو ئەوا نابێت دکتۆری پیاو بهێندرێت هەرچەند دکتۆری تایبەت وپسپۆڕیش بێت ، خۆ ئەگەر پێویستی بەدکتۆرەیەکی پسپۆڕ هەبوو و دەست نەکەوت ئەوا دروسته دکتۆری پسپۆڕی پیاو بانگ بکرێت وەئەگەر دکتۆرە ئافرەتە پسپۆڕەکە بەس نەبوو بۆ چارەسەر کردن و حاڵەتەکە وای پێویست دەکرد دکتۆرێکی لێزانی پیاو بێت ئەوا دروستە بانگ بکرێت ، وەلەکاتی هەبوونی دکتۆری پیاوی زانا تر لەدکتۆری ئافرەت ئەوا پەنای بۆ نابرێت تەنها کاتێ نەبێت کەحاڵەتەکە بەو نەبێت چارەسەر نەکرێت .

وەهەروەها بەمەرج گیراوە لەچارەسەر کردنی پیاودا لەلایەن دکتۆری ئافرەتەوە دکتۆری پیاو نەبێت هەستێت بەو کارە .

دووەم : دروست نی یە زیاد لەجێگای پێویست تەماشا بکرێت ، بەڵکو تەنها ئەوەندە هەڵدەدرێتەوە کەپێویسته ، وەلەگەڵ ئەوەشدا پێویستە چاو بپارێزرێت بەپێی توانا ، وپێویسته ئەوە بزانرێت کەئەوەی ئەو دەیکات لەئەسڵدا حەڕامە وداوای لێخۆش بوون بکات لەو زیاده ڕەویانەی دەیکات .

سێیەم : گەر وەسف کردنی نەخۆش بۆ جێگای نەخۆشیەکە بەس بوو ئەوا عەورەتی هەڵ نادرێتەوە وتەماشای ناکرێت ، وەئەگەر کرا بەتەماشا کردن نەخۆشیەکە دەس نیشان بکرێت ئەوا نابێت دەستی لێ بدرێت ، وەئەگەر دەست لێدان لەپشتی پەردەوە بەس بوو ئەوا دروست نی یە بەڕووتی دەستی لێ بدرێت وبەم شێوەیە تا دوایی .

چوارەم : مەرجە لەکاتی چارەسەر کردنی ئافرەتدا لەلایەن دکتۆری پیاوەوە یەکێک لەمەحڕمەکانی ئافرەتەکە ئامادەییان هەبێت جا مێردی بێت یاخود هەر کەسێکی تری ویاخود ئافرەتێک لەو ئافرەتانەی کەجێگای باوەڕن و نابێت ئافرەت بە تەنها بچێتە ژوورەوە بۆ لاى دکتۆرى پیاو کە بەداخەوە ئافرەتانێکى زۆر کەمتەرخەمى لەمەدا دەکەن .

پێنجەم : پێویستە دکتۆرەکە ئەمین بێت ، وتۆمەت بار نەبێت بەبەد ڕەوشتی وکەسێکی دیندار بێت ئا لەمەدا زاهیری کەسەکان بەسە وکافییە .

شەشەم : هەرکات عەوڕەتەکە جێگای حەساس بێت ئەوا پێویستە زیاتر حەزەری لێ بکرێت ، خاوەنی (كفاية الأخيار) دەڵێت : بزانە کەئەسڵ وایە لەکاتی پێویستی دا تەنها تەماشای دەس ودەم وچاو بکرێت ، وەبەنیسبەت تەماشا کردنی باقی جێگاکانی تر پێویسته زۆر پێویست بێت ئەوجا دروسته ، وەهەروەها تەماشا کردنی پێش وپاش پێویسته زۆر پێویست بێت ئەو کات دروستە .
هەر بۆیە دەبێ زۆر ئاگاداری ئەو حاڵەتانە بن وەک بابەتی لەدایک بوونی منداڵ وخەتەنە کردنی ئافرەتان .

حەوتەم : پێویستە زۆر پێویست بەچارەسەر هەبێت وەک نەخۆشیەک وئازارێک کە توانای بەرگری کردنی نەبێت یاخود ترسی لێی هەبێت ، بەڵام گەر نەخۆشیەکە وزەڕوڕەتەکە زۆر پێویست نەبوو ئەوا دروست نی یه عەوڕەت کەشف بکرێت وەک حاڵەتی دڵەڕاوکێ و نەخۆشی بچووک .

هەشتەم :هەموو ئەوانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا کاتێ دروستە کەئەمین بیت لەفیتنە لەهەموو لایەنەکانەوە واتە لایەنی نەخۆش و دکتۆر .

لەکۆتاییدا :
پێویسته تەقوای خوا بکرێت لەم بابەتە گەورانەدا کە شەریعەتی ئیسلام کۆمەڵێ زەوابیت وقەید ومەرجی بۆ دیاری کردووە کە زۆر ڕوون وئاشکران .

وەئەم بابەتە یەکێکە لەو شتانەی کە بڵاو بۆتەوە وخەڵکانێکی زۆر کەم تەرخەمی دەکەن تیایدا کەئەویش تەماشا کردنی عەوڕەتە لە عیادە ونەخۆشخانەکاندا تا وای لێ هاتووە دکتۆر هەموو شتێکی بۆ دروستە وهیچ شتێک حەڕام نی یە بەنیسبەت ئەوەوە !.

وەهەروەها ئەوەی کەلەبەرنامە فێرکاریەکاندا ڕوو دەدات کە لەوڵاتانی کافرانەوە وەرگیراوە وزۆر کەم تەرخەمی تیادا دەکرێت لەلایەن ئەوانەوە کە وەک فێرکاری و ڕاهێنان بەکاری دێنن .

وە واجبی موسوڵمانان ئەوەیە گرنگی بدەن بەپێگەیاندنی ئافرەتانی لێهاتوو بۆ هەموو پسپۆڕیە جیاوازەکان ، وبەجوانی ڕایان بهێنن ؛ بۆ ئەوەی ئافرەتی باوەڕدار توشی ئیحڕاجی نەبێت ، وە بۆ ئەوەی ئافرەتی نەخۆش ئیهمال نەکرێت و دکتۆری پیاو بێزار نەبێت کاتێ داوای دکتۆری ئافرەت دەکات .
والله المسؤول أن يفقهنا في الدين وأن يعيننا على القيام بأحكام الشريعة ورعاية حقوق المسلمين .
وهو الموفق والهادي إلى سواء السبيل

سەردان: ٥,٥٧٥ بەش: ئادابەکان