ئافرەت چۆن ماوەی سوڕی مانگانەی دەس نیشان بکات ، و چ کاتێک دەس دەکات بەنوێژ کردن دوای تەواو بوونی سوڕی مانگانەکەی ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئافرەت چۆن ماوەی سوڕی مانگانەی دەس نیشان بکات ، و چ کاتێک دەس دەکات بەنوێژ کردن دوای تەواو بوونی سوڕی مانگانەکەی ؟
پرسیار:

ئافرەت چۆن ماوەی سوڕی مانگانەی دەس نیشان بکات؟
و چ کاتێک دەس دەکات بەنوێژ کردن دوای تەواو بوونی سوڕی مانگانەکەی ؟
جیاوازى نێوان خوێنى سوڕى مانگانە (حیض) و خوێنى (الاستحاضة ) چیە؟
ئافرەت چۆن بزانێت بە تەواوى پاک بوتەوە ؟
ئەگەر پێی وا بوو سوڕی مانگانەکەی تەواو بووە بەڵام دواتر خوێنى بینى چی بکات ؟

 

یەکەم : گەر ئافرەت کەوتە سوڕی مانگانەوە ، ئەوا پاک بوونەوە بەوەستانی خوێن دەبێت جا کەم یاخود زۆر ، وزۆربەی زانایان ئەندازەیان بۆ دیاری کردووە کەکەمترینی شەو وڕۆژێکە وزۆرترینى پازدە ڕۆژدە .

وە شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله پێی وایە حەدێکی دیاری کراوی نی یە ، واتە : نە بۆ زۆری و نە بۆ کەمی کاتێکی دیاری کراوی نی یە ، بەڵکو هەرکاتێ سیفەتە دیاری کراوەکانی سوڕی مانگانە هاتە دی ئەوا سوڕی مانگانەیه جا زۆر بێت یاخود کەم ، وە پاک بوونەوە لەنێوان دوو سوڕی مانگانەدا بوونی نی یە لەگەڵ ئەوەی کەزۆر بەی ئافرەتان تووشی ئەوە دەبن وپێویستیان پێ یەتی (واتە : گەر کەوتە سوڕی مانگانەوە وپاشان پاک بووە و دوو بارە کەوتە سوڕی مانگانەوە ئەوا ئەو ماوەی کەپاک بۆتەوە بەپاک بوونەوە ئەژمار ناکرێت ، چونکە ناگونجێ پاک بوبێتەوە و دواتریش یەکسەر بکەوێتە سوڕی مانگانەوە ، دیارە ئەسڵەن پاک نەبۆتەوە)
جا شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله دەفەرموێت : خوای پەروەردگار لەقورئان و پێغەمبەر له سوننەتدا چەند حوکمێکیان تایبەت کردووە بە سوڕی مانگانەوە ، و نەبۆ زۆری ونەبۆ کەمی کاتێکی دیاری كراویان دەس نیشان نەکردووە .
وە هەروەها دەفەرموێت : " والعلماء منهم من يحدُّ أكثرَه وأقلَّه ، ثمَّ يختلفون في التحديد ، ومنهم من يحد أكثره دون أقله والقول الثالث أصح : أنَّه لا حدَّ لا لأقله ولا لأكثره ." مجموع الفتاوى ( 19 / 237 ) .
واته : "هەندێ لەزانایان کاتی کەمی وزۆریان دەس نیشان کردووە ، پاشان جیاوازن لەتەحدید کردنیدا ، هەندێکیان لایەنی زۆریەکەیان دەس نیشان کردووە ولەلایەنی کەمەکەیان دەس نیشان نەکردووە ، وبۆچونی سێیەم کە بۆچوونی ڕاستە ئەوەیە :
نە بۆ زۆری و نەبۆ کەمی ئەندازەیەکی دیاری کراوی نی یە .

دووەم : خوێنێک هەیە پێی دەوترێت ( الاستحاضة ) کەسیفاتەکانی جیاوازە لە خوێنی سوڕی مانگانە ، جا ئەم جۆره بەم شتانەی لای خوارەوە لە خوێنی سوڕی مانگانە جودا دەکرێتەوە :
ڕەنگ :خوێنی سوڕی مانگانە ڕەشە بەڵام خوێنی (الاستحاضة) سوورە .

کاڵی : خوێنی سوڕی مانگانە تۆخە وتوندە بەڵام خوێنی (الاستحاضة) کاڵە .

بۆن : خوێنی سوڕی مانگانە بۆنی ناخۆشە بەڵام خوێنی (الاستحاضة) بۆنی نایەت ، چونکی خوێنی دەمارە .

گرسان : خوێنی سوڕی مانگانە نا گرسێت واته جامد نابێت ، بەڵام خوێنی (الاستحاضة) دەگرسێت ، چونکی خوێنی دەمارە .

خوێنی سوڕی مانگانە ڕێگری دەکات لەنوێژ کردن بەڵام خوێنی (الاستحاضة) ڕێگری ناکات لەنوێژ کردن ، بەڵکو تەنها خۆی لەپیس بوون دەپارێزێت وبۆ هەموو نوێژێک دەس نوێژ دەگرێت گەر خوێنەکە لەکاتی نوێژەکە ودوای نوێژ بەردەوام بوو ، جا ئەگەر لەکاتی نوێژ کردندا خوێنی لێ هات ئەوا هیچ زیانی نی یە ، وە ئەسڵ لەهاتنی خوێندا خوێنی سوڕی مانگانەیە ، مەگەر بەردەوام بێت وتەواوی مانگەکەی داگرتبوو ئەمە لەسەر بۆچوونی شيخ الإسلام ، یاخود لەپازدە ڕۆژ تێپەڕ بکات کە دوا ماوەی سوڕی مانگانە لەلای جمهوری زانایان ، جا لەوکاتەدا بە خوێنی (الاستحاضة) ئەژمار دەکرێت .

تێبینى : خوێنی نه‌خۆشی (الاستحاضة): بریتیه‌ له‌و خوێنه‌ی كه‌ له‌ شوێنی منداڵبوونی ئافره‌ته‌وه‌ ده‌رده‌چێت به‌ به‌رده‌وامی یان بچڕ بچڕ له‌ غه‌یری كات وحاڵه‌تی ئاسایی خۆی دا، به‌ هوێ نه‌خۆشیه‌وه‌.

سێیەم : ئافرەت بەدوو شت پاک بوونەوەی دەس نیشان دەکات :

1- دەرچوونی لیقاوێکی سپی لەڕەحمی ئافرەتەوە کەنیشانەی پاک بوونەوەیە .

2- بەتەواوی وشک بوونەوە گەر ئەو لیقاوە سپی یە نەهات ئەوا لەو کاتەدا بەوە دەزانرێت پاک بۆتەوە کە پارچە پەمویەکی سپی لەجێگای دەرچوونی خوێندا دا دەنێت خۆ ئەگەر کاتێ دەری دێنێت پاک بوو ئەوا پاک بۆتەوە وخۆی دەشوات ، پاشان نوێژ دەکات .

بەڵام گەر پەمووەکە سوور بوو یاخود زەرد بوو ، ئەوا نوێژ ناکات .

جا ئافرەتان پەمووی زەردیان لە قاپێکدا دەنارد بۆ لای عائشة ، ئەویش پێیانی دەگوت : پەلە مەکەن تاوەکو لیقاو وئاوە زەردەکە دەبین . رواه البخاري معلقاً ( كتاب الحيض ، باب إقبال المحيض وإدباره ) ومالك ( 130 ) .

بەڵام گەر زەردایی هات لەو کاتانەدا کەعادەتەن ئافرەت تیایدا لەسوڕی مانگانەدا نی یە ئەوا هیچ حساب بۆ ئەو خوێنە ناکرێت وئافرەت واز لەنوێژ ناهێنێت بەڵکو خۆیشی ناشوات ؛ چونکە پێویست ناکات .

لەبەر ئەم فرمووەدەیەی کە أم عطية رضي الله عنها گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : كنا لا نعد الصفرة والكدرة بعد الطهر شيئاً . رواه أبو داود (307 ) ، ورواه البخاري ( 320 ) ولم يذكر " بعد الطهر " .
واته : ئێمە دوای پاک بوونەوە لەسوڕی مانگانە هیچ حسابمان بۆ زەدی ولێڵی نەدەکرد .

بەڵام پێویستە دەست نوێژی بۆ بگرێت .

بەڵام ئەگەر ئەو زەردای و لێڵاییە لەگەڵ خوێنی سوڕی مانگانەکەدا بوو ئەوا جۆرێکە لەسوڕی مانگانە .

چوارەم : گەر ئافرەت پێی وابوو پاک بۆتەوە وپاشان خوێنی هات (خوێنێک کە وەکو خوێنى عادە بوو) ئەوا بە سوڕی مانگانە ئەژمار دەکرێت گەر تەواوی مانگەکە بەردەوام نەبوو .

والله أعلم.

سەردان: ٣٥,١٦٥ بەش: حەیز و نیفاس