کاتى گیان کێشان چۆنە؟ چۆن پرسیارمان لێ دەکرێ لە گۆڕدا ؟ چۆن بتوانم وەڵامى سێ پرسیارەکەى ناو گۆڕ بدەمەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاتى گیان کێشان چۆنە؟ چۆن پرسیارمان لێ دەکرێ لە گۆڕدا ؟ چۆن بتوانم وەڵامى سێ پرسیارەکەى ناو گۆڕ بدەمەوە؟

‏بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەبارەت بە کاتى گیان کێشان بۆ موسڵمان و کافر ، وە سەبارەت بە پرسیارەکانى ناو گۆڕ لەم فەرمودەیەدا زۆر بە جوانى بۆمان باس کراوە کە (الْبَرَاءِ بْنِ عَازِبٍ ) ڕەزاى خواى لێ بێ دەفەرموێ :
لەگەڵ پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم دەرچوین بۆ شوێنكەوتنی جەنازەی پیاوێكی ئەنصاری ، جا گەیشتینە لای گۆڕەكەی و هێشتا ئەلحەدەكەی نەكنرا بوو ، بۆیە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دانیشت و ئێمەش بە دەوریدا دانیشتین ، ئەوەندە هێمن و بێ‌دەنگ بووین وەكو ئەوەی كە باڵندە بە سەر سەرمانەوە نیشتبێتەوە ، چیلكە دارێك بە دەستی پێغەمبەرەوە بوو صلى الله عليه وسلم دەیكرد بە زەویدا ، ئەنجا سەری بەرز كردەوە و فەرمووی : پەنا بگرن بە خوا لە سزای گۆڕ ـ دوو جار یان سێ‌ جار ـ .
ئەنجا فەرمووی :
بەڕاستی بەندەی ئیماندار ئەگەر گەیشتە كاتی دابڕان لە دونیا و ڕووكردن لە دواڕۆژ هەندێك فریشتەی ڕوومەت سپی ڕوومەتیان وەكو خۆر وایە لە ئاسمانەوە دادەبەزن بۆ لای ، كفنیان پێ‌یە لە كفنی بەهەشت ، وە بۆنی خۆشیان پێ‌یە لە بۆنی بەهەشت ، وە لە لایدا دادەنیشن تاوەكو چاو بڕبكات ، ئەنجا فریشتەی گیان كێشان (سەلامی خوای لێبێت) دێت تاوەكو لە لای سەریەوە دادەنیشێت و پێ‌ی دەڵێت : ئەی گیانە پاكەكە وەرە دەرەوە بۆ لای لێخۆشبوون و ڕازیبوونی خوایی .
فەرمووی : گیانی دێـتە دەرەوە و دادەچـۆڕێت هەروەكـو
چۆن دڵۆپە ئاوێك لە دەمی كوننەیەكەوە دادەچۆڕێت ، ئەنجا فریشتەی گیان كێشان گیانەكە دەبات ، جا ئەگەر بردی فریشتەكانی تر كە بە دەوریدا دانیشتوون بە ئەندازەی چاو تروكاندنێك نایهێڵن بە دەستیەوە تاوەكو لـێ‌ی وەردەگرن و یەكسەر دەیخەنە نێو ئەو كفنەوە و ئەو بۆنە خۆشەوە ، ئەوەش ئەوەیە كە خوای گەورە لە بارەیەوە دەفەرموێت :(تَوَفَّتْهُ رُسُلُنَا وَهُمْ لا يُفَرِّطُونَ ) [فریشتە نێردراوەكانمان گیانی دەكێشن و كەمتەرخەمی ناكەن] ، وە بۆنێكی خۆشی لـێ‌ دێتە دەرەوە وەك خۆشترین بۆنی میسك كە لەسەر ڕووی زەویدا هەبووبێت .
وە لە ریوایەتێكی تردا هاتووە :
كاتێك ڕۆحەكەی دەردەچێت هەموو فریشتەكانی نێوان ئاسمان و زەوی و هەموو فریشتەكانی نێو ئاسمان نوێژی لەسەر دەكەن ، و دەرگاكانی ئاسمانی بۆ دەكرێتەوە ، و سەرپەرشتیارانی هیچ دەرگایەك نییە ئیللا لە خوا دەپاڕێنەوە كەوا ڕۆحەكەی بە لای ئەواندا بەرز بكرێتەوە .
فەرمووی : ئەنجا دەیبەنە سەرەوە بۆ ئاسمان و ئەو ڕۆحە تێناپەڕێنن بە لای هیچ كۆمەڵە فریشتەیەكدا ئیللا دەڵێن : ئەوا ئەم ڕۆحە پاكە هی كێ‌یە ؟
ئەو فریشتانەش كە ڕۆحەكەیان پێ‌یە دەڵێن : ئەمە ڕۆحی (فڵان)ی كوڕی (فڵان)ـە ، ناوی دەبەن بە جوان ترین ناوی كە لە دونیادا ناویان پێ‌ی دەبرد .
تاوەكو دەیگەیەننە ئاسمانی دونیا ، داوا دەكەن دەرگای ئاسمانی بۆ بكرێتەوە ، دەرگایان بۆ دەكرێتەوە ، ئەنجا فریشتە نزیكەكانی هەموو ئاسمانێك شوێنی ئەو ڕۆحە دەكەون بۆ ئەو ئاسمانەی كە بە دوایدا دێت تاوەكو دەیگەیەننە ئاسمانی حەوتەم ، ئەنجا خوای گەورە دەفەرموێت : كتێبی بەندەكەم لە (علیین)دا بنووسن [تۆ چوزانیت (عِلِّيُّونَ) چییه ؟ كتێبێكی نووسراوە ، بەندە نزیكەكانی خوا ئامادەی دەبن] ، جا كتێبەكەی لە كتێبی بەرزدا دەنووسرێت ، ئەنجا خوای گەورە دەفەرموێت : ڕۆحەكە بگێڕنەوە بۆ زەوی چونكە بەڕاستی من بەڵێنم پێ‌ داون كە بەڕاستی من لەو زەویە دروستیانم كردووە و دەشیان گێڕمەوە بۆ ناویی و جارێكی تریش لە زەوی دەریان دەهێنمە دەرەوە .
فەرمووی : ئەنجا دەیگەڕێننەوە بۆ زەوی ، وە ڕۆحەكەی دەگەڕێننەوە بۆ ناو لاشەكەی ، فەرمووی : بەڕاستی گوێ‌ی لە دەنگی تەپەی پێڵاوی شوێنكەوتوانی جەنازەكەی دەبێت لە كاتێكدا كە پشتی لێدەكەن و بەجێیدەهێڵن و دەگەڕێنەوە .
ئەنجا دوو فریشتەی (تووند ڕاچەڵكێنەر) دێن بۆ لای و ڕایدەچەڵكێنن و دایدەنیشێنن .
فَيَقُولاَنَ لَهُ : مَنْ رَبُّكَ ؟
ئەنجا پێ‌ی دەڵێن : كێ‌ پەروەردگارتە ؟
فَيَقُولُ : رَبِّيَ اللَّهُ .
ئەویش دەڵێت : پەروەردگارم خوا (الله)یە .
فَيَقُولاَنَ لَهُ : مَا دِينُكَ ؟
ئەنجا پێ‌ی دەڵێن : ئاینت چییه ؟
فَيَقُولُ : دِينِيَ الإِسْلاَمُ .
ئەویش دەڵێت : ئیسلام ئاینمە .
فَيَقُولاَنَ لَهُ : مَا هَذَا الرَّجُلُ الَّذِي بُعِثَ فِيكُمْ ؟
ئەنجا پێ‌ی دەڵێن : ئەو پیاوە كێ‌یە كە لە نێوتاندا نێردرابوو ؟
فَيَقُولُ : هُوَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم .
ئەویش دەڵێت : پێغەمبەری خوایە صلى الله عليه وسلم .
فَيَقُولاَنَ لَهُ : وَمَا عِلْمُكَ ؟
ئەنجا پێ‌ی دەڵێن : چۆن زانیت ؟
فَيَقُولُ : قَرَأْتُ كِتَابَ اللَّهِ فَآمَنْتُ بِهِ وَصَدَّقْتُ .
ئەویش دەڵێت : كتێبەكەی خوام (قورئانم) خوێندەوە و باوەڕم پێهێنا و بەڕاستم زانی .
ئەنجا بانگكارێك بانگ دەكات لە ئاسمانەوە : بەندەكەم ڕاستی كــرد ، ڕایخــەن بۆی لە فەرشـی بەهەشــت ، بیپـۆشن لە پۆشاكی بەهەشت ، دەرگایەكی بۆ بكـــەنەوە بەرەو بەهەشت .
فەرمووی : لە خۆشی و بۆنی بەهەشتی بۆ دێت ، و گۆڕەكەی بۆ فراوان دەكرێتەوە تاوەكو چاو بڕبكات .
فەرمووی : پیاوێكی ڕوومەت جوانی پۆشاك جوانی بۆن خۆشی بۆ دەنوێنرێت و دێت بۆ لای و پێ‌ی دەڵێت : مژدەت لێبێت بەوەی كە پێت خۆشە ، مژدەت لێبێت بە ڕەزامەندی خوایی و باخانێك لە بەهەشتدا كە خۆشگوزرانی بەردەوامی تێــدایــــە ، ئەمە ئەو ڕۆژەیە كە بەڵێنت پێ‌ی دەدرا .
ئەویش پێ‌ی دەڵێت : وە تۆش خوا موژدەی خێرت بداتێ‌ ، تۆ كێیت ؟ ڕوومەتت ڕوومەتێكە خێر و خۆشی دێنێت .
ئەویش دەڵێت : من كردەوە چاكەكانتم ، سوێند بە خوا بە تۆم نەزانیوە ئیللا ئەوە نەبێت كە پەلە و دەست پێشخەریت كردووە لە گوێ‌ڕایەڵی خوادا و لەسەرخۆ و خاویش بوویت لە سەرپێچی خوادا ، خوا پاداشتی خێرت بداتەوە .
ئەنجا دەرگایەكی بۆ دەكرێتەوە لە بەهەشتەوە و دەرگایەكیشی بۆ دەكرێتەوە لە دۆزەخەوە و پێ‌ی دەوترێت ئەمە جێگاكەت بوو لە دۆزەخدا ئەگەر سەرپێچی خوات بكردایەت ، خوا گۆڕیویەتیەوە بۆت بەم جێگایە لە بەهەشتدا .
جا ئەگەر ئەوەی بینی كە لە بەهەشتدایە دەڵێت : پەروەردگارم هاتنی ڕۆژی قیامەت پێش بخە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ لای ماڵ و كەس و كارم .
پێ‌ی دەوترێت : ئارام بگرە .

(ئەمەى سەرەوە تایبەت بوو بە موسڵمان ، بەڵام سەبارەت بە کافر و بێ باوەر)

فەرمووی : بەڕاستی بەندەی كافر (وە لە ریوایەتێكی تردا : خراپەكار) ئەگەر گەیشتە كاتی دابڕان لە دونیا و ڕووكردن لە دواڕۆژ هەندێك فریشتەی (تووند و تیژ) لە ئاسمانەوە دادەبەزن بۆ لای ڕوومەتیان ڕەشە و كفنیان پێ‌یە لە ئاگر ، لە لایدا دادەنیشن تاوەكو چاو بڕبكات ، ئەنجا فریشتەی گیان كێشان دێت تاوەكو لە لای سەریەوە دادەنیشێت و پێ‌ی دەڵێت : ئەی گیانە پیسەكە وەرە دەرەوە بۆ لای خەشم و قین و توڕەیی خوا .

فەرمووی : ڕۆحەكەی بە لاشەیدا بڵاودەبێتەوە و فریشتەی گیان كێشانیش ڕایدەكێشێتە دەرەوە هەروەكو چۆن شیشێكی زۆر قولاپدار لە خوریەكی تەڕدا ڕابكێشرێت (لەگەڵ ئەوەدا هەموو دەمار و ڕەگ و ماسولكەكانی پارچە پارچە دەبێت و دەبڕێن) .
ئەنجا فریشتەی گیان كێشان گیانەكە دەبات ، جا ئەگەر بردی فریشتەكانی تر كە بە دەوریدا دانیشتوون بە ئەندازەی چاو تروكاندنێك نایهێڵن بە دەستیەوە تاوەكو لـێ‌ی وەردەگــرن و یەكسەر دەیخەنە ناو ئەو كفنە ئاگریـــنەوە ، بۆنێكی گەنیوی لـێ‌ دێتە دەرەوە وەك گەنیوترین بۆنی لاكێكی تۆپیو كە لەسەر ڕووی زەویدا هەبووبێت .
ئەنجا دەیبەنە سەرەوە بۆ ئاسمان و ئەو ڕۆحە تێناپەڕێنن بە لای هیچ كۆمەڵە فریشتەیەكدا ئیللا دەڵێن : ئەوا ئەم ڕۆحە پیسە هی كێ‌یە ؟
ئەو فریشتانەش كە ڕۆحەكەیان پێ‌یە دەڵێن : ئەمە ڕۆحی (فڵان)ی كوڕی (فڵان)ـە ، ناوی دەبەن بە ناشیرین ترین ناوی كە لە دونیادا ناویان پێ‌ی دەبرد .
تاوەكو دەیگەیەننە ئاسمانی دونیا ، داوا دەكەن دەرگای ئاسمانی بۆ بكرێتەوە ، دەرگای بۆ ناكرێتەوە ، ئەنجا پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەم ئایەتەی خوێندەوە : [لا تُفَتَّحُ لَهُمْ أَبْوَابُ السَّمَاءِ وَلا يَدْخُلُونَ الْجَنَّةَ حَتَّى يَلِجَ الْجَمَلُ فِي سَمِّ الْخِيَاطِ ] . (دەرگاكانی ئاسمان ناكرێتەوە بۆ بێ‌باوەڕان و ناشچنە ناو بەهەشتەوە تاوەكو وشتر نەچێت بە كونە دەرزیدا) .
هەموو فریشتەكانی نێوان ئاسمان و زەوی و هەموو فریشتەكانی نێو ئاسمان لەعنەتی لێدەكەن ، وە دەرگاكانی ئاسمانی لـێ‌دادەخرێت ، سەرپەرشتیارانی هیچ دەرگایەك نییە ئیللا لە خوا دەپاڕێنەوە كەوا ڕۆحەكەی بە لای ئەواندا بەرز نەكرێتەوە.
ئەنجا خوای گەورە دەفەرموێت : كتێبەكەی لە (سجین)دا لە خوارو ترین تەبەقەی زەویدا بنووسن ، ئەنجا خوای گەورە دەفەرموێت : ڕۆحەكە بگێڕنەوە بۆ زەوی چونكە بەڕاستی من بەڵێنم پێ‌ داون كە بەڕاستی من لەو زەویە دروستیانم كردووە و دەشیان گێڕمەوە بۆ ناویی و جارێكی تریش لە زەوی دەریان دەهێنمە دەرەوە .
ئەنجا ڕۆحەكەی لە ئاسمانەوە فڕێدەدرێتە خوارەوە تاوەكو دەكەوێتە ناو لاشەكەی ، ئەنجا پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەم ئایەتەی خوێندەوە : [وَمَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَكَأَنَّمَا خَرَّ مِنْ السَّمَاءِ فَتَخْطَفُهُ الطَّيْرُ أَوْ تَهْوِي بِهِ الرِّيحُ فِي مَكَانٍ سَحِيقٍ ] (هەر كەسێك هاوبەش (شەریك) بۆ خوا ئەنجامبدات ئەوا وەكو ئەوە وایە لە ئاسمانەوە بكەوێتە خوارەوە ئەنجا باڵندە بەخێرایی بیڕفێنێـت و پــەل پەلــی بكات یان بایەك فڕێی بداتە ناو شوێنێكی دوورەوە) .
ئەنجا ڕۆحەكەی دەگەڕێننەوە بۆ ناو لاشەكەی ، فەرمووی : بەڕاستی گوێ‌ی لە دەنگی تەپەی پێڵاوی شوێنكەوتوانی جەنازەكەی دەبێت لە كاتێكدا كە پشتی لێدەكەن و بەجێیدێڵن و دەگەڕێنەوە .
ئەنجا دوو فریشتەی (تووند ڕاچەڵكێنەر) دێن بۆ لای و ڕایدەچەڵكێنن و دایدەنیشێنن .
فَيَقُولاَنَ لَهُ : مَنْ رَبُّكَ ؟
ئەنجا پێ‌ی دەڵێن : كێ‌ پەروەردگارتە ؟
فَيَقُولُ : هَاهْ هَاهْ لاَ أَدْرِي
ئەویش دەڵێت : چی چی نازانم .
فَيَقُولاَنَ لَهُ : مَا دِينُكَ ؟
ئەنجا پێ‌ی دەڵێن : ئاینت چییه ؟
فَيَقُولُ : هَاهْ هَاهْ لاَ أَدْرِي .
ئەویش دەڵێت : چی چی نازانم .
فَيَقُولاَنَ لَهُ : فَمَا تَقُولُ فِي هَذَا الرَّجُلُ الَّذِي بُعِثَ فِيكُمْ ؟
ئەنجا پێ‌ی دەڵێن : چی دەڵێیت سەبارەت بەو پیاوەی كە لە نێوانتاندا نێردرابوو ؟
فَلاَ يَهْتَدِي لِاسْـمِهِ .
ناوەكەی نادۆزێتەوە .
پێ‌ی دەڵێن : مەبەستمان (مُحَمَّد)ە ؟
ئەویش دەڵێت : چی چی نازانم ، دەمبیست خەڵك دەیوت (مُحَمَّد) پێغەمبەری خوایە .
فەرمووی : پێ‌ی دەوترێت : ئایا نەتزانی و نەشتخوێندەوە ؟
ئەنجا بانگكارێك بانگ دەكات لە ئاسمانەوە : درۆی كرد ، ڕایخەن بۆی لە فەرشی ئاگر ، بیپۆشن بە پۆشاكی ئاگر ، دەرگایەكی بۆ بكەنەوە بەرەو ئاگری دۆزەخ ، جا لە گەرمی و هەڵم و بۆقاوی ئاگری دۆزەخی بۆ دێت .
وە گۆڕەكەی لـێ‌تەنگ دەكرێتەوە تاوەكو پەراسووەكانی دەچن بەیەكدا و تێكدەشكێن .
فەرمووی : پیاوێكی ڕوومەت ناشیرین و پۆشاك ناشیرینی بۆن گەنیوی بۆ دەنوێنرێت ، و پێ‌ی دەڵێت : موژدەت لێبێت بەوەی كە پێت ناخۆشە ، ئەمە ئەو ڕۆژەیە كە بەڵێنت پێ‌ی دەدرا .
ئەویش پێ‌ی دەڵێت : وە تۆش خوا مژدەی خراپت بداتێ‌ ، تۆ كێیت ؟ ڕوومەتت ڕوومەتێكە خراپە دێنێت .
ئەویش دەڵێت : من كردەوە پیسەكانتم ، سوێند بە خوا بە تۆم نەزانیوە ئیللا ئەوە نەبێت كە خاو و سست بوویتە و كەمتەرخەمیت كردووە لە گوێ‌ڕایەڵی خوادا و پەلە و دەست پێشخەریتیش كردووە لە سەرپێچی خوادا ، خوا پاداشتی خراپت بداتەوە .
ئەنجا فریشتەیەكی كوێر و كەڕ و لاڵی بۆ ڕادەسپێردرێت كە گورزێكی بە دەستەوەیە ئەگەر پێ‌ی بدرێت لە شاخێك دەیكات بە خۆڵ جا یەك گورزی لـێ‌دەدات تاوەكو دەیكات بە خۆڵ ئەنجا خوای گەورە دەیگێڕێتەوە بۆ دۆخەكەی جـارانی ئەنجا دووبارە گـورزێـكی تری لـێ‌دەدات جا هاوارێـك دەكات هەموو شتێك دەیبیسێت تەنها مرۆڤـ و جنۆكە نەبێت .
ئەنجا دەرگایەكی بۆ دەكرێتەوە لە دۆزەخەوە و بۆی ڕادەخرێت لە فەرشی ئاگر .
جـا ئەگـەر ئەوەی بیـنی دەڵـێت : پەروەردگـارم با ڕۆژی قیامەت نەیەت .

(رواه الإمام أحمد : (7 / 53 ـ 57) وأبو داود رقم : (4727) ، وأورده بزوائده الإمام الألبانـي في أحكام الـجنائز ص : (159) .)

لە كۆتایی دا
لەم فەرموودەیەوە ئەوە تێدەگەین كەوا : فێربوون و خوێندنەوە و تێگەیشتن لە قورئان و فەرموودەكان كە خوای پەروەردگار و ئاینی ئیسلام و پێغەمبەر (موحەمەد)مان صلى الله عليه وسلم پێ‌دەناسێنن زۆر پێویستە ، بۆ ئەوەی بتوانین لە گۆڕدا بە ئاسانی و دامەزراوی وەڵامی ئەو سێ‌ پرسیارە بدەینەوە كە ڕووبەڕووی هەموو مردوویەك دەكرێتەوە : (مَنْ رَبُّـكَ ؟ مَا دِيْنُكَ ؟ مَنْ نَبِيُّكَ ؟) .
جا ئەو كەسەی لە گۆڕدا دامەزراو دەبێت و وەڵامی هەر سێ‌ پرسیارەكە دەداتەوە دوو فریشتەكە پێ‌ی دەڵێن : چۆن زانیت ؟
ئەویش دەڵێت : كتێبەكەی خوام (قورئانم) خوێندەوە و باوەڕم پێهێنا و بەڕاستم زانی) .
وە بە پێچەوانەوە ئەو كەسەی كە ناتوانێت وەڵامی سێ‌ پرسیارەكە بداتەوە دوو فریشتەكە پێ‌ی دەڵێن : ( ئایا نەتزانی و نەشتخوێندەوە) ؟
كەواتە هەوڵدان بۆ زانین و فێربوون و خوێندنەوەی كتێبەكانی (بیروباوەڕی ئەهلی سوننە و جەماعە) لە جۆری كتێبی (سێ‌ بنچینەكەی بیروباوەڕ و بەڵگەكانیان- الأصول الثلاثة وأدلتها) پێویستە لەسەر موسڵمانان ، چونكە ئەگەر زانیاریەكانی نێو ئەو جۆرە كتێبە بە جوانی فێر ببن ئەوا وەڵامی ئەو سێ‌ پرسیارەیان پێ‌ دەدرێتەوە ، ئەگینا وەڵامیان پێ‌ نادرێتەوە تەنها ئەوە نەبێت كە هەر یكێكیان لە وەڵامدا بڵێت : (هاه هاه لا أدري : چی چی نازانم ) !!!

چۆن بتوانم وەڵامى سێ پرسیارەکەى ناو گۆڕ بدەمەوە؟
لەڕاستى دا وەڵامدانەوەى پرسیارەکانى ناو گۆڕ زۆر جیاوازە لە تاقى کردنەوە و پرسیارەکانى دنیا چونکە لە ناو گۆڕدا تەنها سێ پرسیارت لێ دەکرێت وە وەڵامەکانیش هەر لە ژیانى خۆتدا دیارى کراون و ئاشکرایە و شاراوە نیە کەواتە :
یەكەم : کاتێک تۆ لە ناو گۆڕەکەت دەتوانى بڵێى الله پەروەدگارمه کە لە دنیادا خواى گەورەت ناسیبێت و فەرمانەکانیت جێ بە جێ کردبێت .
كاتێك بە جوانی وەڵام دەدەینەوە كە خوای گەورە وەك خۆی بناسین هیچ شەریك و هاوەڵێی بۆ بڕیار نەدەین هاوار نەكەینە غەیری خوا سوێند بەغەیری خوا نەخۆین لە هەموو كاتێكدا هەر پشت بەخوا ببەستین ئەو كەسەی كەنەخۆشە داوای شیفا لە خوا بكات ، ئەو ئافرەتانەی مناڵیان نابێت تەنها داوا لە خوا بكەن نەك بچن بۆ لای جادوباز و ساحرەکان .
دووەم : ئیسلام ئاینمانە :
كاتێك دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بە جوانی بدەینەوە كە بزانین خوای گەورەو میهرەبان دینی ئیسلامی كردووە بە ئاینی ئێمە ، وە تەنها ئاینی پیرۆزی ئیسلامیس پەسەند وقەبوڵە لای خوای گەورە هەروەك دەفەرموێ :{إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللّهِ الإِسْلاَمُ } واتە : بەڕاستی دین و ئاینی پەسەند لای خوای گەورە تەنها ئاینی ئیسلامە ، چونكە پاڵاوتەو پوختەی تەواوی ئاینە ئاسمانیەكانی ترە ، و هەركەسێكیش جگە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام شوێن دینێكی تر بكەوێت و بیكاتە بەرنامەی خۆی ئەوا لەڕۆژی دوایدا لە ڕیزی زەرەرمەنداندایە.
بۆیە ئەبێ تۆى موسڵمان خۆت فێرى دینەکەت بکەى کە ئیسلامە و ئەو شتانەى کە داواکراوە ئەنجامى بدەى ئەبێت وەک خۆى بێ زیادو کەم کردن ئەنجامى بدەى ، وە ئەو شتانەشى کە لە دینەکەت حەرام و قەدەغە کراوە لێى دور بکەویتەوە و ئەنجامى نەدەى .
سێ یەم : محمد صلى الله عليه وسلم پێغەمبەرمانە :
كاتێك دەتوانیت وەڵامی ئەم پرسیارە بە جوانی بدەیتەوە کە ئەم چوار خاڵە جێ بە جێ بکەى لە ژیانی ڕۆژانەتدا ، و ڕەنگ بداتەوە لە كردار وگوفتارتدا :
یەكەم: تصديقه فيما أخبر. هەرچی هەواڵـێك لە پەیامبەری خواوە صلى الله عليه وسلم پێمان گەیشتوە، بڕوای پێبكەین وبە ڕاستی بزانین .
دووەم: وطاعته فيما أمر. جێبەجێكردنی فەرمانەكانی پەیامبەری خوا-صلى الله عليه وسلم-
سێیەم: واجتناب ما نهى عنه وزجر. خۆ بەدوور گرتن ووازهێنان لە هەر شتێك كە پەیامبەری خوا -صلى الله عليه وسلم- نەهی لێكردوە.
چوارەم: وأن لا يُعبد الله إلا بما شرعه رسول الله. خوا پەرستیمان بەو شێوازە بێ كە پەیامبەری خوا صلى اله علیه وسلم بۆى دیارى کردووین و ڕێنمایمانى کردووە.
ئەمەش خالـێكی زۆر گەورە وگرنگە، چونكە زۆربەی موسوڵمانان لە خۆشویستنی پەیامبەردا لەم خاڵەدا تێكەوتوون.
ئەم دینە كامل بووە، هیچ مەجالی ئەوە نەماوە شتی زیادە بهێنین وبیخەینە ناو دینەوە.

بۆ ئەم وەڵامە سود لە کتێبی : (فەرموودەكەی (الْبَرَاءِ بْنِ عَازِبٍ) سەبارەت بە سێ‌ پرسیارەكەی ناو گۆڕ ) وەرگیراوە لە نوسینى : مامۆستا محمد عبدالرحمن

 

سەردان: ٢,٧٦٤ بەش: مردن