جیاوازی چییە لەنێوان (سەلەف – سەلەفییەت – سەلەفی)؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جیاوازی چییە لەنێوان (سەلەف – سەلەفییەت – سەلەفی)؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم سەلەف :
سەلەف بەو خەڵكە موسڵمانە دەوترێت كە لەسێ‌ سەدەی یەكەم ودووەم وسێ‌یەمی كۆچیدا ژییاون كە ئەوانیش هەرسێ‌ توێژی (ئەصحاب – تابعین – تابعی تابعین)دەگرێتەوە ئەو خەڵكە موسڵمانەی كە لەم سێ‌ سەدەیەدا ژیاون لەباشترین وچاكترین ولەخواترس ترین وزاناترین وخێرترین وئازاترین ودڵسۆزترین وڕاستگۆترین خەڵكانن كەلەمێژووی ئیسلامەتیدا هەبووبێتن وژیابێتن ..هەروەك پێغەمبەری خوا (صلی الله علیەوسلم )لەچەندەها فەرموودەی صەحیحدا وەسفی كردون وبەخێرترین خەڵك مەدحی كردوون ..هەروەك لەیەكێك لەفەرموودەكاندا دەفەرموێت((خير الناس قرني ثم الذين يلونهم ثم الذين يلونهم) متفق علیە،واتا(باشترین خەڵكی ،خەڵكی سەردەمەكەی منن واتا(هاوەڵانی پێغەمبەر(صلی الله علیەوسلم)،پاشان ئەو خەڵكەی كەلەدوای ئەوانەوە دێن واتا(تابعین)،پاشان ئەو خەڵكەی لەدوای ئەوانەوە دێن واتا(تابعی تابعین)..هەروەها چەندەها فەرموودەی تریش كەدەرهەق بەم سێ‌ توێژە پیرۆزە فەرموویەتی ..
دووەم سەلەفییەت :
سەلەفییەت ئەو بەرنامە و ڕێڕەوەیە كە سەلەف پەیڕەودارییان لێ‌كردووە كە ئەویش قورئانی پیرۆز و فەرمووە صەحیحەکانى پێغەمبەری خوایە (صلی الله علیەوسلم)..لەهەموو بوارەكانی ئیسلامدا ..كەبەهیچ شێوەیەك لەو بەرنامەو ڕێڕەوە لایان نەداو بەردەوام بوون تا ئەوساتەی كە بەخزمەت خوای گەورە شادبوون ...واتا (سەلەفییەت ) بەرنامەو ڕێڕەوی دینداری وئیسلامەتی سەلەف بووە (ڕەحمەتی خوایان لێبێت)، واتا (سەلەفییەت ) ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ئیسلامە چونكە بەرنامە و ڕێبازی سەلەفی صاڵح بووە ..لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت سەلەفییەت یەعنی ئیسلامەتی یەعنی پەیڕەوداری لە ئیسلام.
سێەم سەلەفی :
سەلەفی بەهەموو ئەو موسڵمانانە دەوترێت كە بەڕاستی شوێنی سەلەف كەوتوون و لەسەر ڕێڕەوی سەلەفییەت دینداری دەكەن ..بەپێی توانای ڕاستەقینەی خۆیان ..لەهەموو بوارەكانی دیندا شوێنی سەلەف دەكەون ..وەكو بواری (بیروباوەڕ- كاركردن بەقورئان وسوونەت - فیقه وشەریعەت – عیبادەت ومعاملات – ئەخلاق وڕەوشت – شەرم وحەیا – دەعوە و بانگەواز –ئامانج ومەبەست – جیهاد و تێكۆشان – هەڵسوكەوت وڕەفتار- قسەوكردار- خۆشویستن وڕق لێبوون...هتد)..
كەواتە لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كەسەلەفییەت حزبایەتی نییە ، بەڵكودیندارییە ، وەسەلەفیش كەسێكە شوێنكەوتەی سەلەفە نەك شوێنكەوتەی حزبێك – كەسێك – لایەنێك ،وە موسڵمانانی سەلەفی دینداری دەكەن نەك حزبایەتی كردن ...
سەبارەت بەوەی كە بیروباوەڕمان بەرامبەر ئیمامە بەڕێزەكان چۆنە؟
ئەوە دەڵێین:
ئەگەر مەبەستت لەئیمامەكان ، ئیمامی شافعی وسێ‌ ئیمامە بەڕیزەكەی ترە (ڕەحمەتی خوایان لێ‌ بێت)..ئەوە ئێمەی سەلەفی ئەوان بەسەلەفی خۆمان دەزانین وڕێزیان لێ‌ دەگرین وخۆشمان دەوێن وهەوڵ ئەدەین شوێنیان بكەوین ..هەرقسەیەكیان ووتبێت وموافقی شەرعی خوا بێت ئەوە ئێمە بەگوێیان دەكەین وشانازیشی پێوە دەكەین ،وەئەگەر هەر قسەیەكیشیان ووتبێت وپێچەوانەی شەرع بووبێت ئەوە ئێمە لەو قسەیاندا بەگوێیان ناكەین وبەگوێی حەق دەكەین لەهەر شوێنێك بێت ولای هەركەسێك بێت ..لەگەڵ ئەوەشدا دووعای خێریان بۆدەكەین...چونكە موسڵمانانی سەلەفی وابەستە و ملكەچ نین بۆ قسەی هیچ كەس ولایەنێك ئەگەر پێچەوانەی شەرعی خوا قسە بكات یان ڕەفتار بنوێنێت .. چونكە ئەوان تەنها شوێنی قورئان وسوونەت بەتێگەشتی سەلەفی ساڵح دەكەون لەهەموو كات وسات وشوێنێكدا...والله اعلم

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ١٠,٣٠٣ بەش: سەلەفیەت