گەنج چۆن خۆى بپارێزێ لە فیتنەى شەهەوات و ئافرەتانى ڕووت و کەناڵە خراپەکان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەنج چۆن خۆى بپارێزێ لە فیتنەى شەهەوات و ئافرەتانى ڕووت و کەناڵە خراپەکان؟

گەورەترین كۆسپ لە بەردەم لاواندا جیهانى ئارەزووەكانە، جیهانێكى گەورە و ڕێگا جیاوازە، بە تایبەتى لەم سەردەمەى ئێستادا، كە تیایدا كەناڵەكانى پەیوەندى بە تەواوى پەرەیان سەندووە، و جیهانیان كردووە بە گوندێكى بچووك، بە هۆى ئەوەشەوە ئەوەندەى تر هۆكارەكانى لە خشتەبردن و هەڵخەڵەتاندن زۆربووە، لەوانە: گۆڤارە ڕووتەكان، و وێنە ئابڕووبەرەكان، و كەناڵە ئاسمانیەكان، و ئینتەرنێت، و زنجیرە فلیمەكان، هەموو ئەم هۆكارانە بەكاردەهێنرێن بۆ ڕووخاندنى لاوەكانمان و ورووژاندنى ئارەزووەكانیان، بۆ ئەوەى دووربن لە كارێكەوە كە بەرهەمى بۆ خۆیان و وڵاتیان هەبێت.
لەم سەردەمەدا لاو لە توندترین ناڕەحەتیدایە، دەیەوێ پابەند بێت بە دینەكەیەوە كەچى لەو لاوە گۆڤار و ڕۆژنامەكان كە وێنەى ڕووت و خراپیان تێدا بڵاو دەكرێتەوە، لە خشتەى دەبەن و دوورى دەخەنەوە لە دینى خوا.
چارەسەرى ئەم كۆسپە ئەوەیە: لاوەكانمان بزانن بۆ ئەوە درووست نەكراون خەریكى ئارەزووبازى و تێركردنى ئارەزووەكانیان بن، بەڵكو بۆ ئامانجێكى زۆر گەورە و پڕبایەخ درووست كراون.
قد هيؤوك لأمر لو فطنت له فاربأ بنفسك أن ترعى مع الهمل
درووست كراوین بۆ پەرستنى خواى گەورە، ئەو خوایەى كە نیعمەت و بەخششەكانى بە سەرمانەوە ناژمێردرێت، بۆ بەردەوامیش لە سەر ئەو پەرستنە پێویستمان بە یەكلابوونەوە و ورەبەرزى هەیە، ئەمانەى خوارەوەش چەند هۆكارێكن یارمەتیمان دەدەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەى كە لە پێناویدا درووست كراوین:
1. ئارامگرتن لە سەر سەرپێچى نەكردنى خواى گەورە.
2. تەماشا نەكردنى ئافرەتى نامەحرەم.
3. نوێژكردن، و ڕۆژووگرتن.
4. دووركەوتنەوە لەو شوێنانەى كە لە ڕووى جنسیەوە دەتورووژێنن، و سەرپێچى خواى گەورەیان تێدا دەكرێت.
5. سەردانكردنى زانا و پیاوچاكە متمانە پێكراوەكان.
6. ئەگەر بێ ئیش و بەتاڵ بوویت، خۆت بە شتى بەسوودەوە خەریك بكە.
7. خوێندنى قورئان، و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لێى، وە لەبەركرنى بە پێى توانا.
8. زوو ژنهێنان.
9. هاوڕێیەتى كردنى هاوڕێى چاك و لە خواترس.
10. هەستكردن بەوەى كە خواى گەورە چاودێرە بەسەرتەوە لە نهێنى و ئاشكرادا.

سەردان: ٤,٥٢٦ بەش: کۆسپەکانى بەردەم لاوان