ئەگەر كەسێك نوێژى دەكرد دروستە كەسێكى تر بێت و دەست بدات لە پشتى بەمەبەستى ئەوەى بیكات بە ئیمام : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر كەسێك نوێژى دەكرد دروستە كەسێكى تر بێت و دەست بدات لە پشتى بەمەبەستى ئەوەى بیكات بە ئیمام

بەناوى خواى بەخشندەو میهرەبان
ئەگەر مزگەوتێك پێشنوێژ (ئیمام)ی دیاری كراو و تایبەتی هەبێت و بەردەوام بانگی تێدا بدرێت و هەر پێنج نوێژە فەرزەكەی بە جەماعەت تێدا ئەنجام بدرێت ئەوا نابێت لە پاش تەواو بوونی جەماعەتی یەكەم جارێكی تر یان چەند جارێكی تر هەمان نوێژ بە جەماعەت دوو بارە بكرێتەوە، چونكە دوو بارە كردنەوەی نوێژی جەماعەت لە مزگەوتەدا بیدعەیە و لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا نەكراوە.
بەڵگە لە سەر ئەمە:
عن عبد الرحمن بن أبي بكرة عن أبيه: ((أنَّ رسول الله () أقبل من نواحي المدينة يريد الصلاة، فوجد الناس قد صلوا، فمال إلى منـزله فجمع أهله فصلى بـهم)) [رواه الطبرانـي في الـمعجم الكبير والأوسط وحسنه الألبانـي في "تـمام الـمنَّة" ص: (155)] .
واتە: پێغەمبەری خوا لە دەوروبەری مەدینە گەڕاوە بۆ نوێژ، بینی كەوا خەڵك نوێژیان كردووە، ئەنجا گەڕایەوە بۆ ماڵەوەیان و كەسوكاری كۆكردەوە و نوێژی پێیان كرد.
جا ئەگەر جەماعەتی دووەم لە مزگەوتدا دروست بوایە ئەوا پێغەمبەری خوا وازی نەدەهێنا لە فەرزڵی نوێژ كرد لە مزگەوتەكەی خۆیدا كە هەر نوێژێكی خێری هەزار نوێژی هەیە.
وە ئیمامی شافعی ـ ڕەحمەتی خوای لێبێت ـ فەرموویەتی: (ئەگەر مزگەوت ئیمامی بەردەوامی هەبێت، وە پیاوێك یان دوو پیاو نوێژ جەماعەتیان لە دەست چوو، ئەوا بە تاك نوێژەكەیان دەكەن، وە من پێم خۆش نىیە بە جەماعەت بیكەن، وە ئەگەر بە جەماعەت بیكەن ئەوا نوێژەكەیان لە سەر كەوتووە، وە من ئەمەم پێ ناخۆشە بۆیان چونكە سەلەف و پێشینانی ئێمە ئەم كارەیان نەكردووە، بەڵكو هەندێكیان عەیبداریان كردووە) الأم: (1 / 181).
هەروەها ئیمامی شافعی ـ ڕەحمەتی خوای لێبێت ـ فەرموویەتی: (وە بۆمان سەلمێنراوە كەوا نوێژی جەماعەت لە دەست چەندین پیاو دەرچووە لەگەڵ پێغەمبەری خوادا ، ئەوانیش بە تاك كردوویانە بە زانیاری پێغەمبەرەوە ، وە دەشیان توانی بە جەماعەت بیكەن بەڵام ئەمەیان پێ باش نەبووە بۆ ئەوەی لە مزگەوتێكدا دوو جار جەماعەت نەكرێت) الأم: (1 / 181).
ئیمامی شافعی بەم وتەیە ئاماژە دەكات بۆ كرداری (ابن مسعود) و جگە لەویش:
عن حماد: (أنَّ علقمة والأسود أقبلا مع ابن مسعود إلى الـمسجد، فاستقبلهم الناس قد صلوا، فرجع بهما إلى البيت، فجعل أحدهما عن يـمينه والآخر عن شماله، ثُم صلى بهما) [رواه الطبراني في الكبير: (9 / 318) وإسناده حسن] .
واتە: (علقمة والأسود) لەگەڵ (ابن مسعود)دا هاتن بۆ مزگەوت، خەڵكیش روویان تێكردن و نوێژیان كردبوو، ئەویش هەردووكیانی بردەوە بۆ ماڵ و یەكێكیانی خستە لای ڕاستى وە و ئەوی ترشی خستە لای چەپێەوە، ئەنجا نوێژی پێیان كرد.
بەڵام دوو بارە كردنەوەی نوێژی جەماعەت لەو مزگەوتانەدا كە لە سەر ڕێگا و بانەكان دروست كراون و پێشنوێژ و بانگدەری تایبەتیان نى یە دروستە.بڕوانە كتێبی:(القول الـمبين في أخطاء الـمصلين) ص: (269 ـ 279).
وە ئەگەر كەسێك خەریكی نوێژ كردن بوو لە ماڵدا وە كەسێكی تر ویستی لەگەڵ ئەو نوێژەكەی بە جەماعەت بكات ئەوا ڕاستەوخۆ دەچێت لای ڕاستى یەوە دەوەستێت بەبێ ئەوەی دەست بدات لە شانی چونكە ئەم دەست لێدانە بیدعەیەكی ئیخوانى یە !
بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە:
قال ابن عباس: ((بِتُّ عند رسول الله ليلةً وهو عند ميمونة فنام حتى إذا ذهب ثلث الليل أو نصفه استيقظ فقام إلى شن فيه ماء فتوضأ وتوضأت معه ثم قام فقمت إلى جنبه على يساره فجعلني على يـمينه )) صحيح أبـي داود رقم: (1364).
.واتە: شەوێك لای پێغەمبەری خوا مامەوە لە كاتێكدا كە لای (میمونة)ی پورم بوو، پێغەمبەری خوا خەوت تاوەكو سێ یەكی شەو یان نێوەی شەو ڕۆیشت ئەنجا هەستا بۆ لای مەشكەیەك كە ئاوی تێدا بوو ئەنجا دەستنوێژی گرت و مەنیش لەگەڵ ئەودا دەستنوێژم گرت ئەنجا پێغەمبەری خوا هەستا بۆ نوێژ مەنیش ڕۆیشتم لە لای چەپى یەوە وەستام ئەویش خستمیە لای ڕاستى یەوە

لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٥٧٢ بەش: نوێژى جەماعەت