من نوێژ دەكەم بەڵام هەر لە خۆمەوە وازى لێ دێنم نازانم بۆچى؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
من نوێژ دەكەم بەڵام هەر لە خۆمەوە وازى لێ دێنم نازانم بۆچى؟

بەناوى خواى بەخشەندەو میهرەبان
خوشكى بەرێزمان خوى پەروەردگار شكۆدار و پایەدارترت بكات، و یارمەتى دەریشت بێت بۆ ئەنجام دانى پەرستشەكان بەو شێوەیەى كە خواى پەروەردگار فەرمانى پێكردوون، خوشكى بەڕێزمان هەوڵ بدە ئەم خاڵانەى خوارەوە ئەنجام بدە، بەڵكو خواى پەروەردگار یارەمەتیت بدات بۆ ئەو كارە:
یەكەم: زۆر بپاڕێرەوە لە خواى پەروەردگاركە یارمەتى دەرت بێت، لە بەتەواو ئەنجام دانى نوێژەكەت لە كاتى خۆیدا، خواى پەروەردگار لە باسى یەكێك لە پەیامبەرانى خۆیدا فەرموویەتى: [رَبِّ اجْعَلْنِي مُقِيمَ الصَّلاَةِ وَمِن ذُرِّيَّتِي رَبَّنَا وَتَقَبَّلْ دُعَاء ] (سورة إبراهيم: 40)، واتە: ئەى پەروەردگارم وا لە خۆم و نەوەكانیشم بكە كە نوێژەكانمان بەتێروتەسەلى ئەنجام بدەین، و پاڕانەوەكانیشمان وەڵام بدەوە.
دووەم: تێڕامان تێبفكرە لەو ئایەتانەى كە هەڕەشەى توند و تیژ دەدەن لەو كەسانەى كە نوێژەكانیان لە بیر كردوون، كەم تەرخەمن تێیاندا، خواى پەروەردگار دەفەرمووێت: [ فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ ] (سورة الماعون: 4 ـ 5)
سێ یەم:: بیركردنەوە لەوەى كە تۆ مەبەستت لە نوێژەكەتدا بە دەست هێنانى ڕەزامەندى خواى پەروەردگارە، جا بۆیە پێویستە هەوڵبدەى بەو شێوەیە و لەو كاتەدا ئەنجامى بدەى كە خواى پەروەردگار پێی خۆشە، پێغەمبەرى خوا لە وەڵامى پرسیارى ئەوانەى كە فەرموویان: باشترین كردار لە لاى خواى پەروەردگار چى یە ؟ فەرموویەتى: " الصلاة في أول وقتها " (صححه الألباني في صحيح سنن أبي داود)، واتە: نوێژكردن لە كاتى خۆیدا.
چوارەم: بیركردنەوە و تێڕامان لەو ئایەتانەى كە باس لە ڕۆشتنە بەهەشت دەكەن بە هۆى ئەنجامدانى پەرستشەكان، لە نوێژ و ڕۆژوو، و ئەوانى تر، خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ وَتِلْكَ الْجَنَّةُ الَّتِي أُورِثْتُمُوهَا بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ ] (سورة الزخرف: 72)، واتە: ئەو بەهەشتەى ڕۆشتونەتە ناوى، لە پاداشتى كردەوەكانتانە.
پێنجەم: ئامۆژگارى ئەوەت دەكەین كە هەندێ كتێبى بەسوود لەو بارەیەوە بخوێنیتەوە، وەك ئەوانەى كە لە سایتى (بەهەشت) دا هەن، یان لە سایتى (ڕێگاى ڕاست) دا هەن.
لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٩٧٩ بەش: حوکمى نوێژنەکەر