چۆن لەم مانگە پیرۆزە وا بکەم خواى گەورە لێم ڕازی بێ؟ گرنگترین کارە باشەکان چین ئەنجامى بدەم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن لەم مانگە پیرۆزە وا بکەم خواى گەورە لێم ڕازی بێ؟ گرنگترین کارە باشەکان چین ئەنجامى بدەم؟

پێویستە لەسەر هەر موسڵمانێك كە پێشوازی یەكى باشى بكات و خۆى بۆ ئامادە بكات.ئەو ئامادەكردنەش سەرەتا بە گەڕانەوە بۆ لاى خواى گەورە و پاشگەز بوونەوە و پەشیمانى لەو تاوان و سەرپێچیانەى كردوویەتى ئەویش بە تەوبە كردنێكى نەسوح كە نەگەڕێتەوە سەرى تا سەركەوتوو و سەرفرازى دنیا و قیامەت بێت هەروەك خواى گەورە دەفەرموێت: [وَتُوبُوا إِلَى اللهِ جَمِيعًا أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُون] .
تەوبە كردن لەسەر هەموو كەسێك پێویستە،بەڵام لە مانگى ڕەمەزاندا پێویستترە،بۆ ئەوەى كاتێ دەچیتە ناو ئەم مانگەوە سووربیت لەسەر وازهێنانت لە تاوان و سەرپێچى یەكانت و پەشیمان بیت لە و تەمەنەى بەبێ سوود لە كیست چووە و زیادەڕەویت تیا كردووە،سوور بە لەسەر نەگەڕانەوە سەر تاوان.بە باشترین شێوە عیبادەت بكە و خواى گەورە لە خۆت ڕازى بكە بەڵكو لەوانە بیت كە خواى گەورە لێیان ڕازى بێت و لێت خۆش ببێت وە لە ئاگرى دۆزەخ ڕزگارت بكات.
جا هەركەسێك گوناه و تاوانى زۆرە و بێ سنورە با بێ هیوا نەبێت لە سۆز و ڕەحمەتى خواى گەورە و لێخۆشبوونى لە هەموو تاوانەكان.
باشترین تێشوو بۆ قیامەت ئەوەیە كە لە دنیادا لە تاوان بگەرێتەوە و تەوبە بكات و بەردەوام بێت لەسەر خێر و چاكە و بەدڵێكى سەلیمەوە بچێتەوە بۆ لاى خواى گەورە و سوود لە ڕۆژوو و تەراویحەكان و شەو نوێژ لەم مانگەدا وەرگرێت. هیواو ئارەزووى بە پاداشت و ترسى لە سزاكانى خواى گەورە هەبێت.
ڕۆژوو لەسەر هەموو موسڵمانێك پێویستە پێش جیهاد كردن بۆ ئەوەى نەفسى ئامادە بێت و ڕاى بهێنێت لەسەر ئارام گرتن و فێركردنى لەسەر تێكۆشان و هەوڵ دان. ئەمەش وا دەكات كە شەیتان سەرشۆڕ دەكات و دەستەوسانە بەرامبەرى. هەركەسێكیش لەو كاتەدا تانەو تەشەر یان جنێوى پێ بدات وئەو بە دڵسۆزانە و بەبێ ڕیاء دەڵێت من بە رۆژووم. ئەمەش گەورەترین سەركەوتنە و هەموو ئەجرو پاداشتێك مسۆگەر دەكات.
چونكە ئەم مانگە مانگى ئارامگرتن و خۆگریى و ڕزگاربوونە لە تاوان و كردنى شەو نوێژ و شەو نخونى و خۆ برسى كردن و تێكۆشان و ڕەنجدان،دەرگاكانى ڕەحمەت لەم مانگەدا كراوەون و شەیتانەكان كۆت و زنجیر كراون، نەفسى خۆى ئەگرێتەوە خۆشى و ڕابواردن و تووشى برسێتى و تینوێتى دەكات بەهۆیەوە پاداشتێكى گەورەى دەست دەكەوێ، شەوێكى تێدایە خێرى هەزار مانگى هەیە بۆیە پێویستە لەسەر هەر موسڵمانێك لەم مانگەدا بەرنامەیەكى كردارى(عەمەلى) هەبێت
ئەتوانین ئەو بەرنامەیە بەم چەند ڕێگەیە كورت بكەینەوە بە هیواى جێ بە جێ كردنى:
1- تەوبەی نەسوح دەرگاى سەركەوتنت لێ دەكاتەوە بە مەرجێك:
- ڕیشەكێش كردنى تاوان واتە واز لێهێنان بەیەكجارى.
- پەشیمانى لەو تاوانەى كردووتە.
- نەگەڕانەوە سەرى.
- كردارى باش لەگەڵ ئیمان.
- گەڕانەوەى مافى ماددى و مەعنەوى بۆ خاوەنەكانیان.
2- ئارام گرتن و پاراستنى گوێ و چاو و زمان لە حەرام.
3- شەو نوێژ كردن بە تەدەبورو ملكەچى.
4- پارێزگارى كردنى نوێژى جەماعەت لە مزگەوت دا وهەوڵ دان بۆ ڕیزى یەكەم و تەكبیرى ئیحرام لەگەڵ ئیمام دا.
5- پارێزگارى كردن لە نوێژى سوونەتى راتب.
6- بەردەوام بوون لە نوێژى تەراویح و شفع و وتر.
7- بەشدارى ئامادەكردنى خوانى ڕۆژوەوانێك یان زیاتر هەموو ڕۆژێ.
8- بەخشین و خێركردن بە ئەوانەى پێویستیانە.
9- سەردانى نەخۆش،بەجێ هێنانى سیلەى ڕەحم،بەڕیكردنى جەنازە
هەموو ئەوانە سوونەتن و پاداشتێكى گەورەو خێرى زۆرى هەیە.
10- خوێندنى سێ (جزء) یان یەك (جزء) بەلایەنى كەمەوە هەموو ڕۆژێ.
11- پارێزگارى كردن لە زیكرەكانى بەیانیان و ئێواران،یان هەركاتێك
كە پێویستى كرد.
12- كردنى نوێژى چێشتەنگاو لەگەڵ دوو ڕكات نوێژى سووننەتى دەستنوێژ دواى هەموو دەست نوێژێك.
13- ئامادەبوون لە وانە زانستیەكان دا.
14- فێر بوونى زانستى (بابەتى فیقهى) هەموو ڕۆژێ.
15- لەبەركردنى هەندێ ئایەتى قورئانى پیرۆز و فەرموودەیەك یان زیاتر هەموو ڕۆژێ.
16- خوێندنەوەى ژیاننامەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)،لەگەڵ كورتەیەك لە عەقیدە.
17- زوو بە پیرەوە چوونى نوێژى جومعە لە سەعاتى یەكەم دا.
18- هەستان بە پێویستى بانگخوازى و فەرمان كردن بە چاكەو نەهى كردنى خراپە.
19- نەرم و نیانى و بەخشین لەم مانگە پیرۆزەدا.
20- ئەنجام گەیاندنى عومرە لەم مانگەدا،وەك ئەوە وایە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله علیە وسلم) حەج بكەى.
21- دوعا كردن و پاڕانەوە لە كاتى بەربانگ كردنەوە.
22- پێشبڕكێ كردن لە چاك كردنى پەیوەندى نێوان خەڵك.
23- سەرخستنى موجاهیدانى موسڵمانان.
24- خێراكردن لە ڕۆژوو شكاندندا و دواخستنى پارشێو.
25- چاكە كردن لەگەڵ دایك وباوك دا.
26- هەستانەوە بۆ شەو نوێژ و مانەوە لە مزگەوت لە دە شەوى كۆتایى ڕەمەزاندا.
27- بەشدارى كردنى نوێژى جەژن لەگەڵ موسڵمانان.
28- ڕۆژووى شەش ڕۆژ لە مانگى شەوال.

سەردان: ٤,٢٥٥ بەش: پێشوازى لە ڕەمەزان