موسوڵمان پێویستە چۆن پێشوازی لەمانگی ڕەمەزان بکات ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
موسوڵمان پێویستە چۆن پێشوازی لەمانگی ڕەمەزان بکات ؟

مانگی ڕەمەزان یەکێکە لەو کاتە گرنگ و گەورانەی کەبەسەر موسوڵماندا دێت ، بۆیە پێویستە موسوڵمان بەدڵ خۆشی وپێخۆش بوونەوە پێشوازی لێ بکات ، خوای پەروەرگار فەرموویەتی :‏ ‏{‏قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَلِكَ فَلْيَفْرَحُواْ هُوَ خَيْرٌ مِّمَّا يَجْمَعُونَ‏}‏ ‏[‏سورة يونس‏:‏ آية 58‏]‏‏.‏
واته : ئەی موحەمەد پێیان بڵێ بەفەزڵ وبەخشش وڕەحمەتی خودا دڵ خۆش بن ئائەوا باشترە لەوەی ئێوە کۆی دەکەنەوە .

بێگومان گەشتنی موسوڵمان بەمانگی ڕەمەزان دەست کەوتێکی گەورەیە ، هەر بۆیە پێغەمبەر موژدەی دەدایە هاوەڵان بەهاتنی ڕەمەزان وباسی ڕێزو خێرەکانی بۆ دەکردن و دەیفەرموو :
وا مانگی ڕەمەزان بەسەرتاندا هات ، كەمانگێكی پیرۆزە, خوای گەورە ڕۆژوگرتنی ئەم مانگەی لەسەرتان فەرزكردووە، دەرگاكانی ئاسمانی تێدا دەكرێتەوەو دەرگاكانی دۆزەخی تێدا دەبەسترێت، وەشەیتانەكانیشی تێدا كۆت وبەند دەكرێت، وەخوا لەم مانگەدا شەوێكی هەیە كەچاكترە لەهەزار مانگ، مَنْ حُرِمَ خَيْرَهَا فَقَدْ حُرِمَ ئەوەی لەخێر و پاداشتەكەی بێبەش بێت ئەوەبەڕاستی بێبەشە".
جا پێغەمبەر ‏ گەورەی ئەم مانگەی ڕوون کردۆتەوە بۆیە پێویستە موسوڵمان زۆر باش خۆی بۆ ئامادە بکات بۆ زیندو کردنەوەی شەوەکانی بەنوێژ کردن وعیبادەت کردن وڕۆژەکانیشی بۆ کاری خێر ویارمەتی دانی موسوڵمانان وقورئان خوێندن وخێر وچاکە کردن ، بێگومان هەر دەقەیە لەو مانگە قەدرێکی زۆری هەیە لەچاو باقی مانگەکانی تردا ، دواتر موسوڵمان نازانێت کەئایا ئەوەندە تەمەنی ماوە ئەو مانگه بەتەواوی بگرێت یاخود نا ؟ ، وە ئەگەر توانیشی ئەو مانگه تەواو بکات ئایا تاساڵێکی دەمێنێت تاوەکو جارێکی تر بەڕۆژو ببێت و ئەو هەلە زێڕینەی بۆ بڕوخسێت ، بۆیە با موسوڵمان زۆری گرنگی پێ بدات بەڵکو خودا لەخێر وبەرەکەتی ئەو مانگە بێ بەشی نەکات .

سەردان: ٣,٨٠٨ بەش: پێشوازى لە ڕەمەزان