ئەو کەسانە کێن کە زەکاتیان پێ دەشێ و دروستە زەکاتیان بدەیتێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو کەسانە کێن کە زەکاتیان پێ دەشێ و دروستە زەکاتیان بدەیتێ؟

ئەوانەی زەکاتیان دەدرێتێ (مصارف الزکاة) .
ئەوانەی زەکاتیان پێ ڕەوایە ھەشت کۆمەڵن خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا لە سورەتی (التوبة)دا باسی کردوون :
( إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ) (سورة التوبة:60).
زەکات تەنھا بۆ ئەو کۆمەڵانەیە:
١-٢ ھەژاران (الفقراء والمساکین):
ئەوانەن کە نەدارن و ناتوانن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن؛ لە خواردن وخواردنەوەو جل و بەرگ و جێگای نیشتەجێ بون بۆ خۆیان و مناڵەکانیان . وە پێویستە ئەوەندەیان زەکات بدرێتێ ھەتا دەریان دێنن لە ھەژاری. بەڵام زەکات نادرێتە کەسێک کە توانای ئیش کردنی ھەبێت وئیش نەکات. وە هەتیو ئەگەر فەقیر بوو زەکاتى پێ دەدرێ بەڵام ئەگەر دەوڵەمەند بوون زەکاتیان پێ نادرێ با هەتیویش بن .
٣.(العاملون علیھا): ئەوانەی ھەڵدەستن بە کۆکردنەوەی زەکات و دابەش کردنی: ئەوانەن کەدیاری دەکرێن بۆ ئەو ئیشە، جا ھەندێک لە زەکاتیان دەدرێتێ وەک موچەیەک لە بەرامبەر ئیشەکانیان، وەپێویستە کەلەموسوڵمانان بن، وە نابێ لە ھۆزی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بن؛ چونکە زەکات حەرامە لەسەر پێغەمبەر ێلی اللە علیە وسلم و ھۆزەکەی .
٤- (المؤلفة قلوبهم): بۆ ئەوانەی بە ھۆی زەکاتەوە دڵیان ڕادەکێشرێ بۆ لای ئیسلام؛ کە ئومێدی موسوڵمان بونیان لێ دەکرێ، یان ئەو کەسانەن بۆ پابەند بونیان زیاتر بە ئیسلام، یان بۆ خۆپاراستن لەشەڕیان بە ھۆی بێ دەسەڵاتی موسڵمانان .
٥. (وفي الرقاب): بۆ ئازاد کردنی بەندە ؛ ئەو کەسانەی کە لەکاتی خۆیدا بەندە بوون زەکاتیان پێ ڕەوا بوو بۆ ئەوەی کە خۆیانی پێ بکڕنەوە و ئازاد بن لە کۆیلایەتی . وە پێویستە لێرەدا بە چاوێکی بە ویژدانانە سەیر بکەین کە چۆن ئیسلام خەڵکی ئازاد کرد لە کۆیلایەتی و دەرگای ھاتنە ژورەوەی کۆیلایەتی بچوک کردو دەرگای چونە دەرەوەی فراوان کرد ، بۆ ئەوەی کەم بێنە ژورەوەو زۆر بچنە دەرەوە، ھەتا وای لێ کرد بنەبڕی کردو کۆیلەیی نەھێشت و خەڵکی بەتەواوی ئازاد کرد ، بەڵام غەیری ئیسلام لە ھەوڵی ئەوەدانە کە خەڵک ھەموو ببنە بەندەو کۆیلەی بەشێکی کەم و بیانچەوسێننەوە .
وە پێویستە ھەندێک لەو ڕێگایانە باس بکەین کە ئیسلام گرتنیەبەر بۆ نەھێشتنی بەندەو کۆیلە:
أ. بەندە ئازادکردنی کردە مایەی کەفارەتی ھەندێک تاوان واتە ئەگەر کەسێک یەکێک لەو تاوانانەی کرد پێویستە بەندەیەک ئازاد بکات:
وەک کوشتنی بەھەڵەو، چوونی رۆژوەوان بۆ لای خێزانی بە ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و، سوێند شکاندن و (ظھار) کردن لەگەڵ ژندا.
ب. ئەجرو پاداشتی بەندە ئازاد کردنی ئەوەندە گەورە کرد ھەتا ئەو کەسەی کە بەندە ئازاد دەکات خوای گەورە ئەو ئازاد دەکات لە ئاگری جەھەننەم لە ڕۆژی دوایدا ھەروەک لە حەدیسی راستدا ھاتووە: ھەرکەسێ بەندەیەک ئازاد بکات ، ئەوە لەجیاتی ھەر ئەندامێکی بەندەکە ئەندامێکی خۆی ئازاد دەکات لە ئاگر.
ج. جوڵانەوەی لەگەڵ بەندەدا بەشێوەیەک لێکرد، کە وەک ئازاد(الحر) وابێ لەھەق ومافدا. ھەروەک لە حەدیسی راستدا ھاتووە: ھەرکەسێک برایەکی خۆی لەلایە- واتە کۆیلەیەکی ھەیە – با لەو خواردنەی بداتێ کە بۆ خۆی دەیخوا ، وە ئەو جل وبەرگەی لەبەر بکات کە بۆ خۆی لەبەری دەکات وە ئیشێکی وای پێ نەکات کەلە توانای دانەبێ .
٦. (الغارمون) قەرزداران: ئەوانەن کە قەرزداری خەڵکن و ناتوانن بیدەنەوە، جا توشی بەڵایەک بووبن وەک ماڵ سوتان یان ماڵ بەئاودا رۆیشتن، یان ژێر زەوی کەوتن بە ھۆی ڕۆچونی زەوی، یان خوێنێکیان کەوتبێتەسەر .
٧-(وفي سبیل اللە) لەپێناوی خوادا: بریتییە لەو ڕێگایەی کە دەگات بە ڕەزامەندی خوا لە زانست و ئیش کردندا.
زانایان کۆن لەسەر ئەوەی کە مەبەستی لێرەدا جیھاد کردنە لە پێناوی خوادا ، وە زەکات دەدرێتە ئەو جەنگاوەرانەی کە خۆبەخشن و مووچەیان نییە لە دەوڵەتدا. وە خۆ ئامادەکردنیش بۆ جەنگ دەگرێتەوە، بەکڕینی چەک و خواردن بۆ مجاھیدان و ھۆی گواستنەوەو ئامادە کردنیان .
وە ھەروەھا ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە :
خەریکی فێربوونی زانستی شەرعین؛ بەڵکو لە ڕیزی پێشەوەن بۆ پێدانی زەکات؛ چونکە ھیچ پەرستنێک ناکرێ بەبێ زانست. وە زانایان فەتوایان داوە کە ئەوانەی خەریکی فێر بوونی زانستی شەرعین یەکێکن لە (في سبیل اللە).
ھەروەک شێخ محمد بن صالح العثيمين فەرمويەتى:
(قال أهل العلم : ومن سبيل الله : الرجل يتفرغ لطلب العلم الشرعي ، فيعطى من الزكاة ما يحتاج إليه من نفقة ؛ من كسوة وطعام وشراب ومسكن وكتب علمية يحتاجها، لأن العلم الشرعي نوع من الجهاد في سبيل الله ، بل قال الإمام أحمد رحمه الله: (العلم لا يعدله شيء لمن صحت نيته). فالعلم هو أصل الشرع كله، ولاشرع إلا بعلم ، والله سبحانه وتعالى أنزل الكتاب ليقوم الناس بالقسط ويتعلموا أحكام شريعته وما يلزم من عقيدة وقول وفعل (فقه العبادات : ص211) ( محمد بن صالح العثيمين).
8. (وابن السبیل) بۆ ڕێبواران: ئەگەر ڕێبوارێک دوور لەوڵاتەکەی خۆی پارەی لێبڕا ئەوا زەکاتی دەدرێتێ ئەوەندەی کە مەبەستەکەی پێ جێبەجێ دەبێ .
کەواتە زەکات واجبە بۆ ئەو ھەشت کۆمەڵەی کە باس کران. بەڵام زانایان جیان لەسەر ئەوەی کە ئایا پێویستە ھەر ھەشت کۆمەڵەکە بگرێتەوە یان ئەگەر بدرێت بە کۆمەڵێک جگە لەوانی تر دروستە؟
وە پوختەی قسەکانیان دروستە ئەگەر بدرێتە یەک کۆمەڵ بەتەنھا ، بەڵام ئەگەر بدرێتە ھەر ھەشت کۆمەڵەکە ئەوە باشترە.
وەرگیراوە لە گۆڤارى ڕێگاى ڕاست ژمارە (2)

سەردان: ٩,١٦٩ بەش: زەکات و سەرفیترە