ئەو هۆكارانە چین کە دەبنە هۆی سەلامەتی دڵ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو هۆكارانە چین کە دەبنە هۆی سەلامەتی دڵ؟

یەکەم : چاك كردنی كردەوەكانی دڵ وەك دڵسۆزی لە گوفتارو كردەوەكان بۆ خوای گەورەو هەوڵدان بۆ شاردنەوەیان لە خەڵكی‌ و ڕق بوونەوە لە ناو ناوبانگ دەركردن‌ و خۆپاراستن لە باسكردنی خەڵك، وە پێچەوانەی ئەوانەیش ڕیا بازی‌ و داواكردنی دنیا بەهۆی عیبادەت كردن‌و حەز لە خۆ دەرخستن كردن.
دووەم : خۆ بەكەم زانین‌ و هەست كردن بە كەم تەرخەمی‌و خەریك بوون بە چاك كردنی نەفس‌ و عەیبەكانی پێچەوانەی ئەمانەیش خۆ بە گەورە زانین‌و سەرسام بوون بە خۆت‌و خەریك بوون بە ڕەخنە گرتن لە خەڵكی.
سێیەم : خۆ ئامادەكردن بۆ دواڕۆژ و پاراستنی كات‌و تەمەن‌ و بە فیرۆ نەدانی، وە پێچەوانەی ئەمانەش پابەند بوون بە دونیاو لە بیرچوونی دواڕۆژوو كەم زیكر كردنی خوای گەورەو بە فیڕۆ دانی كات.
چوارەم : ساغ كردنەوەی دڵ لە حيقد‌ و فیڵ و حەسادەت وە پێچەوانەكەی خەریك بوونە بەو نەخۆشیانە.
پێنجەم : تەسلیم بوون بۆ فەرمانەكانی خوای گەورە و پێغەمبەرەکەى بە بێ‌ : بۆچی؟ وە چۆن؟ وە پێچەوانەكەی كەوتنە ناو شوبهە و ختورەی خراپ هاتن بە دڵدا.
شەشەم : بایەخ دان بە دین‌ و بانگەوازی بۆ كردن بۆ لای خوای گەورەو هەوڵدان لە پێناویداو خۆش وویستنی بانگەوازكاران بۆ خێرو چاكەو دوعا بۆ كردنیان‌و هاوكاری كردنیان لەسەر چاكەو لەخواترسان، وە پێچەوانەی ئەوەش بایەخ نەدان بە دین‌ و بانگەوازی نەكردن بۆ لای خوای گەورەو ....... هتد.
حەوتەم : ترسان لە خوای گەورەو هەست كردن بە چاودێری كردن لە ئاشكراو نهێنییەكاندا‌و هەوڵدان بۆ تەوبە كردن‌و واز هێنان لە تاوان، وە پێچەوانەكەی نەترسان لە خوای گەورەو بەردەوام بوون لەسەر تاوان .
هەشتەم : ڕاستگۆیی لە قسە كردنداو پابەند بوون بە پەیمان‌و گێڕانەوەی ئامانەت، وە ئەمانەش بەڵگەن لەسەر چاكی نهێنییەكانى ناخ و دڵ چونكە پێچەوانەی ئەمانە بریتین لە سیفەتی مونافیق‌و دووڕووەكان.
نۆیەم : قبوڵ كردنی حەق لە هەر كەسێكەوە بێت وە پێچەوانەی ئەمەیش دەمارگیرییە بۆ كەسێك یان مناقەشە كردن لەسەر شتێكی بەتاڵ یان شوێن كەوتنی هەواو ئارەزوو.
دەیەم : زیکر و یادی خواى گەورە و قورئان خوێندن چونکە یەکێک گەورەترین هۆکارەکان بۆ سەلامەتى دڵ خوێندنی قورئان و وردبونەوەیە لە ئایەتەکان ، و زیکر کردنە بە دڵ و زمان هەروەکو خواى گەورەش دەفەرموێ : [أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ] [الرعد:28]، واتە: بێگومان بەزیكری خوا دڵەكانمان ئارام دەبێتەوە .

مامۆستا عبدالغفور عبدالله

سەردان: ٤,٠٠٥ بەش: تەزکیەى نەفس