مەزهەبی ئەهلى سوننە وجەماعە چیە دەربارەى ئومێد وترس ( الرجاء والخوف )؟
زانایان ڕاجیاوازیان هەیە كە ئایا مرۆڤ ئومێد پێش بخات یان ترس، بۆیە چەند بۆچوونێكیان هەیە لەوبارەیەوە:
پێشەوا ئەحمەد – ڕەحمەتى خواى لێ بێت - دەڵێت: " دەبێت ترس وئومێدەكەى وەكو یەك بێت و ترس یان ئومێد زاڵ نەبێت بەسەر ئەوى تردا ". دەڵێت: " هەریەكێكیان بەسەر ئەوى تریاندا زاڵ بێت ئەوا خاوەنەكەى تیادەچێت ". چونكە ئەگەر ئومێد زاڵ بوو ئەوا مرۆڤ دەكەوێتە ناو بێباكیەوە لە سزاى خوا و ئەگەریش ترس زاڵ بێت ئەوا بێ هیوابوون لەڕەحمەتى خوا تووشى دەبێت.
وە هەندێك لە زانایان دەڵێن: ( پێویستە لەكاتى ئەنجام دانى خواپەرستیدا ئومێد زاڵ بێت ولەكاتى ویستی ئەنجامدانى تاوانیشدا ترس زاڵ بێت )، چونكە ئەگەر خواپەرستیەكى كرد ئەوا گومانى باشی بردووە بەخوا كە ئومێدى هەیە خوا وەرى بگرێت و ئەگەریش بیرى لەتاوان كردەوە ترسی هەبێت بۆ ئەوەى نەكەوێتە ناو تاوان وسەرپێچیەكەوە.
ئەوانى تر وتوویانە: ( كەسی لەشساغ پێویستە لایەنى ترس پێش بخات و نەخۆشیش پێویستە لایەنى ئومێد پێش بخات ) چونكە كەسی تەندروست ولەشساغ ئەگەر لایەنى ترسی پێش خست ئەوا دووردەكەوێتەوە لەتاوان و نەخۆشیش ئەگەر لایەنى ئومێدى پێش خست ئەوا بەگومان باشیەوە دەگات بە خوا.
بەڵام ئەوەى لاى من ڕوونە لەم بابەتەدا ئەوەیە كە بابەتەكە دەگۆڕێت بە گۆڕینى حاڵەتەكان، واتە ئەگەر كەسێك لایەنى ترسی زاڵ بوو وە سەرى بۆ ئەوە دەكێشا كە تووشی بێ هیوایی بێت لە ڕەحمەتى خوا ئەوا زوو فریاى خۆى بكەوێت و لایەنى ئومێد پێش بخات و لەوە دەرچێت وە ئەگەریش ئومێدى زۆربوو وە واى كرد كە بێباك بێت لەسزاى خوا ئەوا بەپێش خستنى ترس فریاى خۆى بكەوێت، جا بۆیە لە حەقیقەتدا مرۆڤ دكتۆرى دڵ وناخى خۆیەتى ئەگەر دڵى زیندووبێت، بەڵام كەسی دڵ مردوو كە چارەسەرى دڵى ناكات و سەیرى حاڵى دڵى ناكات ئەوا گرنگ نیە بەلایەوە.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –